نوێترین
لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى سلێمانی هه‌شت كافتریا و خواردن و خواردنه‌وه‌ دادخەن   |    ئه‌ندامه‌ بندیواره‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ته‌واوی موچه‌و ئیمتیازاته‌كانیان وه‌رده‌گرن   |    به‌شی وێژه‌یی له‌ ئاماده‌ییه‌كانی كه‌ركوك له‌ مه‌ترسیدایه‌   |    هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێك خانه‌نشین بكرێت پۆسته‌كه‌ی له‌ده‌ست كورد ده‌رده‌چێت   |    به‌رپرسێكی یه‌كێتی : ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك ته‌نها له‌سه‌ر كات ماوه‌   |    پرسی سكاڵا له‌سه‌ر پۆستی قایمقامی داقوق بۆ مانگێك دواده‌خرێت   |    هه‌فته‌ هه‌واڵـی كه‌ركوك   |    له‌م هه‌فته‌یه‌دا بڕیار له‌سه‌ر موچه‌ دزراوه‌كانی مامۆستایانی خورماتوو ده‌درێت   |    دۆزینه‌وه‌ی زیاتر له‌ 200 گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی سه‌رده‌می داعش له‌ عێراق   |    له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا عه‌بدولمه‌هدی چوار هه‌زار پۆستی به‌وه‌كاله‌ت یه‌كلایده‌كاته‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  پەڕەموچ
لە (18)مین ساڵیادی دامەزراندنی "هەواڵ" دا ئەدیبان و هونەرمەندان بۆ پەڕەمووچ دەدوێن



بەبۆنەی تێپەربوونی (18) ساڵ بەسەر دامەزراندنی دەزگای هەواڵ و خزمەتكردنی بەردەوامی بە میدیای كوردی بە گشتی و كاركردن لەسەر رەوشی كەركوك بەتایبەت و خزمەتی ئەدیبان و رۆشنبیران بەشی پەڕەمووچی هەفتەنامەی هەواڵ لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەدیبان و رۆشنبیران ئەم دیدارەی بە دەسپێكی ئەم دوو پرسیارە سازدا. سەبارەت بە هەژدەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای هەواڵ پەیامت بۆ رۆژنامەكەمان چییە؟ رات بەرامبەر بە كاروانی ئەدەبی كوردی لەشارەكەو كوردستان چییەو  رۆڵی پەڕەمووچ چۆن هەڵدەسەنگێنیت. 
بورهان ئەحمەد شاعیرو سەرۆكی یەكێتی نووسەرانی كورد لقی كەركوك: هەواڵ زۆر نزیكە لە رۆشنبیرانی شارەكەو لەخەمی خەڵكەكەی
 سەرەتا پیرۆزبایی لە دەزگاكەتان دەكەم و هیوادارم هەمیشە تەمەنی خۆتان و رۆژنامەكەتان درێژبێت و هەر بەردوام بن لەو خزمەتە گەورەیەی بواری كولتووری لە شارەكە، هەواڵ یەكەم رۆژنامەی كوردییە كە لە دوای پرۆژەی ئازادییەوە وێرای ناسەقامگیری شارەكە خۆی گەیاندە كەركوك و خزمەتێكی زۆری بە هەموو پێكهاتەكانی شارەكە كرد، چ سیاسی یان كولتووری یان ئەدەبی و هونەری، جگە لەوەش ئەوە هەواڵ بوو كە جگە لە رۆژنامەی "هەواڵ" سێ رۆژنامەی تری وەك (النبا)ـی بەزمانی عەرەبی كە هێشتا بەردەوامە، (نرگال)ـی بە زمانی عەرەبی و سریانی و ماوەیەكیش (ئاینە)ی بە زمانی توركمانی لە شارەكە دەردەكرد، رۆژنامەی تر شك نابەم ئەم كارەی كردبێت، خۆ دەزگای تر زۆربوون بە بودجەیەكی زەبەلاحەوە ئینجا نەیانتوانی هاوشێوەی هەواڵ خزمەت بە رەوشی سیاسی و كۆمەڵایەتی شارەكە بكەن. پەڕەمووچ لاپەڕەیەكی ئەدەبی هەمەرەنگە نەك بە خۆم بە شایەتی زۆرێك لە ئەدیبان رۆشنبیران كاری زۆری لە بوارە ئەدەبیەكان كردووە وەك لێكۆڵینەوە، وەرگێڕان، چیرۆك و شیعرو چەندین بابەتی بەپێزی بە خوێنەران گەیاندووە، بەمەش زۆرنزیك بووە لە رۆشنبیرانی شارەكەو لە خەمی خەڵكەكەی بووە.
سیروان بێلان شانۆكارو (بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری كەركوك): جێی خۆی لەناو كۆمەڵگەی كوردی بە گشتی و هونەرمەندان و ئەدیبان بە تایبەت كردۆتەوە
لە یادی هەژدەمین ساڵیادی دامەزراندنی هەواڵ پیرۆزبایی خۆم و بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری كەركوك ئاراستەی ستافە ماندوونەناسەكەتان دەكەم و هەواڵ هەر لە سەرەتای دەرچوونیەوە چالاك بووەو نیشانەكانی بەردەوامی پێوەدیاربووەو لە هەموو رووەكانەوە تا ئەمڕۆش جێی باوەڕو متمانەیە، هەر بۆیە جێی خۆی لەناو كۆمەڵگەی كوردی بە گشتی و هونەرمەندان و ئەدیبان بە تایبەت كردۆتەوە، هەرچی ئێستایە هەواڵ وەك هەموو دامودەزگاكانی تری بواری میدیاو رۆژنامەوانی بەهۆی قەیرانی داراییەوە جۆرێك لە كەمكردنەوە بە لاپەڕەكانیەوە دیارە، هیوادارم بگەڕێتەوە سەر قەبارەكەی جارانی و بەردەوامی بە قەبارەكەی جارانی بدات، ئەو ستافەی كە هەر لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ بە هەمان رۆحیەتەوە كار دەكەن و ماندوودەبن نابێت قەیران بەردەستی كاری داهێنەرەیان كەمتر بكاتەوە یان قەتیسی بكات، سەبارەت بە پەرەمووچ ماندووبوونی زۆری نووسینەكانی پێوەدیارەو نووسەرو هونەرمەندێكی زۆری لە دەوری خۆیدا كۆكردۆتەوەو كاری زۆر بە پێزی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی لە بوارەكانی ئەدەب و هونەر بڵاودەكاتەوە، پێشنیارم ئەوەیە ئەم لاپەرەیە زیاتر بكرێت و پانتایی بەرفراوانتری پێ بدرێت و هاوكات چالاكی  ئەدەبی و رۆشنبیری نەك بە تەنها لە كەركوك بەڵكو لە هەموو كوردستان بەسەر بكاتەوەو بڵاوی بكاتەوە. 
خالد كاویس نوسەرو وەرگێڕ: هەواڵ توانیویەتی زۆر بەجورئەتەوە شرۆڤەی رەوشی هەرێم و كەركوك بكات و ئاماژە بەمەترسی و پێشهاتەكان بكات
لەرۆژی دامەزراندنیەوە تا بە ئەمرۆش دەگات دەزگای هەواڵ دەسپێشخەر و یەكەمی پەردە هەڵدانەوە بووە لەسەر كەموكوڕی و گەندەڵیەكان لەناو حیزب و دامودەزگاكانی دەوڵەت چ لە ئاستی هەرێمی كوردستان چ لە ئاستی عێراق، هەروەها هەواڵ توانیویەتی زۆر بەجورئەتەوە شرۆڤەی رەوشی هەرێم و كەركوك بكات و ئاماژە بەمەترسی و پێشهاتەكان بكات لە كاروباری بەرێوەبردنی دەوڵەتدا، پەیامی هەواڵ وەك رۆژنامەیەكی سەربەخۆ دوور لە موجامەلات و پیاهەڵدان هەمیشە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی تووشی شۆك و سڵەمینەوە كردووەو كۆسپ و تەگەرەیان لەبەردەم پەخشی رۆژنامەكە دروستكردووە بەڵام بەزاندنی راستی هەمیشە سەختبووە. سەبارەت بە بەشی ئەدەب و هونەر یان "پەڕەمووچ" هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئەمرۆ لە بابەتە ئەدەبیەكان تاك و پێشەنگ بووە، هەمیشە رۆڵی كارایان هەبووە لە بەرەوپێشبردنی كاروانی ئەدەبی كوردی،هەموو كایەكانی ئەدەبیان بەسەر كردۆتەوە لە ئەدەبی مناڵانەوە تا دەگاتە خوێندنەوەو لێكۆڵینەوەی ئەدەبی و هونەری و تەنانەت سینەماییش، بۆیە پەرەمووچ بەو كۆرەنگییەوە جوانتر دیارە لەوەی لە گۆشەیەكی ساردی ئەدەبی خۆی ببەستێتەوە. لەم یادەدا سڵاو بۆ قەڵەمەكانی هەواڵ....سڵاو لەشەونخوونی و خۆراگری هەموو قەڵەمێكی ئازاد.
  رەوەند ساڵح حسن (شاعیر): لەگەڵ هەموو ئەو كۆسپانە دەزگای هەواڵ جێ پەنجەی خۆی لەكاری راگەیاندندا مۆركردووە
سەرەتا بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ئەم دەزگایەوە پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی دامەزرێنەرو كارمەندانی ئەم دەزگایە ئەكەم هیوای بەردەوامیان بۆ ئەخوازم بەئومێدی كاری باشتر و جوانتر بە گەشبینیەوە بەردەوام بن لەكارەكانیان، ئەم ناوەندە خاوەنی مێژوویەكی تایبەتی و هەست و هۆشی جوانی و ئەدەبی و هونەری خۆیەتی، لە پلەی گەیاندن و بڵاوكردنەوەی چێژی بابەتەكانی ڕێڕەوێكی جوانی گرتووە، بنچینەیەكی ڕاستەقینەیە بۆ بەدیارخستنی هەمەجۆری لەبابەتەكان، هونەرمەندانە كاری تیۆری خۆیان دەگەیەنن لەناو بڵاوكراوەكاندا خوو ڕەوشتی نەتەوایەتی و پلەوپایەی كەسایەتی نوسەر فەرامۆش ناكەن، لەبارودۆخی ئەمڕۆی كۆمەڵگەی كوردستاندا گیروگرفتی زۆرهەن، هەندێك لە گرفتەكان گەورەترو قەبەتر باڵیان كێشاوە بەسەرناوەندەكانی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندندا، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو كۆسپانە ناوەندی دەزگای هەواڵ جێ پەنجەی خۆی لەكاری ڕاگەیاندندا مۆركردووە بووەتە دەرگایەكی ئاوەڵا بەڕووی گەنجان و ڕۆشنبیراندا بەهایەكی گرنگی بەخشیوە بەنووسین و بڵاوكردنەوەی بابەتی گەنجان، سەرەڕای كارەكانی تری لەفێستیڤاڵ و چاپەمەنی ئەوپەڕی خزمەتی بە نەتەوەكەی خۆی گەیاندووە،  من لێرەوە دەست خۆشی و هیوای بەردەوامی و تەمەن درێژی ئەم دەزگایە دەخوازم بە ئومێدی سەرگەرمتر بێ لە ڕاپەڕاندنی كاری ئەدەبی و چاپەمەنی و فێستیڤاڵە ئەدەبی و هونەرییەكان، هیوادارم لە هەنگاوەكانی داهاتوویاندا كار بۆ داهێنانی پانتایی گەورەتر بكەن و بەسەر كۆسپەكاندا سەركەون و هەر سەركەوتووبن.  
خەندە كەركوكی (هونەرمەند): وێرای ماندووبوونی زۆرتان هێشتا ئاوری تەواو لە لایەنی چالاكی هونەری لە شارەكە نەدراوەتەوە
سەرەتا پیرۆزبایی ساڵیادی هەواڵ لە هەموو ستاف و ئەندامان و خوێنەرانی ئەم هەفتەنامە بەپێزە دەكەم و هیوادارم هەمیشە لە كارەكانتان سەركەوتنی گەورەترتان دەستەبەربكەن بۆ خزمەتی شارەكەو بەرەو باشترو باشترین هەنگاو بنێن، وەك دەزانن هەموو پرۆژەكانی دونیا لەرێی بەسەركردنەوەو رەخنەو پێشنیارەوە روو لە چاكتركردنەوە دەكەن، دەمەوێت بڵێم وێرای ماندووبوونی زۆرتان هێشتا ئاوری تەواو لە لایەنی چالاكی هونەری لە شارەكە نەدراوەتەوە، بە تایبەت لە دوای رووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەرەوە كەركوك ناڵێم هیچ چالاكییەكی تێدا نەكراوە، بەڵام بمانەوێت و نەمانەوێت جۆرێك لە سستی تێكەوتووە، بۆیە دەبێت راگەیاندن بە تایبەت لایەنی هونەری و ئەدەبی بە بایەخەوە بۆ رەوشەكە بڕوانێت و لە نزیكەوە كر بۆ بووژاندنەوەو سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی كارە هونەرییەكان بكات و لە نزیكەوە ئاگاداری هەواڵە هونەری و ئەدەبیەكان بن، سوپاس بۆ بەسەركردنەوەتان.
جمعە رەجەب (شاعیر): پەرەمووچی هەواڵ تاقە مەنفەزێكی ئەدەبییە لە شارەكە كە دەتوانین لەو رێگەیەوە بەرهەمەكانی خۆمان ببینین
هەواڵ دیدگەیەكی كولتووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی بەرفراوانی شاری كەركوكە، خاوەنی واقعێكی جوانە لە شارەكەو بەهۆیەوە رۆشنبیرانی لە دەوری خۆی كۆكردۆتەوە، هەر لە سەرەتاوە رۆڵی باشی هەبووە لە شیكردنەوەی بارودۆخ و لە بوارەكانی سیاسی و كولتووریدا بێ قسوور خزمەتی كەركوك و كوردستانی كردووە لە هەموو روانگەیەكەوە جێ دەستیان دیارە، پەرەمووچ تاقە مەنفەزێكی ئەدەبییە لە شارەكە كە دەتوانین لەو رێگەیەوە بەرهەمەكانی خۆمان ببینین و دەتوانم بڵێم لەرێگەی پەڕەمووچەوە زۆری ئەدیبانی شارەكە بەیەكتر ئاشنابوونە بەمەش ئەو رۆژنامەیە جگە لە خزمەتكردن بە ئەدیبان بۆتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەمان و بەهۆیەوە لەنزیكەوە زۆربەمان یەكتریمان ناسیوە، بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی دەزگای هەواڵ دەكەم و یادی دامەزراندنی هەواڵ لە خۆمان پیرۆزدەكەم و دەستی ماندووبوونی یەكە بە یەكەی ئەو ستافە جوان و ماندوونەناسە دەگوشم.

‌ 626 جار بینراوه‌
7/8/2018 7:54:35 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved