»  پەڕەموچ
پەڕەی ئاسمان قەدەری شەوە
ستار ئەحمەد


قژی تاریكیم گرت و
بەسەر سێبەری رۆحما هەڵاتم
ئەستێرەیەك لەخوێنما بەستەی دەووت
لەلێواری لوتكەیەكا، 
ئانیشكم لەبەردێك گیركرد
نەشیعرێك سیاچەمانەی دەگێڕا
ئاوازێك نەبوو ژێی دەروونم ببزوێنێ
بەرامبەر شەو دانیشتم
تاریكیم دەگریان و
بەزەیی ئاسمان لەخوێنما دەتوایەوە
شەو قەدەری یاساغی رێبوارێكی دەركراوبوو
مانگ نیگای مێژووی فەرهەنگێكی داگیرساوبوو
لەگڕ رووناكیم خواست و
كفنێكی ئاگرم بەباڵای ئەندێشەی
هەنگاوما دووری
تارماییەك لەبزەی خۆر 
بسكی بە ئاورنگ داهێنا
پەلكەزێڕێنەدەسرازەی تیشكی
لەگەردنی بنارەكان بەست
هاودەمێك نەبوو بمدوێنێ
جگەلەشنەی تریفەی هەڵبەست
لەو كاتەوەی راودەنرێم
لەبوخچەی شیعرا خۆم دەشارمەوە
لەخۆر دەگەڕێم و
دڵداری لەگەڵ مانگدا دەكەم
ئەستێرەدەكەمەدۆستێكی بزربوو
لەتاریكی بترازێ
راوورووتی هەست و
دورگەی خەونەكانم دەكا
سێبەرێكم نەدیوەلەتۆ بچێ
ساتێك لەگەڵ تەنهاییما
بەرەو نەمانی عومری من هاواربكا.

‌ 92 جار بینراوه‌
10/6/2018 9:16:23 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved