»  بینین
دەستەبژێرن یان عەوام؟
دڵسۆز حەمە

تۆ بزانە لەچی دەورانێكی هێستری و پڕ هاتوهاواردا دەژین، هاتوهاوارێك كە بەرهەمی بانگەشەی ئەو خەڵكانەیە كە لەڕوی مێژووی ولە رووی لۆژیكیشەوە بێت دەبێت لە ریزی نوخبەو دەستەبژێر وپێشەنگی كۆمەڵگەدا بێنە ئەژمارد كردن، بەڵام ئاخۆ لە راستیدا ئەمانە دەستەبژێرن؟ئەو ئاكارانە چین كە دەستەبژێریان پێدەناسرێتەوە؟ ئەرك و بەرپرسیاری دەستەبژێر پەیوەستە بەپێگەو دەسەڵاتی ئەوهێز و گروپانەی پێوەی پابەندن یان پەیوەستە بە هێزێكی ئەخلاقی ناوەكی كە لە ویژدان و هۆشیاری خودی دەستەبژێرەر سەرچاوە دەگرێت، بەڵكو رەقیبی ناوەكی وفەزیلەت بەهێزترین خەسڵەتی جیاكردنەوەی دەستەبژێرە لە عەوام؟؟ ئایا دەستەبژێر پێویستە هەبن؟ 
جڤاتێكی كۆڵەوار و پاشكەوتوی وەكو كورد، جڤاتێكی پارچەپارچەو برینداری وەكو كورد چەندە توانای بەرهەمهێنانی دەستەبژێر و مرۆڤی پێشەنگی هەیە؟ ئایا دەكرێت لە غیابی دامودەزگای مەدەنی، سیستەمێكی پەروەردەیی مۆدێرن و بەهێز، لە غیابی دەزگای دداوەری بەهێز و ئەو ئامڕازانی كاردەكەن لەسەر بەهێزكردنی تاك و پاراستنی تەندروستی عەقڵی جڤات و خێزان لە غیابی ئەمانەدا چاوەڕی بین ئەم جڤاتە كەسی دەستەبژێر بەرهەمبێنێت؟ 
ئایا دەستە بژێر حاڵەتێكی فەردی و هەڵكەوتنێكی مێژوویی و بەهرەیەكی سروشتی خوادییە یان پڕۆژەیەكی درێژخایەنی كۆمەڵایەتیە كە دەسەڵات و كۆمەڵگە و دامودەزگا و هێزە كۆمەڵایەتیە جیاوازەكان بەشدارن تێێدا؟ 
لە كۆتاییدا ئایا حیزبی كوردی وەكو كاراترین و كاریگەرترین و بگرە تەنها دەزگایەك كە بەدرێژایی سەدەیەك زیاترە كاریگەری راستەوخۆی هەیە بەسەر دۆخی مێژویی وچارەنوسی جڤاتی كوردیەوە و لە سی ساڵی رابوردوشدا راستەوخۆ دەستی درێژی هەیە لە ژیانی گشتی و لە ئاڕاستەكردنی تەواوی كۆمەڵگە، ئایا حیزب نوخبەی بەرهەم هێناوە یان بۆخۆشی رۆڵی نیگەتیڤی هەیە لە كۆڵەواركردنی نوخبەو بگرە شێواندنی وێنەی رەوشەنبیر، دەستەبژێر؟ 
ئایا شێواندنی ئیماژی دەستەبژێر و رۆشنبیر، دانەپێشی كۆمەڵێك نەخوێندەوار و كەسانی بێ توانا بۆ پێگەهەستیارەكانی كۆمەڵگە (وەكو پارلەمان ) تەنها لەبەر وەلائی حیزبی و بەشبەشێن و خزمخزمێنە وباڵباڵێن و حەسەب ونەسەب و ئینتیمای حیزبی و هەموو ئەو پێوەرانەی دوورن لە ژیری و لۆژیكی ژیان و بەرپرسایری لە بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەیەكی ئاڵۆزی و وەكو كوردستان، ئەمانە ناكاتە شێواندن و لاوازكردنی ئەو دەزگا پێشەنگ وگرنگانەی كە شوێنی جوڵەی دەستەبژێرن، وەك زانكۆ، كایەی سیاسی و ئیداری، یاسادانان، پارلەمان؟
 پارلەمان رۆڵی ریشەیی هەیە لە ژیانی گشتی و بەرجەستەكردنی دیموكراسی و پەوەستكردنی خەڵك لە خوارەوە و دەسەڵات لەسەرەوە، پارلەمان لەبەر ئەوەی بونێكی مەعنەوی و شارستانی پێكهاتەی كۆی سیستەمی حوكومڕانیە پارلەمان تەنها و تەنها دەستەبژێر دەتوانێت كاری تێدا بكات، بیربكاتەوە، خەیاڵی سیاسی بەرجەستە بكات، رەقیبی دەزگای جێبەجێكار بێت، كۆمەڵگە وەكو پڕۆژەیەكی بەردەوام بێت بۆ باشتركردن وبەرهەمهێنانی دادوەری وفەزیلەت.
بەڵام ئەوەی لە مەعشەری كاندیدەكان وورد بێتەوە، ئەمانە كە لەنیوەزیاتریان نەك هۆشیاری سیاسی و زانستی و ئەكادیمی نیە بەڵكو لە زمانی كوردیشدا تەواو و دەست سپی و كۆڵەوارن، زۆر بەزەحمەت و شەڕەشەق ئینجا هێشتا ناتوانن گوزارشت لە بیرۆكەیەك بكات، ئاخر زمانزانی پایەی ئاخافتن وبەڵگەی بونی هۆشیاری وبیركردنەوەیە ، رۆڵان پارت دەبێژێت : زمان مانای بیركردنەوەیە.
ڕەنگە ئەو فەزا شێواوەی ئیدارەدان بێت كە پارلەمانی لە دەزگایەكی سەنگینی جێگای نوخبەوە كردۆتە دوكانێكی چەور وپڕی پارە، فرسەتی تەمەن بۆ دەوڵەمەندبونی ئاسان و بەپەلە وبێ ماندوبون، خەونێكی پەمەیی بەدیهاتوو، جێگایەك هەرزانترین و ئاسانترین كاسبی ودەستگەشتن بەپارە هەربۆیە هەموو دەستەبژێرێك لەژێر گومانێكی شەرمەهێنەردایە كە ئەم هەوڵە ماراسۆنیە بۆ ئەو ئیمتیازە مادیانەیە كە لەدیدی گشتیدا دزیەكی ئاشكرایە!
نمایشی بانگەشە هەمیشە تایەكە لەبەرزبونەوەدا، بەلام لەم جڤاتەی ئێمەدا، لە كەشوهەوای سیاسی ئێمەدا چونكە دەستەبژێر، ژیری، عەقڵ، حیكمەت و خەیاڵی سیاسی ژیرانە ودڵسۆزانە پیادەی ناكات، چونكە عەقڵ وپڕۆژەی سیاسی ونیشتمانی ئاڕاستەی ناكات، بەرزبونەی تای هەڵبژاردن هەمیشە فەزایەكە بۆ بەرزبونەی تۆنی هەڕەشە وتوڕەبون وشكان وبچوككردنەوە وڕاوەشانی پەنجەو هەڕەشەكردن و جنێو تەشهیر، هەڕەشەی زمانبڕین! ئاخر زمانبڕێن هەڵگری زیاتر لە دەلالەت و ڕەهەندێكی سیاسی و شارستانی و كۆمەلایەتی و فەرهەنگیە!
بەرزبونەی تای هەڵبژاردن لای ئێمە مانای هەڵڕشتنی رق وكینە وكرانەوەی فەزایەك، بەخشینی پانتاییەك بۆ خاڵیكردنەوەی كینە وبوغزی هێزەكان لەهەمبەر یەكتری و فەراهەمكردنی دۆخێكی هێستری كە هاوڵاتی ئاسایی (لە جڤاتێكی دواكەوتودا) نەك نابێتە بەشێك لە فەزای سیاسی وپڕۆژەی نیشتمانی بەڵكو راپێچ دەبێت بۆ ئەو گەردەلولە هێستریەی بەناوی هەڵیژاردنەوەی كاردەكانی حیزب بەناوی دەستەبژێرەوە فەراهەمیان كردوە بۆ گەشتن بەدەزگایەك كە هی دەستەبژێرەو بەردەوام چوار خول وبیستو پێنج ساڵە زۆرینەكەی عەوام دەچیتە ناوی!

‌ 245 جار بینراوه‌
9/29/2018 9:43:04 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved