وتار
لاهور تاڵەبانی چی ویست ؟

عەدنان كۆچەر


دیدارەكەی چوارشەممەی لاهور تاڵەبانی لەگەڵ مایكڵ فالۆنی وەزیری بەرگری شانشینی بەریتانیاو پاشانیش دیدارەكەی لەگەڵ رادیۆی BBCی جارێكی تر ئەو كارەكتەرە سیاسییە كوردیەی وەك “پیاوی قۆناغ” نیشاندایەوە، چونكە دنیابینی نەگۆڕو جێگیریی لە تێفكرین دەریخست كە لاهور شێخ جەنگی ئەوەی بۆ داهاتووی سیاسیی كوردستانو یەكێتی باوەڕی پێی هەیە، دیدگایەكە بۆ هەمیشە بەپێی خوێندنەوەی سیاسییو لۆژیكی خەمڵیوەو جیاوازە لەو فۆڕمی بیركردنەوەی ئەو نەوە سیاسییەی كە بەردەوام بەپێی بەرژەوەندییەكان لە ئاڵوگۆڕدایە.
ئەوەی لاهور تاڵەبانی، لەدیداری لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی یەكەكانی حەفتای هێزی پێشمەرگە پتر لەدوو مانگ لەمەو پێش دەرهەق بە ریفراندۆم بەیانیكرد، رێك هەمان ئەو دنیابینیەیە كە ئێستا دەرهەق بەریفراندۆم وەك میكانیزمی بەدیهێنانی خەونی نەتەوە گوزارشتی لێدەكات، ئاخر خۆ هەموو عەرابەكانی كوردایەتی هێندەی لاهور تاڵەبانی خەون بە دەوڵەتی سەربەخۆوە نابینن، بەڵام سروشتی پیادەكردنی ئەو میكانیزمەو فۆڕمی ئەو دەوڵەتەی بینادەكرێو ئەو ئەجێندا گوماناویانەی لەپشت ئەو پرۆسەوەیە خاڵی جیاكەرەوەی تێڕوانینی لاهور تاڵەبانیو ئەوانی دیكەیە، چونكە ئەوەی تاڵەبانی دەرهەق بەریفراندۆم لەگوتاری خۆیدا بەرجەستەی دەكات، نێواخنی ئەو ستراتیژە جێگیرەی یەكێتییە كە لەنەخشەڕێگای یەكێتیو رێككەوتنامەی هاوبەشی گۆڕانو یەكێتیدا رەنگیداوەتەوە، ئەویندارانی سەربەخۆیی لەرێگەی میكانیزمی ریفراندۆمێكی یاسایی كە بەرەنجامی شەرعیەتی پەرلەمانیو كۆدەنگی نشتیمانی بێت، خواستێكە بەدڵنیاییەوە لاهور تاڵەبانی سەرقافڵەی دەبێت.
جەوهەری تێفكرینی لاهور تاڵەبانی وەك خۆی ماوەتەوە، ئەو وەك چۆن جەنەڕاڵێكی گەورەی تێكشكاندنی ئەفسانەی داعشە، بەو چەشنەش دەبێتە جەنەڕاڵی سەرخستنی خەونی نەتەوەو گەیاندنی كورد بە سەربەخۆیی، هەر وەك چۆن پاڵەوانی پاراستنی جوگرافیای كوردستانە، بەو چەشنەش دەبێتە شورای ئەو دەوڵەتەی داهاتوو كۆی هێزە سیاسییەكان لەسایەی پەرلەمانێكی كاراو یاسایەكی گشتگیرو كۆدەنگییەكی راستەقینە هەمووان پێكەوە بینای دەكەین، بەڵام ئەو ریفراندۆمەی ئێستا بۆتە پرسی پەرتكردنی كۆمەڵگاو هێزە سیاسییەكان، تائێستاش گریمانەی دواخستنی لەئارادایەو ئەگەری سەردانەكەی وەزیری بەرگری بەریتانیا لەماوەی داهاتوو، هەروەها هاتنی شاندێكی پایەبڵندی كۆمكاری عەرەبی لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە كە دەیانەوێت ریفراندۆم دوابخرێت.
ئەوەی ئەمڕۆ لەدیدارەكەی BBC لاهور تاڵەبانی جەختی لێدەكاتەوە، بۆ زۆر پرسی دیكە سەرنجمان رادەكێشێت، ئەو پرسانەی كە لەبەردەم ریفراندۆمێكی راستەقینەدا دەبنە ئاستەنگ، لێرەدا دەشێت لەسەریان بوەستین:
ـ ئەزموونی “نەخێر” لە ریفراندۆمی سكۆتلەندییەكان بەشێكی گرنگی پەیوەندیی بەو دەستپێشخەرییە سیاسییو ئابوریانەوە هەبوو كە بەریتانییەكان خستیانە بەردەم دەنگدەرانی سكۆتلەند، ئەگەرچی پرسو دۆخو فشەڵی دەوڵەتی عێراق ریفراندۆمەكەی ئێمە لەوان جیادەكاتەوە، بەڵام وەك لاهور تاڵەبانی لەدیدارەكەیدا باسیدەكات، پێویستە لە ئەگەری دواخستنی ریفراندۆم، هێندەی بەرەنجامی سازانو لێك تێگەیشتنی نێوان هەرێمو بەغداد بێت، هێندە لەژێر فشاری هەرێمییو نێودەوڵەتی نەبێت، چونكە ئەوەی لەبەرەنجامی لێك تێگەیشتنی نێوان هەرێمو بەغداد دەشێت لەرووی سیاسییو ئابووریو جوگرافییەوە بۆ هەرێم دەستەبەر ببێت، ئەگەرێكی دوورە لەئەنجامی فشارە هەرێمییەكان كورد هیچی دەست بكەوێت.
لەراستیدا كارتی بەهێزی كورد بەر لەئەنجامدانی ریفراندۆمە، نەك پاش ریفراندۆمێك كە ئەنجامەكانی بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی مولزەم نەبێت، چونكە ئەوەی عێراق ئێستە دەیخوازێت ئەنجامنەدانی ریفراندۆمە كە دەبێتە هۆی ئیحراجی هاوپەیمانی شیعەكان لەئاستی رای گشتی ناوخۆیی، نەك راگەیاندنی سەربەخۆیی، چونكە دەسەڵاتدارانی عێراق ئەو دڵنیاییە هەرێمیو نێودەوڵەتییەیان پێدراوە كە دوای 25/9 كورد دەست بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی ناباتو ئەودەمیش رەنگە دانوستانەكان زۆر دەستكەوتی گەورە بۆ هەرێم نەچننەوە.
ـ ئەو ئارامییو سەقامگیرییە سیاسییەی كە یەكێتیو لاهور تاڵەبانی لە سلێمانیو زۆنی سەوز دەستەبەریان كردووە، سەرەتای بوژانەوەو سەرمایەگوزاری زۆرە لەو جوگرافیایە، هەربۆیەش ریفراندۆم بەو میكانیزمو فۆڕمەی ئێستایەوە لەهەموو كات زیاتر بە ئامانجگرتنی سلێمانییە، چونكە لەو دۆخەدا ئێستا لەهەموو كات زیاتر بەشێكی زۆری ئەو سەرمایەدارە عەرەبانەی كە سەقامگیریی سلێمانی بۆ سەرمایەگوزاری پەلكێشی كردوون لەو زۆنە دەتەرنو سەرمایەكانیان لەشوێنێكی دیكەدا وەبەرهێنان پێدەكەن، ئەوە لەدۆخێكدا كە لەوەتەی دامەزراوە باڵاكانی حكومەت گواستراونەتەوە بۆ هەولێر رێژەی وەبەرهێنان لە سلێمانی تاڕادەیەكی زۆر كەمیكردووە.
ـ پرسی ریفراندۆم چەندە پرسێكی سیاسییە، هێندەش رەهەندی ئەمنی هەیە، بەتایبەت لەجوگرافیای ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، بەوپێیەی لەبەشێكی زۆری ئەو ناوچانە سەرباری ئەوەی تائێستا مەترسی هێرشو هەڕەشەی داعش هەیە، لەهەمانكاتدا پێكهاتەی جیاوازی زۆری لێیە، هەربۆیەش لاهور تاڵەبانی بەو پێیەی لەو سنوورە وەك پاڵەوانی رزگاری تەماشا دەكرێو بەشێكی گەورەی خێڵو تیرە عەرەبەكان پێوەی پابەندن، دەكراو دەشیا لەخوێندنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە دیدگاكانی بووبایە سەرچاوەی بڕیار، لەكاتێكدا ئەو كۆمیتەو دەستە حزبیانەی كار لەو جوگرافیایە دەكەن نە شارەزاو بێ قورسایی سیاسیو سەربازیی مامەڵە لەگەڵ ئەو پێكهاتانە دەكەنو ئەوەش كە دەكەوێتە جوگرافیای نفوزی یەكێتییەوە دەشێت بۆ داهاتوو دیسانەوە خراپ بكەوێتەوە، هەربۆیەش گرنگە یەكێتی لەژێر رۆشنایی دیدگاكانی لاهور تاڵەبانی ئەو ستراتیژە دوورمەودایە لەو ناوچانە پەیڕِەو بكات كە ساڵانێكە بیناكراوە نەك ویستی سیاسیی هێندێك كە لەبنەڕەتەوە ئەوەی دەیخوازن بەجێگەیاندنی ئەجێندای ئەوانی دیكەیە.
هەموومان لەگەڵ سەربەخۆیین، ئەو سەربەخۆییەی كە یەكێتیو مام مامۆستاو قوتابخانەكەین و كاكە لاهور وانەی پراكتیكی تێدا دەڵێتەوە، بەڵام بەمیكانیزمێك كە كۆمەڵگا یەكبخات، نەك خێزانەكانیش پەرت و بڵاو.

  


‌ 417 جار بینراوه‌
09/09/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved