»  پەڕەموچ
قادر مەردان.. تەمەنێك لە بەهرەو كاروانێك لە ئازار
ئا / ئەحمەد حەسەن خدر

هونەرمەندو میوزیكژەنی كورد قادر مەردان ساڵی (1938) لە گەرەكی پریادی شاری كەركوك لەدایكبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوندی لەو شارە تەواوكردوە . لەساڵی ( 1955) لە ئەكادیمیای هونەرە جوانەكانی بەغدا وەردەگیرێ و دەسبەخوێندنی موزیك دەكات، لە نێوان ساڵانی(1960بۆ 1961) ئەكادیمیای هونەرە جوانەكانی بەغدا، بەشی میوزیك ئامێری كەمانچە تەواودەكات.

لەساڵی (1963) خێزانی پێكهێناوە سێ كور وكچێكی هەبووە كورە گەورەكەی كە ناوی (كامەرانە) لە موسڵ لەپەیمانگای هونەرە جوانەكان بەشی كەمانچە دەیخوێند، ساڵی (1984) بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە، سێ نەوەی لە پاش خۆی جێ هێشتووە كە لە دەرەوی وڵات نیشتەجێن.

هونەرمەند قادر مەردان هەر لە تافی منداڵیەوە خولیای گۆرانی وتنی هەبوە، كەتەمەنی حەوت ساڵان بووە لە چالاكی قوتابخانەكان گۆرانی وتوە، یەكەم ئامێر كە دەسی بەژەنینی كردوە ئامێری عود بوە، كە لە هونەرمەندی توركمان عبدالرحمان قزلای كڕیویەتی. ئامێری (عودو كەمانی) بەباشی ژەنیوە لە هەمان كاتیشدا ئاواز دانەرش بووە.

لە ساڵی (1956) لە ئێزگەی بەغدا گۆرانی( گوڵبەهاری) بۆ یەكەمجار تۆماركردووە .زیاد لە (36) گۆرانی هەیە دیارترینیان بێ ئومیدیە كە شیعری مستەفا زەنگنەیە.. لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو دەنگۆیەكی باشی هەبووەو بەو هۆیەوە بە ناوبانگ بووە.لەسەردەمی هونەرمەندانی بەناوبانگی كورد (شەماڵ سائیب، فواد ئەحمەد، تایەر تۆفیق، كەریم كابان و علی مەردان، حسین علی) ژیاوە،

لە ساڵی 1958 لەگەڵ چەند میوزیك ژەنیك(عەبدوڵا محی الدین، رەمەزان زامدار، علی عزیز )تیپی موسیقای سۆلافیان دامەزراندوە، كەسەرەتا لە چایخانەی (كاوە) لە گەرەكی ئیمام قاسم كۆدەبوونەوە هەر لەوێش دایانمەزراندووە، ئەمەش بۆ سەردەمی خۆی رۆلێكی باشی هەبووە تاساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو.

لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندەكانی كەركوك و سلێمانی ئاشنایەتی هەبووە دیارترینیان (ئەنوەر قەرەداغی، شەوكت رشید)بوون، هاوبار پەیوەندی لەگەڵ عەلی مەردان زور باشبووە دۆستایەتی بەتینیان هەبووە، مامۆستای مەقام و گورانی عەلی مەردان پاڵپشتی بووە بۆ گورانی وتن و زۆریش هاوكاری كردووە.

بەشداری بۆنەكانی (11 ئازار)و جەژنەكانی نەورۆزی كردووە. لەسەردانێكی بۆ شاری سلێمانی چاوی بە ئەنوەر قەرەداغی كەوتووەو دۆستایەتی لەگەڵ پەیاكردووە.

تیپی مۆسیقای (ئیزاعەی كەركوك) لە ساڵانی حەفتاكان دامەزراوە ساڵی( 1975) دەكات كە لە كۆمەڵێك ئەندام پێك هاتبوون دیارترینیان (شەوكت رشید،دلیرحسین،عوسمان عبدئیلاەـ،سابیركوردستانی)بوون،

یەكیك لە گۆرانیە ناسراوەكانی قادر مەردان گورانی بێ ئومیدیە، كە گوزارشت لە ژیانی دوو خۆشەویست دەكات

(د.مستەفا زنگنە ) كە دراوسێی قادر مەردان بووە دەزگیرانداربوو،كە دزەگیرانەكەی خۆی دەسوتێنێت، ئەڵبەتە مستەفا زەنگنە خوێندكاری پۆلی شەشەمی ئامادەیی بوو هەموو پێنجشەمانێك دەچووە سەر قەبران و لەسەر گۆری دەزگیرانەكەی دەیخۆیندەوە، لەگەڵ خۆیندنەكەی شیعری دەنووسی بۆ خۆشەویستەكەی تا دوا جار شیعری بێ ئومیدی بۆ قادرمەردان هێنا، ئەویش پێی جوان بوو؛ ئاوازی بۆ داناوەو لە ئێزگەی بەغدا تۆماری كردووەو دەنگدانەوەیەكی باشی داوەتەوە، هاوكات لەگەڵ كاری هونەری مامۆستای مۆسیقا بووە لە خوێندنگاكان. خوێندكارەكانی فێری سروودی نیشتیمانی كردووەو فێری سروودی (ئەی رەقیب) و چەندین گۆرانی و چۆنییەتی ژەنینی ئامێرەكانی میوزیكیانی كردوە.

دواتر لە بەشی چالاكی هونەری سەر بە چالاكی قوتابخانەكان لە كەركوك بۆتە چاودێرو رۆڵێكی باشی هەبووە لە چالاكی قوتابخانەكان تاخانەنشین بووە، دواتر دوكانێكی داناوە بۆ پڕكردنەوەی بژێوی ژیانی رۆژانەی خۆی، لە هەمان كاتیشدا هەر لەناو دوكانەكەی وانەی میوزیكی بێ بەرانبەر داوەتەوە.

لەساڵی 1987 توشی نەخۆشی ( شێرپەنجە) بوە لە (كۆڵۆن) خۆشبەختانە تونرا چارسەری بكرێت و كۆتایی بەو دەردە كوشندەیە هێناوە.

لەساڵانی نەوەدەكان بەهۆی ئاڵۆزی و تێكچوونی باردوخی عێراق و زیاتر تەنگهەڵچنین بەو هونەرمەندە كوردە چۆتە ئەوروپاو لەوڵاتی سوید گیرساوەتەوە، تاساڵی 7 / 6 / 2014 بەنەخۆشی هەوكردنی كۆئەندامی هەناسە لەتەمەنی (76) ساڵیدا لەوڵاتی سوید كۆچی دوایی كردووەو هەر لەوێش نێژراوە.

‌ 526 جار بینراوه‌
6/9/2018 2:50:09 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved