وتار
گـشـتپـرسی لە نـێوان نەخێرو بەڵـێـدا ئایندەی كەركوك بەرەو كوێ لە دوای گشتپرسی؟

هيوا رِةش



بەدرێژایی خەباتی سەدان ساڵەی میللەتەكەمان لەپێناو ئازادی و كیانێكی سەربەخۆدا، بەقۆناغی سەخت و دژواردا تێپەڕیوین، هەورازو نشێوی زۆرمان بینی، ڕۆژگاری ڕەش و پڕ لە ناوئومێدمان تێپەڕاند.
بێگومان بەخوێنی ئاڵی ڕۆڵەكانی نیشتمان و ماندوو نەبوونی گەلەكەمان لەخەباتدا گەیشتین بە بەشێك لەمافەكانمان.
دوای ( 26) ساڵ لە حكومڕانی سەربەخۆی كورد، دیسان بەقۆناغی سەخت تێپەڕین و دۆخی ناهەموارمان بەڕێكرد، كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە چاوەڕوانی و بەهیوایی ئەوەبوون خزمەتی زیاتربكرێن لەسایەی حكومەتێكی خۆماڵی .
بەداخەوە كەموكوڕییەكان زۆربوون، هەڵەی زۆركرا لە ماوەی حكومڕانی خوماڵیدا، هەموانیش دان بەو ڕاستیدا دەنێن و باجەكەیمان بە قورسیدا كاتێك رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووینەوە.
ئێستا بەهۆی گۆڕانكارییە گەورەكان كە لەناوچەكە بەخێرایی ڕوو دەدەن، بەهۆی شەڕی نەگریسی تیرۆر، دیسان گەل و نیشتمان و حكومەتەكەمان لەبەردەم ڕێگا و تاقی كردنەوەیەكی سەختدایە.
من وەك پێشمەرگەو پارێزەرێكی خاك و گەلەكەم، پێم وایە باشترین و بەسودترین هەنگاو كە داهاتووی هەموان ڕوون دەكات و ئومێد و هیوا وزەی زیاترمان پێ دەبەخشێتەوە ڕێكخستنەوەی ناو ماڵی كوردە.
لەم ئان و ساتەدا بابەتی گشت پرسی و سەربەخۆی یەكجاری كە خەباتی سەرجەم پارتە سیاسەكان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە.
ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەرجەم پارتەكانی تر هەم خۆی پێ سەرقاڵكردوەو هەمیش كۆمەڵانی خەڵك، داواش دەكات پاڵپشتی پرۆسەكە بكەن.
پارتەكانی ترش لەم بارەیەوە دابەش بوونەو هەندێكیان هەڵوێستی شەرمنانەیان هەیەو چەند پارتێكی تریش هەڵوێستێكی ئاشكراو ڕوون نین لەم بارەیەوە.
داوا دەكەن ئەم پرسە لە پەرلەمانەوە شەرعێتی پێ بدرێت و مەرجی پشتگیریان بۆ ئەم پرۆسەیە بریتییە لە هەمواركردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم و چەند پرسێكی تری نیشتمانی، بەڵام هیچ پارتێكی سیاسیی ڕاستەوخۆ دژایەتی ئەم پرسەی نەكردووە.
لەلایەكی تریشەوە هەرچەند ژمارەی بەڵێیەكان یەكجار زۆرن سەرەڕای جیاوازییەكان لەڕووی سیاسی، بەڵام دەنگی نەخێرو دژایەتی كردنی ئەم پرسە چارەنوسازە كەم نیە، بەتایبەت لە نێو چینی گەنجدا كە هەندێك پەرلەمانتارو چالاكوان و كەسانی جیاواز لە چین و توێژەكان ڕێبەرایەتی ئەم گەنجە توڕانە دەكەن.
دیارە هۆكاری دەنگی نەخێری ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆخراپی باری گوزەران و خراپی ئاستی خزمەتگوزارییەكان، بێگومان دەبێ گوێ لە دەنگی نەخێرەكان بگیرێ، چونكە داواكارییەكانیان داواكاری ڕەوان.
دەبێ سەكردایەتی سیاسی كورد ئاگاداری ئەوەبێ و لەبیری نەچێ دەنگی نەخێرەكان گەر لەشارەكانی تری كوردستان كەم بن، ئەوە لەشاری كەركوك و ئەوانەی دژایەتی ئەم پرسە دەكەن زۆرن بەتایبەت لەنێو نەتەوەكانی تر جگە لە كورد.
دەبێ سەركردایەتی كورد نەخشەیەكی وا ڕوونی هەبێ بۆ كۆمەڵانی خەڵك لەشاری كەركوك بەتایبەت كە دەنگی بەڵێ سەركەوت چی دەكرێ و گەر دەنگی نەخێر زۆرتربوون هەنگاوەكانمان چی دەبێ بۆ ڕووداوەكانی دوای پرۆسەكە؟!
دەبێ خەڵكی و میللەتەكەمان دڵنیابكرێتەوە كە ئەنجامی ئەم گشت پرسیە هەرچۆنێك بێ لەناوچە جێ ناكۆك لەسەرەكان، ئەوە سەركردایەتی سیاسی كورد دەستبەرداری ئەم ناوچانە نابێ كە بەخوێنی سەدان شەهید پارێزگاری لێ كراوە.
دەمەوێ ئەوە بڵێم پێش ئەوەی هاوڵاتیان بچنە سەر سەندوقی دەنگدان دەبێ بۆ هەموان بەرچاو ڕوونی تەواو هەبێ و ئامادەكاری تەواوكرابێ بۆ هەموو ئەگەرەكان.
تا خەباتی سەدان ساڵمان، حكومڕانی و مافە بەدەست هاتووەكانمان پارێزراوبن و جارێكی تر خۆمان نەدەینە دەست قەدر!
دەبێ گوێ لە دۆست و دوژمن بگرین،یەكڕیزی و تەبایی نێوان پێكهاتەكان و پارتە سیاسیەكان لە كوردستان، چاككردنی بارودۆخی ئابوری و ژیانی خەڵك، چارەسەركردنی هەڵەكانی حكومڕانیمان و كاراكردنەوەی پەرلەمان، زامنی سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە و ئایندەیەكی گەشە بۆ وڵاتەكەمان!



‌ 333 جار بینراوه‌
09/09/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
Telerik
هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved