»  شۆک
منداڵانی كەمتوانا كێن و چییان بۆ بكرێت ؟




ئەركی سەرشانمانە هەموو تاكێكی كۆمەڵگە وشیار بكەینەوە لە چۆنییەتی هەڵسوكەوتیان لەگەڵ منداڵانی كەمتوانا، ئەوەش بەوە دەبێت كە نەرم و نیان بین لەگەڵ ئەم جۆرە منداڵانە و نابێت بە شێوەیەكی رەق و توند مامەڵەیان لەگەڵ بكەین و بجوڵێینەوە، پێویستە بواریان بۆ برەخسێنین بۆ بەشداربونیان لە هەموو كار و چالاكییەكانیان و نەهێڵین توند و تیژیان بەرامبەر بكرێت لە لایەن منداڵانی ترەوە،
دەبێت بە چاوێكی پڕ بایەخ تەماشای منداڵانی كەم توانا بكەین و هەرگیز لە نرخیان كەم نەكەینەوە، بوارێكی ئەوتۆیان پێ بدەین بە چاوێكی جیاوازەوە لە خۆیان بگەن و هەست بكەن تاكێكی بەهێزن لە كۆمەڵگەدا،
هەمو دەزانین مناڵانی كەمتوانا وەكو منداڵانی دیكە تاسە و ئارەزوی خۆیانیان هەیە، بۆیە دەبێت هەوڵدەین خۆزگە و ئاواتەكانی بەدی بهێنین و دەتوانین یارمەتی دەربین بۆ منداڵانی كەمتوانا ئەویش بەوەی بە یەك چاو سەیری هەمو منداڵەكان بكەین و هەمان هەلو مەرجی منداڵانی تریان بۆ برەخسێنین و هەمان رەفتاری منداڵانی دیكەیان لەگەڵدا بكەین و هەوڵدەین هەستێكی وایان بدەینێ كە دونیا زۆر خۆش و سەرنج راكێشە،
ئێمە دەبێت گرنگی بەو لایەنانە بدەین كە دەتوانین بە ئەنجامی بگەیەنین و بۆ  نمونە رەنگە مناڵێكی نابینا دەنگی خۆش بێت و ئەوە دەتوانیت پەرە بە بەهرەكەی بدەیت و یارمەتی دەیت بۆ ئەوەی بگات بەو تاسە و ئارەزووەی.
دەبێت یارمەتی ئەوەیان بدەین كە هاوكاری خۆیان بكەن و پێویستیان بە یارمەتی كەسانی تر نەبێت.
رێگەی بەشداریكردنیان نیشان بدەین چونكە منداڵان بە كۆمەڵ و لە رێگەی یارمەتیدانی یەكترەوە باشتر فێری یاری كردن دەبن و ئەمەش دەبێتە ریگەیەكی گرنگ بۆ پێش خستنیان.
گەر بێت و باس لە شێوەكانی مناڵانی كەم توانا بكەین ئەوا جۆریان زۆرە و كەم تواناییش دوو جۆری هەیە، (كەم توانایی جەستەیی) كە ئەو منداڵە قاچی یاخود دەستی نەبێت و توانای رۆشتن یا خود بیستن و بینینی نەبێت یان دارشەق و عەرەبانە بەكار بهێنێت و یاخود هەر ئەندامێكی لەشی لە كار كەوتبێت بەڵام جاری وا هەیە زۆر زیرەكن لە رووی هەست و نەستەوە هەر بۆیە دەبێت گرنگی بەو لایەنە زیرەكییە بدەین و فەرامۆشیان نەكەین.
جۆرێكی تر لە كەمتوانایی هەیە ئەویش كەسەكە ئەندامی ژیریی لاوازە واتا ئەو منداڵە لە روی جەستەییەوە زۆر جار بێ كەموكورتییە و لەش و لارێكی تەواو و پتەوی هەیە بەڵام لە روی توانای عەقڵییەوە لاوازن و توانای بیركردنەوەیان نییە و عەقڵییان بە شتەكاندا ناشكێت، بەڵام زۆر جار لە روی جەستەوە زۆر لەوانی تر واتا منداڵانی ئاسایی بە هێزترن و ماسولكەی پتەویان هەیە.
نمونە بۆ كەمتوانایی لە شتێكدا و بەراورد پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە بە شتێكی تر منداڵی نابینایە كە راستە هەستی بینینی نییە بەڵام هەستەكانی تری زۆر بەهێز دەبن و ئەو خاڵییەتەی بۆ پڕدەكەنەوە بە شتی تر و زیرەك دەبن، زۆرجاریش منداڵانی كەم توانا زۆر نەرم و نیانن و هاوڕێیەتی و قبوڵ كردنی بەرامبەر لای ئەوان زۆر ئاساییە و سادە لە كەسانی تر ئەڕوانن و كەسانی بەرامبەریش بە نەرمی و رێزەوە لە هاوڕێیەتی ئەمان دەڕوانن و حەز بە هاوڕێیەتییەكەیان دەكەن.
ئەم جۆرە كەم تواناییانەی منداڵ ئەوە ناگەیەنێت كە ئەو منداڵە تەواو نییە و بە واتای زمانێكی ئاسایی (شێتی)یە نەخێر بە مانایەكی تر ئەوە دەگەیەنێت كە یەكێك لە هەست و ئەندامەكانی جەستەی كەمە لە روییەكەوە یاخود جۆرێكی تر توانای عەقڵیان كەمە و لاوازە و بە تەواوی لە عەقڵدا گەشەیان نەكردووە و كامڵ نەبوون هەر بۆیە زۆربەی كاتەكان پێویستیان بە موراعاتە، 
هەر بۆیە زۆر كات مامەڵە كردن لە گەڵیان زەحمەتە و یاخود ناكرێت، ئەم كەسانەش وادەكەن كەسانی بەرامبەر لە توانای عەقڵی خۆیان دەربكەن و جەستە و مێشكیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ بكەن، لەبەرئەوە چۆنییەتی مامەڵە كردنی لەگەڵ ئەو جۆرە مرۆڤانە زۆر گرنگە و دەبێت بزانرێت ئەوان تا چەندە پێی ئاسودەن و خۆشحاڵ دەبن هەتا وایان لێبكرێت هەست بە خۆشی و بوونی خۆیان بكەن و بزانن كە تاكێكی دانەبڕاوی كۆمەڵگەن.

‌ 81 جار بینراوه‌
7/8/2018 7:57:21 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved