نوێترین
روحانی: لەپاڵپشتیکردنی قەتەر بەردەوام دەبین   |    ئه‌مریكا داواده‌كات كێشه‌ی قه‌ته‌ر و وڵاتانی كه‌نداو گه‌وره‌تر نه‌كرێت    |    ته‌نها له‌ 1%ی موسڵ له‌ چنگی داعشدا ماوه‌   |    عه‌ممار حه‌كیم: كورد به‌شێكه‌ له‌ ڕۆحی نیشتمان   |    عیراق ١٠٠ ملیار دۆلاری پێویسته‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ژێر چنگی داعش   |    وه‌زیری كشتوكاڵ: ئێران به‌ڵێنی داوه‌ به‌شێكی ئاوی زێی بچوك به‌ربده‌نه‌وه‌   |    شوان داودی:نه‌قیی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان پێنج کەس کارمەندی ئیداری و شوفێرەکەی وه‌كو شاره‌زا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌كی دادگا ده‌ستنیشانكردوه‌   |    عەدنان موفتی: ریفراندۆمێكی یاسایی‌و بەهێز پپێویستی بەپەرلەمانە   |    گه‌ریلاكانى هه‌په‌گه‌ باره‌گایه‌ك ده‌كاته‌ ئامانج كه‌ وه‌زیری ناوخۆی توركیای تێدابوه‌   |    له‌ هێرشێكی ئاسمانیدا له‌ ئه‌نبار ده‌یان تیرۆرست كوژران   |   
كوردی  |   عربي
»  پەڕەموچ
“هۆلیود” داهات لە ئاخری زەمانیش كۆدەكاتەوە (10) جۆر سیناریۆ باس لە كۆتایی جیهان دەكەن


مرۆڤ هەر لە سەرەتای بوونەوە بە هۆی كارەساتە سروشتیەكانی وەك لافاو و گڕكان و بومەلەرزەوە هەمیشە بوەتە مایەی هەستكردن بە بوونی كۆتایی جیهان و لە چەندین ئایین و ئەفسانەشدا باس لە كۆتایی جیهان كراوەو تەنانەت لە هەندێكیاندا روون و ئاشكرا رۆژو مانگیشی بۆ دیاریكراوە، كەچی هەر هەمووی بەدرۆ كەوتۆتەوە،  دوایینپێشبینیكردن لە  9 ـی ئەیلولی 1999 ی نوسترادامۆس و ئینجا ماییەكان رۆژی  12/12/ 2012یان بەدوایین رژی جیهان دانابوو، كەچی هیچ رووینەداو ژیانیش هەر بەردەوامەو شارستانییەتیش كاروانی خۆی بەناو زەمەنێكی گەردوونیی بێپایاندا دەبڕێت و تا ناكۆتا دەڕوات، هەر ئەم خاڵە لاوازەی كە مرۆڤەكان بە كۆمەڵ لەناو هەستەكانیاندا تێدا هاوبەشییان كردووە، بوەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی فیلم بە گشتی و هۆلیوودی ئیمپایەری هەناردەكردنی فیلم بە تایبەت.. چەندین فیلمیان لەمەڕ ئەم دیاردە سامناكە بەرهەمهێناوەو هێڵی كشانەوەو خۆپاراستنی جۆراوجۆریان بۆ روبەروبونەوەكانیش كێشاوە كە لە راستیدا زۆربەی .. یان هەر هەموو ئەم فیلمانە دروستكراوی خەیاڵی مرۆڤن و چنراوەی بەهرەی هونەریین چونكە هیچ كەسێك ناتوانێت ئەوە بزانێت كە كۆتایی جیهان بە چ رواڵەت و درەنجامێكدا دەگات یان هۆكاری دارووخانی چۆن دەبێت.
ترسی مرۆڤەكان و خورافەو ئەفسانە كۆنەكان هۆكاری سەركەوتنی ئەم فیلمانەن چونكە مرۆڤ لەم ماوەیەی دواییدا دووجار بە هەموو باوەڕێكەوە چاوەڕوانی كۆتایی جیهان بووە، كە یەكێكیان لە ئەیلولی 1999 و دووەمیان لە دیسەمبەری 2012 پێشبینی بەرپابوونی دەكراو هەردوو ساڵەكەش تێپەڕبوون و مرۆڤ لە چالاكییەكانی خۆی نەكەوت، چەندین جۆری كۆتایی جیهان لە رێگەی فیلمەكانەوە بینراوەو لێرەش باسی رووداوە كارەساتبارەكانی مرۆیی لە دە جۆری فیلمدا بە نمونە دەهێنینەوە. 
(1) گۆڕانكاری لە بونیاتی زەوی 2012 movie
لەدەرەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی كڕۆكی زەوی و تێكچوونی رێرەوی چینە پلازماییەكان لەناخی زەوی  زنجیرەیەك شەپۆلی سۆنامی و بومەلەرزەو گركانەكان زۆربەی شارە هەرە گەورەو جوانەكانی جیهان دەگرنەوە، بەوەش بوونەوەری مرۆیی دەخاتە حاڵەتێكی زۆر ناگەهانەوە، ئەو فیلمە بەسەرچووە لەدوای خۆیەوە زۆرترین رەخنەی نەرێنی لەخودی فیلمەكە زیاتری لەسەر نووسراوە.
زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت گەمە بە سۆزی مرۆڤە ساویلكەكان بكرێت و هەڵەی رۆلاند ئیمریش لەو وەردەكارییە زانستییانە زۆر دوور بوو لەوەی كە زاناكان پێشبینییان دەكرد، ئەگەری هەیە ئەو كۆمەڵە زانیارییەكی ئەفسانەیی كۆكردبێتەوەو هەوڵیدابێت بە هەندێك مەسەلەی سروشتییەوە موتوربەی كردبێت،  دەبوو ئەو فیلمە لە سەرەتای ساڵی 2013 نمایشبكرایە بەڵام ئەوسا كۆتایی بە جیهان دەهات و كەس نەیدەبینی بۆیە دەستبەجێ كاری بۆ كراو پڕبوو لە هەڵەی زانستی و وێرای ئەو هەموو كەموكوڕییەش لەماوەیەكی كەمدا (760) ملیۆن دۆلار داهاتی كۆكردەوە.
رێگەی دەربازبوون: لەو فیلمەدا هەموو مرۆڤەكان ناتوانن خۆیان لەو كارەساتە دەرباز بكەن، بەڵكو بەتەنها بەختەوەرەكان دەگەنە كەشتی ئاسمانی ئیرێكس و خۆیان لەو نەهامەتییە سروشتییە دەرباز دەكەن.                                   
(2) بەركەوتن بە هەسارۆكەو كلكدارەكان (Armageddon , Deep Impact)
ئەم سیناریۆیە ئەگەرچی لە رووی ئەفسانەییەوە هیچی لەوانی تر كەمتر نییە، باس لە كۆتایی زەوی دەكات بەهۆی بەركەوتنی بە جورمێگی ستارگەیی گەورەوە كە تا ئێستا لەماوەی ملیارێك ساڵدا ئەو كارەساتە پێنج جار روویداوە، هەر بۆیە بەراورد بە رووداوەكانی تر ئەگەری نزیكترینیانە لە راستییەوە، زاناكانیش هەر بەو هۆیەوە هەمیشە كارو پلانی جۆراوجۆر دادەرێژن  بۆ روبەروبونەوەی ئەو رووداوە سامناكە بۆ ئەوەی ئەو جورمەو ناكامەكانی لە زەوی دوور بخەنەوە.
مرۆڤ لە فیلمی Armageddon گەشتێكی چالاكانەو خۆبەخشانە دەكاتە ناو هەسارگەكان و لەوێ‌ ئەو  جورمە هەڵدەكۆڵێت و بۆمبێكی ئەتۆمی تێدەئاخنێت و دواتر لە رێگەی كۆنترۆڵەوە دەیتەقێنێتەوەو دەیكاتە ملیۆنان پارچە بەردی بچوك، بەڵام ئەگەری هەیە بۆ ماوەی ساد ساڵ ناوە بەناوە بەرد بەسەر زەویدا ببارێت، یان بەهۆی غوبارو گەردی تەقینەوەكانەوە كەمترین رۆشنایی لە خۆرەوە بگاتە زەوی و بەو هۆیەوە نەخۆشی سەیرو سەمەرە روو لە مرۆڤایەتی بكات.
لەم فیلمەدا لە رێگەی دوو عاشقەوە پێمان دەڵێت باشترین رێگەچارە دۆزینەوەی ئەشكەوتێكی كلسییەو خۆ شاردنەوەیە بۆماوەی دوو ساڵ بەو مەرجەی بەشی ئەو ماوەیە خواردن لەگەڵ خۆی ببات.
(3) گەڕانەوەی چاخی بەفرین  The Day After Tomorrow
فیلمێكی تری رۆلاند ئیمریچە، ئەو دەرهێنەرەی ئالوودەی دارووخانی زەوی و كۆتاییە جیهانە، لەم فیلمەدا دووبارە چاخی بەفرین دەست پێدەكاتەوە كە هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ قەتیسبوونی گەرما لەسەر زەوی و دواتر ئاگرێكی گەورە دەكەوێتەوەو بەهۆی دووكەڵەكەیەوە ماوەیەكی زۆر رۆشنایی خۆر وەك پێویست ناگاتە زەوی و زۆربەی دەریاكان دەیبەستن و  تێكڕای زەوی بەفر دایدەپۆشێت و بە هۆیەوە زۆربەی بوونەوەرەكان و مرۆڤەكان لەبەر بەرگەنەگرتنی ئەو سارمایەی بەسەر زەویدا دێت لەناودەچن و ئەوانەشی دەمێننەوە هەموو ئاكارە مرۆییەكانیان دەگۆڕێت و لە دڕندە بەولاوە هیچ شتێكی ئەوتۆیان لێ ناخوازرێت.
تاكە رێگەی دەربازبوون لەم فیلمە خۆ هەڵكورماندنە لە شوێنێكی داخراوی وەك ئەشكەوتە دوورە دەستەكان بە پۆشاكی بەهێز و هاوكات كردنەوەی ئاگرو چاودێریكردنی بە تیم و نۆبە بە مەبەستی نەكوژاندنەوەی، چونكە نەمانی ئاگر واتا رەقبوونەوەو كۆتایی هاتنی ژیان و نەمانی مرۆڤەكانە لەو شوێنە. داهاتی تەواوی ئەم فیلمە لەماوەیەكی كەمدا گەیشتە (550) ملیۆن دۆلار.
(4) پەیامەكەی ئێلی (The Book of Eli)
ئەم فیلمە لە بنەڕەتدا بەریتانییەو هۆلیود بەشێوەیەكی زۆر سەیر قاڵبێكی ئەمریكیانەی بە بەرداكردووەو زۆر لە بەریتانیەكە هونەریانەتر بەرهەمی هێناوە، یەكێكە لەو فیلمانەی باس لە كارەساتی قاتوقڕی سەختی دوای تاقیكردنەوەی بەهەڵەی بۆمبی ئەتۆمی دەكات كە بە هۆیەوە زەوی لە خولگەو رێرەوی خۆی لادەدات و لە خۆر نزیك دەبێتەوەو هاوبار پەڵەی چینی ئۆزۆن گەورەتر دەبێت و تیشكی خۆر دەبێتە هۆی كوێربوون و لەناوچوونی زۆربەی مرۆڤەكان، ئەم فیلمە ناچێتە ناو وردەكارییەكانی كۆتایی جیهان بەڵكو زیاتر باس لە ژیانی دوای كەوتنەوەی كارەساتەكە دەكات كە بە هۆیەوە زەوی دەبێتە دۆزەخێك و جێی ئەوەی تیا نابێت مرۆڤ بە ئاسانی بژیت، ئەوانەی كە لەسەر رووی زەوی دەمێننەوەو بەرگەی گەرماو وشكی رووبەری زەوی دەگرن زۆر دەگمەن و كەمن.
ئەم فیلمە بەدوای چارەسەردا ناگەڕێت بەڵكو ئێلی دەخاتە بەر كاروانێك لە بەریتانیاوە دەست پێ دەكات تا دەگاتە رۆژاوای ئەمریكا، ئەو شوێنەی ئاوهەوایەكی یارمەتیدەری هەیەو مرۆڤەكان بێ وچان كار بۆ گەڕاندنەوەی ژیان و پێشكەوتنی زانستەكان دەكەن و ئیلی كە دەبیستێت لەوێ‌ چاپەمەنی هەیە كتێبی پیرۆز هەڵدەگرێت و بەو كاروانە دەیگەیەنێتە چاپخانەكە لە شوێنی مەبەست. ئەم فیلمە ئەگەرچی لە رووی درامی و رۆمانسیزمەوە زۆر وشكە بەڵام توانی زۆرترین بینەری هەبێت و لە ماوەیەكی كەمدا بوو بە خاوەنی زیاتر لە (500) ملیۆن دۆلار.    
(5) میلانخۆلیا  Melancholia
 لارس فۆن تایر ئەم فیلمەی لە بیرۆكەی هەسارەی (X) وەرگرتووە كە لە زۆرترین ئەگەردا لە زەوی نزیك دەبێتەوەو لەجیاتی ئەوەی بەر زەوی بكەوێت رایدەكێشێت و دەیكاتە بەشێك لە خۆی و دواتر لە خۆر نزیك دەبێتەوەو دەتوێتەوەو دەبنە یەك پارچەی یەكانگیرو تۆپەڵێك ئاگر پێك دەهێنن، هەر بەوەش ناوەستێت بەڵكو روو لە تاریكیەكانی گەردوون دەكات و دەبێتە تۆپەڵێك لەبەستەڵەك و لەناو ئەو بوونە گەورەیەدا ببرای ببر وندەبێت.
 لەم فیلمەدا لەگەڵ دەنگۆی سەرهەڵدانی كارەساتەكە پەیوەندی نێوان دوو برا روو لە گرژی دەكات و بەدرێژایی فیلمەكە ئەم دوو كاراكتەرە دەبنە بەشێك لە زەمینەسازی و موتوربەی فیلمەكە بە جوانترین رووداوەكان دەكەن. 
(6) هێرشی گەردوونی
بوونەوەرە ستارگەییەكان، ئەوانەی خوا نەیخوڵقاندوون، بەڵكو كۆمپیوتەر رۆڵی گەورەی گێراوە لە چۆنیەتی دانانی روخسارو سیماو باڵاو شێوەی ئاخاوتنیان، تەنانەت هەندێكیان ئینگلیزیەكەشیان رەوان نییە بەوەی لە هەسارەیەكی ترەوە روویان لە زەوی كردووە.
ئەم كایە هونەریەی زۆربەی سینەماكارانی سەرقاڵكردووەو چەندین جۆر فیلمی لە بوارەكانی”ئاكشن، كۆمیدیا، تۆقاندن وسەرنجراكێشی و چەندین جۆری تری دەگمەن و بێ هاوتا كە تا ئێستا زۆر بە بەربڵاوی لە جیهانی سینەماكاراندا دەبینرێت. بەڵام فیلمی Independence Day بوونەوەرە هەسارگەییەكان لە هەسارگەیەكی دوورەوە روو لە زەوی دەكەن و چەندین شاری گەورە دەروخێنن و كاولیدەكەن بەو رادەیەی بەشی ژیانی تێدا نەمێنێت، هەربەو هۆیەوە هەموو وڵاتانی جیهان بۆ ئەو مەبەستە یەك دەگرن و رووبەرووی كارەساتەكە دەبنەوە، چونكە فیلمەكە هۆلیوودییە هەر بۆیە هەموو وڵاتان دەكەونە ژێر بەپرسیارێتی ئەمریكاو دواتر هەموو بونەوەرەكان لە رێگەی تەقاندنەوەی سەنتەری سەرەكی و بنكەی سەربازیی بوونەوەرە گەردوونییەكان  لە فەزایەكی دوور، سەركەوتن دەستەبەردەكەن و هەموو جیهان پێكەوە ئەو رۆژە دەكەنە جەژنی سەركەوتنی سەراپایی.
لە فیلمێكی تردا بوونەوەرە ستارگەییەكان تەواوی یەدەگی خۆیان وەرگرتووەو هەموو ئامێرو كەرەستەكانیان لەژێر زەویدا شاردۆتەوەو چاوەڕوانی هەلێك دەكەن بۆ ئەوەی هەستنەوەو دەست بە تۆڵەكردنەوە لە مرۆڤەكان بكەن، ئەم فیلمە جۆرێك لە تەنز ئامێزیی تێدایەو هێڕشەكە لە لایەن خەڵكانی سەر مەریخەوە دەكرێتە سەر زەوی، بەڵام لە رێگای ژەنینی ئاوازێكەوە چونكە رقیان لە موزیك دەبێتەوە كۆتاییان پێدەهێنرێت و لەناو دەبرێن.
(7) تەكنەلۆجیای زاڵ
سەرۆكانی وڵاتە زلهێزەكان لەهەرچییەك دەستی تاوانیان هەبێت لەم فیلمە وەك گورگ لەگۆشتی یوسفەوە دوورن و هیچ هۆكارێك نەبوونە بۆ تێكدانی ئاسوودەیی مرۆڤەكانی سەر زەوی، ئەمجارەیان زاناكان هۆكارن و دەیانەوێت زەوی داگیربكەن، بەڵام لە رێگەی هەڵەیەكەوە رۆبۆتەكانیان زیاتر ئازاددەكەن و ئەوانیش دەست بەسەر گۆی زەویدا دەگرن و كۆمپانیای سكای نێت لە جیاتی مرۆڤەكان جەنگ هەڵدەگیرسێنێت و هەموو بنكەو كوورە ئەتۆمییەكان داگیردەكات و هەڕەشە لە بوونەوەری مرۆیی سەرزەوی دەكات یان هەموو جیهان دەكەنە خەڵووز یان دەبێت مرۆڤەكان رازی بن ببنە كۆیلەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان.
ئەمەیان بیرۆكەو نووسین و دەرهێنانی جیمس كامیۆنە لەزنجیرە فیلمێكی زۆر سەرنجراكێش كە كۆمپیوتەر رۆڵی سەرەكی تێدا گێڕاوە، باس لە زیاتر پێشخستنی بواری ئیلیكترۆنی دەكات تا دەگاتە ئەوەی سەربەخۆ دەبن و سەرەتا Matrix ـی دروستكەرەكەیان لەناودەبەن وئینجا پلان بۆهێرشكردنەسەر گۆی زەوی دادەنێن و مرۆڤ دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی هاوكێشە ئیلكترۆنیەكانەوە.  
 (8) سروشتی دڵرەق – The Happening
ئەم فیلمە بەهیچ شێوەیەك مایەی رەزامەندی رەخنەگران نەبووە، كاردانەوەی سروشت لەگەڵ مرۆڤ نە بەیاسای سروشتی و نە بە یاسای مرۆیی بەو شێوەیە نەبوەو نابێت كە لەو فیلمەدا گوزارشتی لێدەكات، بەڵام ئەوەی بووە مایەی سەرنجی بینەران گەیاندنی پەیامی ئەو فیلمەیە سەبارەت بە تێكچوونی شیرازەی سروشت كە لە ئاكامدا دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی ژیانی مرۆیی بەوەی بەشێكی دانەبڕاوە لەسروشت،
مرۆڤەكان هەموو كانزاكانی ژێرزەمین و شەپۆلەكانی بادو  هەرچییەك لە سروشت دێتە بەردەستیان بێ گوێدانە ئاكامەكانی پیسبوونی ژینگەو نەهامەتیەكانی ژیان بەكاری درەهێنن، لەناكاو سروشت هەموو یاساكانی خۆی دەگۆڕێت و مادە لە جیاتی ئەوەی ببێت بە سەرچاوەی خۆشگوزەرانی و داهێنان و پیشەسازی دەبێتە هۆكارێك بۆ تۆڵەسەندنەوە لە مرۆڤەكان.  
فیلمی The Happening”” جگە لە پەیامە مرۆییەكەی هاوبار بەهۆی جوانی و داهێنانی كاری هونەرییەوە توانی بینەرێكی زۆر بۆ خۆی رابكێشێت و بەو هۆیەوە داهاتێكی زۆرتر لەوەی  پێشبینی بۆ كراوە كۆبكاتەوە. 
(9) مردووە زیندووەكان (زۆمبی) – (War World Zombie )
ماوەیەكی زۆرە كاراكتەرەكانی زۆمبی بوونەتە جێی بایەخی بینەران و بەو هۆیەشەوە زۆمبی لە كاراكتەرێكی فیلمیەوە بۆتە وێنەی سەر جلوبەرگ و یاری ئیلیكترۆنی و تەنانەت لە هەندێك لە ئۆتێلە باڵاكانی جیهانیش وێنەیان هەڵواسیوەو هەر بەو هۆیەشەوە ساڵانە فیلمەكانی زۆمبی دووبارە و چەند بارە هەر جارەو بە شێوازێك بەرهەمدەهێنرێن.
كاراكتەری سەرەكی لەم فیلمە “براد بیت”ـە، رڵی فەرمانبەرێكی گەورەی نەتەوەیەكگرتووەكان دەبیێت و  گەورەترین هەڵمەتی دەكەوێتە سەر لە دەرەنجامی مردنی دوو ملیار مرۆڤ بە ڤایرۆسی زۆمبی و رووداوەكە باس لە سەردەمی دوای نەمانی زۆمبی دەكات، لەم فیلمەدا نەوەكانی دوای نەمانی كارەساتی زۆمبی هەمیشە دەیانەوێت زیندووە مردووەكان (زۆمبی) ببینن و چێژ لە كوشتنیان وەردەگرن و لە دورگەی ریزورۆتی دوورەدەست لە هەوارگەیەكی زۆر دڵگیر لەناو قەفەسدا دەیانبەستنەوە، كارەكەتەری سەرەكی تر جێسیكا كچێكی تازە گەیشتووی گەنجە بەدەست مۆتەكەوە هەمیشە زڕخەو دەبێت و دەگاتە ئاستی هیستیریا،  پزیشكەكەی ئامۆژگاری دەكات گەشتێك بەناو زۆمبیەكاندا بكات، لەگەڵ خۆشەویستەكەی دەگەنە شوێنی مەبەست و دواتر هەڵەیەكی هونەری لە سیستمی پاراستن روودەدات و بڕێكی زۆر لە زۆمبییەكان ئازاد دەبن و لە ئاكامدا كارەسات دەكەوێتەوەو گەرمی رووداوەكە لەو خاڵەوە دەست پێ دەكات، جێسیكاو هاوەڵانی بۆ رزگاركردنی مرۆڤەكان دەكەونە هەڵمەتكردن و دەكەونە ناو گێژاوی شەڕێكی بێ شومارەوە، هەر بەو هۆیەشەوە جیسیكا نەخۆشییە دەروونییەكەی دەپەڕێت و چاك دەبێتەوە. 
هەرگیز كەس لەگەڵ فیلمەترسناكە ناوازەكان نەبووە، بەڵام ئەم فیلمە بە رێچكەیەكدا رۆیشتووە توانیویەتی سەرەداوەكانی گرێ دەرونیەكان بدۆزێتەوەو بەهۆیەوە هێرش بكاتە سەر خودی بینەرو كەسێتی تێكەڵ بە رووداوەكانی ناو فیلمەكە بكات و سۆزی مرۆیی بەرەو ئاكارە هەرە بەرزەكانی مرۆڤایەتی ئاراستە بكات.
 (10) ڤایرۆس و نەخۆشیی و پەتا كوشندەكان
ئەم فیلمەش هاوشێوەی زۆمبی لە رێگەی ڤایرۆسێكی نەناسراوەوە روو لە مرۆڤەكان دەكات و هەڕەشەی لەناوبردنیان دەكات، بەڵام بەهۆی بەرفراوانی ناوبانگییەوە شایستەی پۆلینكردنێكی تایبەت بوو بەوەی بەدوور دابنرێت لەو فیلمانەی كە باسی پەتا كوشندەكان و ئاكامە سامناكەكانی مردن دەكەن، ئەم فیلمە زۆر لە ئەگەرەكانی ئەو راستیانەوە نزیكە كە باس لە كۆتایی جیهان دەكەن بە هۆی نەخۆشیی و پەتا كوشندە ناكاوەكانەوە، چی روودەدات ئەگەر لەناكاو ڤایرۆسێكی كوشندە بەخێراییەكی زۆرەوە رووی لە هەموو جیهان كردو كارەساتی مردنی بەكۆمەڵی لێكەوتەوە؟ ئەم فیلمانە لەم دیدەوە بیرۆكەكانی خۆیان بۆ داهێنانی سینەمایی لێكناوەو فیلمی (Contagion , outbreak) بەنمونە خەباتێكی زۆر دەكرێت بۆ ئەوەی بەشێك لە مرۆڤەكانی گۆی زەوی لە كارەساتی لەناوچوون بپارێزن. هەرچی هەردوو فیلمی (Twelve Monkey , Twenty Eight Days Later) كار بۆدوای قۆناغی لەناودانی ڤایرۆسەكە و كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكە دەكەن، كە ئایا مرۆڤەكان مارانگەز دەبن و دەگەڕێنەوە سەر هۆشی خۆیان یان هەر بە دڕندەیی و بێ هودەیی دەمێننەوە.
بە هەرحاڵ ئەم سیناریۆو فیلمانەی كە هەر یەكە بە جۆرێك كۆتایی بە ژیان لەسەر گۆی زەوی دەهێنن و هەندێكیان نەك ژیان بەڵكو گۆی زەویش دەكەنە تۆپەڵە ئاگرێك و دواتر لەناو گەردوونێكی بێ پایاندا دەیكەن بە خاڵێك و ونی دەكەن، ئەمانە هەموو مایەی سەرنجن، بەڵام هەر بینەرەو بە بینینی ئەم فیلمانە بیردەكاتەوە هەر چ كاتێك رووبدات هەرمایەی دڵپڕییە تەنانەت ئەگەر خۆیشی لەسەر رووی زەوی نەمابێت و ژیانی سەرووی زەوی تەواوكردبێت.
بەڵام ئەوەی زیاتر لەم فیلمانەدا دەبینرێت یەكگرتنی مرۆڤەكانە لە پێناو پاراستنی رەگەزی مرۆیی و ئەوسا هەرچی سیاسەتی قێزەونی سەر رووی زەوییە هەر لە زلهێزەكانەوە تا بچووكترین رێكخراوی سیاسی دەستبەرداری بەرژەوەندیەكانی خۆی دەبێت و بیر لەوە دەكاتەوە چی بۆ رزگاركردنی مرۆڤ بكرێت كە تاكە توانای گەردوونییە لە بوون؟! ئەمە زیاتر پەیامی هۆلیوودە وەك لەوەی باسی مەسەلەكە بە شێوازێكی لاوەكی بكات.

‌ 131 جار بینراوه‌
5/13/2017 11:01:28 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved