»  چاوپێکەوتن
خوێندنی كوردی لە كەركوك رووبەڕووی كێشە دەبێتەوە


بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی كوردی: خەڵكانێك هەن منداڵەكانیان دەنێرنە خوێندنی عەرەبی، 
لەكاتێكدا ئاستی خوێندنی كوردی زۆر بەرزترە



لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن كێشەكانی خوێندنی كوردی لە كەركوك سەرهەڵدەدەنەوە، مامۆستا رەئووف سەعدوڵا، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی كوردی لە پەروەردەی كەركوك، لەم چاوپێكەوتنەی (هەواڵ)ـدا، باس لەو كێشەو گرفتانە دەكات كە لە ئێستادا رووبەڕووی خوێندنی كوردی لە شارەكە دەبنەوە”، ناشیشارێتەوە:” لە ئێستادا خەڵكانێك هەن منداڵەكانیان دەنێرنە خوێندنی عەرەبی، لە كاتێكدا ئاستی خوێندنی كوردی زۆر بەرزترە لە وانەی تر”.

* گرفتەكانی ئێستای بەردەم خوێندنی كوردی لە كەركوك چین؟
- گرفتی سەرەكی ئێمە ئەوەیە تائێستا پارەی وانەبێژی بۆ مامۆستایانی وانەبێژ بۆ ساڵانی(2016-2017-2018) خەرج نەكراوە، خۆمانیش هیچ داهاتێكمان نییە، بۆ خەرجكردنی پارەی وانەبێژی وەك ئەوەی بەڕێوەبەراتییە گشتییەكان هەیانە، ئەمەش لە كاتێكدایە، زۆر پشتمان پێیان بەستووە بەتایبەتی لە ساڵانی رابردوو، هەندێك لە مامۆستایانیش داوای گواستنەوەو تەنسیبیان بۆ هەولێرو سلێمانی كردووە، ئەمانە هەمووی كێشەی گەورەیان بۆ خوێندنی كوردی دروستكردووە.
* كێشەی سێ دەوامی و نۆژەنكردنەوەی خوێندنگەتان هەیە؟
- نۆژەنكردنەوەی خوێندنگەكان زیاتر لە گەڕەكە كوردنشینەكانن، بەتایبەتی هەردوو گەڕەكی پەنجا عەلی و كوردستان، لە ئێستادا هەندێ خوێندنگە ماون تەواو نەكراون، هەندێكیشیان كەمیان ماوە تەنها وردەكارییان ماوە، چاوەڕوانی ئەوەین حكومەتی نوێی عێراق پێكبیهێنرێت و پارە بۆ ئەو خوێندنگانە تەرخان بكات، لەگەڵ ئەوەشدا گرفتی سێ دەوامیشیمان هەیە.
* بۆ وەرزی زستان گرفتی نەبوونی پێداویستییەكانی وەك نەوت و سوپاتان رووبەڕوو دەبێتەوە؟
- بەهەمانشێوەی ساڵی رابردوو دەبێت، ئەو پێداویستییانە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوكەوە بڕێك نەوت بۆ خوێندنگاكان دابین دەكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە سەدا سەد سۆپای پێویستمان نییە بۆ گەرمكردنەوەی پۆڵەكان، بۆ ئەوەی خوێندكاران رووبەڕووی سەرما نەبنەوە، بەڵام دابەشكردنی نەوت هاوشێوەی خوێندنگەكانی تری شارەكە دەبێت.
* كتێبی پێویستان لەبەردەستە بۆ خوێندنگەكان؟
- خۆشبەختانە ئەمساڵ، حكومەتی هەرێم لە رێی گەنجینەكانی خۆیانەوە، ژمارەی كتێبی پێویستیان بۆ دابین كردووین، ئێمەش پێش ئەوەی كە دەوام دەستپێبكات دەستمانكردووە بە دابەشكردنی كتێب، بۆ ئەوەی كتێبەكان پێش دەستپێكردنی دەوام دابەشی سەر خوێندكاران بكرێت، بۆ ئەوەی هیچ كێشەیەكیان لەو بارەیەوە نەبێت.
* تائێستا چەند مامۆستاو خوێندكار لە شارەكانی هەرێمەوە نەگەڕاونەتەوە بۆ خوێندنی كوردی؟
- لە دوای رووداوەكانی ساڵی رابردوو و دۆخی كەركوكەوە تائێستا نزیكەی (120) مامۆستا نەگەڕانەوەو لە هەولێرو سلێمانی تەنسیب بوون، لەگەڵ زیاتر لە (2) هەزار خوێندكار.
* وەزارەتی پەروەردەی هەرێم هاوشێوەی شارەكانی تر مامەڵەتان لەگەڵ دەكات؟
- بەڵێ، لە دوا سەردانمان بۆ لای وەزیری پەروەردە بەڵێنی ئەوەی پێداین سەد ملیۆن دینار تەرخان بكات بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی خوێندنی كوردی لە كەركوك. 
* هۆكاری چییە خەڵكی منداڵەكانیان دەنێرنە بەر خوێندنی عەرەبی؟
- لە ئێستادا بەهۆی باردۆخەكەوە، بەشێك لە هاوڵاتیان منداڵەكانیان دەنێرنە بەر خوێندنی عەرەبی، حكومەتی عێراقیش ئەگەر دەسەڵاتی هەبێت زیاتر فشار دەكات بۆ ئەوەی خوێندنی كوردی لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان نەمێنێت یاخود لاواز بكات، بەتایبەتی لە رووی پرۆگرامەوە.
*دوا وتەت؟
- داوا لە كەسوكاری خوێندكاران دەكەم، زیاتر منداڵەكانیان بنێرنە بەر خوێندنی كوردی، چونكە بە پێی دەستوریش مافی خۆمانە بە زمانی كوردی بخوێنینن، داواشیان لێدەكەم هەر كێشەو گرفتێكیش هەبوو ئاگادارمان بكەنەوە لە پێناو ئەوەی بە زووترین كات چارەسەری بكەین، خوێندنگە كوردییەكانیش بە بەراورد بە خوێندكاگانی عەرەبی و توركمانی لە شارەكە ئاستیان زۆر بەرزترەو نمونەش بۆ ئەمە رێژەی دەرچوونە كە لە كۆی دە یەكەمەكەی شاری كەركوك پێنجیان خوێندكاری بەشی خوێندنی كوردی بوون.



‌ 517 جار بینراوه‌
9/29/2018 9:38:19 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved