»  کوردستان
(هەواڵ) تەواوی زانیارییەكان سەبارەت بە هەژماركردنەوەی دەنگەكانی كەركوك ئاشكرادەكات بۆ سەندنەوەی كورسییەك لەكورد ، عەرەب و توركمان پێویستیان بە (35) هەزار دەنگە



ئەنجامی سێ رۆژی  هەژماركردنەوەی دەستی سنوقەكانی دنگدانی كەركوك كاریگەرییان بەسەر گۆڕینی هاوكێشەكانەوە نەبووەو شارەزایەكی بواری هەڵبژاردنیش دەڵێت هیچ مەترسی لەسەر كورسییەكانی كورد نییە چونكە بە توركمان و عەرەبەوە پێویستییان بە (35) هەزار دەنگی زیاتر دەبێت تا كورسییەك لە كورد بسێننەوە.  
بە پێی ئەو زانیارانەی (هەواڵ) لە سەرچاوە تایبەتییەكانی خۆییەوە دەستیكەوتووە دوای بڕیاردان لەسەر ژماردنی دەستیی سنووقەكان و رۆژی سێشەممەی رابردوو لە (24) وێستگەی دەنگدان لە قەزای داقوق سنووقەكان كە كاتی خۆی گەیشتوونەتە جێ (20) سنووق هاوچەشن بوونەو چوارەكەی تریش كەموكوڕی رێژەیی تێدابووە وەك راگرتنی ئامێرەكان و پڕكردنی سنووقەكان بە شێوەی هەڕەمەكی لەلایەن كورد و عەرەب و توركمانەوە، بەڵام كێشەكان بچووك بوونەو چارەسەركراون، بەپێی زانیارییەكانی كۆمسیۆنیش لەو قەزایە (186) وێستگەی دەنگدان پێشتر نەگەیشتۆتە ژێر دەسەڵاتی كۆمسیۆن و لەژێر دەستی میلیشیا توركمانییەكان بوونە، ئەنجامەكانیان رەتكراونەتەوە چونكە گومان لە ساختەكاری دەكرێت. 
رۆژی چوارشەممەش (92) وێستگە كراونەتەوە هەموو دەرەنجامەكانی هاوچەشن بوونەو (دە) سنووقی تریش كە قفڵەكانیان لە لایەن خۆپیشاندەری توركمانەكانەوە شكێندراوە رەتكراونەتەوەو هەژمار نەكراون، پێشتریش كۆمسیۆن لە رێگەی راپۆرتەكانی لیژنە تایبەتەكانی خۆیەوە گومانی لە هەندێك سنوق كردووە، بەڵام لایەنە توركمانی و عەرەبیەكان رێگەیان بە وردبینیكردنیان نەداوەو دەستدرێژی و هەڕەشەیان كردۆتە سەر فەرمانبەران و چاودێران كە بەبەڵگەوە لەبەردەستی كۆمسیۆندایە بڕیاری دا هەژماریان نەكات، لەكاتێكدا بە ئامادەبوونی هادی عامری رێگە بە كۆمسیۆن درا كێشەكان چارەسەر بكرێت و بەڵگەنامەكانیان ئیمزاكرد كەچی هەر پابەندنەبوون بەو بڕیارە، لە حەویجەش هەموو سنووقەكان هاوچەشنن جگە لە دوو سنووق كە ئەوانیش رەتكرانەوە، هاوبار هەندێك وێستگە پێشتر لێی ئاگاداركراونەتەوەو لەبەر ساختەكاری رەتكراونەتەوە. 
پێنجشەممەی رابردووش (111) یانزە وێستگە هەژماركرانەوە و بە هەمانشێوە جگە لەچەند خروقاتێكی ناكاریگەر لەسەر كۆی پرۆسەكە كە لە لایەن سەرجەم كوتلە سیاسییە سەرەكییەكانەوە ئەنجام دراوە، بە گشتیش تا ئێستا جیاوازییەكان تەنها 1.7%ە.
هەر بە پێی ئەو زانیارانەی كە لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە دەست (هەواڵ) كەوتوون هەموو ئەو سنووقانەی كە لە كەركوك كرانەوە هەژماری دەستییان بۆكراوەو رێژەیان (25%)ـی سەرجەم سنووقەكانە هیچ كاریگەری بەسەر ئەنجامەكانەوە نییەو كوتلە سیاسیەكان و كورسییەكانیان وەك خۆی دەمێنێتەوە.
بەوتەی سەرچاوەكە نزیكەی 240 وێستگە ماوە هەژماربكرێنەوەو پێیدەچێت پرۆسەكە تا ئەمرۆ یان سبەی بەردەوامبێت.
شارەزایەكی هەڵبژاردنیش بۆ (هەواڵ) ئاشكرایكرد كە توركمان و عەرەبیش پێویستییان بە (35) هەزار كورسی دەبێت تا كورسییەك لە كورد بۆ خۆیان بسێننەوە، ئەوەش ئەگەرێكی زۆر دوورە.

‌ 166 جار بینراوه‌
7/8/2018 7:39:19 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved