وتار
ریفراندۆمەكەی بارزانی و مەترسییە شاراوەكانی

كاروان عه‌لی شامار

ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی مافی هەر نەتەوەو گەلێكە كە خۆی بڕیاری لەسەر بدات، كوردیش وەك یەكێك لەو نەتەوانەی لە مێژودا زۆرترین ناحەقی بەرامبەر كراوە مافی خۆیەتی بڕیار لەسەر ئەو پرسە مێژویەی بدات و چارەنوسی خۆی دیاری بكات، گومان لەوەدانیە بەشی هەرە زۆری هاوڵاتیانی كوردستان لەگەڵ ئەوەدان كورد دەوڵەتی سەربەخۆی تایبەت بەخۆی هەبێت و لە مێژەش قوربانی بۆ ئەو پرسە دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ نەتەوەیەك لە رۆژهەڵاتی ناڤین بارتەقای كورد حەقی سەربەخۆی و مافی چارەی خۆنوسین و دەوڵەتێكی سەربەخۆی نیە چون بەدرێژای مێژوو هەر هێزێكی بیانی هاتبێتە ناوچەكە بەدەوڵەتانی دراوسێشەوە لە پێناو بەرژەوەندیە تایبەتیەكانیان دەیانجار جینۆساید و كوشتن و بڕینیان لەبەرامبەر كورد ئەنجامداوە، جا لەبەر ئەوەش كوردستان شایەنی ئەوەیە پێش هەردەوڵەتێكی تر بگات بە خەونی لە مێژینەی لەپای ئەو هەموو خەباتەی كە لە پێناو سەربەخۆی كوردستان كردوێتی.
 بەڵام هەنوكە بە رای زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەم كات و ساتەدا بە گونجاو نازانن ئەویش بەهۆی پەرتەوازەی هێزە سیاسیەكان و هەبونی دەیان قەیران كە دوچاری هەرێمی كوردستان بۆتەوە وێرای نەبونی هیچ ئامادەكاریەك بۆ ئەنجامدانی ئەو پرسە گرنگە. لێرەیا بەكورتی و بەچەند خاڵێك ئاماژە بە هەندێك لەو مەترسیانە دەكەم كە دور نیە لە پێش و پاشی ریفراندۆم دوچاری كوردستان بێتەوە ...
(1)
 كوردستان جیا لەوەی هەنوكە ژێرخانێكی ئابوری بەهێزی نییە بەدەست دەیان كێشە و قەیرانی زەبەلاحی ئابوریشەوە دەناڵێنی تەنانەت ناتوانێ چارەكە موچەی فەرمانبەرانی لەكاتی خۆیدا بدات وێرای ئەوەی رۆژانە گوێبیستی دەیان چیرۆكی تراژیدی دەبین كە رەهەندە سەرەكیەكەی قەیرانی داراییە، كوردستان بەبەراورد بە قەتەر دڵۆپێكە لەدەریا. وێرای ئەوەی قەتەر نزیكەی پەنجا ساڵە دەوڵەتی سەربەخۆیەو پێگەیەكی بەهێزی ئابوریو سیاسی و لەئاستی وڵاتانی كەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا هەیە، كەچی بە چەند رۆژێك گەمارۆدان، رووبەڕووی گەورەترین گرفتی سیاسی و ئابوری بۆتەوە، جیا لەوەی خاوەن نزیكەی 350 ملیار دۆلارە لە ئێستادا.پاش داخستنی سنورەكان ئەگەرچی ئەو دەرچەی ئاویشی هەیە كێشەی خۆراكی هەیە هۆكاری سەرەكیش ئەوەیە كە قەتەر پشكی شێری كەرەستەی خۆراكی لەم وڵاتانەوە دەهێنا كە گەمارۆیان داوە، پرسیاری جەوهەریش ئەوەیە ئەگەر قەتەر بەو زەبەلاحیەوە تەنگی پێ هەڵچنرابێ ئەدی دەبێ كوردستانێك بەو دۆخە خراپەی كە هەیەتی گەر دەرگای سنورەكانمان لێداخەن توشی چ كارەساتێكی مرۆیی دەبین؟!
(2)
برینی بوجەی دەرمان و بەشە خۆراكی مانگانە كە ئەگەرێكی بەهێزە بەغداد دژ بە ریفراندۆم بەكاری بهێنێت چون كوردستان تا ئێستا مانگانە بەشێكی زۆری پێداویستیە پزیشكیەكانی لە بەغداوە بۆ دێت لە ئەگەری ئەنجامدانی ئەو كارەش ئەوا كوردستان رووبەرووی قەیرانێكێ گەورەتر دەبێتەوە، چون سەرەڕای سەرنج و تێبینی لەسەر سێكتەری تەندروستی وەلێ بەبەراورد بەوانی تر تارادەیەك باشترە، بێئنسافیە لە كاتێكدا بەسرە رۆژانە نزیكەی 3 ملیۆن بەرمیل بەرهەمدەهێنێت وەلێ پارەكەی بۆ تەواوی عێراقە نەك تەنها ناوچەكانی لۆكاڵی. بەڵام كوردستان نەوتی خۆی دەفرۆشێ و جیا لەنەوتی كەركوك پارەكەشی تەنها بۆ خۆیەتی و داوای بودجەو بەشە خۆراك و دەرمانیش لە بەغداد دەكات!
(3)
برینی موچەی فەرمانبەرە كوردەكانی سەر بەحكومەتی ناوەندی ئەمەش ئەگەرێكی بەهێزەو زۆرینەی فەرمانبەرانی ناوچەكانی كەركوك و خانەقین كوردن و سەر بە حكومەتی فیدراڵن، دور نیە لەوروژاندنی باسی ریفراندۆم بەغدا بودجەكانیان ببرێت و بەمەش قەیرانێكی گەورەتر بۆ كوردستان دروست بكات، جیا لەوەش بەهۆی خراپی سیاسەتی حكومەتی هەرێم لەمەڕ ناوچە دابڕینراوەكان جێبەجێ نەكردنی مادەی 140ی دەستوری عێڕاق دورنیە هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەبەنەخێر دەنگ بۆ ریفراندۆم بدەن و داوا بكەن لەسەر حكومەتی فیدراڵ بمێننەوە.
(4)
گرتنەوەی ئەو سەرچاوە ئاویانەی كە لەوڵاتانی دراوسێەوە دەڕژێنە نێو خاكی هەرێم كەبەشی زۆری سەرچاوەی ئاوی هەرێم پێك دێنن، وڵاتانی جیهان لە ئێستادا بە بایەخەوە لە سەرچاوە ئاویەكان دەڕوانن باس لەوەش دەكرێت لە داهاتودا وڵاتان لەبری نەوت ئاو دەبێتە كێشەیەكی گەورەی نێوانیان. بەداخەوە كوردستان وێرای ناوچەیەكی گرنگی ئاوییە بەڵام تا ئێستا وەك پێویست نەیتوانیوەبەنداوی تایبەتی بۆ گلدانەوەی ئاو دروست بكات و ئەمیش ئەگەرێكی بەهێزە كە لە داهاتواودا ئەو وڵاتانە وەك فشارێك سەرچاوە ئاویەكانمان لێبگرنەوە نەبونی ئاویش بچێتە سەر كێشەكانی تر.
(5)
شەرعیەتدان بەمانەوەو بەردەوامی بارزانی لەسەر كورسی سەرۆكایەتی بۆ هەتاتایە، وێڕای گۆرینی سیستەمی حوكم بە بنەماڵەیی لەبری پەرلەمانی، ئەوە دڵسۆزی پارتی نییە لە هەموو حیزبەكان زیاتر كار بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكات، بگرە مەغزای سەرەكی یاریكردنە بە سۆزو عاتیفەی خەڵك بە مەبەستی شاردنەوەی قەیرانەكان و هێوركردنەوەی توڕەیی خەڵك و مانەوەی بارزانی و درێژەپێدانی ئەم دۆخە سیاسیە چەقبەستوو پڕ قەیرانەی ئێستا وەك خۆی، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو هیچ پارتێكی سیاسی نییە لە باشور وەك پارتی و ماڵباتی بارزانی دژ بە سەربەخۆی و مافی چارەی خۆنوسینی كوردستان بن!
 (6)
پارتی وەك كارتێكی بەهێز مەلەفی ریفڕاندۆم بەكاردێنێ بۆ بەرزكردنەوەی دەنگەكانی، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكاندا، چونكە بەهۆی شكستهێنانی حوكمڕانی و هەموو ئەو قەیرانانەی كەبەسەر خەڵكی هێناوە پارتی دڵنیایە كە ئاستی دەنگەكانی بەڕێژەیەكی بەرچاو لە دابەزیندایە بە تایبەت لە ناوچە دابڕینڕاوەكان، بە مەخمور و شەنگالیشەوە، هەرلەبەر ئەوەشە داوا ئەكات راستەوخۆ دوای ریفراندۆم هەڵبژاردنە گشتیەكان بكرێت بۆ ئەوەی لە راگەیاندنەكانەوە وای نیشان بدات ئەو بكەری سەرەكی ئەنجامدانی ئەو پرسە گرنگەیە تاڕادەیەك پارێزگاری بكات لە دەنگەكانی بەبەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو.
 (7)
لە كۆتایدا پێویستە پارتی و بارزانی باشتر بیر لەئەنجامدانی ریفراندۆم بكەنەوەو پێویستە بەرچاویان رون بێ ئەوەی سەرنج و تێبینی لەمەر ئەو پرسە هەیە و بەدڵی ئەوان قسە ناكات ئەوا نەیار و خائین نیە، بگرە لە پەرۆشیدایە بۆ ئەو پرسە گرنگە كە خەونی لەمێژینەی هەموانە، لە هەموو كوردستان ئەوانەی دژایەتی ریفراندۆم دەكەن كەمینەیەكن، با لەبری تەخوین كردنیان سازش و گەورەی بنوێنرێ و ئاشتەوای گشتی رابگەیەنرێ، هەموو درواسێكانمان بە عێراقەوە داوا دەكەن بارزانی ریفراندۆم ئەنجامی نەدات یاخود دوایبخات بۆ كاتێكی تر كە لانی كەم ئامادەكاریەكی سادەی بۆ بكرێت، بەڵام بارزانی رۆژ بە رۆژ سورتر دەبێت لە ئەنجامدانی كە دور نییە گەر لە كەلی شەیتان نەیەتە خوارەوە بەڕیفراندۆمەكەی سەری هەموومان بخوات.

‌ 122 جار بینراوه‌
15/07/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved