وتار
یەكێتی و جیابوونەوەكان

شێرزاد سەمەد

مێژووی دروستبوونی یەكێتی و شێوازی دروستبونەكەی جیاوازە لە هەر حیزبێكی تر، لەسەردەمی نا ئومێدی دروست بووەو بەشێوەی نیمچە بەرەیەك لە كۆمەڵەو بزوتنەوەو خەتی گشتی دروست بوو، بەڵام ئاوێتەی یەكتر نەبوون و هەر لە سەرەتاوە ململانێی نێوانیان لە خەباتی شاخ دیار بوو.

دوو جیابوونەوە لەو سەردەمەدا روویدا
 لە ناو باڵی بزوتنەوەی سۆسیالیست و كۆمەڵەوە لەناو باڵی بزوتنەوەی سۆسیالیستدا چەندین جیابوونەوەی تر روویاندا، سۆسیالیست و سۆسیالست وە زەحمەتكێشان و زەحمەتكێشان كە هەموو ئەوسەركردانە سەردەمانێك سەركردەی یەكێتی بوون بە شێكی زۆریان لەم دواییەو دوای چەندین ساڵ دابڕان لە یەكێتی گەڕانەوە ناو یەكێتی و بەشێكی تری سۆسیالست بوون بە پارتی و گڕوتینێكی زۆریان بەخشیە پارتی لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی دوای راپەرین .
ئەگەر بە مێژووی یەكێتی و سەركردەكانیدا بچینەوە دەبینین بەشێكی زۆری كادری سیاسی و سەربازی لە ریزی حیزبەكانی تر درێژە بە خەبات ئەدەن بە تایبەت لە ریزەكانی پارتی ئەمە جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان .

جیابوونەوەی دووەم و كێشەكانی ناو كۆمەڵە
 لە دوای شەهیدبوونی شەهید ئارامەوە ململانێ‌ سەری هەڵدا بۆ جێگرەوەی شەهید ئارام، تا كارگەیشتە جیابوونەوەی ئاڵای شۆڕش لەژێرناوی عیراقچێتی دوای راپەڕین یەكیان گرت لەگەڵا زەحمەتكێشان و دووبارە جیابوونەوە وگەڕانەوە ناو یەكێتی، هەرچەندە هە موو ئەوجیابوونەوانە وا وێنا ئەكرێ كە جیابوونەوەكان فكری بوونە بەڵام هیچیان وانەبووە،هۆكاری سەرەكی كێشەی جیابوونەوەكان شەخسی بووە و بۆ دەسەڵات بووە، هۆكاری دووەم كۆنگرەكان دوائەكەوتن و كێشەكان بە چارەسارنەكراوی درێژەی ئەكێشا تا ئە گەیشتە جیابوونەوە، بەڵگەیش بۆ ئەم بۆچوونە لە 43 ساڵ تەمەنی ئەم حیزبە تەنها 3 كۆنگرەی بەستووە، كۆنفرانسەكانی كۆمەڵەش ئەوكات كێشەكانی بە هەڵواسراوی هێشتۆتەوە، شۆڕشگێران و كۆمەڵەش تا ئەمڕۆ ئاوێتەی یەك نەبووە.

كێشەی دووەم دروست بوونی كوتلەی شاخ و شار لە ناو كۆمەڵە
ئەوانەی لە شاخ لە مەفرەزەی سەرەتاییەكانی یەكێتییەوە شۆڕشیان هەڵگیرساند، خۆیان بە خاوەنی یەكەمی یەكێتی ئەزانی، چونكە سەرماو گەرماو برسێتی و مەترسی شاخیان لەسەر بووە شەڕی دەیان كۆپتەرو جاسوسیان كردووە بوون بە كوتلەی شاخ، بەشەكەی تری تێكۆشەرەكانی زیندانن كە دوای لە سێدارەدانی خاڵە شهاب و هاوڕێكانی كە سەركردایەتی رێكخستنەكانیان كردووەو گەنجانی خوێن گەرمیان ناردۆتە شاخ، دواتر كەوتنە زیندانەوە و دوای ئازادبوونیان كە هاتنە شاخ پێیان ئەوترا كوتلەی شار . . تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە بە جۆر و شێوازی تر، لە هەناوی شاخەوە كێشەكان هاتنە ناو شار و لەسەردەمی دەسەڵات زیاتر باڵباڵێن و كوتلە پەرەی سەند زۆرتر لەكاتی دابەشكردنی ئەرك و دەسەڵات بۆ بەڕێوەبردنی ئۆرگانەكان و پلە و پایەكانی ناو حكومەت و شێوازی بەرێوەبردن ئەمەش واتە ململانێی دەسەڵات نەك جیاوازی بیروڕاوە هاوپەیمانەتییەكانی یەكێتی و پارتی خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری بیانوی زیاتری داوە بەدەستەوە بۆ زەقبوونەوەی ململانییەكانی ناوی یەكێتی كاریگەری سەرەكی هەبووە.
دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و بەشداری كورد لە دەسەڵاتی سیاسی عێراق و دووركەوتنەوەی خوا لێخۆشبوو هەڤاڵ مام جەلال كە قۆناغی یەكەمی دووركەوتنەوەكەی بەهۆی سەرقاڵیبوونی بە ئەركی سەرۆك كۆماری و كێشەكانی عێراق لە 2003 وە .كە ماوە ماوە دەهاتەوە كوردستان و راستەوخۆ لە كوردستانەوە سەرپەرشتی ئۆرگانەكانی نەدەكردو بوە هۆكاری كەڵەكەبوونی كێشەی زیاتر لەناوی یەكێتی، هەردوو جێگرەكەیشی زیاتر سەرقاڵ بوون بە پۆست و پلەی حكومی لە هەرێمی كوردستان و زۆربەی كاتی خۆیان بۆ كارەكانیان سەرف ئەكرد یەكێتیان فەرامۆشكردبوو، رۆژ بەرۆژ یەكێتی بەرەو لاوازی زیاتر چوو. 

كێشەی سێیەم و سەرەكی یەكێتی
جیابوونەوەی گۆڕان و كاك نەوشیروان و بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردە و كادرو جەماوەرێكی زۆری ناو یەكێتی و كە بەنیوەی جەماوەری یەكێتی ئەژماردەكران كاریگەرترین جیابوونەوەی ناو یەكێتی بوو، ئەوانیش بەهەمانشێوە خاڵی سەرەكی ناكۆكیەكانیان لەگەڵ یەكێتی :
یەكەم: دەسەڵات و بەرپرسیارێتی ئۆرگانەكانی یەكێتی بوو كە لەلایەن هەندێك هەڤاڵەوە پاوەن كرابوو وەك مەكتەبی رێكخستن و راگەیاندن و رێكخراوە دیموكراتیەكان و دارایی و چەندین ئۆرگانی تر.
خاڵی دووەم: پێگەی لاوازی یەكێتی لە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێككەوتننامەی ستراتیژی لەگەڵ پارتی.
خاڵی سێیەم: تەهمیش كردنی هەندێ ناوچەی وەك كەركوك و گەرمیان و سلێمانی و راپەڕین لە رووی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی ئابووری كە هۆكارەكەشی پارتی بوو بەئەنقەست .
خاڵی چوارەم: فەرزكردنی كاندید و ئاڵوگۆری پۆستی حیزبی و حكومی لە نێوان هەردوو كۆنگرەی دووەم و سێیەم كە 9 ساڵ درێژەی هەبوو، بە دانان و پێ راوێژكردن.

كاك نەوشیروان و لاوازكردنی یەكێتی .
بەو پێی یەی خوالێخۆشیوو كاك نەوشیروان هاوڕێی تەمەنی خەباتی خوالێخۆشبوو مام جەلال بوو دەسەڵاتی یەكەمی دوای مام بوو هەموو كات، بەڵام بە پێی یاداشتنامەكانی خۆی هەمیشە ناڕازی بووە لە بەشێكی زۆری ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی زۆر جار یەكێتی جێئەهێشت و دوورئەكەوتەوە بۆ ماوەیەكی درێژ، چونكە پشووی كورتتربوو لە هەڤاڵ مام جەلال لەو ماوە زۆرەشدار نەیتوانی ببێتە كەسی یەكەم دوای مام، بە داخەوە كاك نەوشیروان دوای جیابونەوەی لەیەكێتی ئەوەندەی تواناكانی خۆی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان سەرفكرد چارەگی ئەوە هەوڵی چاكسازی بدایە پێی ئەكرا یەكێتی چاك بكات نەك جیابێتەوە، جیابونەوەكەشی بووە هۆی شكستی یەكێتی و گۆڕان و بە هێز بوونی پێگەی پارتی لە كوردستان و ئەم دەسەڵاتەی ئێستای پارتی هۆكاری جیابونەوەی یەكێتی و گۆڕانە، بەڵگەش بۆ ئەمە دابەشبوونی كورسییەكانی یەكێتی و گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەم دواییە 18 بە 24 كورسیان لەپەرلەمانی كوردستان هێنا كە دەكاتە 42 كورسی لەبەرانبەردا پارتی 36 كورسی هێنا.
كەواتە هەموو جیابوونەوەكان بوونە هۆكاری لاوازبوونی بەرەی یەكێتیە دێرینەكان لە بەرامبەردا پارتی سودمەندی سەرەكی بووە، ئەگەر بڕوانینیە ئەم دووبەرەیە لە هاوكێشە ئیقلیمی و سیاسی و نێودەوڵەتیەكانیش دووبەرەی جیاوازدان بە هۆی پێگەی جوگرافی و دەسەڵاتی ئەم دوو بەرەیە كە لە ئێران و توركیاوە نزیكن، دەكەونە ناو دوو دووبەرەی جیاوازی سیاسەتی ئێستای ناوچەكەوە كە ئێران و توركیا تا ئێستا خەون بە ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانیەوە ئەبینن و كاری بۆ ئەكەن، ئەمە وایكردوە كێشەكانی نێوان زۆنی سەوز و زەرد هەمیشە بە قوڵی بمێنێتەوە و ماوە ماوە بەهۆی پیلانگێڕی ئەم دوو دەوڵەتە شكستێك بەسەر كوردستاندا بێنن.

چارەسەر
بوونی بەرەیەكی بەهێز لە نێوان هێزە سیاسیەكانی زۆرنی سەوز دەتوانێ پاشەكشە بە دەسەڵاتی رەهای پارتی بكات و هاوسەنگی دروست بكات لە بڕیاری سیاسی كورد و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی كوردی لە هەرێمی كوردستان و دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی كورد لەناوچەكەدا خاڵی وەرچەرخانی گرنگی دووەم ئەوەیە كە یەكێتی بتوانێ خۆی رێكبخاتەوەو كۆنگرەیەكی یەكلاكەرەوەی كێشەكان ببەستێ، یان ئەو دوو بۆچوونەی ئێستای یەكێتی یەكبخات یان جیای بكاتەوە یان خۆی هەڵوەشێنێتەوە، بۆ ئەمەش بانگەوازی دامەزراندنی بەرەیەكی نوێ بكات لە ژێر ناوێكی نوێدا لە نێوان هەموو هێزە سیاسیەكانی كوردستان، بۆ هەڵبژاردنی ئایندەی عێراق وەك قەوارەیەكی سیاسی نوێ خۆی تۆمار بكات و بەشداری بكات و دوای هەڵبژاردن لە پەرلەمانی ئایندەی عێراق لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسیەكانی كوردستان كوتلەیەكی پەرلەمانی تازە پێك بهێنێ وەك یەك فراكسیۆن كار بكەن، لە كوردستانیش وەك بەرەیەكی نوێ بمێنیتەوە و بەشداری لە هەڵبژاردنی ئایندی پەرلەمانی كوردستان بكات ئەمەش سەرەتایەك بۆ كۆتاییهێنان بە جیابوونەوەكان.

‌ 1125 جار بینراوه‌
13/01/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved