»  شۆک
نەبونی یاساو قەیرانی دارایی رێگا بۆ سواڵكردنی منداڵان لە كەركوك خۆشدەكەن


ئا / كۆمەڵایەتی

ترافیكەكانی كەركوك بەهۆی نەبوەنی یاسایەكی تایبەت بە رێگریكردن لە سواڵكردن و كاركردنی منداڵانی خوار تەمەن هەژدە ساڵ، پڕ دەبن لەو  منداڵانەی بۆ بەدەستێهنانی بژێویان كاردەكەن یان سواڵدەكەن
چالاكوانانی بواری مافی منداڵان و كۆمەڵگەی مەدەنی، نیگەرانن لە كاركردن و سواڵكردنی منداڵان لە ترافیەكەكانی كەركوك، بەڵام ئەوەش ناشارنەوە، نەبونی یاسایەك بۆ رێگریكردن لە كاركردنی منداڵی هەژدە ساڵ ئەو حاڵەتانەی روو لە زیاد بون كردوە. 
جوتیار ئیبراهیم، چالاكوانی بواری مرۆیی بۆ (هەواڵ) وتی: "هیچ یاسایەك نییە ئەم مناڵانە بگرێتە خۆ یان چارەسەرێكیان بۆ بدۆزێتەوە و ئەوەش پێویستی بەوەیە لە ئایندەدا لەپەرلەمانەوە یاسایەك دەربكرێت بۆ رێگریكردن لە كاركردنی منداڵی خوار هەژدە ساڵ"، ئەوەشیخستەروو:"بەهیواین پەرلەمان بتوانێت بەدانیشتن ئەم یاسایە دەربكات و تابتوانرێت  و كاری پێبكرێت چونكە پێوستە یاسایەك هەبێت نەهێڵێت منداڵی تا تەمەن 18 ساڵ كاری پێبكرێ و بازرگانی پێبكرێت و لەسەر شەقامەكان بڵاویان بكەنەوە".
بەوتەی ئەو چالاكوانەی بواری مرۆی، دەبێت دەسەڵاتی چوارەم كە راگەیاندنەكانە بە وردی كار لەسەر ئەم دۆسیەیە بكەن بە حوكمی ئەوەی ئەوان دەسەڵاتی چوارەمن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیش دەبێت كاری لەسەر بكەن تەنانەت ئەوانەشی كە لە بواری منداڵدا ئیش ناكەن بەڵام لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ كاردەكەن، باسی لەوەشكرد:"پێویستە هەڵوەستە وەربگرن بەرامبەر بەم پێشێلكاریەی كەبەرامبەر بە مافی منداڵ دەكرێت و ئەوانەشی رێكخراوی مناڵانیشن.
هاوكات جوتیار ئیبراهیم، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:"پێویستە سەرجەم هاوڵاتیان  كەسایەتیەكان و  مامۆستایانی ئاینیش لەسەر ئەم پرسە بێنە دەنگ و لە مینبەرەكانیانەوە ئەوە رونكەنەوە كە مناڵ نابێت بهڵدرێت سواڵبكەن یان كار بكەن و پارەیان پێ كۆبكرێتەوە خەڵكی تێگەیەنن و هوشیار كەنەوە كە ئەوە رێگەپێدراو نییە تەنانەت لە ئاینەكانیشدا".
لای خۆشیەوە سەرۆكی لیژنەی كاروباری منداڵ و ژنان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، هۆكاری زیادبونی منداڵی سواڵكەر لەسەر شۆستەو ترافیكەكانی كەركوك دەگەرێنێتەوە بۆ خراپ دۆخی ئەمنی و سیسایی و ئابوری. 
جوان حەسەن، سەرۆكی لیژنەی كاروباری منداڵ و ژنان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك،  تایبەت بەم راپۆرتەی (هەواڵ)، رایگەیاند:"زیادبوونی حاڵەتی كاركردن و سواڵكردنی منداڵان لەسەر شەقامەكان و راوەستانیان لە ترافیكەكان چەندین هۆكاری هەیە لەوانەش؛ خراپی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەكە و ململانێكان بوونی شەڕی داعش و ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتی شارەكان و زیادبوونی كەمدەرامەتیان". ئەوەشیخستەروو:"ئەو هۆكارانە كاریگەریان لەسەر نەبوونی هەلی كار و دۆزینەوە سەرچاوەی بژێوی هەبوە".
بەوتەی سەرۆكی لیژنەی كاروباری منداڵ و ژنان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ، نەمانی سەرپەرشتی منداڵان و بەخێوكردنیان لەلایەن خێزانی راستەقینەی خۆیان و یانیش ناچار كردنیان لەلایەن خێزانەكانیانەوە بە كاركردن هۆكارێكی دیكەیە، روونشیكردەوە:"خراپی حوكمڕانی دەوڵەت و قۆرخ كردنی داهات و بودجە و سامانی ئەم وڵاتە و گوێ نەدان بە گوزەرانی خەڵكی و هاوڵاتی ئەو دیاردەیەی لێدەكەوێتەوە و كە چارەسەریشی لەدەست دەرچووە".
هاوكات بەرێوەبەری هۆبەی كاروباری منداڵان و ژنان لە پۆلیسی كەركوكیش، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەگەر چی ئەو منداڵانە دەستگیر دەكەین، بەڵام دادوەررایگەیاندوە كە هیچ یاسایەك نیە بۆیە بە ناچاری ئازادیان دەكەین. 
عەمید رزگار تەپەلو، بەرێوەبەری هۆبەی كاروباری منداڵان و ژنان لە پۆلیسی كەركوك بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:"ئەو منداڵانە گەر دەیان گرین و كۆیان دەكەینەوە تا دوریان خەینەوە سودی نییە چونكە دادوەر دەڵێ هیچ ماددەیەكی یاسایی نییە بۆ ئەو كەسانە و بۆ دەرۆزەكردن بۆیە خەڵكیشمان گرتبێت ئەوان بەرەڵایان دەكەن و فەرمانی گرتن و مامەڵەیان لەگەڵ ئەو كەیسە نییە و بۆیە ئێمەش ناتوانین هیچ كارێك بكەین".
بەرێوبەری هۆبەی كاروباری منداڵان و ژنانی پۆلیسی كەركوك، راشیگەیاند:" ئەو كەسانەی سواڵیان دەكرد دەستیگریانمان دەكرد و دوورمان دەخستنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان بەڵام بەهۆی ئەوەی یاسا نەبوو رێگریان لێبكات دەهاتنەوە و ئێستا بەو شێوە زۆرە پەیابوونەتەوە كە دەبینن".
عەمید رزگار تەپەلو، روونشیكردەوە:"لە رابردوودا دوو باندمان دەستگیركرد كە مامەڵەی نایاسایی بەو منداڵانەوە دەكرد كەچی دواتر بە كەفالەت بەردران و داوایان لێكرا كەركوك بەجێبهێڵن و بەڵام ئێستا لە هۆتێلەكان سەرۆك باندەكان دێن و دەچن".

‌ 435 جار بینراوه‌
9/22/2018 9:20:17 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved