نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  راپۆرت
دەركەوتنەوەی بەغدادی هاوكێشەكان دەگۆڕێت
ئا/ هەواڵ

دەركەوتنەوەی ئەبوبەكر بەغدادی بەرپرسی یەكەمی رێكخراوی داعش هاوكێشەكان دەگۆڕێت و ئەمریكاش دەلێت تا ئێستا جەنگ لە دژی داعش كۆتایی نەهاتووە.
دەركەوتنەوەی ئەبوبەكر بەغدادی بەرپرسی یەكەمی رێكخراوی داعش، چەند مەترسی بۆسەر ئاسایشی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە دەبێت، كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لە كوێی ئەو مەترسییەدان چەند پێویستیان بە هێزی هاوبەش هەیە بۆ پاراستنی ناوچەكە.

عێراق كۆمەڵێك میلیشیا بەڕێوەی دەبەن 
رەوەند مەلا مەحمود، جێگری یەكەمی لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” هاتنی داعش بۆ ئەم ناوچانە لەسەرەتاوە كە خۆیان ئیعلان كرد وەكو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، ئەمان توانییان پانتاییەكی زۆر داگیربكەن، مەبەستەكەیان دوو حاڵەتی هەبوو، حاڵەتێكیان مەغدوریەتی عەرەبی سوننە لە ناوچەكە، حاڵەتی دووەمیان بیریان لە حكومڕانییەك دەكردەوە كە لەگەڵ  هەندێ دەوڵەتی جیران و دوای چەندین  كردەوەی تیرۆریستی گەورە، ئەمە وایكرد رەئەكان لەسەریان جیاواز بێت،هێواش هێواش ئەو تاقمە بەرەو پوكانەوە چون و  گەلەكۆمەیەكی گەورە لەسەریان كرا”.
رەوەند مەلا مەحمود وتیشی:” بۆ جاری دووەم كە جارێكیتر دەردەكەونەوە ئێستا شیعەی عەرەبی لە عێراق فشارێكی زۆری لەسەر سونەی عەرەبی دروستكردووە، لە هەمانكاتدا كێشمەكێشمی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە تایبەت لەسەر پۆستەكان، وایكردووە هەریەكە بەشێویەكی تر خۆیان پیشاندەدەن، لە هەرێمی كوردستانیش پارسەنگێكی بەهێز هەبوو كە كوردبوو، بەڵام لە دوای شكانی داعش جارێكی دیكە ئەم پارسەنگییە تێكچوەوە، ناوچەیەكی زۆری كوردستان كەوتەوە ژێر دەسەڵاتی عێراق، ئێستا ئێرانییەكان و عێراقیش فشارێكی گەورەیان لەسەر ئەم ناوچانە دروستكردووە، پێموایە پیشاندانەوەی ئەبوبەكر بەغدادی وەكو سەرە شێرێك جارێكی دیكە پیشانی عێراقی دەدەنەوە كە واز لە هەندێ كردەوەی تەسفیات بێنن، ئەمە وایكردووە ئێستا جارێكی دیكە دەردەكەوێتەوە، پێشموایە جارێكی تر ئیهتمامیان پێدەرێتەوە بەڵام رەنگە بە جورێكی زیاتر لە پێشوو”.
جێگری یەكەمی لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك، ئاماژەی بەوەشكرد:” پێموایە عێراق خۆی هێشتا دەوڵەت نییە، عێراق ئێستا كۆمەڵێك میلیشیا بەڕێوەی دەبەن، چونكە عێراق بەرەو هەڵوەشانەوەیەكی قورس دەڕوات،حكومڕانییەكانی عێراق توشی حاڵەتێكی هەڵتۆقانی خراپ بونەتەوە نەیانتوانیوە ئیدارەی ئەم وڵاتە بەباشی بەڕێوەبەرن، ئەمانە هەمووی هۆكاری جدین بۆ ئەوەی ئەم حاڵەتانە دروست بێتەوە”.
باسی لەوەشكرد:” داعش لە رووی سەربازییەوە شكاوە، چونكە ئەوانەی داعشیش بوونە هاتوونەتەوەو وازیان لە فكرەكەیان نەهێناوە بەئاشكراش قسە لەسەر ئەوە دەكەن و ئەوان توشی شكستێكی عەسكەری و ئیداری و ئابوری بوون، بۆیە لەناو جیلەكانی دوای داعشیش فكری داعش بە ئاسانی لەناو ناچێت، چەند جیلێكیان پەروەردەكردووە، ئەگەری هەیە ئەو جیلانە بە شێوەیەكی جیاتر لەوانەی كە خەڵكیان سەردەبڕی، جارێكی تر ئەوانیش خۆیان رێكبخەنەوە، هێشتا مەترسییەكانی داعش گەورەن لەسەر ناوچەكە، داعش هەندێجار خۆیان حەشار دەدەن بۆ ئەوەیانە خۆیان رێكبخەنەوە، بەڵام ئەو كاتانەی كە دەردەكەونەوە بۆ ئیسپاتنكردنە بۆ ئەوەی بڵێن هەین، بۆ ئەوەی هەوادارەكانیان بتوانن پەیوەندییان پێكەوە بكەن”.
راشیگەیاند:” مەترسی گەورە لەسەر ناوچەكەی ئێمە لە دوو سێ رووەوەیە، مەترسییەكیان ئەوەیە ئەم هێرشی داگیركاری كە ئێستا بە شێوەیەك تەعریب دەكات، هێرشێكی مەزهەبییە، ئەم هێرشە مەزهەبییە خۆی لە خۆیدا فەوزایەكی قورسی دروستكردووە، چونكە ئێستا دەبینین، هیچ دەزگاو دائیرەیەكی دەوڵەتی ناتوانێت هیچ كارێكی ئیداری بكات، لەلایەكی ترەوە ئێستا هێرشەكان لەسەر كەركوك جیاوازن، جاران هەر تەعریب بوو، بەڵام ئێستا بە شێوەیەكی ترە وەك ئابوری و سیاسی و مرۆییە لە هەموو روەكانەوە”.

داعش هەموو كاتێك هەوڵی خۆ رێكخستنەوە دەدات
لیوا هیوا رەش، فەرماندە لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” نزیكەی دووساڵ پێش ئێستا لەناوبردنی داعش لە رووی سەربازییەوە لە عێراق راگەیاندرا، بەڵام فكری داعش هەرماوەو بەردەوامی هەیە، هەموو كاتێكیش هەوڵی خۆ رێكخستنەوە دەدات، دوای ئەوەی هەموو ئەو داعشانەی لە سوریا كۆكرانەوە جارێكیتر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات كە سەركەوتنیان راگەیاند، بەڵام هیچ لایەك سەركەوتنی بەسەر فكری داعشدا رانەگەیاند، تەنها ئەوەیە كە خاك بەدەستیانەوە نەماوە، بەڵام لێرەو لەوێ لە زۆر شوێن هێشتا تەنانەت لە سنوری دەوروبەری كەركوك و قەرەچوغ و حەمرین شوێنیشیان بەدەستەوە ماوەو خۆیان رێكدەخەنەوە”.
لیوا هیوا رەش وتیشی:” ئەو گرتە ڤیدیۆییەی ئەبوبەكر بەغدادی، ئەمە تەحەدایەكە بۆ هەموو ئەو دەنگانەی كە دەڵێن داعش لەناو چووە، داعش تەبەنی ئەوەی كرد كە لە هەشتا وڵات زیاتر لە نەوەت و دوو كردەوەی تیرۆریستیان  كردووەو هەموویان لەسەر خۆیان حساب كردووە، ئەمە خۆی لە خۆیدا وەڵامدانەوەیەكی ئەو دەنگانەیە كە دەڵێن داعش لەناو چووە”.
بە وتەی ئەو فەرماندەیەی  هێزی پێشمەرگە، داعش تا ئێستا هەندێ ناوچەی وەك خاك و شارو ناوچە لە دەستداوە، بەڵام وەكو فكرە زۆر لە پەرەسەندایە، ئێستا فكرەی داعش بڵاوەی كردووە بۆ ئەفریقیا و ئەوروپا، دەبینین چالاكییان هەیە ئیتر چ بە شێوەیەی تاك بێت یاخود شێوەی خۆكوژی، ئەمە هەمووی ئەوەیە لە رووی فكرەكەوە بەهێزتر بوونە، ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەكان هەیە و زیاتر هەوڵبدرێت لە رووی فكری و سەرچاوەی داهاتەوە وشك بكرێن، بەدوای ئەو شوێنانە بگەڕێن كە پشتگیرن بۆ ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە  كە دەزگای هەواڵگرین یان لە ئاستی دەوڵەتدان”.
باسی لەوەشكرد:” لە عێراقیش پێویستە زیاتر هەمانگی لەنێوان هێزە عێراقییەكان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەبێت، بەتایبەتی بۆ هەموو ئەو ناوچانەی كەوا پێی دەڵێن جێناكۆك”.
ئاماژەی بەوەشكرد:” ململانێی لە ناو هەموو عێراق لە نێوان لایەنە سیاسیەكان هەیە كەوا ناهێڵێت تەنانەت وەزارەتەكانیش بە رێكی پێكبهێنرێت رۆڵ و كاریگەری خۆیان هەیە، كوا وەزارەتێك كە خۆی وەزیرێكی تایبەتی هەبێت ئەو وەزارەتە بەڕێتەرێوە لەگەڵ ئەوەی وەزارەتێك بە وەكالەت ببرێتەڕێوە یاخود سەرۆك وەزیران بیباتە رێوە، تائێستا بەراستی وەك پێویست نییە، هەماهەنگییەكانیش لە نێوان هێزە عێراقییەكان وەكو پێویست نییە، پێویستە هەماهەنگی تەواو هەبێت لە نێوان هێزە عێراقییەكان خۆیان و وەك( پۆلیسی ئیتیحادی و حەشد و سوپا و دژە تیرۆروبەرپەرچدانەوەی خێرا) و لێرەش لەگەڵ هێزی پیشمەرگەش  یەك دووجار كۆبوونەوە كراوە بۆ ئەوەی بگەینە ئەوەی كە هەماهەنگی تەواو هەبێت لە نێوانمان، بەڵام هەنگاوەكان  زۆر بە خاوی دەڕۆن و پێویستە ئەمە باشتر رێكبخرێتەوە، بۆئەوەی بتوانین جارێكی تر نەهێڵین ئەمجۆرە رێكخراوانە چ داعش یاخود هەر رێكخراوێكی تر جێ پێگەی خۆیان دروست بكەنەوە چ لە عێراق چ لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت لە ناوچە دابڕێنراوەكان”. 

نیشانەیەكە بۆ یەكگرتنەوەی باڵە تێكشاوەكانیان 
سمكۆ شوانی، شارەزای بواری ئەمنی بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” دەركەوتنەوەی ئەبوبەكر بەغدادی، خۆی بۆخۆی مەترسییەكەو نیشانەیەكیشە بۆ یەكگرتنەوەی باڵە تێكشاوەكانیان و ئەو چەكدارانەی لێك دابڕاون، هەروەها ئاگاداركردنەوەیەكیشە بۆ ئەمریكا”.
سمكۆ شوانی وتیشی:” دەركەوتنەوەی داعش و بەغدادی لەم كات و ساتەدا، كەئەمریكاو ئێران بەرامبەر بە یەكتر سمكۆڵان دەكەن، خاڵێكە لەو خاڵانەی كە هەڕەشەیەكە بۆسەر ئەو دۆخە ئاڵۆزەی كەوا ئێستا لە نێوان ئەمریكاو ئێران هەیە، ئەمەش خەتێكە لەو شەڕەی كە ئەگەرێك هەیە لە ناوچەكە رووبدات، ئینجا چ لە قازانجی ئەمریكا بێت یاخود ئێران یا سعودیە بێت، واتە ئەو ململانێیانە بۆشاییەكی بۆ داعش دروست كردووە”.
ئەو شارەزای بواری ئەمنییە باسی لەوەشكرد:” مەسەلەی بابەتی دانەنانی هەردوو وەزیری بەرگری و ناوخۆی عێراق تائێستا، كە خۆی سەركردایەتییەكی مەركەزی سوپای عێراقییەو ناوەندێكی بڕیاری عێراقی لە پەرتەوازەییدا بێت، ئەمەش خۆی بۆخۆی لایەنێكی خراپی دەبێت لەسەر هێزە ئەمنییەكان چ سەربازی و چ ئەمنی، ئەمەش كارێكی باش نییە، ئەوەش یەكێكی ترە لە هەڕەشەو مەترسییەكان”.


جەنگی دژ بەدعش كۆتایی نەهاتووە 
وتەبێژێك بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە: ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەمان بینی كە ئەبوبەكر بەغدادی تیرۆریست بڵاویكردوەتەوە، لێكۆڵەرە پسپۆڕەكانمان پێداچوونەوەی تێدا دەكەن و بۆ راستی و دروستی تۆمارەكەش دەگەڕێینەوە بۆ دەزگای هەواڵگری.
ئەو وتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەشڵێت:”شكستی داعش لەسەر زەوی عێراق و سوریا لێدانێكی ستراتیژی و دەرونی بوو، كۆتایی بەناو خەلافەتی داعش هێنا، سەركردەكانیان لەگۆڕەپانی جەنگ دەكوژران یان هەڵدەهاتن”. 
ئەوەشی وتووە: جەنگی دژ بەدعش كۆتایی نەهاتووە، هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا فشارەكانی لەعێراق و سوریاو تەواوی وڵاتانی جیهان بەردەوامبێت بۆ گرەنتی هەمیشەیی شكستی داعش و بەدادگا گەیاندنی سەركردەكانیان

 لەلایەن وڵاتانەوە هاوكاری دەكرێت.
شێرزاد سەمەد، چاودێرسی سیاسی لەو بارەیەوە بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” داعش هەم وەكو فكرە هەم وەكو هێزێك كە تا ئێستا لەم ناوچەیەی كە سەریان هەڵدا، بنبڕ نەكراوە، لە رووی سەربازییەوە گورزیان بەركەوتووە، بەڵام لە رووی ئایدۆڵۆژییەوە بە هۆی ململانێ نێودەوڵەتییەكان و چ فكری بێت چ هەیمەنەتی ئەمریكا بێت بەسەر ئەم ناوچانەدا، بەردەوام لەو شەڕەدا دەبن”.
وتیشی:” بە كۆتاییهاتنی یا بە كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی رەنگە كۆتایی بە مەسەلەی داعش نەیات، ئەوە ئەزمونی بن لادن و زەرقاوی، یان ئەزمونی لەناوبردنی زۆرێك لەسەركردەكانی بەعس، تائێستا نەیتوانیوە ئەو فكرە لەناوبەرێت بە گشتی، بەهۆی ئەوەی ئەم ناوچەیە بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حاكم و حكومڕانەكانی ئەم ناوچانە زیاتر خەڵكی گەندەڵ و دكتاتۆرن، نەیانتوانیوە ژیانێكی خۆش بۆ هاوڵاتیانیان فەراهەم بكەن”.
ئاماژەی بەوەشكرد:” زۆربەی ئەو خەڵكانەی كە هەست بە پەراوێزخستن دەكەن بۆ نمونە سەرهەڵدانی داعش لە موسڵ و رەمادی و دیالە زیاتر سودیان لەو خەڵكانە بینی و پەیوەندییان پێوەكردن كە بێكارو بێدەرامەت بوون، یان پاشماوكەكانی بەعس بوون و پێشتر لە دەسەڵات بوون و دواتر لە دەسەڵات نەمابوون، بۆیە مەسەلە لە كوشتنی بەغدادی نییە، مەسەلە لە چارەسەركردنی كێشە بنەڕەتییەكەكانی خەڵكە، خەڵك هەست بە خۆشگوزرەانی بكات، هەست بە ئارامی بكات، بتوانێ روحی هاونیشتیمانی بوونی لە لا پەیدا بێت، دڵسۆز بێت بۆ حكومەتەكەی خۆی”.
باسی لەوەشكرد:” رەنگە ئەگەر داعش وەكو داعش نەمێنێت، بەشێوازی جیاجیاوە سەرهەڵبداتەوە، دەبینین هەموو ئەو بزوتنەوە ئیسلامییە توندڕەوە چەكدارانە لە وڵاتە برسی و هەژارەكانەوە لەو وڵاتانەی كە ناعەداڵەتی تێدایە، هەتاكو نەتوانرێت بەرنامەیەكی باش دابنرێت، نە بە هێزی ئەمریكا نە بە چەكداری هیچ وڵاتێك هێزی چەكداری داعش، كۆتایی پێ بهێنیت”.
شێرزاد سەمەد، ئەوەشیخستەڕوو:” لەبەرئەوەی داعش خۆیان هەڵگری بیرۆكەی خەلافەتی ئیسلامین دوو سێ وڵات هەیە بە شێوەی سەرەكی پشتیوانییان دەكەن، ئیخوانچییەكان بە گشتی و قەتەر و سعودیاو توركیاش لەم میحوەرەدا كە هاوسنورە لەگەڵ سوریا و عێراق و لەگەڵ داعشیشدا هەموو ئەو هێزو لایەنانەی كە بە ناشەرعی پارە پەیدا دەكەن لە فرۆشتنی نەوت هاوكاری ناراستەوخۆیان دەكەن بۆیە وشكردنی سەرچاوە ئابورییەكانی ئەوان، كارێكی زەحمەتە ئەوەش پەیوەستە بە مەسەلەی گەندەڵی و نەوت فرۆشی و دزییەوە هەیە”.








‌ 365 جار بینراوه‌
5/4/2019 11:40:06 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved