تائێستا نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە كەركوك بوونی نییە
تائێستا هیچ حاڵەتێكی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە كەركوك تۆمار نەكراوە، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك دەڵێت:” سبەینێ كۆنفڕانسێك بۆ هۆشیاركردنەوە دەربارەی ئەو نەخۆشییە لە كەركوك ساز دەكەین”.
دكتۆر بورهان عومەر رەشید، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”تاوەكو ئێستا هیچ حاڵەتێكی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای كەركوك تۆمار نەكراوەو بوونیشی نیە”، ئەوەشیخستەڕوو:”وەكو فەرمانگەی تەندروستی هەڵمەتێكی فراوانمان بۆ رێگریكردن و هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان لەو نەخۆشییە دەستپێكردووە”.
بەوتەی بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، لە رێگای تیمی تایبەتەوە هەماهەنگی و هاوكارییان دروستكردووە لەگەڵ هەریەكە لە چاودێری تەندروستی و پۆلیسی پشكنین و بازگەكان بۆ ئەوەی بەدواداچون و لێكۆڵینەوە بكەن لەو خواردنانەی دەفرۆشرێن و یاخود ئەو خواردنانەی لە بازگەكانەوە دێنە ناو پارێزگاكە هەروەها لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەریش هەماهەنگیان دروستكردوە بۆ رێگریكردن لە هاتنی ئەو ئاژەڵانەی گومانیان لەسەرەو ئەنجامدانی پشكنین بۆیان، هەروەها باسی لەوەشكرد:”ئەگەر چی هیچ حاڵەتێكی لەو نەخۆشییە لە كەركوك تۆمار نەكراوە، بەڵام سەرجەم رێكارەكانی خۆمان بە چڕی گرتۆتەبەر بۆ ئەوەی رێگر بین لە نەخۆشییەكە”.
دكتۆر بورهان عومەر رەشید، راشیگەیاند:”سبەینێ كۆنفڕانسێك بۆ هۆشیاركردنەوە دەربارەی ئەو نەخۆشییە لە كەركوك ساز دەكەین و تا بەهەموو لایەكەوە رێگری بكەین لە نەخۆشییەكە كە لە ئێستادا لە ناوەڕاستی عێراق بڵاوبۆتەوە”.
|