»  باران
رۆشتن و لەبیركردن باشترە لەمانەوەو بێنرخ بوون
رەوەند عەبدوڵا حەمە



گەنج، لاو رۆشنبیر، خوێنەرانی كتێب دەڕۆن، وڵات جێدەهێلن لە بێهیوایی، بازرگان و سواڵكەرانی سیاسەتیش بەكەیفی خۆیان بەربوونەتە گیانی خەلك بەناوی جۆراوجۆرەوە، نیشتیمانێك كە ئارامی و خۆشبەختی بە دڵ و دەرون و ژیان نەبەخشێ و كۆت و بەندی كۆمەڵێك تاقم بێت، هاوكات تاكەكانی نیشتیمانەكەی بێدەنگ بن و وەك كۆیلە بژین، شایەنی ژیان نییە تیایدا، سیاسیەكان بەجۆرێك، دڵنیابونەتەوە لەبێدەنگی كۆمەڵگە، بەئارەزوی خۆیان ستەم و زوڵم نەما نەیسەپێنن بەسەر كۆمەڵگەدا، ئا لێرەوە هەموو دەروازەكان لە جیاوازیەكان دادەخرێت و روانینە كراوەكان بۆ دنیا قبوڵ ناكرێت 
لەم كەش و هەوایەدا دنیایەك دیكتاتۆری بچوك و دنیایەك ستەمكاری بەرهەمدێت، كوردستان پڕە لە مەترسی نەك لەبەر ئەوەی خەلكی زۆری تیا دەژی، بەڵكو لەبەر ئەوەی هەمووان خراپەكانی دەبینن كەچی بێ دەنگیشن، بەم بێدەنگییەش دەبێ چاوەڕوانی خراپتر بكەین، لەبەر ئەوەی لەماوەی حوكمڕانییاندا دەسەڵاتی سیاسیمان بۆ دەركەوتووە كە چاكسازی ئیدارەدان و بەڕێوبردن و بەم جۆرە سیاسیانە ناكرێت، ناوچەكە توشی زۆر قەیرانی تر دەكەن، لەڕووی سیاسی، دارای، كۆمەڵایەتییەوە، لەوە سەیرتر لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا دووبارە متمانەیان پێدەدرێتەوە، بەڕاستی ئەمە بۆ خۆی كارەساتێكی گەورەیە، دەبێت كۆمەڵگە باجەكەی بدات 
بێدەنگ بوونی گۆمەڵگا لە روداوەكان ئەم دەرئەنجامەی لێكەوتۆتەوە، كەئێستا كوردستان بەم قۆناغە دژوارەدا تێپەڕدەبێت، ئەم سیاسیانە هیچ جوانییەكیان لەكوردستاندا نەهێشتێتەوە، تەواو كۆمەڵگەیان بێهیوا كردووە، ناكرێت كۆمەڵێكی كەم خۆش بژین لەسەر حسابی زۆرینە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بێدەنگییەی كۆمەڵگە، ئەگەر بێتو گۆمەڵگە بەردەوام بێ لەم بێدەنگییە، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی كارەساتی زیاتر بكەین، لەهەر كوێیەكی ئەم دنیایەدا كۆمەڵگە یەكبوون لەبەرانبەر حكومەت بۆ داواكردنی مافی یەكسانی كۆمەڵگە بەرانبەر یاسا، دواتر داواكردنی خزمەتگوزاری، دەی كۆمەڵگەی ئێمە زۆربەی زۆری داواكانیان لەدەسەڵات بۆ باشتركردنی خزمەتگوزارییە، كۆمەڵگە دەبێت داوای گۆڕینی سیستەمەكە بكات و لەگەڵ سەروەری یاسا بەرانبەر گشت تاكەكانی كۆمەڵگە، هەركات سیستەمی سیاسی وڵات گۆڕاو یاسا سەروەر بوو، جیاوازی نەكرد لەنێوان سەرجەم چین و توێژەكان، ئەوكات قەیرانەكانی تر، چارەسەر كردنیان ئاسان دەبێت
دەبێت گۆمەڵگە لەوە تێبگات كەچیتر نابێ متمانە بەم سیاسیانە بكرێ، دەبێت گشت كۆمەڵگە یەكبێت بۆ داكۆكی كردن لەمافەكانیان، دژی هەموو جۆرە ستەم زۆردارییەك بوەستنەوە، دەبێت گۆمەڵگە باش لەو راستییە تێبگات، دەبێت مافی گشتی بخرێتە پێش مافی تایبەتییەوە، نابێت تاكەكان وابیر بكەنەوە، خۆم هەمبێت زۆربەی كۆمەڵگە بانەیبێت ئاساییە، ئەمە بۆ خۆی كارەساتە دەبێت رێگە نەدرێت دامودەزگاكان گاریگەری حزبیان لەسەربێ، وەك ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە دامو دەزگاكانی هەرێمی كوردستان.


‌ 409 جار بینراوه‌
9/29/2018 9:57:05 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved