»  کوردستان
بۆچی ئەمریكاو توركیاو ئێران چاویان لە كۆنتڕۆڵكردنی شەنگالە؟


 شەنگال ئەو قەزایەی دەكەوێتە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا كە زۆرینەی دانیشتوانی كوردین و بە ئاینیش ئێزدین، یەكێكە لە شوێنە ستراتیژیەكان، چونكە بۆتە سێگۆشەی بەیەكەوە گرێدانی سوریا، توركیاو عێراق، ئێستا هەریەك لە توركیاو ئەمریكاو ئێران دەیانەوێت ئەو قەزایە كۆنترۆڵ بكەن، هۆكارەكەشی پێگەی جوگرافی و بایەخی كۆمەڵایەتی و ئابورییە.

ئەمریكا دەیەوێت بنكەیەكی سەربازی گەورە لە چیای شەنگال دابمەزرێنێت، هاوكات توركیا هەوڵی داگیركردنی دەدات بە پاساوی راوەدونانی پەكەكە، هەرچی ئێرانیشە دەیەوێت لەو پێگەیەوە پاڵپشتی هێزەكانی خۆی بكات لە سوریاو لوبنان.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسێكی ناوخۆیی، بەپرسێكی ئێزیدیی تەئكید لە بوونی جوڵەی هێزەكانی ئەمریكا لە چیای شەنگال دەكاتەوە، هاوكات چەند بەرپرسێكی سەربازیی عێراقی و ئەمریكی لە هەمان شوێندا بەرچاو كەوتوون.

جەلال خلۆ، جێگری قائیمیقامی شەنگال، لە لێدوانێكدا رایگەیاند:”15 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سەربازی سەر بە ئەمریكا لە لوتكەی چیاكەدا جێگیربوونە وەكو سەرەتایەك بۆ دانانی بنكەیەكی سەربازی گەورە”.

هۆكاری ململانێی توریكاو ئەمریكا بۆ سەرچیای شەنگال، كە 100 كیلۆمەتر لە شارۆچكەكەوە دوورە، دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی جوگرافی.

توركیا دەیەوێت لە رێگای چیای شەنگالەوە خەونەكانی كورد لە بار ببات، چونكە خاڵی پەیوەندی نێوان كوردانی باشور و رۆژئاوای كوردستانە، هاوكات دەتوانێت لە چیای شەنگال توانای هێزەكانی پەكەكە كەمبكاتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەفتەی رابردوو رایگەیاند”هێزەكانی توركیا بەم نزیكانە بەمەبەستی راوەدونانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەگەنە لوتكەی چیای شەنگال”.

هاوكات لای خۆشیەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند:”ئێمە لەو جۆرە راگەیاندنە تێدەگەین، سەرۆكی توركیا ئەو هەڕەشانە لە چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەكار دەهێنێت”.

هەروەها واسق هاشمی سەرۆكی كۆمەڵەی لێكۆڵینەوە ستراتیژیەكانی عێراق، دووپاتیكردەوە كە چیای شەنگال چەندین ساڵە بۆتە كۆسپ لەبەردەم هێزەكانی توركیا بۆ دەستوەردانە ناو خاكی سوریا”، باسی لەوەشكردووە:”بەگرتنی چیای شەنگال هەرچی ئەمریكایە دەیەوێت هەژمونی ئێران كەمبكاتەوە”.

بەپێی وتەی چاودێرانی دۆخەكەش، ئێران لایەنی سێیەمە كە بۆ گەیشتن بە مەرامەكانی خۆی دەیەوێت چیای شەنگال داگیربكات، چونكە لەوێوە بە ئاسانی دەتوانێت هاوكاری میلیشیاكانی سەر بە وڵاتەكەی بكات لە نێو خاكی سوریا، بەوەش هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ دەخاتە سەر ئیسرائیل.

دوای ئەوەی هێزەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەبێ هیچ بەرگریەك چونە نێو ناحیەی سنونێ و قەزای شەنگال، هێزەكانی حەشدی شەعبی بە ئاسانی گەیشتنە چیای شەنگال و لە ناحیەیی (گوڵ میران) جێگربوون.

ئەمەش لە كاتێكدایە لە ساڵی 1991 سەدام حوسێن، سەرۆكی لە سێدارەدراوی پێشوی عێراق لەو ناحیەیەوە توانی 48  مووشەك ئاراستەی خاكی ئیسرائیل بكات.

‌ 1003 جار بینراوه‌
6/9/2018 1:37:34 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved