نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  شۆک
چەپكێ لە مێژووی یەكێتی خوێندكارانی كوردستان (ی.خ.ك)
سمكۆ مەحمود شوانی

بیری دامەزراندنی رێكخراوی خوێندكاران لەلایەن رابەران و هەڵگیسێنەرانی شۆڕشی نوێی گەلی كوردستان چەكەرەی كرد، بۆیە دوای كۆمەڵێك دانیشتن و گەڵاڵەكردنی دامەزراندنی ئەو رێكخراوە لە 26 / ٤ / 197٦ یەكێتی خوێندكارانی شۆڕشگێری كوردستانی عێراق لە كۆبونەوەیەك لە كركوك لە ماڵی مامۆستا محمد حسن خورشید دامەزرا، بەشدار بوانی كۆبونەوەی دامەزراندنی هەڤاڵ كۆسرەت رسوڵ علی و محمد حسن خورشید و شێخ لەتیف شێخ عومەر و رەوف ئاكرێی و شەهید شامل ) بونە، كە ئەم پێنج كەسە شەهید ئازاد هەورامی بەیەكیانی ناساندوە بۆ ئەو كارە. دوایی لە سەر راسپاردەی هەڤاڵ مام جەلال وشەی شۆڕشگێڕی لێ لادراوە وتویەتی" لەبەر ئەوەی خوێندكاران توێژێكی كۆمەڵن نەك چین، بۆیە ناكرێ شۆڕش بەرپا بكەن بەڵكو تەنها دەتوانن پشت و پەنای شۆڕش بن" بەم شێوەیە ناوەكەی گۆڕا بۆ یەكێتی خوێندكارانی كوردستانی عێراق و دوا جار بە حوكمی بیرە جیاوازەكان لەسەر شۆڕشی نوێی گەلەكەمان ناوەكە بو بە (یەكێتی خوێندكارانی كوردستان - عێراق) دواتریش بە كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان ناسراو تا ئێستا بەو ناونیشانە خزمەت بە خوێندكاران دەكات.
هەر لەسەر راسپاردەی مام جەلال یەكێتی خوێندكاران بە درێژەپێدەری یەكێتی قوتابیانی كوردستان خۆی دەناسان و ساڵانە لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی قوتابیان لە 1953 بەیاننامەی دەردەكرد.
٭ ی.خ.ك لە درێژەی خەباتی لەپێش راپەڕینی بەهاری 1991سێ كۆنفرەنسی بەستووە :

1 - كۆنفرانسی یەكەم:
 لە ٥ / 9/ 1978. لە ژێر دروشمی خوێندكاران جۆگەلەیەكی رۆشنبیرین بۆ شۆڕشی نیشتیمانی دیموكراسی لە كوردستاندا ) بەسترا. لەبەر هەڵەو كەمو كوڕیەكانی ئەم كۆنفرەنسە و گیروكرفتەكانی فكرە جیاوازەكان لە 3/ 3/ 1980 كۆبونەوەیەكی بەپەلە ساز دەكەن وەك درێژە پێدەری كۆنفرەنسی یەك، بەڵام هەر وەك پێویست ناگەنە ئەنجام تا كۆنفرەنسی دووەم.
2 - كۆنفرانسی دووەم : 
كۆنفرەنسی دووەم لە گوندی بارە پان نزیك قەڵادزێ لە 2٤-2٥ / ٦ / 1982 لە ژێر دروشمی ( لە پێناو پتەو كردنی ریزەكانی خوێندكاران گرێدانی خەباتمان بە خەباتی سەرجەم خوێندكارانی كوردستانەوە ) بەسترا. 
بەشدار بووانی كۆنفرانسی دووەم :
جمال عەبدوڵا رۆستم ناسراو بە هەڵكەوت عەبدوڵا، ناوبراو خوێندكاری كۆلیژی پزیشكی بو لە بەغدا بەڵام تەواوی نەكردبو لەبەر ئەوەی لە لایەن رژێمەوە ئاشكرا دەبێت و رادەكات كە ئەوكات لە دەرەوە بو نەك ناو شار.
لە كەركوكەوە ساڵح عزیز رشید كە ئێستا بە سالار رشید ناسراوە و ئەوكات ناوی نهێنی جوتیار بو،وە خالد محمد فاتح. هەروەها لە موصڵەوە دكتۆر عصام نامق و رزگار ناوێك و لە هەولێرەوە سیروان كریم خەڵكی كەلار خوێندكاری زانكۆی صلاح الدین. لە سلێمانیەوە ئاوات احمد علی ناوی نهێنی سەرچڵ.
٭ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی خوێندكاران لە كۆنفرانسی دووەم :
1- جمال عەبدوڵا رۆستەم (هەڵكەوت)، سكرتێر ی.خ.ك.
2- ئاوات احمد علی(سەرچڵ) لێپرسراوی لقی سلێمانی.
3-ساڵح عزیز رشید ل.ل.كركوك.
٤- دكتۆر عیسام نامق ل.ل.موسڵ.
٥- سیروان كریم ل.ل.هەولێرو زانكۆی سەڵاحەدین، ناوبراو خەڵكی كەلار بوو، لە ئاداب بەشی كوردی بوو لە زانكۆی سەڵاحەدین.
- لە دوای كۆنفرانس عیدۆ قاسم شكر ناسراو بە شوان خەڵكی ئاكرێ كە تازە بوبوو بە پێشمەرگەو لە بارەگای خوێندكاران لە بالیسان كرا بە لێپرسراوی لقی دهۆك.
٭ دوای ماوەیەك هەلكەوت بەرەو هەندەران كۆچ دەكات و وازدەهێنێ، دكتۆرعصام لە شوێنی ئەو دەبێت بە سكرتێر. هەروەها سیروان كریمش خوێندن تەواو دەكات و وازدەهێنێ بۆیە لە شوێن ئەو ساڵح عەزیز رەشید دەبێت بە ل.ل.هەولێرو زانكۆ، خالید محەمەد فاتحش لە شوێن ساڵح دەبێت بە ل.ل كركوك، خالدش لە 1983 واز دەهێنێ لە شوێن ئەو عزالدین مجید(كرێكار) دەبێت بەل.ل.كركوك.
3 - كۆنفرنسی سێیەم : 
كۆنفرانسی سێیەم لە خوێندنگای سەرەتایی گوندی خەتێ لە دۆڵی خۆشناوەتی لە 7-9/ 7/ 198٤ لە ژێر دروشمی ( بەرەو پتەوكردنی ریزەكانی یەكێتیمان وگەشەپێدانی خەباتمان وگرێدانی بە خەباتی سەرجەم جەماوەری شۆڕشگێڕی كوردستانەوە) بەسترا.
٭ ستافی ئەنجومەنی سەركردایەتی ی.خ.ك-ع ئەمانە بون كە بەشدار بون لە كۆنفرانسەكە: 
1 - دكتۆر عصام نامق سكرتێر و لێپرسراوی لقی موصڵی ی.خ.ك بە حوكمی ئەوەی خوێندكاری كۆلیژی پزیشكی موصڵ بو ئەوكات.
2 - ساڵح عزیز رشید خەڵكی كەركوك، ئەندامی ئەنجومەن ولێپرسراوی لقی هەولێری ی.خ.ك. بەحوكمی ئەوەی خوێندكاری كۆلیژی زانست بو لەزانكۆی صلاح الدین لە هەولێر.
3 - عزالدین مجید (كرێكار) خەڵكی كەركوك، خوێندكاری زانكۆی صلاح الدین، ئەندامی ئەنجومەن و لێپرسراوی لقی كەركوك ی.خ.ك.
٤- جەزا احمد كوردە،خەڵكی سلێمانی ئەندامی ئەنجومەن ولێپرسراوی لقی سلێمانی.
٥- عیدۆ قاسم شكر (شوان) ئەندامی ئەنجومەن و پێشمەرگەی بارەگای خوێندكاران و لێپرسراوی لقی دهۆك.
٭ كۆنفرەنسەكە سێ شەو و رۆژی خایاند و تەوەرەكانی كۆنفرەنس بریتی بو لە :
- خوێندنەوەی نامەی ئەو سەركردانەی بە نامە بەشداریانلە كۆنفرەنسەكە كردبو وەك نامەی هەڤاڵ مام جەلال و مەلابەختیار و دكتۆر پێشەوا تاڵەبانی و دكتۆر كەمال خۆشناو كە ئەوكات لێپرسراوی مەڵبەندێ سێی هەولێر بو لە بالیسان.
-خوێندەوەی راپۆرتی ئەنجومەنی ی.خ.ك-ع لەلایەن دكتۆر عصامەوە، لەسەر كاروچالاكیەكانی ئەنجومەن لە ماوەی 1982 تاكو 198٤، بەتایبەتی ئەو ماوەیە ماوەیەكی پڕ گەرم و گوڕی خەباتی خوێندكاران بو وەك خۆپیشاندانەكانی خوێنكاران لە شارەكانی كوردستان و زانكۆكانی عێراق و زانكۆی صڵاح الدین لە هەولێر و دوایش خۆپیشاندان و مانگرتنەكانی خوێندكاران لە سەرجەم خوێندنگاكانی كوردستان بە كەركوكیشەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر دەكردنی ئەو خوێندكارە كوردانەی ئامادە نەبون لە وەرزی هاوینی خوێندن ببنە جێش الشعبی. هەروەها باسی گفتوگۆی رژێمی بەعس و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان یەكێك بو لە باسە گرنگەكانی كۆنفرەنسەكە بەتایبەتی هەڵوێستی ئەنجومەنی خوێندكاران دژی ئەنجامدانی گفتوگۆومفاوزە بو لەگەڵ رژێم، هەڕوەها پەرچەكرداری سەركردایەتی یەكێتی بەرانبەر ئەم ناڕەزایەتیەی ی.خ.ك، بەتایبەتی نەوشیروان مستەفا.
-داڕشتنەوە و پەسەندكردنی پەیڕەو و پرۆگرامی نوێ ی.خ.ك
- هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی ی.خ.ك-ع.
٭ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێ :
سەرجەم ئەنجومەنی كۆن ئامادە نەبون خۆیان هەڵبژێرنەوە و دوای كۆنفرەنسش بە وازهێنانێكی جەماعی لە دوتوێی راپۆرتێكی وازهێنانی 17 لاپەڕەیی، وازهێنانی خۆیان لە ریزی یەكێتی خوێندكاران راگەیاند.
ئەوانەی بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردرانەوە :
1 - احمد محمود محمد (رەوف) خەڵكی سلێمانی كانێسكان كە ئەوكات خوێندكاری شەشی ئامادەیی بو دوایی كۆلیژی ئدارەو ئیقتسادی تەواو كرد لە زانكۆی بەغداو ئێستا مامۆستایە لە سلێمانی و ماوەیەكش بەڕێوەبەری ناوەندی پیرەمێرد بوو لە سلێمانی.
2 - ئیسماعیل محمود احمد ناسراو بە سمكۆ شوانی كە ناوی نهێنی لە ناو خوێندكاران ( شاهۆ)بو، خەڵكی كەركوك گەڕەكی بەگلەر/ حەمام عەلی بەگ، ئەوكات خوێندكاری ئامادەیی ابو ایوب انصاری شەوان بو لە كەركوك، هەڵبژێردرا بۆ ئەندامی ئەنجومەن و لێپرسراوی لقی كەركوك.  كۆنفرەنسی محەلی خۆ ئامادەكردنی لقی كەركوك بۆ بەشداری لە كۆنفرەنسی سێی ی.خ لە ماڵی ئەوان كرا لە گەڕەكی حمام علی بگ.
3 - سیروان.... خەڵكی هەولێر ئەوكات خوێندكاری ئامادەیی بو لە دواناوەندی شۆڕش لە هەولێر، ئەندامی ئەنجومەن و لێپرسراوی لقی هەولێر، ناوبراو نزیكەی ساڵێك دوای كۆنفرانس بەرەو هەندەران كۆچی كرد. لە شوێن ئەو نجات فاتح امین خەڵكی كەركوك دانیشتوی هەولێر/ خانوكانی كارگەی جگەرە وەك لێپرسراوی لقی هەولێر پەیوەندی راستەوخۆی بە سمكۆ وە هەبو. 
٤- كەسێك خەڵكی قەڵادزێ، ئەوكات خوێندكار بو لە زانكۆی موصڵ هەڵبژێردرا بە ئەندامی ئەنجومەن و لێپرسراوی لقی موصڵ.
٥ - فازل عوسمان فقێ عزیز خەڵكی كەركوك /ئیمام قاسم، لەبەر ئەوەی هەر ئەومان تیا بو كە خوێندكاری زانكۆی تكنولۆجی كۆلیژی ئەندازیاری بو لە بەغدا ئەو دەستنیشان كرا بە لێپرسراوی لقی بەغدا، كە پێشتر لقی بەغدا بونی نەبوو.
٦- عیدۆ قاسم شكر (شوان)، وەك ئەندامی ئەنجومەن و لێپرسراوی لقی دهۆك دانرایەوە.
٭ ئەنجومەنی تازە دوای تەواوبونی كۆنفرانس لە درەنگانی شەوی 9 / 7/ 1984  لە هەمان خوێندنگەی سەرەتایی خەتێ كۆبونەوەی یەكتر ناسینیان ئەنجام دا، چونكە لە كۆنفرانسەكە هەموی بە دەمامك(قناع)ەوە بو، هەر لەو كۆبونەوەیە وادەی كۆبونەوەی داهاتوی ئەنجومەن دیاری كرا كە ماڵی احمد محمود(ڕەوف) لە گەڕەكی كانێسكان لە سلێمانی بۆ زیاتر یەكتر ناسین و داڕشتنی نەخشەی كاری داهاتوی خوێندكاران و وەرگرتنەوەی لیستی ئەو رێكخستنانەی لای ئەنجومەنی كۆن بو. هەروەها بە پێی پەیڕەو پڕۆگرامی پەسەندكراوی كۆنفرانسی سێ لە یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی خوێندكاران دەنگ لەسەر هەڵبژاردنی سكرتێری ی.خ.ك بدات. كۆبونەوەكە بە پێی وادەی دیاری كراو رۆژی هەینی 21/7/198٤ لە ماڵی احمد لەسلێمانی ئەنجام درا تیایدا بە دەنگی ئامادەبوان لێپرسراوانی لقەكانی هەلێر وسلێمانی وموصڵ و كەركوك اسماعیل محمود احمد (سمكۆ) هەلبژێردرا بە سكرتێری ی.خ.ك و سەرباری لێپرسراوێتی لقی كەركوك، تا 198٦ بە نامەیەكی دەست لەكاركێشانەوە لە لایەن احمد محمود ل.ل.سلێمانی و اسماعیل محمود(سمكۆ) سكرتێر و ل.ل.كركوك بۆ هەڤاڵ مام جەلال وازیان لە خوێندكاران هێنا و ابو زێد صمد شریف ناسراو بە سامان كەركوكی لێپرسراوی بارەگاخوێندكاران و پەیوەندیەكانی خوێندكاران،بو بە سكرتێری ی.خ.ك تا 1987 لە لایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیر دەكرێت. ئیتر رێكخراوی خوێندكاران كارو چالاكیەكانی بە نا رێكخراوی مایەوە تا دوایی راپەڕینی بەهاری 1991 دوبارە رێكخرایەوە وەك درێژە پێدەری هەمان رێكخراو.
٭ بارەگای ی.خ.ك لە بالیسان 
بۆ دیدار و كۆبونەوەكان و راپەڕاندنی ئیش و كاری راگەیاندن و بڵاوكراوەكانی خوێنكاران وبە چاپ گەیاندن و ناردنەوەی بڵاوكراوەكان بۆ ناو شار و پەیوەندیەكانی خوێندكاران لەگەڵ پارت و رێكخراوەكانی تر بەتایبەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و یەكێتی مامۆستایان كە بارەگای یەكێتی مامۆستایان لە بالیسان بو. 
 بارەگای ی.خ.ك پێك هاتبون لە سێ پێشمەرگە :
1 - ابوزێد صمد شریف ناسراو بە سامان كەركوكی، خەڵكی كەركوك بو، لێپرسراوی بارەگا و پەیوەنیەكانی خوێندكاران بو.
2 - عیدۆ قاسم شكر (شوان) پێشمەرگە.
3 - عبدالرحمن حمید جۆڵا ناسراو بە ئاوات خەڵكی كەركوك، پێشمەڕگە.
٤- سیروان عزیز فلامرز ناسراو بە سیروان دیسكۆ، سیروان پێش كۆنفرەنسی سێ پ.م نەبو، دوای كۆنفرانس ستافی تازەی خوێندكاران لە كەركوكەوە ناردیان بۆ بارەگاكە و كردیان بە پێشمەرگە.

٭ بڵاوكراوەكانی ی.خ.ك
1 -گۆڤاری رێبازی خوێندكاران لە سەردەمی 1982-198٤ سێ ژمارەی لێ دەرچوە، لە سەردەمی دوای كۆنفرەنسی سێ تەنها یەك ژمارەی لێ دەرچوە.
2 - گۆڤاری باباگوڕگوڕ، لقی كەركوك دەری دەكرد سێ ژمارەی لێ دەرچوە، دوانیان لەشێوەی دەسخەت و بە رۆنیۆ راكێشراوەتەوە و یەك ژمارەی بە تایپ.
3 - گۆڤاری هەڵوێست لقی موصڵ دەری دەكرد نازانم چەن ژمارەی لێ دەرچو.
جگە لەوگۆڤارانە چەندین نامیلكەی تریان بەچاپ گەیاندوە. كە ئەوەی ئێستا لە یادمە ئەركەكانی رێكخراوی لاوان نوسینی لینین وەرگێڕانی هەڵگورد كە ناوی نهێنی نوزاد احمد اسود بو لە ریزی خوێندكاران وپەیوەندی بە عزالدین مجیدەوە هەبو. هەروەها كەموكوڕیەكانمان و چۆن چارە دەكرێ لە نوسینی نەسرەوت كە ناوی نهێنی ساڵح عزیز رشید بو لە ریزی كۆمەڵەی رەنجدەران و ئەم نامیلكەیە لە چاپخانەی شەهید برایم عەزۆ چاپ كرا.

٭ بۆنوسینەوەی ئەم راپۆرتە سودم وەرگرتوە لە : 
- ساڵح عزیز رشید
- ابو زێد صمد شریف (سامان)
- احمد محمود محمد(ڕەوف)
- ئاوات احمد علی (سەرچڵ)
- مامۆستا محمد حسن خورشید
- كورتەیەك لە مێژوی بزوتنەوەی خوێندكاران لە نوسینی كەیفی عەبدەڵا فەتحوڵا،سەنتەری چالاكیە رۆشنبیریەكانی هامون لە كۆیە، 2002.

‌ 544 جار بینراوه‌
4/13/2019 3:55:35 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved