وتار
كەسوكاری شەهیدان چییان لە یەكێتی دەوێت؟

سەنگەر كاكۆ



لە چەند رۆژی رابردوودا، مەڵبەندی رێكخستنی كەركوك، بە بۆنەی 43 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و 42 هەمین ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ و ئەو سەركەوتنەی كوردو یەكێتی كە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەی 12ی ئایاری رابردوو بەدەستی هێنا، وەك رێزو وەفایەك بەرانبەر بە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، لە رێگای ئۆرگانەكانیەوە ماڵ بە ماڵ كەسوكاری شەهیدانی بەسەر كردەوەو مەدالیای رێزلێنانی پێبەخشین، بەندەش وەك كادرێكی ئەو حیزبە، شەرەفی ئەوەم پێبڕا، یاوەری تیمەكانی سەردانی بكەم.
ئەوەی لەو بەسەركردنەوانەدا تێبێنیم كرد دەمەوێت وەكو كۆپی پێست رەخنەو گلەیی و داوكاریەكانی ئەوان باس بكەم و بە رووی سەركردایەتی یەكێتی بدەمەوە.
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و تێكۆشەرە دێرینەكان و ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی گلەیی زۆریان لە حزبەكەیان هەبوو، گلەییەكان بە مانای ئیمتیازات و پارەو پول و زەوی و نەبوون، بەڵكو گلەییەكان لەوەوە سەرچاوەیان گرتبوو، یەكێتی لە رۆژگارێكدا ئومێدی دەستپێكردنەوەی شۆڕشی بە گوێی خەڵكدادا، كورد لەوپەڕی نائۆمێدیدا بوو، پێشمەرگەو فەرماندەكانی لە شەڕو داستانەكاندا، گیانی خۆیان دەكردە قوربانی لە پێناو سەلامەتی گیانی هاوڕێیەكانیاندا، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوەیە، هێندەی شەڕە دەنووك لەگەڵ یەكتری دەكەن و شەڕی پلەو پۆست و ئیمتیازاتیانە، نیو هێندە ئاگایان لە پێشخستنی حزبەكەیان نەماوە، ئەمە لە كاتێكدایە، هەمووشیان دەزانن یەكێتی نێو یەكێتی چەند پێویستە بۆ ئەمڕۆی میللەتەكەمان و دەرباز بوون لەم دۆخەی كورد تێیكەوتووە.
هەموو گلەییان لەوە هەبوو، تائێستا یەكێتی خاوەن گوتارێكی سیاسی یەكگرتوو نییە، بەتایبەتی لە كاتی روودانی كێشەو ئاڵۆزی و قەیرانەكاندا، كە بنكەی جەماوەری یەكێتی بەرچاوی روون نییە لە سیاسەتی حزبەكەی.
هەمووان گلەییان لە راگەیاندنی یەكێتی هەبوو، ئەو راگەیاندنەی كە رۆژگارێك لە رێگای تەنها ئێزگەیەكەوە (دەنگی گەلی كوردستان) لەگەڵ چەند بڵاوكراوەیەك، بەعسی هێنابووە لەرزین، كەچی ئێستا بە یەك لەشكر (كەناڵی ئاسمانی، رادیۆ، گۆڤار، رۆژنامە، ماڵپەڕ و سۆشیال میدیاو هتد..)، نەیتووانیوە جێی خواستی جەماوەرەكەی بێت و وەڵامی پێویستی بۆ ئەو تۆمەت و ناهەقیانە هەبێت كە رۆژانە بۆ بچوككردنەوەو سەرلێشێواندنی جەماوەرەكەی دەكرێنەسەری.
هەمووان گلەییان لە دوا خستنی كۆنگرە هەبوو، ئەو كۆنگرەیەی كە جارێكی تر یەكێتی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی هەر یەكەو كاری خۆی بزانێت و بەرپرسیار بێت بەرانبەر بەو ئەركەی لەسەر شانییەتی، ئەوان كۆنگرەیان كردبووە وێردی سەرزمانیان و بە فریادڕەسی یەكێتییەكەیان دەزانی.
ئەوان، واتە (كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە دێرینەكان، ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی) وتیان : ئێمە ئەوەی لەسەرمان بوو، لە خوێن بەخشین، لە بەرگری و قوربانیدان، لە دەنگدان و هتد..) بۆ یەكێتی لە رابردوو، ئێستاو ئایندە، كردمان و دەیكەین، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە، دەكەوێتەسەر سەركردایەتی یەكێتی، چۆن جارێكی تر یەكێتی دەگەڕێنێتەوە ئەو سەردەمەی كە دۆست و نەیار حیسابی بۆ دەكردو دەیكاتەوە سەرمەشقی داهێنانی مۆدیلی نوێی سیاسەت و نووسەری داستانی بەرگری و هەرەسهێنان بە خودی هەرس ، ئەوان لە بری خوێنی شەهیدەكانیان تەنها یەكێتیەكەی جارانیان دەوێت و هیچی تر .



‌ 598 جار بینراوه‌
09/06/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved