نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  پەڕەموچ
بۆنی مەرگێكی بەچێژ دەكەم
عەبدوالڕەحیم سەرەڕۆ

وەك و بڵێی.. 
لەدەمی حیكایەتخوانێكی جادووبازەوە 
بەحوزنەوە هەڵرژابین
نازی خەونە بریندارەكانمان پێ هەڵناگیرێت و
سبەینێی رۆشنمان  
بە دوێنێی رەش دەسڕینەوە.   
هەر كە سوخمەی زیوینی ئەم زیندەگییە 
لەسەر سنگی زەمەن بە هەڵە داترازاو 
نقێمە شین و بریقەدارەكانی عیشق 
هەرد بەهەردو.. دۆڵ بەدۆڵ 
بەسەر زەویدا پەرتبوون و 
دڵی ئێمە وەك گەواڵە هەورێكی پاییزە  
لێك هەڵوەشایەوەو
ئیتر بەكەس كۆناكرێتەوە، 
لە تاسەباریەكانی بیرەوەییەوە 
تا دەگاتە دوایین گرێشمەی ئەفسوناوی 
تا بەهەڵاوبوونی خەونەكان
لە ئامێزی مەرگێكی بەكاوەخۆوە
ئێمەی عاشق لە وەتەی مێژوو دەمانناسێ 
هەر بەدبەخت بووین.
لەوەتەی هەین 
هەر نەفرەتییەكانن.. بێ كشانەوە   
نەفرەتمان لێ دەكەن.
هاتووم و ئامێزم بۆ بكەوە 
لە زەمەن ماندووترم
دەستەكانم تەزیوی شەختەی سەفەرن
بە باوەشێك.. هەناسەیەك 
گەرمم كەوە 
منی عاشق.. واریسی باوكە ئادەم 
بێ ئەوەی گازم لە كوڵمەی سێوێك گرتبێ!!
یان لەگەڵ باڵای گوڵەگەنمێك
بەدەم نسێی شنەباوە سەمام كردبێ!!
لە بەهەشتەوە دەركراوم، 
لەو بەهەشتەی 
هەموو دەمەو بەیانییەك
بەر لە دەركەوتنی كازیوە 
بۆنی سینەی تۆی لێوە دێ.
جا چی دەبێ
لەم ستارگەیە دووركەوینەوەو
لەسەر تاشەبەردێك 
بەدەم نزای ماچەوە 
ئاسوودە بنووین؟! 
با ئێوارەیەكی درەنگوەخت..
بە پێخاوسی  
بە شەقامەكاندا پیاسە بكەین،
سەگەكان پێمان بوەڕن..
پۆلیسەكان بێ پاساو راوەدوومان بنێن 
میدیاكان بمانكەن بە بابەت..
خۆ كەس نازانێ..
بۆ رۆحیان بەتاڵان بردووین و.. 
چۆن لە یوسف هەرزانفرۆشتریان كردووین؟!
نەمامێكمان رادەستی تەورەكان كردو 
چووینە سەر وەیس!! 
جۆگەلەیەكی رۆشنمان 
بە تۆمەتی لێخنی خنكاندو
چووینە سەر وەیس!!  
ئێوارەماچێكمان
لە ژوانگەی زیوین سەربڕی و 
چووینە سەر وەیس
هێندە چووینە سەر وەیس و
 بەدەم نزاو نووزەوە 
ئاهی پڕ لە مەراقمان بۆی هەڵڕشت..
هێندە پڕمان كرد لە بۆنی و بخوور 
هێندە روخساری نائومێدیمان 
لەبەردەمیا نمایشكرد..
هیچمان بە هیچ نەكرد!! 
با بچینە بەردەم كاژمێرو لێی بپرسین: 
چركە ماوە لە ناواخنیا 
ئێمە كۆچمان تیا نەكردبێ؟!
باپێی بڵێین:
لە هەر بستە خاكێك بەفر ببارێ و 
تێكەڵ بە خوێنی پاكنوودەیی بێت
ئەوێ‌ سنوری نیشتمانی منە!! 
كەچی هێندەی سفری زەمەن
لە دڵی هەر یەكێكماندا 
نەخشەی سەفەرێكی شێواوو
ئاسەواری گۆڕێكی بە كۆمەڵ مت بووە، 
پڕە لە خەونی كوژراو.. 
لە تەرمی مانگی بەجێماو لەسەفەری عیشق.. 
لە پەنجەرەی بێناز.. دەرگای داخراو 
لە باوێشكی گەرمی ئاوێزانبوون 
بە بەهاری خنكاوەوە
لەناو گەرداوەكانی مەرگ.. 
لە نۆشینی شەرابی سەختی تەنیایی 
لە چەپڵەرێزانی دوای دامركانی گەردەلوول.. 
لە ئاشێك خوا دەیگێڕێت و
لە مەزرایەك باغەوانەكەی بەدمەستەو
دراوەتەوە دەستی فەتاحفاڵەكانی قەدەرەوە، 
لە ئێوارە باشێكی هێمن 
كە لە لێوی عاشقێكەوە 
بەردەبێتەوە سەر راچڵەكینی ترپەی دڵی 
دولبەرێكی نەوبناغەی شەرمن.. 
دەبێتە بەردەبازێك بۆ پەڕینەوە..
كەچی دڵیان دەكەوێتە 
دۆزەخێكی ئەرخەوانی سەختتر 
لەو بەهەشتەی خەونیان پێوە دەبینی!!
لەناو بێگەردییەكانی عیشقا 
ئێمە كۆڵبەری تاسەیەكی پڕپڕ لە بێزاریین!!
تا ئاوسانی رۆح و بۆگەنكردنی هەناسە. 
تازە ئیتر .. جاریكی تر، هەیهات هەیهات.. 
وەك گوڵەسوورە كێویلكەكان 
ناتوانین روو لە خۆر كەین و  
بەسەر كەلی شاخێكەوە برٍِوێین و 
تیشكی هەتاو بچنینەوە
ئیتر بۆ بچینە سەروەیس!!
ئێمە بوونەوەرێكین 
نە گوناهەكانمان و نە مەراقەكانمان 
بە هیچ بادەیەك پاك نابنەوە. 
قەدەری ئێمە پەنجەرەیەكە 
نە پرشنگی هەتاو لەئامێز دەگرێ..
نە تریفەی مانگەشەوی تێدا دەزێ‌
نە ئینجانەیەك لە گوڵی ماچ 
لە بانیژیا دەڕوێ، 
نە لەگەرماو 
نە لە سەرمامان دەپارێزێ..
قەدەری شوومی ئەم پەنجەرەیە 
لەوەتەی هەین 
سكڵ و ئاورنگی چاوەنواری 
دەرێژێتە ناو چەمی رۆحمان و 
ئاوازی خەونەكانمان دەشێوێنێ.. 
زامی لە مێژینەمان دەكولێنێتەوەو 
لەناو ئەم هاواری كەشكەڵانە 
لەناو ئەم شایی و لۆغانی پڕ فوغانە.. 
لەسەر ئەم هەموو شەپۆلە نەفرەتییە 
ئێمە هەر كۆڵبەری خەونی لەباربراوین
هەر پەنجەی سوتاوی ژماردنی رۆژەكانین و 
لێ نابینەوە!!   
ئەی خانمەكە، بەكێ بڵێم: 
هەر ئێمە بووین.. چون ئەفسانە 
پێوەری حیكمەتمان بەزاندو 
سەبری ئەیوبمان 
عومری مووساشی تێپەڕاند؟! 
بە كێ بڵێم.. 
لەدوای ئەم هەموو داستانی فڕیودانە
نازانم چۆنە وا 
لە دڵی شكاوی خۆمانەوە هەڵدێین، 
بەم هەموو هەڵقەیەی  
بە گوێی وەهمەوە هەڵواسراون
بە پەیكەری مێژوومانەوە داتاشراون 
دەتوانین روو لە كوێ بكەین؟!
مەچنە سەر وەیس..
ئەویش وەك (پەیكەری ئازادی) 
بەردێكی دەقبەستووی بێ گیانە، 
هەرچی .. من و تۆو 
گیانلەبەرە رۆح شیرینەكانی ترە
لەناو ساتەوەختەكانی رۆژگاردا 
بێ ویستی خۆمان 
بووینەتە (پەیكەری كۆیلەیی) و 
كەسیش نییە 
ئاور لەم ئازارە نانموودەمان بداتەوە!!


‌ 353 جار بینراوه‌
5/4/2019 12:23:51 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved