نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
وتار
سیاسەتی وزە و گۆڕانی ئیقلیمی و جیهانی - بەشی دووەم

 د.مەدیحە سۆفی / ئەڵمانیا

لە جیاوازی نێوان ئابوری كلاسیكی و ئابوری ژینگەیی، كایەیەك لە بەرنامەی سیاسەتی ژینگە خۆی دەبینێتەوە، كە پابەندبوون بەو بەرنامانە لە قازانجی سروشت و زیندەوەرەو بۆ پاراستنی خاك و ئاو و هەوایە لە پیسبوونی كیمیاوی و بیۆلۆجی، ئەمانەش ڕۆڵی باش دەبینن لە كەمكردنەوەی تێچووی ئابووری، پیسبوونی هەوا، مرۆڤ و ئاژەڵ و زیندەوەر بەگشتی تووشی جۆرەها نەخۆشی دەكات بەتایبەتی نەخۆشییەكانی سی و هەناسەدان و پیسبوونی خاكیش بەرهەمی ڕووەك لاواز و بێ بڕشت دەكات كە ئەمەش زیانی ئابووری لێ دەكەوێتەوە و لەوانەیە ببێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی لە ڕێی بەكارهێنانی موبیدی قەلاچۆكردنی زیندەوەرە زیانبەخشەكانەوە.
تێكچوونی سیستەمی ژینگە و ناهاوسەنگبوونی سروشت، بەهۆی نالەباری و زیادەڕۆیی لە بەكاربردنی دەرامەتە سروشتییەكانەوە، یەكێكە لە گرفتە سەرەكییەكانی ژینگە بۆ نمونە كەمبوونەوە و فەوتان و لەناوچوونی فرە زیندەوەر، زانایان و شارەزایانی بواری ژینگە، تا ڕادەیەك ترسیان لە خراپی بەكارهێنانی دەرامەتە سروشتییەكان نییە، ئەوەندەی نائارامن بەرامبەر لەناوچوونی فرەزیندەوەر، چونكە لەناوچوونی هەر جۆرێك لەو زیندەوەرانە، تێكچوونی ئیكۆ سیستیمێكی لێ دەكەوێتەوە و دەبێتە هۆی لەناوچوونی جۆرێكیتری لە زیندەوەر.

1. پەیڕەوكردنی سیاسەتی ژینگە لە جیهاندا
هیچ وڵاتێك ناتوانێت بەتەنها كێشەو گرفتە ژینگەییەكان لە جیهاندا چارەسەر بكات، وەكو گۆڕانی كەشوهەوا و قەتیسبوونی گەرما و چینی ئۆزۆن و گازی فلۆركلۆر و پاشەڕۆ و خاشاكی نێو دەریا و بەبیابانیبوون و پیسبوونی ئاو و كەمی ئاو و بڕینەوەی دارستان و فرەزیندەوەر و ژاوەژاو و ژاوەژاوی ڕوناكی و قۆرخكردنی سامانی سروشتی و زۆر كێشەی دیكە، بۆ چارەسەری هەر كێشەیەك لەم كێشانە، پێویستی بە هەماهەنگی وڵاتانی جیهان پێكەوە هەیە.
ئەگەرچی سەرەتای كاركردن لە پێناوی پاراستنی ژینگە دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی سەد ساڵ پێش ئێستا، بەڵام دەتوانرێ كرۆكی كاركردنێكی نێودەوڵەتی لەو بوارەدا بۆ كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی ساڵی 1972 لە ستۆكهۆڵم ئەژمار بكەین، لەو كۆنفڕانسەدا وڵاتە پیشەسازی و وڵاتە بوژاوەكان ( الدول النامیە ) بۆ یەكەم جار پێكەوە كێشەی ژینگەیان لە جیهاندا خستەبەر لێكۆڵینەوە، گرنگترین بڕیاری ئەم كۆنفڕانسە پێكهێنانی پرۆگرامی ژینگە بوو لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا.
دەتوانرێ بوترێ گەشەكردن و پەلهاویشتنی كاركردن بۆ پاراستنی ژینگە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لە سێ قۆناغدا سەریهەڵدا، قۆناغی یەكەم لە ڕێكەوتنە خۆجێی و ئیقلیمیەكاندا لە كۆتایی حەفتاكان و سەرەتای هەشتاكاندا بوو، لەوانە ڕێكەوتنی پاراستنی دەریای باكور ساڵی 1972 و دەریای سپی لەساڵی 1974و پاشان ڕێكەوتنی جنێف بۆ پاراستنی هەوا لە پیسبوون و ترشە باران و پاراستنی دارستان لە ساڵی 1979، تا ئەمڕۆش ئەم ڕێكەوتنە چەندەها جار نوێ كراوەتەوە و بەردەوام بڕیاری نوێ لەمەڕ ڕێژەی ئۆكسیدی گۆگرد و ئۆكسیدی نایترۆجین و كاربۆن ئەسید و میتاڵەقورسەكان لە هەوادا، دەردەچێت.
لە قۆناغی دووەمدا، كاركردنەكان لە بواری سیاسەتی ژینگەدا ئەوەندەیتر لە چوارچێوەی گلۆبالا چڕ بووەوە، وەكو ڕێكەوتنی ساڵی 1985- 1987 بۆ پاراستنی چینی ئۆزۆن و پاشتر هەوڵدانەكە زیاتر چووە بواری نێونەتەوەییەوە كاتێ لە ساڵی 1991 دا ڕێكەوتنێكی گشتی بۆ یارمەتیدانی وڵاتە كەم دەرامەتەكان پێكهات، تا ئەوانیش بتوانن بە پشتیوانی دارایی ڕووبەڕووی كێشە ژینگەییەكان ببنەوە و تا ساڵی 2007 دا ئەم ڕێكخراوە توانی بە بڕی 6،2 ملیار دۆلار یارمەتی ئەو وڵاتانە بدات كە لە لایەن وڵاتە پیشەسازیەكانەوە تەرخان كرابوو.
ساڵی 1992 و لە كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی ژینگە ( لوتكەی زەوی ) لە ڕیۆ دی جانیرۆ توانرا سیاسەتی ژینگە گلۆبال بێ و بە تەواوی بچەسپێ و وەكو قۆناغیێكی گرنگی هەمەلایەنە ئەژماركرا، لەو كۆنفڕانسەدا، كۆنسێپتی كاركردن بەناوی ئەجندای 21 دانرا، كە پاراستنی فرەزیندەوەر و گەشەی بەردەوام و گۆڕانی كەشوهەواش سێ تەوەری گرنگی بوون، كه پلانی وشیاركردنەوەی مرۆڤی له هەموو ئاستێكدا لە خۆی گرتبوو، بەرەو ناو كۆمەڵگا و بەرەو چینە جیاوازەكانی نێو كۆمەڵگا دزەی كرد و بەشێوەیەك كە هەموو تاكێك هەست بە لێپرسینەوەی خۆی بكات لە بەشداریكردنی لەو هەڵمەتە گشتی و گرنگەدا.
پاش ئەو قۆناغانە، لەزۆربەی وڵاتەكاند ڕێكخراوی ژینگەیی و دۆستی ژینگە و پارێزەری ژینگە بوونە سیمای بوارێك كە هەوڵدان بۆ پاراستنی ژینگەی نێودەوڵەتی بووە ئەرك و لێپرسراوی، بە شێوەیەك نوێنەری ژینگە لە هەموو توێژی و چینێكدا جێگەی خۆی هەبوو، لە نێو سەندیكا و ڕێكخراوەكانی ژنان و ئاینیەكان و هەموو بوارەكانی پیشەسازی و پیشەسازی خواردن و بەروبوومی كشتوكاڵ و تەنانەت لە بواری پەروەردە و خوێندن و باخچەی ساوایان و سەراپا سیستەمەكانی دەوڵەتی گرتەوە، ئەمەش بێ گومان سەرنجی تەواوی كۆمەڵگا بۆ ئەو بوارە ڕادەكێشێ كە هەموو تاكێك سودمەند دەبێ و بەبڕواوە كاری بۆدەكات، چ بە خۆبەخش و چ بە فۆڕمی كاری تایبەتمەندی، لە ئێستادا لە زۆربەی وڵاتەكاندا ڕێكخراو و بزووتنەوە و گروپ و یانە و سیمینار و كۆڕ و كۆبوونەوە دەكرێن و نەك لە كایەیەكی دیاریكراو بەڵكو بەرەو ڕەگ و بنەماكانی كۆمەڵگا ڕۆ چووە و بەجۆریك ئەگەر جاران كەسێك بە خوێندنەوە و نووسین وەكو كەسێكی خوێندەوار لەقەڵەم بدرایە، ئێستا بە ڕێژەی وشیاری و بەئاگاهی و ئاستی تێگەیشتنی لە بواری ژینگەدا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ و ڕۆژانەش زانست و توێژینەوە و لێكۆڵینەوە لە دونیای ژینگەدا پەرەدەسێنێ و تەنانەت هەرچی فابریك و كارخانەكان هەیە، مەرج و ڕێنمایی تایبەتی بۆ دادەنرێ، بێ ڕەچاوكردنی ئەو مەرجانە، مۆڵەتی كاركردنی نیە و نابێ.


‌ 495 جار بینراوه‌
23/02/2019
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved