نوێترین
روحانی: لەپاڵپشتیکردنی قەتەر بەردەوام دەبین   |    ئه‌مریكا داواده‌كات كێشه‌ی قه‌ته‌ر و وڵاتانی كه‌نداو گه‌وره‌تر نه‌كرێت    |    ته‌نها له‌ 1%ی موسڵ له‌ چنگی داعشدا ماوه‌   |    عه‌ممار حه‌كیم: كورد به‌شێكه‌ له‌ ڕۆحی نیشتمان   |    عیراق ١٠٠ ملیار دۆلاری پێویسته‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ژێر چنگی داعش   |    وه‌زیری كشتوكاڵ: ئێران به‌ڵێنی داوه‌ به‌شێكی ئاوی زێی بچوك به‌ربده‌نه‌وه‌   |    شوان داودی:نه‌قیی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان پێنج کەس کارمەندی ئیداری و شوفێرەکەی وه‌كو شاره‌زا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌كی دادگا ده‌ستنیشانكردوه‌   |    عەدنان موفتی: ریفراندۆمێكی یاسایی‌و بەهێز پپێویستی بەپەرلەمانە   |    گه‌ریلاكانى هه‌په‌گه‌ باره‌گایه‌ك ده‌كاته‌ ئامانج كه‌ وه‌زیری ناوخۆی توركیای تێدابوه‌   |    له‌ هێرشێكی ئاسمانیدا له‌ ئه‌نبار ده‌یان تیرۆرست كوژران   |   
كوردی  |   عربي
وتار
بێ گوێدانە یاساكانی جەنگ پێدەچێت هەڵەكان دووبارەببنەوە..

پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح


لە ئێستادا نزیكەی تەواوی خاكی كوردستان لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە لەژێردەسەڵاتی داعش رزگاركراوە، بەڵام گومانی تێدا نییە هەر لە دوای تەواوبونی یەكجارەكی شەڕی داعش، هەرێمی كوردستان رووبەڕووی كێشە دەبێتەوە لەگەڵ سوپای عێراق و میلیشیا شیعەكانی وەك : حەشدی شەعبی و كتائبی ئەهل حەق و سرایا سەلام و بەدرو..هتد.
هەرچەندە واپێشبینی دەكرێت كە ئەگەر ئەو شەڕە روویدا ئەوە جیاواز دەبێت لەگەڵ شەرەكانی پێشوی رژێمەكەی سەدام،لەهەمووڕویەكەوە، چی لەبارەی هێزی سەربازی و پێداویستی سەربازیەوە بێت بۆ هێزە شەڕكەرەكان لە هەردوولا، هەروەها وەزعی سیاسی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی كە خۆی لە پرۆتۆكۆلاتی بەرژەوەندی زلهێزەكانی وەك ئەمەریكاو روسیا بەجیاجیا لەلایەك و هەریەك لە دەوڵەتە هەرێمایەتیەكانی تر لەلایەكی ترەوە، كە بێشك پێكدادانەكانیش جیاواز دەبێت لەگەڵ شەڕەكانی پێشوو، چونكە ئەم شەڕە ئەگەر روویدا چارەنوسساز دەبێت و یەكلایی كەرەوە دەبێت بە نسبەت چارەنوسی میللەتەكەمانەوە، بەداخەوە وا ئەو پێشبینیە بۆ روودانی ئەو شەرە داسەپێنراوە بەسەرماندا رۆژبەڕۆژ لەگەڵ نزیك بوونەوەی كۆتاییەكانی شەڕی داعش لەلایەن ئەو هێزە تەماحكارو چاوچنۆكانەوە بەدەردەكەوێت.
بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن و بەچ شێوەیەك ئامادەكاری بۆ بكرێت؟ لەگەڵ ئەوەی خەڵكی كوردستان لە ئازایەتی و جوامێری هێزی پێشمەرگە دڵنیایە كە چۆن بەگیانی خۆیان خاكەكەیان دەپارێزن، بەڵام ئەوەی لەم وتارەماندا بەگرنگی دەزانم وتیشكی دەخەمەسەر كە ئەم جارەیان گرنگترین خاڵ ئەوەیە كە یاسا نێودەوڵەتیەكان پشتگوێ نەخرێت سەبارەت بە بەدیل گرتنی دوژمن لەبەرەكانی جەنگ پێویستە وەك خۆی مامەڵەی لە تەكدابكرێت و هەڵە كوشەندەكانی پێشووتر دووبارە نەكرێنەوە.
ئەگەر وەك بارگراوندێك و وەبیرهێنانەوەیەك بگەڕێینەوە چاوێك بخشێنینەوە بە مێژوی خەباتی جەماوەری و چەكداری میللەتەكەمان بەتایبەت لەكاتی دەستپێكردنی راپەڕینە جەماوریەكەی خەڵكی باشوری كوردستان لە بەهاری ساڵی ١٩٩١دا دەیان هەزار چەكداری سوپاكەی سدام بە دیل كەوتنەدەست جەماوەری راپەڕیوی كورستان و هێزەكانی پێشمەرگە، كە ئەوكات بەرەی كوردستانی دەسەڵاتی رەهای هەبوو، لەسەر ناچە ئازاد كراوەكاندا و بڕیاربەدەستی یەكەم بوو لەسەركۆی پرسە سیاسیە هەستیارەكانی كوردستان.
لەهەموو پرسەكان گرنگتریش پرسی بەدیل گرتنی ئەو دەیان هەزار سەربازە بوو كە لەگەڵ دەستپێكردنی راپەڕیندا نزیكەی ٥٠٠٠٠ پەنجا هەزار سەربازی سوپای بەعسی رووخاو بە دیل كەوتنە دەستی هێزەكانی پێشمەرگە بەڕابەرایەتی بەرەی كوردستانی، هەر بە بڕیارێكی بەرەی كوردستانی، بڕیاری ئازاد كردنی سەرجەم ئەو ئەفسەرو سەربازە دیلكراوانەی سوپا زەبەلاكەی بەعس درا!! كە دەستیان سوور بوو بە خوێنی شەهیدان و بێ سەروشوێن كرنی نزیكەی ١٨٢٠٠٠ ئەنفالكراو و وێرانكردنی هەزاران لە گوندو شارو شارۆچكەی هەرێمی كوردستان و كوشت و بڕو ئەتككردنی شەرەف و كەرامەتی تاكی كورد بەدەستی ئەو سوپا نەفرەتیە.!! بەڵام سەركردایەتی سیاسی كورد لەگەڵ ئەوەی كەوتە ژێر عاتیفەی دوژمنەكەیەوە ئەوەندەش بێ ئاگایانە هەڵسوكەوتی لەتەك یاسا نێودەوڵەتیەكاندا كردو وەلاوەی نا، نە بە شێوەی ئەرێنی و نە بە نەرێنی یاسا نێودەوڵەتیەكانی جێ بەجێی نەكردن.!! راستە كاری یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە كاتی جەنگەكاندا كورتدەبێتەوە، ئەوانیش لە كۆمەڵێك بنچینە پیك دێن كە وڵاتان لەسەریان رێككەوتون و لە كۆمەڵگەی مەدەنیدا جێگیربوون، كە داوای سنور دانان دەكات لە بەكارهێنانی توندوتیژیدا لە كاتی جەنگەكاندا و، پاراستنی كەسانی بەشداری كردە سەربازیەكان و ئەوانەش دەست لە بەشداریكردن تێیدا هەڵدەگرن، وەك: بریندار، پێككراوان، دیل و لاشەڕەكان، بە نیازی سنورداركردنی توندوتیژی لە كاتی شەڕەكاندا تەنها بۆ ئەو كارانەی پێویستی سەربازی دەیانسەپێنن. سەرچاوەكانی یاسای نێودەوڵەتی رێكەتننامەكانی لاهای ساڵانی 1899 و 1907ز-ن بەتایبەت ئەو ماددانەی كە لەو هۆكارانە دەدوێن كە لەكاتی جەنگەكاندا رێگەیان پێدراوە، هەروەها چوار رێكەوتننامەكەی جنێڤ‘ ی ساڵی 1974 ز‘، زیاد بۆ ئەوەش جاڕدانی نێونەتەوەیی تایبەت بە پاراستنی منداڵ و ژنان لە كاتە كتوپڕەكان و كاتی جەنگەكاندا ساڵی 1949 ز- و رێكەوتننامەی دژایەتی ئەشكەنجە، مامەڵەی خراپ، سزادانی قورس یا نامرۆیی ساڵی 1984 ز- و هەموو ئەم رێكەوتنناماننەش بێبەش نەكردنی هیچ كەس لەژیان، ئەشكەنجەنەدانی، سزانەدانی بەشێوەیەكی قورس یا دڕندانەی كەرامەتشكێن بەشێوەیەكی هەڕەمەكی، دووپات دەكاتەوە. لە گەڵ زۆریشیاندا ئەم یاسایانە بەدەست لاوازی و شكستەوە دەناڵێنن، چونكە هەندێك لە وڵاتان ئەو رێكەوتننامانە ناچەسپێنن، تەنانەت ئەو وڵاتانەش پەیمانی چەسپاندنیان دەدەن پابەندی هەموو بەندەكانی نابن، لە كاتێكدا ئەم رێكەتننامانە پابەند بوون پێیانەوە بۆ ویستی ئەو لایەنانە دەگەڕێتەوە كە ئیمزایان لەسەر كردوون، هیچ شتێك نییە ناچاریان بكات رێزی بگرن، ئەویش لەبەر نەبوونی دەسەڵاتێك كە چاودێری چەسپاندنی رێساو حوكمەكانی یاسای نێودەوڵەتی بكات، هەروەك بۆ یاسای نێوخۆیی ئەو وڵاتانەش هەمان شت راستە.
بەڵێ هەڵسوكەوتی خەڵك و هێزی پێشمەرگە بەرانبەر بەو سەربازە دیلكراوانە زیاتر مرۆیی بوون بەقەد ئەوەی هەڵسوكەوتێكی یاسایی بێت، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەكان مامەڵەیان لەتەك كرابێت.
ئەمە نمونەی زۆری یاسا نێودەوڵەتیەكان بوو، كە هیچ بڕگەو مادەیەكی یاسایی نێودەوڵەتی نییە كە بڵێت هەرچی دیلی جەنگ هەیە بە باش و خراپیەوە ئازاد بكرێن و بەرەڵای ناو گەڕەك وشارو شارۆچكەكان بكرێن و سەرپشك بكرێن بەمانەوەیان لە كوردستان یان هەر كوێیەك كەخۆیان پێیان خۆشبێت بۆی بڕۆن كە لەئەنجامدا زۆربەیان گەڕانەوەیان بۆ عێراق هەڵبژارد.
ئەم رەفتارە سەیرو سەمەرەیە لەهیچ كوێی دونیادا نەبووەو روینەداوە لەكوردستان نەبێت! ئەوە بوو لەمانگی تەموزی هەمان ساڵ دووبارە چەكدار كرانەوەو ئامادە كرانەوە رەوانەی بەرەكانی شەڕیان كردنەوە بۆ شەڕی كورد كوشتن!!
بڕوانن دەوڵەتی ئێران كە زۆر جار بە تەنز ئامێزەوە باسی مەلاو عەمامەكانیان و دواكەوتوییان دەكەین، ببینن و ببیسن چۆن بەسود وەرگرتن لە یاسا نێودەوڵەتیەكان لەلایەك و پێشێل كردنی لەلایەكیترەوە لەهەمان كاتدا چۆن مامەڵەی لەتەك یاسا نێودەوڵەتیەكاندا كردووەو چۆن بۆ بەرژەوەندی خۆی سوودی لێوەرگرتووە.
(( شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران، كە بە جەنگی یەكەمی كەنداو دەناسرێت، دیارترین ئەو شەڕانەیە، كە لایەنی ئێرانی بە چڕی و بە شێوەیەكی پێشكەوتووانە شەڕی دەروونی بەكارهێنا و ئامرازی شۆردنەوەی مێشكی دیلەكانیش دیارترین دیاردەی شەڕەكە بوو. ئێران شیوعییەكانی چینی تێپەڕاند و تەنیا بەوە نەوەستا دیلەكان لە بیروباوەڕی خۆیان هەڵبگەڕێنێتەوە، بەڵكو ئەوانی لە چوارچێوەی هێزێكدا بۆ شەڕكردن رێكخست و هەناردەی بەرەكانی شەڕی كردن، ئەمەش لە مێژوودا وێنەی نەبینرابوو، ئێرانییەكان بە چەند قۆناغێك دیلە عێراقییەكانیان خستە ژێر پرۆسەی شووشتنەوەی مێشك و لە قۆناغی یەكەمدا دیلە سوننی و شیعییەكانیان جیاكردەوە و لەناو ئەوانیشدا بەعسی و نابەعسییەكانیان جیاكردەوە و هەنگاو بە هەنگاو ئەوانیان خستە ژێر پرۆسەی شۆردنەوەی مێشكەوە تا كار بەوە گەیشت هەموو مێشك شۆراوەكانیان لە ژێر ناوی تۆبەكردووان (التوابون) رێكخست و رێكخراوێكی ئایدۆلۆژیان لە ژێر ناوی رێكخراوی “بەدر” بۆ درووستكردن و بەهەزاران تۆبەكردوویان لە ریزی چەكدارانی ئەو رێكخراوە ناونووس كرد و دواتر بەكاریان هێنان بۆ شەڕكردن دژی رژێمی بەعس. ئێرانییەكان سەرەتا ناویان لەوانە نابوو “میوانەكانی كۆماری ئیسلامی” و كاریان بۆ ئەوە كرد، دیلەكان هەست بكەن كە تاوانبارن و تاوانیان دژ بە خودا و ئاین و گەل كردووە و پێویستە تۆبە بكەن و پەشیمانی دەرببڕن. پاشان ئەوانیان هەنگاو بە هەنگاو لە تاكێكی شەڕكەری دژی كۆماری ئیسلامی گۆڕی بۆ تاكێكی شەڕكەری دژ بە وڵاتەكەی خۆیان. لە میانی مانەوەشیان لە سەربازگەكان، ئێرانییەكان تۆبەكردووانیان دەبرد بۆ سەردانی مەزارگەكانی قوم و چاوپێكەوتنی ئایەتوڵڵا روحوڵڵا خومەینی رابەری ئێران و هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ دەكردن، تا زیاتر متمانەیان لا دروست بێت و هەست بە گرنگی تۆبەكردنیان بكەن)).
بەڵام ئەوەی لەو كاتەی كوردستاندا دەگوزەرا پاشەگەردانی بو بەمانای وشە، باشە خۆناڵێین ئەو دیلانەیان بكوشتبان و قەتڵوعامیان بكردبان نەخێر، بەڵام ..لانی كەم ئازاد نەكرابان، داوای هاوكاری بكرابایە لە نەتەوەیەكگرتوەكان كە مامەڵەی دیلی جەنگیان لەتەكدا بكرێت و لەژێر چاودێری نەتەوەیەكگرتوەكاندا ٌرادەستی دەوڵەتێكی دراوسێ بكرابان تا وەزعەكە هێور دەبۆوە، نەك هەروا بە ئاسانی و بێ گەڕانەوە بۆ یاساكانی جەنگ تەنها بۆ دەستخۆشانەیەك فووی پیاكەیت و هەر هەموو بە پیس و پاكەوە ئازد كەیت و پاشانیش رژێمی بەعس ئەوە بوو جارێكیتر سودی لێوەرگرتن وپرچەكی كردنەوەوهێرشی پێكردنەوەسەرمان!
سەیر لەوەدایە تائێستا ئەم ئەقڵیەتە وەك خۆی ماوەتەوەو ئەوەی كە بیری لێناكاتەوە چۆنێتی مامەڵەكردنێتی لەگەڵ دوژمنەكانیدا، ئەوەی بیری لێناكاتەوە نەخوێندنەوەیەتی لەو دەق ومادە یاسا نێودەوڵەتیەكانە، بێگومان ئەگەر جارێكی كەش دووبارەبێتەوە، ئەگەر بەهەمان عەقڵیەتەوە هاوشێوەی پێشو ئاوا بێ بەرنامەو تاكتیكی یاساكانی جەنگبن بۆ دەستخۆشانەیەك هەموو رەنج و ماندووبونی قوربانیانی دەیان ساڵەی كوردستان و خوێنی شەهیدان دەدرێ بەبادا.

‌ 74 جار بینراوه‌
17/06/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved