»  پەڕەموچ
چوار كورتەچیرۆك
شاناز جەوانشیر


بەتەمەن دا چوونێكی لە ناكاو
ئەوە یەكەم جارە كە بەم شێوەیە لە گەڵ پیاوێك دا ئاوێتە دەبم هەرچەند كە قەرار بوو هەموو شت هەر بە تەنیا ماچ بێ بەڵام ئەو خەریكە لە بەڵێنەكەی خۆی لادەدا ، هەتا دێم دەستی لە قەدم كەمەوە دووگمەكانم دەترازێنێ و بە دوای خۆی دا دەمباتە كۆگای دووكانەكەی و دەمم لە نێو دەمی دەنێ ، هەناسەگەرمەكانی نارێك و پێك دەبێ و تووند بەخۆیمەوە دەنێ .
لە ناكاو ترسێ دامدەگرێ ، دەڵێم :” نا ، نا با تەواوی كەین هەر ئەوندە بەسە ، نا .. ”
بەڵام ئەو بەم قسەیەم بە تینتر لە دوایی ماچم دەكات و لێوەكانی بۆ بناملم دەبات ، خەرمە خرمی گوارە زێوەكانم چەشنی موسیقایەكی خۆش لە گوێم دا دەزرینگێتەوە ، مووسیقایەك كە ئاوێتەی خۆیم دەكات و هەرچی ترس و گومانە لە بیرم دەباتەوە ، سەرخۆشی خرمە خرم و مڵچە مڵچی لێوەكانی لە گەڵی دەخزێمە نێو بووكەشووشە لە مۆدكەوتووەكانی كۆگاكە و كاتێ بە خۆمدا دێمەوە لە تەواوی ئەو كچانەی كە دەیانناسم بە تەمەن تر بووم ئەوندە كە خۆشم خۆم ناناسمەوە ! .

هێڵەكانیش
مامۆستای زمانی هاوینیمان لەو ڕۆژەی پۆلەكەیان لێ داخستووە هەتا دێ كەسەربارتر دەبێ بەڵام بێ ئەوەی بە دەری خات تێ دەكۆشێ ئەمجار لە تێلێگرامەوە وانەكانی جارانی دووپات كاتەوە : ” یەكەم وشەی .. ”
دیسانەوە و دیسانەوە :” یەكەم وشەی ..”
مەخابن هێڵەكانیش پیلانڕێژكراون.

من هەروا كە بووم مامەوە !
مامم بە چەقۆكەی باپیرەم باوكمی كوشت ، بەڵام دوایی كە چاوی بە فرمێسكەكانی دایكم كەوت لەوە زیاتر بەرگەی نەگرت، لە سەر دەستی باپیرم و گەورەكانی خێڵەكەمان دایكمی حەڵاڵكرد . ئەمجار مامم وەك چۆن ئامۆژنمی بانگ دەكرد دایكشمی بانگ دەكرد، بەڵام من هەتا ئێستا هەر بێ باوك مامەوە..

كۆلارە
پێشكەشە بە مناڵان
دەستم بە دەستی بەهاری خوشكەزامەوە سەری دەزووەكە شل دەكەم ، دەڵێم :” دەی ، دەی سەیری پەڵە سوورەكەی نێوی كە ؟”.
كۆلارەكە بەرز و بەرزتر دەبێتەوە ، ڕووخسارە سێ سووچەكەی بە گوێیە ڕەنگاڵەكانیەوە بە شنە بایەكە خوارخێچ دەبێت و سەری لە سەری خۆر دەكەوێ و بە ئاسمان دا هەڵدەچێ .
بەهار دەستی لە نێو دەستم دەردەكێشێ و لە كاتێك دا لە بەرچاوە كاڵەكانی دەرگرێ لووتە قوڵەكەی قنج دەكات ، دەڵێ :” پووڵێ كوا، كوا ؟”.
بۆ ئەوەی یارمەتیم دابێ تۆزێ دەزووكە كۆ دەكەمەوە و چاوەكانم كز دەكەم ، دەڵێم :” ئەمجار سەیری كەوە پەڵە سوورەكە دەبینی ؟”.
بەهار لێوەكانی بە پێكەنینێكی خنجیلانەوە دەكاتەوە ، لە خۆشی دا دەستەكانی دەدا بە یەك دا و یەك بە خۆی لە سەر چیمەنەكان هەڵدەخاتەوە ، دەڵێ :” كۆلەكەمان پێ دەكەنێ ! كۆلەكەمان پێ دەكەنێ !”.
دیسانەوە دەستی بۆ دەزووەكە دێنێ ، دەڵێ :” نا ، نا ، بە خۆم ، بە خۆم”.
دەڵێم :” ئای بەهار بایەكە دەیڕفێنێ ها”.
بەهار دەزووكە لە نێو دەستم دەكێشێ دەڵێ :” نا ، نا بە خۆم”.
دەزووكەی سووكێ دەدەمێ ، دەڵێم :” باشە زۆر دەستت شل مەكە”.
بەهار بە دوای كۆلارەكەی دا دەستی شلوشل دەكاتەوەو لەناكاو كە سەیری ئاسمان دەكەم ئەو لەو سەرە دەبینم كە بە دوای كۆلارەكەدا خواروخێچ دەبێت و پێچ دەخوات.

‌ 437 جار بینراوه‌
10/6/2018 9:17:15 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved