»  باران
بۆ هەموو ژنانی دەستگیركراو لە كەركوك تەنها ژوورێكی شەش مەتری هەیە
تارا عەزیز – مەكتوب / هەواڵ

 

شوێن: ژوورێك كە تەنیا شەش مەتر درێژ و سێ مەتر پانیەكەیەتی، ژمارەی بەندكراوەكانی ٢٥ كچ و ژنن، بچووكترینیان تەمەنی ١٦ ساڵانە و گەورەترینیان تەمەنی ٦٢ ساڵان، بەندكراوانی ئەم ژوورە تۆمەتبارن بە سیخوڕیكردن بۆ داعش، سەرۆك باندی لەشفرۆشیی، دزیی و پیاوكوشتن، ماوەی مانەوەی هەر یەكەیان لە ساڵێك تا نۆ مانگ دەبێ و هەروا چاوەڕێی دادگایی كردنن. بەڵام پێناچێ بەمنزیكانە چاوەڕوانییەكانیان بێتەدی، چونكە كارەكانی دادگا لە كەركوك زۆر بە سستی بەڕێوە دەچێ ئەویش بەهۆی رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە.ئەم زیندانە یەك ژوورییە دەكەوێتە ناوەڕاستی بینای گرتن و گواستنەوەی كەركوك (تەفسیرات)ـەوە، بە گشتی تۆمەتبارانی ناو ئەم گرتووخانەیە تا ئەو كاتە دەهێڵرێنەوە كە دادگا سزایان دەدات. دواتر دەگوازرێنەوە گرتووخانەكانی بەغدا و ناسریە چونكە لە كەركوكدا زیندانێكی گەورە و شیاو بە شوێنی سزادراوان نییە!

خەدیجەی تەمەن ٦٢ ساڵان لە هەموویان گەورەترە. تۆمەتەكەی ئەم ژنە “ سەرۆك باندی لەشفرۆشی و رفاندنی كچانە بۆ ناو باندەكەی” خەدیجە زیاتر لە هەشت مانگە بەند كراوە و هێشتا دیار نییە كەی دادگایی دەكرێ. بەڵام بەر لەوەی خەمی سزادانەكەی خۆی بێ. پەرۆشی ئەوەیە هەواڵی خۆی بگەیەنێت بە تاقانە كوڕەكەی كە هێشتا نەیزانیوە دایكی لێرە بەندكراوە.

یەكێكی تر لە بەندكراوەكانی ناو ئەم ژوورە، ژنێكە بەناوی ئاسیا كە تەمەنی ٣٨ ساڵانە وخەڵكی حەویجەیە. ئەو تۆمەتەی بەهۆیەوە دەستگیر كراوە “ سیخوڕیكردن بووە بۆ داعش” ئاسیا مێردەكەی داعش بووە و لە شەڕێكدا كوژراوە، دوای ئەوەی لەگەڵ منداڵەكانی دەگاتە كەركوك و لەلایەن پێشمەرگەوە پێشوازییان لێ دەكرێت. دواتر لە یەكێك لە كەمپەكاندا نیشتەجێ دەكرێن و هەر لەوێش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر دەكرێ.

ئەم ژنەیش دەیویست ئەوە بگەیەنێت بە براكەی كە لە زیندانە و هێشتا لە ژیاندا ماوە. بەڵام بەدرێژایی ئەو هەشت مانگەی لەم ژوورە زیندانیكراوە، نەیتوانیوە ئەو پەیامە بگەیەنێ.

لە قوتابخانەوە بۆ زیندان.. ئەمە چارەنووسی ساكاری تەمەن ١٦ ساڵانە كە بچووكترینی ناو ئەم ژوورەیە. ساكار نۆ مانگە لێرە بەندكراوە بە تۆمەتی دزیكردن. ئێستا دەیەوێ چارەنووسی لە زیندان یەكلایی بێتەوەو بە ئاواتەوەیە جارێكی تر بچێتەوە ناو خێزانەكەی و دەڵێ: هەركە بەربووم، لەسەر جادە كلینێكس دەفرۆشم.

بێجگە لەم تۆمەتبارانە، چەندین كچ و ژنی لەم ژوورەدا بەندكراون. تۆمەتی سەر ئەوان پیاوكوشتن بووە. پاسەوانێكی ئەم تۆمەتبارانە بۆ ماڵپەڕی مەكتوب و رۆژنامەی (هەواڵ) وتی: ئەوانەی بە تۆمەتی تیرۆر و كوشتن دەستگیر دەكرێن. لە هەموویان زووتر دادگایی دەكرێن و دەگوازرێنەوە بۆ گرتووخانەكانی بەغدا و ناسریە.

ئەو ژنانە لەژوورێكی ئەوەندە بچووكدا، هەموو جۆرە تۆمەتبارێكی تێدایە، بەڵام نە توێژەری كۆمەڵایەتی هەیە سەردانیان بكات، نە لە توانای ئیدارەی گرتووخانەكەشدایە جیایان بكاتەوە.

جوان حەسەن سەرۆكی لیژنەی مافی ژنان و منداڵانە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، دەڵێ لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ئەو ژوورە هەن لە گرتووخانەی تەسفیرات، بەڵام چونكە گرتووخانەیەكی گەورەو شیاو نییە لە كەركوكدا، بە ناچاریی لەو شوێنەدا هەموویان كۆكراونەتەوە.

جوان بۆ ماڵپەڕی مەكتوب و رۆژنامەی (هەواڵ) وتی:” ئەو گرتووخانەیە تەنیا شوێنی ژنانی تۆمەتباران نەبووە، بەڵكو هەندێجاریش ئەو ژنانەی لەلایەن بنەماڵەكانیانەوە هەڕەشەیان لێ دەكرێ، لەوێ داڵدە دەدرێن. كەركوك شەڵتەری داڵدەدانی تێدا نییە. جارجار ئەو بەشەی ژنان لە تەسفیراتمان بەكارهێناوە!”

ئاڵوگۆڕەكانی دوای ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ كاریگەریشی هەبووە بۆ سەر گرتووخانەی تەسفیرات بە گشتی. چونكە بەرپرس و ئیدارەی گرتووخانەكە گۆڕاوە و كاروبارەكانی دادگاش سستی تێكەوتووە، ئەمە سەرباری ئەوەی سەردان وچاودێری رێكخراوە بیانیی و ناوخۆییەكان بۆ ئەم شوێنە زۆر كەمی كردووە.

“خەڵك ئێستا زۆر بێزارەو هەست دەكات خۆی لەزیندانێكی گەورەدایە كە كەركوكە، بۆیە بیری لای زیندانە بچووكەكان نەماوە” سەرۆكی لیژنەی مافی ژنان و منداڵان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك وایوت.

عەقید عامر بەڕێوبەری نوێی گرتن و گواستنەوەی كەركوك سەبارەت بە رەوشی ژنان لە گرتووخانەكەیاندا بۆ ماڵپەڕی مەكتوب وتی: “ خزمەتگوزاریی ئاسایش و تەندروستی پیشكەشی ئەو ئافرەتانە دەكرێ كە لای ئێمە بەندكراون. ئەوان سەلامەت و پارێزراون.”

بەڵام عەقید عامر ئەوەی فەرامۆش كرد كە هەموو جۆرە تۆمەتبارێك لەناو ژوورێكی شەش مەتریدا كۆكراونەتەوە، كە ئەمە پێچەوانەی رێساكانی ناو زیندانە و پێویستە تۆمەتبارەكان بەگوێرەی مەترسی و زیانەكانی پۆلێن بكرێن و لە یەكتر جیا بكرێنەوە.

‌ 406 جار بینراوه‌
6/9/2018 2:55:50 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved