»  باران
هەموو رۆژێك حاڵەتێكی كوشتن یان خۆكوشتن لە هەرێم تۆماركراوە



ماوەیەكە رۆژانە باس باسی خۆكوشتن یان كوشتنی كەسێك لە هەرێم و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم بڵاودەكرێتەوە، بەجۆرێك ئەو دیاردەیە زیادیكردووە لە پایتەختی هەرێم كە شاری هەولێر لەماوەی یەك هەفتەدا 9 حاڵەت تۆماركران و لەبەرئەوەش هێزە ئەمنیەكان كەوتنە خۆیان و  هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت و ئامێری بڕەڕیان دەست پێكردو لە سلێمانیش ئەو هەوڵانە بەردەوامن لە رێگری بوونی چەك.
بەپێی ئامارێكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەماوەی شەش مانگی رابردوودا تەنها لەهەرێم 180 رووداوی كوشتن و خۆكوشتن هەبوون لە هەردوو رەگەز بە واتای هەر رۆژێك و رووداوێكی مردن بەكوشتن یا خۆكوشتن تۆماركراوە،  ئەمە جگە لەو رووداوانەی تۆمارنەكراون یاخود لە ناوچە كێشەلەسەرەكان بوون كە ئێستا دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم تێیدا لاوازە.
بە پێی یاسای سزادانەكانی عێراقی بەژمارە 111ی ساڵی 1969 و بە پێی ماددەی 405 كە لەدەستوردا لەسەر تاوانی كوشتن دیاری كراوە، سزای ئەو تاوانە زیندانی هەتاهەتاییە یاخود زیندانیە بۆ ماوەیەكی كاتی بەگوێرەی تاوانەكە، كە 20 ساڵ بەندكردنە، هەروەها بە پێی ماددەی 406 كە بۆ كوشتنی بەمەبەست (ئەنقەستە) تەرخانكراوە ئەوا سزاكەی لەسێدارەدانە.
دەربارەی خۆكوشتنیش لە یاسادا، سزا بۆ ئەو كەسانە دانراوە كە هانی كەسێك دەدەن كە خۆی بكوژێت و ماددەی 408ی یاسای سزادانی عێراقی و هەمواركراو لە هەرێمی كوردستانیش دەیانگرێتەوە، بەجۆرێك هانی كەسێكی سەروو تەمەنی 18 ساڵی درا بۆ خۆ كوشتن، ئەوا سزاكەی كەمتر دەبێت لە حەوت ساڵ زیندانی، ئەگەریش كەسەكە لە خوار تەمەنی 18 ساڵیەوە بێت، ئەوا وەكو تاوانی كوشتنی بەمەبەست (بە ئەنقەست) هەژماردەكرێت و سزاكەی یان سێدارەیە یان بەندكردنی هەتاهەتایی.
دەربارەی كوشتن و خۆكوژی، چێنەر سیروان توێژەری دەروونی لە شاری كەركوك بۆ (هەواڵ) وتی: “هۆكارەكانی كوشتن و خۆكوشتن بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری وڵاتەكەو بارودۆخی ناهەمواری كە ئێستا لە وڵاتەكە هەیە لە دوای هەڵبژاردن و لەپێش ئەوەش دوای رووداوەكانی شەڕی داعش و قەیرانی ئابوری و ریفراندۆم و شانزەی ئۆكتۆبەرو ناڕۆشنی دۆخەكە خەڵكی بێ پارەو بێهیواو بێكار ماوەتەوە هەموو ئەمانە كاریگەریان هەیە بەسەر ئەو حاڵەتانەو فاكتەری سەرەكی دۆخە ئابوریەكەیە، چونكە دەبێتە هۆی زیاتربوونی رێژەی خەمۆكی لە ناو خەڵكداو ئەوەش وا دەكات چارەسەر نەبێت و پاڵپشتی نەبێت و سەنتەری چارەسەریش بوونی نییە ئیتر بەداخەوە ئەنجامەكان بەم جۆرە دەبن”.
ئەو توێژەرەوە وتیشی: “ئەم ئامارو زۆربوونی كوشتن و خۆكوشتنانە گوزارشت لەوە دەكات كە لەم وڵاتە كەس ئاگای لەكەس نییەو نە ناوەندێك هەیە نە حكومەت نە هیچ شوێنێك گرنگی بە خەڵكی بدا لەو رووەوە”.
دەربارەی چارەسەریش روونیكردەوە: “باشبوونی دۆخی ئابوری و ئەمنی و سیاسی فاكتەرن بۆ ئەوەی خەڵك بیر لە شتی چاك بكاتەوە، چونكە ئەمانە هۆكاری سەرەكین و ئەوەی تریش كە ئێستا دەستپێكراوە بە هەڵمەتی چەك داماڵین و ئامێری بڕەڕو ئەو شتانە تەنها هۆكارێكی باشن بۆ بەرقەراركردنی یاسا، بەڵام ئەمەش بنبڕكردنی كوشتن و خۆكوشتن نییەو تەنها كەم كردنەوەی توندوتیژیە، چونكە رێگە زۆرن كە بەداخەوە ئەو تاوانانەی پێبكرێت”.
چێنەر سیروان باسی لەوەشكرد: “ئەم ئامارانە شۆك هێنەرن و مەترسین، تۆ هەموو رۆژێك حاڵەتێكی كوشتن و خۆكوشتنت تۆماركردبێ و دەبێت لە ئاستی بەرزەوە هەڵوەستەی بۆ بكرێ و پەرلەمانیش قسەی خۆی هەبێ و هەوڵی چاكردنی دۆخە بدرێت لەرێگە سەرەكیەكانەوە كە ئاماژەمان بۆ كرد باری ئابوری و ئەمنی و سیاسین”.

‌ 384 جار بینراوه‌
7/8/2018 7:56:49 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved