نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  چاوپێکەوتن
سیروان ئەحمەد: حزبە كوردستانییەكان حزبی هەڵبژاردن نین
ئا / هەواڵ

حزبەكان نازانن رێژەی حەقیقی خۆیان چەند كورسیە

سیروان ئەحمەد، ئەندامی پێشووی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق وشارەزای بواری هەڵبژاردن، لەم چاوپێكەوتنەی (هەواڵ)ـدا، تیشك دەخاتە سەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی كوردستان و هاوكات راشیدەگەیەنێت:” دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق پەیوەندی بە حكومەتەوە هەیە نەك كۆمسیۆن”و پێشیوایە حزبە كوردستانییەكان حزبی هەڵبژاردن نین.

* راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی كوردستان دوای بیست رۆژو لە كاتی نیوەشەودا بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- كۆمسیۆنی هەرێم هەموو ئەو بڕیارو رێكارە یاساییانەی دەگرتەبەرو ئەو سیستەم و بڕیارانەی دەردەكرد بۆ هەڵبژاردنەكان سەرجەمیان پەلە پروزێیان پێوەدیاربوو، كە ئەوەش زۆر سەیربوو، بەنمونە ناكرێت ماوەی پازدە رۆژ پێش هەڵبژاردن بانگەشەی ئەوەی دەكرد دەتوانرێت بە ناسنامە و پاسپۆرت و رەگەزنامەی عێراقی دەنگ بدەن، دواتر لەماوەی پێش هەڵبژاردنەكان بە  هەشت كاتژمێر بڕیارەكەی گۆڕی و وتی دەبێت دەنگدەر رەگەزنامەی عێراقیشی هەبێت، ئەبوایە دوای 72 كاتژمێر ئەنجامە بەراییەكانی رابگەیاندایە، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن بەهۆی بوونی سكاڵایەكی زۆرەوە نەیانتوانی رایبگەیەنن، بۆنمونە لە هەندێك ناوەندی دەنگدان لە كەلار هەندێك بنكە دەنگەكانی تەواو بووەو هیچ سكاڵایەكی لەسەر نەبووە، بەڵام ئەوان قردێلەی سوریان لێداوە، ئەوەی مایەی سەرنجە، ئەوەیە بە چ پێوەرێك نوێنەری گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو ئیمزا لەسەر ئەنجامەكان ناكەن، لە كاتێكدا بیانوویان ئەوە بووە كە ساختەكاری كراوە، كە ئەوەش ئەو رێكارانەی ئەوان گرتویانەتە بەر دەریدەخات بە چ شێوەیەك ساختەكاری كراوە، ئەوان خۆیان نوێنەری ئەو سێ لایەنە خۆیان بەرپرسیارن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنەكان چۆن كراو و چۆن بووە، چونكە خۆیان بەشێكن لە كۆمسیۆن بەنمونە نوێنەرەكەی گۆران دكتۆرە رێزان كە بەرێوبەری ئیدارەی هەڵبژاردنە،  بڕیار و راسپاردە و سەرجەم كارەكانی كۆمسیۆن ئەو دەیگرێتەبەر .

*بەشێك لە نوێنەری لایەنە سیاسییەكان لە كۆمسیۆن ئامادەی راگەیاندنی ئەنجامەكان نەبوون، ئایا راگەیاندنەكە شەرعی بوو؟ 
-ئەگەر بیانوی ئەو نوێنەرانە ئەوەیە ساختەكاری كراوە ئەی ئیشی ئەوان چیبوە بۆچی رێكارێكی باشتریان نەگرتۆتەبەر كە ساختەكاری كەمبكاتەوە، ئەو تۆماری دەنگدەرانەی كە پشتیان پێ بەستبوو زۆر زۆر خراپ بوو، خەڵك هەیە لە سلێمانی بووە كەچی ناوی لە زاخۆ هاتۆتەوە، شەرعیەتی هەڵبژاردنەكان ئەنجومەنی دادوەری پەسەندی كرد، ئەوە تێدەپەڕێت و پەسەند دەكرێیت، بەپێی ئەوەی بە زۆرینەی رەها تێپەڕی، ئەو شەوە ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیاریان دابوو كە ئەو ئەنجامەی پێشكەشی ئەنجومەنی دادوەری ئەكەن بە دوو لەسەر سێی ئەندامان ئیمزای بكەن ئینجا تێبپەڕێت، بەڵام ئەنجومەنی دادوەری ئەوەی رەتكردەوە وتی نەخێر بە پەنجا كۆی یەك دەبێت. 
*لە رۆژی هەڵبژاردندا یەكێتی پرۆسەكەی رەتكردەوە، كەچی دواجار پەسەندی كرد، ئەگەر یەكێتی پرۆسەكەی پەسەند نەكردایە لە رووی یاساییەوە چی رووی دەدا؟
- ئەگەر نوێنەرەكانی یەكێتی نیشیتمانی كوردستان لە ئەنجومەنی كۆمسیۆن ئیمزای لەسەر ئەنجامەكان نەكردایە ئەوە نوێنەرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەیانكرد بەرانبەر بەدەستهێنانی چەند سەفقاتێكی سیاسیی، كە ئیمزاشی نەكرد هۆكارێكی ئەوە بوو كە كورسیەكانی لە24 بۆتە 12 بۆیە ئیمزای نەكرد، ئەو نەگەڕایەوە بۆ ئەوەی هۆكاری كەمكردنەكەی دەنگەكانی چییە. 
* ئەی یەكێتی چۆن ئەنجامەكەی پەسەند كرد؟
- یەكێتی سەرەتا ئەنجامەكەی رەتكردەوە كە لەوەشدا ناحەقی نەبوو، چونكە لەهەولێر و دهۆك ساختەكارییەكی زۆر كرابوون، هاوكات دەستكاری زۆری دەنگەكانیش كرابوو،  بەنمونە دهۆك كەمترین دەنگدەری هەیە لەسەر ئاستی هەرێم، بەڵام دەنگی پارتی لە دهۆكدا هێندەی هەموو حزبەكانە لە كوردستان. 

* پرۆسەكە لە رووی پێوەری نێودەوڵەتییەوە چۆن بوو؟
- سەرتاپای هەڵبژاردنەكان لەرووی پێوەری نێودەوڵەتییەوە باش نەبوو، دەستكاری و ساختەكاری زۆر بوو، ئەوەش كۆمسیۆن هۆكاری سەرەكی بوو كە نەیتوانی ساختەكارییەكان كۆنترۆڵ بكات و رێگرییان لێ بكات. 

* پرۆسەكە لە هەموو ناوچەكانی كوردستان بە یەك شێوە بوو یاخود جیاوازی لە شارەكان هەبوو؟
- لە زۆنی سەوز پەنجا حزبی لێیەو سەرجەمیان مونافسەی یەكتر دەكەن، بەڵام لە زۆنی زەرد كەس ناتوانێت بەرانبەر پارتی قسەبكەن، تەنانەت خوێندكارانی شەشی ئامادەیی لە زانكۆ وەرنەگیراون دەڵێت لە سلێمانی خۆپیشاندان ئەكەین كەچی وەزارەت لە هەولێرەو ئەوێ پایتەختە نەك سلێمانی، ناوێرن لە ترسی پارتی و تەنها بەرانبەر یەكێتی دەتوانن قسەبكەن. 

* پێش هەڵبژاردنەكان بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان دەڵێن رێگری تەواو لە ساختەكاری كراوە، بەڵام دواتر كە دەنگ ناهێنن سەرلەبەری پرۆسەكە بە ساختەكاری لە قەڵەم دەدەن، ئەمە بۆچی ؟
- ئەگەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن باشبێت ئەوە حزبە ئۆپزسیۆن و ناڕازییەكان دەڵێن كۆمسیۆن و رێكارەكان و سیستەمەكە باشە، بەڵام ئەگەر ئەنجامەكە بە دڵی ئەوان نەبێت و رێژەیان كەم بكات ئەوە دەڵێن ساختەكاری كراوە و رێكارەكان باش نەبونە، ئەوەش بۆ خۆ دزینەوەیە ئەگینا ئەبێت بكەونە دوای ئەوەی هۆكاری كەمكردنی دەنگەكانیان چیە و رێگەچارەی بۆ بدۆزنەوە، نەك بكەونە دوای ئەوەی قسە لەسەر پرۆسەكە بكەن، بۆ ئەوی كەموكوڕییەكان و هۆكاری كەمكردنی دەنگەكانیان چارەسەربكەن، بەڵام  حزبە كوردستانییەكان لەبەر ئەوەی حزبی هەڵبژاردن نین، تەنها خەریكی فەوزان، كلتورێك دروستبوە لەلای ئێمە كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان رەتبكەنەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش بە هەمان شێوەیانكرد، تەنانەت لە ساڵی 2013 گۆڕان 25 كورسی هێنابوو یەكێتی 18 كەچی دەیوت یەكێتی ساختەكاری كردووە، ئەوەی كلتورێكی خراپە و كە ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەكەنەوە، وەك وتم ئەم حزبانە چونكە حزبی هەڵبژاردن نین، تەنها سەرچاوەیان بۆ ئەوەی پشتیان پێببەستن ئەوەیە كە ساختەكاری بكەن و دەستكاری ئەنجامەكان بكەن و ناتوانن بەرنامە و ئامانجەكانیان دیاری بكەن، ئەوەش بۆ خۆدزینەوەیە لە ئەنجامە خراپەكەیان، تەنانەت حزبەكان نازانن رێژەی حەقیقی خۆیان چەند كورسیە، ئەو پێوەرە بۆ سەرجەم حزبەكانی دەسەڵات و ناڕازییەكانیش هەمان شێوەیە، چونكە هەڵقوڵاوی ناو یەكترن، ئەوەش بۆتە كلتورلە ناو كۆمەڵگا كە بەداخەوە بۆتە مایەی تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتیش. 

* ئەو سیستەمەی هەڵبژاردنە لە هەرێم پەیڕەو دەكرێت، بۆ هەرێم دەگونجێت یاخود هاوشێوەی عێراقی لێ بكرێت؟
- بەپێی جوگرافیای هەڵبژاردن لە عێراق لە 18 بازنەیەو لە كوردستان یەك بازنەیە، هەردوو حاڵەتەكەش باشی و خراپی خۆیی هەیە، ئەگەر یەك بازنەبێت باشییەكەی لەوەدایە دەنگەكان ناسوتێت، بەڵام ئەگەر فرە بازنەبێت ئەوە خەڵك دەنگەكەی خۆی دەدات بەنوێنەری شارەكەی، بەهۆی ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە لە هەرێم یەك بازنە بوو، دوو كەس لە یەكێتی توانییان لە ناوچەی بادینان ببنە پەرلەمانتار، بەڵام لە پێشودا وانەبوو هیچ نوێنەرێكی نەبوو، بەڵكو كۆمەڵێك دەنگیشی سوتا. 

* دەوترێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دوادەخرێت، لە كاتێكدا دەبوو لە مانگی دوازدەی ئەمساڵ بەڕێوەچوایە، هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
-ئەبوایە هەڵبژادنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 20/4/2017 ئەنجام بدرایە بە پێی یاسا و دەستور، چونكە لە 2013 هەڵبژاردن كرا، كۆمسیۆن لەو بابەتی دواخستنە تاوانی نیە، چونكە خۆیان لە ئێستادا سڕكراون، ئەو سڕكردنە هۆكارێكی سەرەكیە، خاڵێكی دیكەش ئەوەیە كە حزبە سیاسیەكانی ئێمە دۆڕان و شكست و تەنانەت بردنەوەش قبوڵ ناكەن و ئەوەش وادەكات هەڵبژاردنەكان دوادەكەوێت، تاوانی حكومەتیشی تیایە چونكە دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن ئەركی سەرۆكی حكومەتە. 

* رێژەی كەمی بەشداریكردنی هاوڵاتیانی كوردستان لە پرۆسەی دەنگدان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- هۆكاری نەچون و كەمی بەشداریكردنی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەكان ئەوەیە خەڵك بێمتمانە بووە، بڕوای بەم هەڵبژاردنانە نەماوە، بەتایبەت بانگەشەی هەڵبژاردن لای ئێمە ئەو كاتەی دا ئەنرێت بۆ بانگەشە، ئەو ماوەیە زیاتر خەڵك بێزار ئەكەین لە بری ئەوی وابكەین بچنەسەر سندوقەكانی دەنگدان، بۆ نمونە حزبەكان قسە لەسەر یەكتر دەكەن و دەسەڵات بە ئۆپزسیۆن  ئۆپزسیۆن بە دەسەڵات، كەچی كەسیان نایەن قسە لەسەر بەنارمەی خۆیان بكەن و بەرنامەی خۆیان بخەنەڕوو، باسی ئەوەبكەن هەڵسەنگاندنی باش بۆ بەرنامەو پرۆژەكانی خۆیان لە رابردوو بكەن و چیان پێكراو چیان نەكردوە، بۆیە  خەڵك متمانەی نەماوە و بێزار بوە لەم حزبە سیاسییانە لەبەر ئەوە یە رێژەی بەشداریكردن كەمە، ئەوكەمكردنەش لەسەرجەم دونیادا حاڵەتێكی ئاساییە كە خەڵك رێژەی بەشداریكردنی كەمبێت، بەڵام ئەوی ئێمە رێژەیەكی زۆری ساختەكاری كراوە، كە ڕەنگە ئەو ساختەكارییە نەكرایە ئەوە رێژەی بەشداریكردن 20 - 25 % تێنەپەڕاندایە.

* دوا وتەت؟
- پێمباشە حزبە سیاسییەكان بەرنامەی خۆیان لەسەر ئایندە بۆ بەرچاو روونكردنی كۆمەڵانی خەڵك و گرنگی بەشداریكردنی هاوڵاتیان بخەنەڕوو لە كۆمەڵگادا.   


‌ 1089 جار بینراوه‌
10/26/2018 11:08:56 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved