وتار
نەوت‌ و خیانەت لەدیدارەكەی مەسرور بارزانیدا

عەدنان كۆچەر

چاوەش ئۆغلۆی وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند "نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ رێككەوتنامەكان راستگۆ بووەو دژی ریفراندۆم بووە"، كەچی كاتێك خەڵكی دیكە دژی ئەو سەركێشییە دەبوون لەلایەن ماكینەی میدیایی پارتییەوە تەخوین دەكران، كاتێك لەكۆبوونەوەی داخراو بارزانی باوەشی بە عەبادیدا دەكردو مەسرور بارزانی رێككەوتنی چۆڵكردنی ناوچەكانی لەگەڵ واژۆ دەكرد، بە دەوڵەتداری لەقەڵەمیاندەداو كاتێكیش رێ لە خوێنڕێژی دەگیرێ لەلایەن بوقەكانی پارتییەوە تەخوین دەكرێی، كاتێك بە بەرچاوی دنیاوە نێچیرڤان بارزانی ستایشی نوری مالیكی دەكات‌و سوپاسی دەكات كە هەڵوێستی پۆزەتیفە‌و ژێر بەژێریش سەرقاڵی رێككەوتنن، ناوی دەنێن كوردایەتی‌و ئەودەمەش خەڵكی تر نەیاندەویست ململانێ كەسییەكانی نێوان بارزانی‌و مالیكی لەزیانی كورد بشكێتەوە ئەوەی رێگەی بە ناوچەی سەوزدا رەتبووبا مۆرێكی خیانەتی بنەماڵەیی لەنێو چاو دەدرا.
شتێك كە دەبوو پارتی بەشەرمەوە باسی بكات ئیدیۆمی خیانەت بێت، ئاخر خۆ لەوەتەی هەن ئەوان دەست‌و پەنجەیان لەگەڵ ئەو كەسابەتە سیاسییە نەرمكردووە، بەردەوام ئەوان هێندەی سواری دەبابەو ناقیلەو كۆپتەری دوژمنان بن، هێندە فریای لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەكانی خۆیان نەكەوتوون، ئەو پارتییەی ئێمە مێژووەكەیمان لەبەرەو دەیخوێنینەوە، دوا هێزە مافی تەخوینكردنی خەڵكی هەبێت، چونكە ئیدی شادەمارەكانی خوێنی ئەوان لەسەر خیانەت گەورە دەبێ‌و بەخیانەتیشەوە فرچكیان گرتووە.
لەجەنگی داعشەوە تا 16ی ئۆكتۆبەر سەیر بكەن بزانن كێ خائینە:
ـ ئەوەی لەگەڵ یەكەم تەقە شەنگالی بە پیلانێك رادەستی داعش كردو تۆڵەی هەڵبژاردنەكانی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی لە ئێزدییەكان كردەوەو گەورەترین جینۆسایدی بەسەر خەڵكەكەیدا هێنا، چۆن بوێری ئەوەی هەیە خەڵك وەك خائین تەماشا بكات.
ـ ئەو هێزەی لەساتەوەختی شەڕی داعشدا وەزیری پێشمەرگەی دەركردو وەزارەتی پێشمەرگەی خستە ژێر ركێفی خۆیەوە، تا بە ئارەزووی خۆی چەك‌و هاوكارییە سەربازییەكانی هاوپەیمانان لەبری ئەوەی بدات بە پێشمەرگە لەجبەخانەكانی بنەماڵەدا بۆ سەركوتكردنی خەڵك‌و شەڕی پارچەكانی دیكەی كوردستان حەشاردا، دەشێت باسی نشتیمانپەروەری خۆی‌و خیانەتی خەڵكی دیكە بكات.
ـ ئەو پارتییەی لە لەدەستچوونی مەخموردا بەهەڵەداوان هانای بۆ لاهور تاڵەبانی‌و هێزەكانی دژە تیرۆر برد بۆ ئەوەی وەك فریادڕەس بەرگری لەكوردستان بكەن‌و نەیەڵن داعش لەوە پتر رووەو هەولێر بێت‌و شكۆی نەتەوە نەكەوێتە بەردەم هەڕەشەوە چۆن لەرووی دێت باسی جەنگاوەری‌و ئازایی بكەن‌و خەڵكی دیكە وەك خائین وێنا بكەن.
ـ با پارتی پێمان بڵێ تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمەو ستار تاهیر شەریف‌و دۆزینەوەی تەرمی گەریلا لەناو ئاوەڕۆی بارەگاكانی پارتی لەكەركوك‌و دەستگیركردنی دەیان مناڵی بەدبەختی عەرەب‌و فرۆشتنەوەیان بەكەسوكاریان كوردایەتییە، یان وەك هێزێكی چەتە لەناوچە كوردستانییەكان تەنها وەزیفەیان ئەوە بووە كە هەمووان بەگژ كوردو یەكێتیدا بكەن، چونكە تاكە شتێك كە ئەوانی بە نیگەرانی هێشتۆتەوە ئەوەبووە كە ناوچە كوردستانییەكان لەبەرئەوەی جێ نفوزی سیاسیی ئەوان نییە، دەشێت بۆ داهاتوو بە هەڕەشە بمێنێتەوە، ئایا ئەو هێزەی لەكەركوك‌و دووزو ناوچەكە سەرقاڵی ئاشوب بووە دەشێت خۆی وەك پاڵەوانی نەتەوە نیشان بدات؟.
ـ لە شانزەی ئۆكتۆبەردا پێشمەرگەكانی یەكێتی بە چەكی ژەنگاوی‌و برسیەتی، سنگی خۆیان كردە قەڵغانی دەبابەو دەیانیان شەهیدبوون، ئەی فەرماندەو قارەمانەكانی بنەماڵە، ئەوانەی بۆ وێنەگرتن‌و كلیپەكان دوا مۆدێلی چەكیان بەشانەوە دەكرد، بۆ هێندە ئاسان هەموو بەرەكانیان رادەستكردو نەیانتوانی بستە خاكێك بە پارێزراوی بهێڵنەوە، شینی ئەوان لەبنەڕەتەوە بۆ كەركوك‌و ناوچەكە نەبووە، كە ئەوان هۆكاری ئەو شكستە سەربازییەن، بەڵكو شین بووە بۆ نەوتی كەركوك، كە لەگەرووی كەركوكییەكان دەگیرایەوەو دەخرایە گیرفانی بنەماڵەوە، ئاخۆ ئەوەی پێشمەرگەی برسیكردو پارەی نەوتیشی خستە گیرفانی خۆیەوە، دەشێت فرمێسك بۆ لەدەستچوونی خاك بڕێژی‌و نمایشی كوردایەتی بكات؟.
ـ پارتی كە ئێستا رێ لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەگرێ‌و بەشێك لەرموزەكانی شارەكە وەك بارمتە لەژێر دەستی ئەودان‌و نایەڵێت كەركوك ئارام بێتەوە، دێت‌و لەشاشەی تیڤیەكانەوە وەك كارەكتەرێكی حەزین لەخەم كەركوك خۆی نمایش دەكات، پرسیارەكە ئەوەیە، ئەگەر پارتی‌و ماڵبات هێندە لەخەم كەركوكن‌و دەزانن داگیركراوە بۆ نافەرموون سەركردایەتی هێزەكان بكەن‌و كۆتایی بە داگیركاری بێنن، ئەگەریش پێیانوایە رادەستكراوە بۆ رێگەنادەن لەرێی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاوە وەربگیرێتەوە، نا ئەوان كەركوكیان ناوێت، شینەكە بۆ نەوتەو دەشزانن جارێكی تر هەر بەدووربین دەبێت سەیری نەوتی هاڤانا بكەن.
ـ  پارتی ژێر بەژێر هەموو سازشێكی بۆ حكومەتی عێراقی كردووەو ئامادەیە هەموو دۆسیەكان رادەست بكاتەوە، كەچی لە یەكێتی زیاتر لەخەم كورسیەكەی نەجمەدین كەریمە، ئەوان ئێستاش سوورن لەسەر ئەوەی كە د. نەجمەدین پارێزگاری راستەقینەی كەركوكە، لەكاتێكدا بەفەرمی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوی لەپۆستەكەی دوورخستۆتەوە، پرسیارەكە ئەوەیە هێزێك كە خۆی بە سەردەستەی كوردایەتی‌و خەمخۆری كەركوك لەقەڵەم بدات، پۆستی د. نەجمەدینی پێ گرنگترە یان پۆستی پارێزگار، كە یەكەمیان بە خەیاڵ وەرناگیرێتەوەو دووەمیش تەنها پارتی بەربەستە لەبەردەم ئەوەی پارێزگارێكی تری كورد جێگەی بگرێتەوە.
ئەو هێزەی فرچكی بە خیانەتەوە گرتبێت، زۆر ئاسان بەرووی هەموواندا هەڵدەشاخێت، بەڵام پارتی دوا هێزە شایان بەوە بێت باسی كوردایەتی بكات‌و لیست‌و تۆمەتی خیانەت ببەشێتەوە، هەربۆیەش دیدارەكەی مەسرور بارزانی لەگەڵ رووداو، وەك زۆر سحری تری ئەوان بەتاڵدەبێتەوە، چونكە ئیدی هەمووان دەزانن پارتی كێیەو چیشی دەوێت.
‌ 462 جار بینراوه‌
13/01/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved