»  کاتژمێر یازدە
 عەقڵی تازەی پارتی لای خوارەوەیە
شوان داودى


لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، وەك چاودێرێكی سیاسی نەك وەكو یەكێتییەك چاودێریم دەكردو وەكو رۆژنامەنوسێك دیدارو لێدوانەكانم بڵاودەكردەوە.
بەوردی ئاگاداری جوڵەی هەردوولا (یەكێتی و پارتی) بووم، چی لە جوڵە سیاسییەكانی بەغدا چی لە راگەیاندنەكان، چونكە لە دەرەوەی یارییەكە بووم دیمەنەكەم باشتر دەبینی، بە هۆی ئەزمونی چوار ساڵی رابردووم لە پەرلەمانی عێراقیش دەتوانم كەشی ناو پەرلەمان بەگشتی و نوێنەرەكان بە تایبەتی بخوێنمەوە.
لە دەرەوەی هەردوو كاندیدەكەی یەكێتی و پارتی، سێ كاندیدی تری كورد هەریەك لە (د.لەتیف رەشید، سەردار عەبدوڵا و سروە عەبدولواحید) هاوڕێمن و پێشتر رای خۆم پێیانوتووە.
دوور لەوەی كە د. بەرهەم چۆن گەڕێنرایەوە نێو یەكێتی و چۆن كاندید كراو چۆن ئیشی بۆكراو چۆن سەرخرا؟ ئەمە قسەی زۆر هەڵدەگرێت و هەڵیدەگرم بۆ دەرفەتێكی تر، بەڵام تەنها ئەوەندە دەڵێم یەكێتی دەمێكە تەماحی لەو پۆستە نەماوە، ئەمجارەیان ئەو پۆستەی بۆ د.بەرهەم بوو زیاتر لەوەی بۆ یەكێتی بێت، لە هەمانكاتدا ویستی بە پارتی بڵێت: “ستۆپ”.
پارتی ویستی بە زۆرەملێ ئیرادەی خۆی بسەپێنێت و هەموو هەوڵێكیشیدا چی بە رێگەی رێككەوتنی سیاسی لایەنە سیاسییەكانی عێراق، چی بە پارە واتە كڕین و فرۆشتن لەناو نوێنەران، چی بە فشارو چاوسوركردنەوە، چی لە رێگەی فشارە دەرەكییەكانەوە، مەبەستی بوو سەركەوێت و پەیامێك بداتە لایەنە كوردستانییەكان كە هێشتا قسەی كورد لای پارتییەو بەس.
كاك مەسعودیش ئەوەی لەبیرچوبوو كە ئێستا سەرۆكی پارتین نەك سەرۆكی هەرێم، تەنانەت لە دانانی كاندیدەكەی پارتیشدا دووربین نەبوو، وەكو سەرۆكی هەرێم مامەڵەی كرد نەك وەكو سەرۆكی پارتی، كەسێكی لە قیادەی حیزبەكەی كاندید نەكرد، چونكە نەیویست پارتییەك پۆستێكی لە خۆی باڵاتری هەبێت، پەنای بردە بەر فەرمانبەرێكی خۆی لە سەرۆكایەتی هەرێم بۆ ئەوەی راستەوخۆ خۆی ببێتە مەرجەعی سەرۆك كۆمار، ئەوەش یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی شكستەكەی بارزانی بوو لە رۆژی دووی ئۆكتۆبەردا.
سەرجەم ئەو وتارو بڕیارو بەیاننامانەی پارتی و بارزانی دەریانكردووە لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، راست دەبوو كاتێك پێش دۆڕاندنی كاندیدەكەیان لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكەدا دەریان بكردایەو نەچوونایەتە كێبڕكێكەوە، بۆیە ئەو هەڵایەی ئێستایان هەمووی كاردانەوەیە، كاندیدەكەی پارتی د.فوئاد حسێن (89) دەنگی هێناوە، ئەمە هەمان دەنگەكانی (خالد عوبێدی) كاندیدی بەشێك لە سوننەكان بوو بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان كە (89) دەنگی هێنا، واتە پارتی ئیشی خۆی كردووە، بەڵام سەركەوتوو نەبوو.
لەگەڵ ئەو هەرایەی قیادەی پارتی دروستیان كردووە، بەشێك لە كادرەكانی خوارەوەی پارتی جوانتر لە سەركردایەتیەكەیان بیردەكەنەوەو پێشنیازی دروست دەدەنە سەرووی خۆیان، بەڵام كێشەكە لەوەدایە ناخوێنرێتەوە، لێرەدا دوو نمونە لە بۆچوونی كادرەكانی خوارەوەی پارتی دەخەمەڕوو:
یەكەمیان وشیار عەزیز ئاغا لە فەیسبوكی خۆی دەڵێت: “ئیتر پێویستە بەرهەم ساڵح تێپەڕێنین و قسەی لەسەر نەكەین، ئیتر ئەو سەرۆك كۆمارەو پیرۆزی بێت”.. لە درێژەی نوسینەكەیدا دەڵێت: “تكایە با ئیتر ئەم دۆخە تێپەڕێنین، پرۆسەیەكی دیموكراسیانەی پڕ فرت و فێڵ و گزیبو وەك پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و كوردستان، چۆن ئەوان قبوڵ كران ئەمیش قبوڵ دەكرێت، بۆیە با ئیتر بیدەینە دەست ئیهمالكردن، لە جیاتی ئەوە بیر لەوە بكەینەوە چۆن ڕێگر بین لەوەی كاردانەوەكان لە كوردستان ئاشتی و ئارامی پێكەوە ژیان تێك نەدات و نەمان گێڕێتەوە بۆ سەردەمی سەنگەر لەیەك گرتن و دوو ئیدارەیی ...هتد.
دووەمیان پۆستێكی د.هەڵمەت غەریب كە كادری پارتی و مامۆستای زانكۆیە، دەڵێت : “لەبری ئەوەی پارتی قەوانی تقلیدی خیانەت دوو بارە و هەزار بارە لێبداتەوە باشترە قەناعەت بەخۆی بكات چۆن سیاسەت لەگەل ئەم گەنجە نوێیانەی ماڵباتی تاڵەبانی بكات، ئەم گەنجانە گوێ بەو بەندو بالۆرانە نادەن كە لەبارەی خیانەت و كوردایەتی و یەكڕیزی و ئاشتەواییەوە ئەگوترێت، لای تاڵەبانیە نوێیەكان سیاسەت لەپێناوی دەستكەوت بنەمایە نەك یەكڕیزی و ئەو چەمكە تەقلیدیانەی ناو دنیای سیاسەتی باوی كوردی، پێویستە پارتی فێربێت سیاسەت لەگەڵ ئەم جیلە جیاوازە لەگەڵ حراس القدما‌و ئەوان خۆریان ئاوابووە، ئەم جیلە لە بەریتانیا گەورەبوون جیاوازتر بیرئەكەنەوە ئینگلیزانەش ئەجوڵێنەوە بۆیە پێویستە پارتیش بەنەهجی كاركردنی خۆیدا بچێتەوە ...هتد
ئەمەش ئەو راستییەمان پێدەڵێت جیا لە نوسەرە مشەخۆرو ماستاوچییەكان، كادرانی خوارەوەی پارتی خوێندنەوەی دروستیان بۆ دۆخەكە هەیە جیاوازتر لە سەركردایەتییەكەیان كە بە كاردانەوە كاردەكات بیردەكەنەوە.


‌ 230 جار بینراوه‌
10/6/2018 8:57:23 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved