نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
وتار
ئاو وەكو بنەمای شارستانیەت

 د.مەدیحە سۆفی / ئەڵمانیا



ئاو گرنگترین سامانی سروشتیە لە سەرگۆی زەوی، ئاو نهێنی بوونی بوونەوەرە، ئەو بەهایەیە كە بەردەوامی بە ژیانی هەموو زیندەوەر و گیاندارێك دەدات، هەر لە دێرینەوە ئاو بنەمای دروستكردنی شارستانیەت و گەشەكردن و بازرگانی و ئاڵوگۆڕی كەلوپەل و بەرهەمهێنان بووە و هەر لەسەر بنەمای بوونی ئاو بووە، كە سەرەتای دەستپێكی سەردەمی كشتوكاڵی و چاندن و نیشتەجێبوونی خاوەن پیشەی كشتوكاڵی بووە، بەتایبەت لەو شوێنانەی كە ئەگەری بوونی ئاوی لێبووە و هەر بوونی ئاو بووەتە هۆی فراوانكردنی ئەو شوێنی نیشتەجێبوونە و گەشەكردنی كەلەپور و پەرەسەندنی بیرۆكە و بۆچوونی زانستی و فێربوون و پەروەردەكردنی بەهرە و پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان و و بیركردنەوە لە چۆنیەتی سودوەرگرتن لە ئاو بۆ وشكەساڵی و رێگری لە لافاو و لەدایكبوونی بیرۆكەی دروستكردنی بەنداو و گلدانەوەی ئاو و عەماركردنی.
لەگەڵ بوونی مرۆڤ لەسەر گۆی زەویدا، لە چەندەها شوێنی جیهاندا گەشەی شارستانی سەری هەڵداوە و بوارێكی زۆری مێژوویی لە زانست و رۆشنبیری و ئەدەبی و تەلارسازی و بیناسازی و پزیشكی و فەلەكناسی لە خۆی حەشارداوە و بووەتە بنەما وبناغە بۆ سەردەمی شارستانێتی دوای خۆی، ئەو شارستانیەتە دەوڵەمەندانە بوونە هەوێنی پێشكەوتن و ئێستاش سیمای خۆیان لە هەندێ لەو شوێنانە كاڵ نەبووەتەوە و ئێستاش وەكو درێژەپیدانی ئەو داهێنان و دەستپێشخەریە سەرەتاییانەی ئەو كاتە بۆ ئێستاش هەر كاریگەری خۆی هەیە.
یەكێك لەو شارستانیەتانەی كە لە میژوودا رۆڵی زۆری لە سەر پەرەسەندنی زانست و رۆشنبیری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بواری كشتوكاڵ و گەشەی كۆمەڵگا و گەردوونناسی و داودەرمان و پزیشكی هەبووە، شارستانیەتی دۆڵی رافدێن بووە، كە بە لاتینی پێی دەوترین (مێسۆپۆتامیا) ، واتە دۆڵی نێوان دوو روبار كە بریتین لە روباری دیجلە و فورات، دۆڵی رافدێن دۆڵێكی زۆر بەپیت بووە و لە كۆمەڵگا سەرەتاییەكانی جیهانە كە كشتوكاڵی تێدا پەرەی سەندووە.
چەمكی شارستانیەت خۆی لە كایەی ژیانێكی جێگیری بەرهەمدار دەبینێتەوە پێچەوانەی دەوارنشێنی و كۆچبەری و گوازتنەوەی بەردەوام، واتە نیشتەجێبوون و جێگیربوونی ژیار و دەركەوتنی سیمای پەرەسەندنی ئابووری و گەشەكردنی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و بازرگانی و هەموو بوارە پەیوەستەكان بە ژیانی مرۆڤەوە، وەكو شارستانیەتی دێرینی میسری و چینی و یۆنانی و مەكسیكی، بوونی ئاو هۆكار و شادەماری زیندوو راگرتنی ئەو شارستانیەتانەن، سەرەتای مێژووی كشتوكاڵ و چاندن و بەروبوومی روەكی دەگەرێتەوە بۆ نۆ هەزار ساڵ پێش زاینی، پاشان سەرهەڵدانی ئەو شارستانیەتانە و پێداویستی ئەو كاتە، گۆڕان و داهێنانی زیاتری بە خۆیەوە بینی، لەوانە هونەری نووسین بوو، كە بۆ یەكەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا داهێنرا و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ چوار هەزار ساڵ پێش زایینی، دوابەدوای ئەمەش گەشەی ئەو شارستانیەتە بەردەوام بوو و بە قۆناغی زۆر جۆراوجۆردا تێپەڕی كە كاریگەری لەسەر پەرەسەندن و ئاڵووێڵی بازرگانی و گەشەی شێوازی ئامێرە سەرەتاییەكانی كشتوكاڵ و بیرۆكەی گلدانەوەی ئاو و دروستكردنی شێوازی ساكاری بەلەم و سەوڵ و پاشتر داهێنانی بەلەمی چارۆكەداری بەدوادا هات.
یەكەم شوێنەواری مێژوویی بۆ كشتوكاڵ دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش زایینی، ئەویش دەكەوێتە گوندی (چەرموو) لە هەرێمی كوردستانی عیڕاقدا، بە دڵنیاییەوە رێ و شوێن و ئامێر و كەرەستەی چاندن و كشتوكاڵی ئەوسا زۆر سەرەتایی بووە و كاری وەبەرهەمهێنان زیاتر پەیوەست بووە بە هێز و بازووی مرۆڤ خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا دەسپێكێكی بەرچاو و دێرینی ئەو سەردەمەی مێژووی دۆڵی رافدێندەسەلـمێنێ كە بنەمای كۆنترین شارستانیەتی سەر گۆی زەوی تێدا تۆماركراوە، ئەو شارستانیەتەی كە كەلەپوری سۆمەری و بابلی و ئاشوری و چەندەها كەلەپوری دیكەی تێدا دۆزراونەتەوە و بە هێڵكاری سەر بەرد و وێنای ماناكانی، ئاماژەی تەواو بەوە دەدەن كە دۆڵی رافدێن خاوەنی سەرهەڵدانیكۆنترین شارستانیەتی جیهانە، كە ئەگەری ئەوەی هەیە لە شارستانیەتی دۆڵی نیل و هیندستان و چین و یۆنان و مەكسیكیش كۆنتر بێت.
بێگومان ئەم روونكردنەوە مێژووییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەبیسەلمێنین، بوونی ئاو شادەماری گەشەسەندن و پەرەسەندنی شارستانیەتە لە هەموو قۆناغ و سەردەمێكدا، شارستانیەتی دۆڵی رافیدێن ( میزۆپۆتامیا ) و دۆڵی نیل و شارستانیەتەكانی دیكەی جیهان نەیاندەتوانی ئەوەندە پەل بهاوێژن و گەشە بكەن ئەگەر خاوەنی سەرچاوەی ئاوی وەكو روباری دیجلە و فورات و نیل نەبوونایە، ئاو ئاوەدانیە و بنیاتنەری بناغەی سەرهەڵدانە و پاش هەزارەها ساڵ دوای ئەو سەرهەڵدان و گەشەكردنەش هێشتا مێژوونووس و شارەزایانی بواری كەلەپور و شارستانیەت بە دوای راستی و نهێنیەكانی ئەو سەردەمە دەگەڕێن و لە ئێستاشدا ئەوە دەخەنەڕوو كە كەمی ئاو و نەبوونی رێوشوێنی دروست بۆ پاراستنی ئاو لە بەفیڕۆدان و پیسبوون و قۆرخكردن، گرفتی گەورە و درێژخایەن دەخوڵقێنێ، كە دەبێتە هۆكاری وێرانكردن و رۆچوون و داڕمانی شارستانیەت هەروەكو چۆن بوونی ئاو هەر لە مێژوودا بووەتە سەرهەڵدانی شارستانیەت، هەر لە سۆنگەی بوونی ئاو و ئاوەدانی و ئاودانەوەیە، دەتوانرێ ئاسایشی خۆراك و ئاسایشی ئاو و ئاسایشی نەتەوەیی بپارێزرێ و گەشەكردن و پێشكەوتنی بوارەكانی دیكەی كۆمەڵگا رەوشی ئاسایی خۆی بگرێتەبەر.
 ئاو بڕبڕەی پشتی ژیان و پێشكەوتنە، پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی زانستیانە و دروست، كە بتوانێ لە سایەیدا ژینگەیەكی تەندروست فەراهەم بكات، كاتێك دەبێت كە دەسەڵاتی سیاسی توانیبێتی لەژێر چەتری بەرنامە ژینگەیی و سیاسیەكەیدا، سامانی ئاوی دابین كردبێ و توانیبێتی لە پیسبوون و بەفیڕۆدان و قۆرخكردنی پاراستبێت، لە كاتێكدا دەبێت كە هەڵوێست و دەسەڵاتی ئەوەندە هەبێ، كە مامەڵەكردنی لەگەڵ وڵاتانی دەوروپشتیدا سەنگی هەبێ و تێڕوانین و بڕیاری بوێرانەی تێدا بەرجەستە بكات، بەتایبەت لە عیڕاقدا، كە لەوەتەی هەیە روباری دیجلە و فورات وەكو دوو شادەماری ژیان و شارستانیەت و گەشە و پەرەسەندن، رۆڵی سەرەكی تێدا هەبووە و هەیە، بەڵام لە ئێستادا دروست ئەو داڕمانی كەلەپور و سروشت و شارستانیەت و بوونەی تێدا چاوەڕوان دەكرێت، كە پێچەوانەی داهێنان و پێشكەوتنە مێژوویەكەی بووە، بۆیە بیركردنەوە لە بەربەستێك بۆ ئەو تێكدانی ئاسایشی ئاوی كە پێشتر هەبووە، ئەركی سەرشانی سیاسی و شارەزایانی ژینگە و ئابووری و تەندروستیە، بۆ داڕێژانی پلان و پێداچوونەوەیەكی تۆكمە، كە مافی مرۆڤ و مافی ژیانی شایستەی تێدا بپارێزرێ، لە بەشەكانی داهاتوودا هەوڵ دەدەین ئەو گرفت و كێشە ژینگەییانە بخەینەڕوو، كە دەرئەنجامی پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی نادروستی عێراق و هەرێمی كوردستانن، ئەو هەڵانەی ئاوێنەی رەنگدانەوەی كێشەكانن، كە كاریگەریەكەی نەك هەر بۆ ئێستا بەڵكو بۆ داهاتوویەكی مەودا دووریش، لەسەر ژینگەو ژیانی هەموو زیندەوەر جێدەهێڵێت.


‌ 814 جار بینراوه‌
14/09/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved