نوێترین
لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى سلێمانی هه‌شت كافتریا و خواردن و خواردنه‌وه‌ دادخەن   |    ئه‌ندامه‌ بندیواره‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ته‌واوی موچه‌و ئیمتیازاته‌كانیان وه‌رده‌گرن   |    به‌شی وێژه‌یی له‌ ئاماده‌ییه‌كانی كه‌ركوك له‌ مه‌ترسیدایه‌   |    هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێك خانه‌نشین بكرێت پۆسته‌كه‌ی له‌ده‌ست كورد ده‌رده‌چێت   |    به‌رپرسێكی یه‌كێتی : ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك ته‌نها له‌سه‌ر كات ماوه‌   |    پرسی سكاڵا له‌سه‌ر پۆستی قایمقامی داقوق بۆ مانگێك دواده‌خرێت   |    هه‌فته‌ هه‌واڵـی كه‌ركوك   |    له‌م هه‌فته‌یه‌دا بڕیار له‌سه‌ر موچه‌ دزراوه‌كانی مامۆستایانی خورماتوو ده‌درێت   |    دۆزینه‌وه‌ی زیاتر له‌ 200 گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی سه‌رده‌می داعش له‌ عێراق   |    له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا عه‌بدولمه‌هدی چوار هه‌زار پۆستی به‌وه‌كاله‌ت یه‌كلایده‌كاته‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
وتار
چۆن پڕۆسەی وەبەرهێنان لە كوردستاندا ببوژێنینەوە ؟

نەوزادی موهەندیس

 

سەرجەم وڵاتان بەگەورە و بچوكیانەوە ،بەدەوڵەمەند و هەژاریانەوە،لەسیستەمی حوكمڕانی تاكڕەویدا بێت یان دیموكراسیدا بێت،گەر بیەوێت وڵات بەرەو پێشەوە بەرێت و دۆخی ئابوری و بازرگانی گەشەپێبدات و ئاستی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی بەرزبكاتەوە و خۆشگوزەرانیان بۆ دابینبكات،گەر بیەوێت دیاردە زیانبەخش و كوشندەكانی ناو كۆمەڵگا كەمبكاتەوە یان بنەبڕیان بكات لە هەژاری و دواكەوتویی و بێكاری وڕێژەی تاوان و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی وهەڵاوسان ..هتد. ئەوا پێویستە هەوڵبدات لە پاڵ داهات و بودجەی گشتی وڵاتدا بگەڕێت بەدوای هێنانە ناوەوەی سەرمایەی بیانی بۆ ناو وڵات بۆ ئەوەی ببێتە پاڵپشت و تەواوكار و هاوكاری حكومەت و دەسەڵاتە نیشتیمانیەكان، چونكە لەدونیای سەردەمدا هیچ دەسەڵات و حوكمڕانیەك بەتەنها و بێ‌ هاوكاری و یارمەتی سەرمایەی دەرەكی و وەبەرهێنان ناتوانێت رابگات بە دابینكردنی هەموو پێداویستیەكانی وڵات و هاوڵاتیانیدا و ناتوانێت تەواوی سێكتەر و بوارەكانی ژیان و پێشكەوتن و گەشەكردنی وڵات فەراهەم بكات،هەربۆیە پێویستی بەیارمەتی و كۆمەكی دەرەكی دەبێت و ئەم كارەش هیچ نەنگی و كەموكورتی نیە و وڵاتانی پێشكەوتوو و زلهێزیش پەنایان بۆ بردوە ،نمونەی وڵاتانیش زۆرن لەو بوارەدا هەر لە زلهێزەكانەوە وەك ئەمریكا و روسیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیاو ...هتد . تادەگاتە وڵاتە گەشەسەندوەكانی وەكو هندستان و چین و وڵاتانی كیشوەری ئەمریكای لاتین و ئاسیا و ئەفریقیا و.. هتد.
لەلایەك وەك پڕۆسەی وەبەرهێنان و راكێشان و هێنانەناوەوەی سەرمایەی دەرەكی لە رێگەی جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیژیەكانەوە كە پێویستیان بەسەرمایەی گەورە هەیە لەگشت بوارەكانی كشتوكاڵو پیشەسازی و نەوت و گەشتوگوزاری و نیشتەجێبوون..هتد. ئەوە بە كارئاسانیكردن دەبێت بۆ خاوەن سەرمایە و كۆمپانیاكانلەڕێگەی :
1. دابینكردنی كەشوهەوایەكی سیاسی و ئابوری جێگیر لەوڵاتدا چونكە بەبێ‌ ئەم دۆخە هیچ سەرمایە و سەرمایەدارێك بوێری ئەوە نەكات كە مەترسی بخاتە سەر داهات و سەرمایەكەی وەك دەڵێن ((سەرمایە ترسنۆكە))بۆیە پێویستە وڵات و دۆخی سیاسی جێگیر بێت و دووربێت لە شەڕ و جەنگ و ململانێكان،ئەوەتا دەبینین هەر وڵاتێك كە شەڕ و جەنگ و ناكۆكی دەرەكی یان ناوخۆیی تیادا بێت سەرمایە رووی تێناكات و بگرە بەجێشیدەهێڵێت.
2. هاندان و كارئاسنیكردنە بۆ سەرمایەدار و كۆمپانیاكان بەوەی كە یاسا و رێسای گونجاو ومۆدێرنیان بۆ دەربكات و زەوی و خزمەتگوزاری پڕۆژەكانی بۆ دابین بكات ئەگەر بەنرخی رەمزیش بێت ولەباجی گومركی و رسومات بیانبەخشێت و لەهێنانە ناوەوەی ئامێر و كەل و پەلەكانیاندا هاوكار و كارئاسانیان بۆ بكات.دەكرێت كوردستان سوود لە ئەزموونی سەركەوتووی وڵاتانی ناوچەكە و دونیا وەربگرێت لەو بوارەدا بە گونجاندنیان لەگەڵ هەرلومەرجی كوردستاندا.
3. لەكۆتایی پڕۆژەكانیشدا لەڕێگەی رێكەوتن و تێگەیشتنی هەردوولاوە دەتوانرێتكە خاوەندارێتی پڕۆژەكان بگەڕێتەوە بۆ حكومەت دوای تەواوبونی ماوەی كەڵك وەرگرتنی پڕۆژەكە لەلایەن وەبەرهێنەكەوە لەڕێگەی ((موساتەحەوە)) بێت یان دیاریكردنی چەند ساڵێك لەداهات و قازانجی پڕۆژەكە یان پێدانی ئیمتیازاتی تر.
بەم شێوەیە دەكرێت هانی وەبەرهێنەرەكان بدرێت و كار و پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی جێبەجێبكەن و وڵات و ئابوری وڵاتیش گەشە پێبدەن.
لەلایەكی تریشەوە پێویستە حكومەتەكان و دەسەڵاتە نیشتیمانیەكانیش بۆخۆیان لە بودجەی گشتی وڵات بەشێكی زۆری داهاتەكانیان تەرخان بكەن بۆ پڕۆسەی بونیاتنانەوە و بوژاندنەوەی سەرجەم كەرتەكانی ژیان و هەوڵی دروستكردن و پتەوكردنی ژێرخانی ئابوری وڵات بدەن و بتوانن زۆرترین ئەو پڕۆژانە جێبەجێبكەن كە پێویستیان بەسەرمایەی زۆر گەورە نیە و لەتوانای حكومەتەكان خۆیاندایە. بۆ ئەم كارەش پێویستە حكومەت پلانی زانستی و كردارەكی خۆی هەبێت و بە شێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە پڕۆژەكان لە تەواوی ناوچە جیاوازەكانی وڵاتدا جێبەجێبكات دوور لە ئینتیمای حیزبایەتی و بەسیاسەتكردنی ئەو بوارە و لەسەر پێداویستی و تایبەتمەندی ناوچەكانیش پڕۆژەكان جێبەجێكات لەڕووی بوونی كەرەسە خاوەكان و هەرزانی دەستی كار و بوونی شارەزاو پسۆڕ لەناوچەكاندا.ئەم جۆرە لە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە ناودەبرێت بە ((بەڵێندەرایەتی)) و حكومەت لەڕێگەی كۆمپانیا و بەڵێندەرە ناوخۆیی و دەرەكەیەكانەوە و بە پارە و بودجەی خۆی پڕۆژەكان جێبەجێدەكات بە رێژەیەكی دیاریكراو لە قازانج و دواتریش كۆی پڕۆژەكە دەبێتە موڵكی حكومەت و خاوەندارێتیەكەی بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە.
لەم پێناوەشدا هەردوو كەرتی وەبەرهێنان و بەڵێندەرایەتیش پێویستە هاوكار و كارئاسانی تەواویان بۆبكرێت لەلایەن حكومەتەكانەوە و هەردوو وەبەرهێن و بەڵێندەرانیش بە هاوكار و تەواوكەری خۆی بزانێت نەك نەیار و ناحەز ،هەربۆیە چۆن حكومەتەكان دەبێت لەبونی پڕۆژەكاندا قازانج بكەن بە پێشكەوتن و بوژاندنەوەو وگەشەی ئابوری و ژێرخانی خۆی ئاوهاش دەبێت وەبەرهێن و بەڵێندەرەكانیش قازانج بكەن.هەردووكلایان بریتین لە دوو جەمسەری تەواوكەری هاوكێشەی ئابوری و بوژاندنەوە و ئاوەدانكردنەوەی وڵات.
بۆیە پێویستە و ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە چیدی خۆی نەبەستێتەوە بە سیاسەتی ئابوری داخراو و مەركەزی بەڵكو هەوڵی كرانەوەی سەرجەم دەرگاكان بدات بەڕووی وەبەرهێنە ناوخۆیی و بیانیەكاندا و بتوانێت هەلومەرجی سیاسی گونجاو ولەبار دابینبكات بۆ هاندانیان بۆ هاتنەوە ناوەوەی وڵات،گەر وانەكات ئەوا رۆژ بەڕۆژ وڵات بەرەو دواكەوتویی و هەژاری و بێكاری و وێرانبوون هەنگاو دەنێت،ئەم پڕۆسەیەش بۆخۆی دوولایەنەیە و دەكرێت بەباش یان خراپ رەنگدانەوەی هەبێت بەسەر ئایندەی وڵاتدا،ئەم جۆرە پلان و پڕۆسە گەورانەش دەبێت دووربێت لەدیاردەی گەندەڵی و و شەراكەتكردن لەگەڵ كۆمپانیاكاندا و قۆرخكاری و پاوانكردنی تەواوی سێكتەرەكان لەلایەن دەسەڵاتدار و دەستڕۆیشتوەكانەوە و دەبێت لە وڵاتدا یاسا سەروەر بێت و رێگە بەهیچ كەس و گروپێك نەدرێت بۆ قازانجی خۆیان دەسەڵاتەكانیان وەگەڕ بخەن.و ببنە مەترسی بۆ سەر وەبەرهێن و بەڵێندەرەكانیش،كەبەداخەوە ئەم دیاردەیە لە هەرێمی كوردستاندا باوەو و زیانی گەورەی گەیاندوە بە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی وڵات و ترساندنی وەبەرهێنەكان وهەڵاتنیان لە كوردستان.
لێرەدا پرسیارێك خۆی دەسەپێنێت،كە ئایا لەماوەی ساڵانی رابووردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆسەیەكی وەبەرهێنانی سەركەوتووی ئەنجامداوە؟ئایا بە مانای وشە وەبەرهێنی راستەقینە و بەهێز و خاوەن سەرمایەی گەورەمان لە دەرەوەو ناوەوەی كوردستان هێناوە؟ ئایا ئەو پڕۆژە بەناو وەبەرهێنانەی كە ئەنجامدراون لە ئاست خواست و ویستی هاوڵاتیاندا بوون؟ ئایا گەندەڵی و مەحسوبیەت رۆڵیان نەبوە لە پێدانی پڕۆژەكاندا؟ ئایا بەپێی پلانی پێشوەختە پڕۆژەكان دانراون لەناوچە جیاوازەكاندا؟ و دەیان پرسیاری تریش..
وەڵامی هەموانیان بەداخەوە نەخێرە، چونكە ئەنجامی ئەو پڕۆژانە لەگەڵ ئەو بودجە زەبەلاحەی ساڵانی نێوان 2008 -2014دا،نەتوانراوە كار و پڕۆژەی وەبەرهێنی گەورە لە هیچ كەرت و سێكتەرێكدا جێبەجێبكرێت كە رۆڵ و كاریگەری گەورەیان هەبێت بۆ ئایندە.جگە لەهەندێك پڕۆژە كە بەپەنجەی دەستێك دەژمێردرێن.
حكومەت و دەسەڵاتدارەكان دەبێت شانبەشانی ئەم پڕۆسە ستراتیژی و گەورەیە تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكانی تریش گەشە پێبدات و پێشیان بخات لە كەرتی دارایی و بانكی و كارگێڕی و ..هتد.چونكە ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی سەرمایە گەورەكان لەنێوان وڵاتاندا پێویستی بە سیستەمێكی بانكی و دارایی گەشەكردو و پێشكەوتوو هەیە نەك وەك ئەو سیستەمەی ئێستا لە كوردستاندا هەیە و پیادە دەكرێت.
لەكۆتایدا رێگەی گەشەكردن و ئاوەدانكردنەوە و پێشخستنی وڵات زۆر روون و ئاشكرایە ،گەر نیەتی راستگۆیانە و راستەقینە هەبێت بۆ جێبەجێكردن و سەرخستنی ،بەو هیوایەی ئاشتی و ئارامی لە وڵاتماندا بەرقەرار بێت و حكومەتیش بتوانێت بە ئەرك و كارەكانی خۆی هەڵبستێت و بتوانێت كۆمەڵگای كوردەواری لەهەموو ناوچەكاندا بەرەو پێش ببات و ببوژێنێتەوە و پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەش باڵبكێشێت بەسەر تەواوی جومگە و ئۆرگانەكانی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیاندا و وڵاتمان ببێتە نمونەیەكی گەشی ئاوەدانی و پێشكەوتن لەناوچەكەدا هەروەك وڵاتانی تری دونیا و ناوچەكە كە چەندە بچوكن بەقەوارە و ژمارەی دانیشتوان بەڵام گەورە و كاریگەرن بەهۆی ئیدارە و ئاوەدانی و گەشەو پێشكەوتنە بێوێنەكانیانەوەلەڕووی ئابوریەوە، وەكو وڵاتانی ئیمارات و سەنگافورا و مالیزیا و تایوان و تەنانەت یابانیش. بەهیوای ئەوەی ئەو رۆژانە نزیك بێت هەموان بەچاوی خۆمان كوردستانێكی ئاوەدان و پێشكەوتوو ببینین.

‌ 633 جار بینراوه‌
29/06/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved