نوێترین
روحانی: لەپاڵپشتیکردنی قەتەر بەردەوام دەبین   |    ئه‌مریكا داواده‌كات كێشه‌ی قه‌ته‌ر و وڵاتانی كه‌نداو گه‌وره‌تر نه‌كرێت    |    ته‌نها له‌ 1%ی موسڵ له‌ چنگی داعشدا ماوه‌   |    عه‌ممار حه‌كیم: كورد به‌شێكه‌ له‌ ڕۆحی نیشتمان   |    عیراق ١٠٠ ملیار دۆلاری پێویسته‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ژێر چنگی داعش   |    وه‌زیری كشتوكاڵ: ئێران به‌ڵێنی داوه‌ به‌شێكی ئاوی زێی بچوك به‌ربده‌نه‌وه‌   |    شوان داودی:نه‌قیی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان پێنج کەس کارمەندی ئیداری و شوفێرەکەی وه‌كو شاره‌زا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌كی دادگا ده‌ستنیشانكردوه‌   |    عەدنان موفتی: ریفراندۆمێكی یاسایی‌و بەهێز پپێویستی بەپەرلەمانە   |    گه‌ریلاكانى هه‌په‌گه‌ باره‌گایه‌ك ده‌كاته‌ ئامانج كه‌ وه‌زیری ناوخۆی توركیای تێدابوه‌   |    له‌ هێرشێكی ئاسمانیدا له‌ ئه‌نبار ده‌یان تیرۆرست كوژران   |   
كوردی  |   عربي
»  پەڕەموچ
درەختی نیاز
حەمەكەریم عارف


( بەشی یەكەم )
تەمەنێكە، بەر لە بیست دانە ساڵ، كە ئازاد بوویت، پێت نابووە تەمەنی پیرییەوە، مێردەكەت لە دەست دابوو. بە بەرچاوی خۆتەوە لە سێدارەیان دا، ئەوە دوا دیدارتان بوو، نیگاتان ئاوێتەی یەكدی بوو، ئەو ئاواتەتان نەبردە ژێر گڵ... نیگات بە دوا دیداری، پاراو كرد، بەر لەوەی روحی دەرچێت نیگات لە روحی هەڵكێشا.. فیراق چ ئەفسوونێكە، چ نهێنییەكە فیراق، موحیبەت دەگۆڕێت بۆ ئەشق، لە ئەشقدا پێویست بە زمان نامێنێت، زمان زیاتر حەقیقەت پەنهان دەكات تا ئاشكرا، بۆیە بەدحاڵی بوون، هەوێنی پەیوەندییە بەشەرییەكانە... پێكەوە دەسگیركران، هەر لەوێ‌ لێكیان دابڕین. چوار دەوریان گرتن، هیچ مەفەڕێكیان نەما، یەك دوو دەستڕێژیان بەسەرا كردن، بەدەم بەرگری كردنەوە خەڵك‌و خواتان لێخڕ بوونەوە، بۆ ئەوەی خالیدی شەش مانگان نەكەوێتە دەست دژمن، نیگات بە قەرەباڵغیەكەدا گێڕا، نیگات لە نیگەرانترین نیگا هەڵەنگوت، خێرا منداڵەكەت بۆ هەڵدا، هەڵۆئاسا گرتیەوەو بۆی دەرچوو، ئیدی خالید بوو بەو داوە ئەفسووناویەی بە دەرەوە، بە ژیانەوەی گرێ دایت... هەموو مێیاتیەكت لە خۆدا خەفە كرد، باوەشت بە دایكایەتی خۆتا كرد،...
تەمەنێكە، دوای بیست ساڵ، كە ئازاد بوویت، پێت نابووە تەمەنی پیریەوە، دایكایەتی خۆت دابوو بە كۆڵاو بە تەنیایی خۆتا دەتگێڕا، شەو نەبوو خەون بە خالیدەوە نەبینی.. لە خەوتا ژنێكی جوان، چاوانی شین، قژی پەریشان، چاوەكانی وەكو تاریكی ئەو زندانەی كە تۆی تیا بووی قووڵ دەیاننواند دەهاتە دیار سەرت، دەیگوت: خالید دوای ئەفسانەی نەمری كەوتووە، بڕۆ، خۆت بگەیەنە ئەوێ، چیایەكی لێیە بەسام، خەڵكی ئەوێ پێی دەڵێن بە رۆژ، بە قەد پاڵی ئەو چیایەوە، بە بەرزییەوە دار سنۆبەرێك، هەیە، سەدان تیلماسكە پەڕۆی رەنگاو رەنگی پێوە گرێ دراوە، گرێی نیازە! سەدان تیلماسكە پەرۆش، بە كراوەیی لە ژێریا، لە دەوروبەریا كەوتوون، جار جار گەردەلوولێك هەڵدەكات، گەلێك لە تیلماسكەكانی سەر ئەرزەكە دەگەڵ خۆیدا لوول دەدا‌و بە ئاسمانیا دەبات، كە تێكەڵ دەبن‌و بە ئاسمانەوە لوول دەخۆن، دیمەنێكی یەجگار ئەفسووناویان هەیە، دەگەڵ هەر نەرمە گەردەلوولێكیشدا، گەلێك لە تیلماسكە گرێدراوەكانی قەد سنۆبەرەكەش دەكرێنەوە. هەر تیلماسكەو حیكایەتێكی خۆی هەیە..
***
خێرا، وەكو تەیرێك لە ترسا بكەوێتە دڵەكوتێ لە خەو راِدەپەڕیت. نیگات بەرەڵڵای ئاسمانی نیگەرانی دەكرد، چەند لە فكران رادەچوویت، لە چەمك‌و مانای ئەفسانەی نەمری حاڵی نەدەبوویت... دەنگێك، وەكو زەمزەمە، وەكو دەنگی باڵی چەند پەپوولەیەكی ماندوو كە نەرم نەرم بە دەوری مۆمێكی كوژاوەدا بسوڕێنەوە، بەو ئاوایە لە دەرگای گوێی دەدایت. رۆژ نشیمەنی خوایە... نەجارێ نە دوان، نەدە... سام دەیگرتیت، سێبەرێك باڵی بەسەر روحتدا دەكێشا، بەرە بەرە زەرد هەڵدەگەڕایت، كە گوێت لەو زەمزەمە مەلەكوتیە دەبوو، لەرزێك ناخی دادەگرتیت، لەرزێكی لەزەتبەخش، لە پڕ پەرت‌و بڵاودەبۆوە، دەبوو بە ترسێكی تووش..
چاوان دەنوقێنی، پێڵوەكانت، زۆر بە نەرمی‌و نەوزاشتەوە بەسەر نیگاتا دادێنەوە... دەتەوێ لە تابووتی ژوورەكەت وەدەربكەوی، تەنیایی بەسەرتا دادەبارێ، چ بیابانێكە تەنیایی، چ بۆن چۆڵەوانیەكی لێدێ تەنیایی... كە منداڵەكەت هەڵدا، چاوت لێنەدەگواستەوە، وات هەست دەكرد ئەگەر چاوی لێنەگوازێتەوە، لێكدی دانابڕێن... دابڕان‌و جودایی بۆنێكی سەیری لێدێت، ئەوسا نەتدەزانی چ بۆنێكە، بۆت لە بنج‌و بناوان نەدەكرا، ئێستا بۆت دەركەوتووە، كە ئەو بۆنە، بۆنی مەرگ بوو!... بەڵام دڵێك بە ژیان ئاوەدان بێت، بەرگەی هەموو شتێك دەگرێت... ئێستاش بیرت ماوە دەتگوت ژیان ئاسانە، مرۆڤانە ژیان زەحمەتە، هەموو زندوویەك مەرگی خۆی لە خۆیدا هەڵگرتووە. رۆژێ دێ دەبێ بمرێت، مەرگ‌و ژیان ئالكاوی یەكترن، پێكەوەو لە ناو یەكدان، بۆیە مردن ترسی ناوێ.. گۆڕانە لە حاڵەتێكەوە بۆ حاڵەتێكی دیكە... دەبێ ئاشقی ژیان بین، تا لە ژیانداین، ئاشقانە رەفتاری دەگەڵ بكەین. هەقی خۆمانە تا دوا چۆڕی ژیان بژین، بەڵام مرۆڤانە ژیان باجی خۆی هەیە.
***
گوێت دەزرنگێتەوە:
.. هەر تیلماسكەو حیكایەتێكی خۆی هەیە..
.. چاوانی دایكم لە خەیاڵی مندا، دوو دەریای لێكدی نزیكن، هەندێجار شینی شین، هەندێجار سەوزی سەوز‌و دەنوێنن، كەنارەكانی یەكپارچە نەیجەزاری باڵا بەرزو رەشە...
**
.. دنیا نیشتمانی غەریبانە، ئێستاش كەسێك بە شیرپاكی گوێ هەڵخات، جگە لە دەنگدانەوەی هاوارەكانی حەوا هیچ دەنگێكی دی لەم دنیا وێرانەیە نایەت..
*
.. كە بەشەر لاڵ بوو، زمانی لەگۆ كەوت، نەیتوانی خۆی بگێڕێتەوە، ئیدی دەستی لێبشۆیت باشە، كاتی خۆت بە فیڕۆ مەدە، بڕۆ، سەری خۆت هەڵگرە، پەنابەرە بەر دەشت‌و دەر، چیاو چۆڵ، دارو درەخت، تەیرو تو، بەندەن‌و بنار، كانی‌و روبار، باو باران، هەورو ئاسمان، چەمەن‌و سەوزەڵان، تاپۆو شەبەنگان، فریشتەو خواوەندان، خەون‌و خەیاڵ، خۆت پاكی پاك بكەوە، ببەوە بە گڵە بێخاوەنەكە، خۆت بخوڵقێنەوە، لە شەقەی باڵ بدە، بفڕە، بەرز، نزم بفڕە، ئەستوونی تا بێ كۆتایی، ئاسۆیی تا بێ پایانی بفڕە، گوێ هەڵبخە، تابیستن بڕ دەكات گوێ بگرە...
*
.. هەموو ساڵێ لەم مانگەدا، لەم مانگی سێیەدا، پەڵە هەورێكی تەنك، تەنك وەكو تارایەكی سپی، سەری ئەم شاخە دەگرێت، بە چوار دەوری خۆیدا دەخولێتەوە، بەرز دەبێتەوە، نزم دەبێتەوە، لە تۆ وایە روحێكی سەرگەردانە‌و ئەندازەی شتێك دەگرێت، بەرزدەبێتەوە، چڕ دەبێتەوە، شێوەی هەڵۆیەكی سپی وەردەگرێت، سپی وەك چۆڕی شیر، لە پڕ دەگرمێنێ، دەست بە تەشبریق دەكات، هەترەشی مرۆڤ دەچێت.. دادەكاتە باران، دەنگی بارانەكە لە هۆڕژنی بە كۆڵ‌و جۆشی ژنێكی غەریب‌و بێكەس دەچێت كە منداڵێكی لێ ون بوو بێت... كە بارانەكە خۆشدەكاتەوە، هەر چوار نكالی دار سنۆبەرەكە دەبێت بە گوڵجاڕی گوڵە حاجیلە، هەڵۆكە دادەبەزێت، غەریب، غەریب، سەربەرزو بێدەنگ بە نێو گوڵجاڕەكە دەكەوێ. تەحا لە جوانی ئەم دار سنۆبەرە، جا غەریب، غەرابەتی لێدەچۆڕێ... پێدەچێ رەگی هەموو جوانییەك بچێتەوە سەر غەرابەت.
*
هەستت دەكرد رووی ئەم حیكایەتانە لە تۆیە، لە چاوتروكانێكا گەییشتیە چیای بە رۆژ، چوویتە ژێر دار سەروەكە، چ نیعمەتێكە خەیاڵ، باشە خەون‌و خەیاڵ نەبا، بەشەر چی لێدەمایەوە، دەیكردە چی!.. ئەم دارسنۆبەرە چەند بە نەشەو گەشەیە، بەچی دەژی، كە بەشەریش بوونەوەرێكی پرسایە! لەم خەیاڵانەدا بوویت، وات هەست كرد، دەنگێك، وەكو ئەوەی لە بنەبانی ئەشكەوتێكی قووڵەوە بێت، وەك بڵێی بەترسەوە رازێكت بۆ بدركێنێ: دایكەلێ بە فرمێسكی دایك‌و خوێنی فەرزەند....
ڕاچڵەكیت، خۆ تۆ هەر زوو، هەركە مەمەدیان بە بەرچاوتەوە لە سێدارەدا، مێیاتیت لە خۆتا زندە بە چاڵ كرد. دایكایەتی خۆت دا بە كۆڵاو بە تەنیایی خۆتا دەتگێڕا، خەریك بوو ئەویشت لە بیر دەچووەوە، كە بەشەریش بوونەوەرێكی فەرامۆشكارە، باش بوو ئەو دەنگە لە ناختا ژیاندیەوە...
ڕابردوو، مرۆڤ بە بیرەوەریان دەسپێرێت، بیرەوەری زۆر بە ئاسانی رابردوو دەژێنێتەوە. ئایندە بە پێچەوانەوە بەخەون‌و خەیاڵت دەسپێرێت. خەیاڵ دەتباتەوە بۆ رابردوو، هەر شتێك نهێنی ئامێز بێت، مرۆڤ عەواڵی خۆی دەكات، لەو وایە هەموو ئەو وەڵامانەی لە خۆ گرتووە كە بە دەگمەن كەسێك دەیگاتێ.. بەشەریش بوونەوەرێكی سەیرە، لە تۆ وایە هەر بۆ گێڕانەوە خوڵقاوە، لە پێناوی گێڕانەوەدا خۆی بە ئاوو ئاگرا، بە دارو بەردا دەدات، ئەم دنیاو گەردوونە قەرزارباری ئەو قودرەتە بێهاوتایەی زەینی مرۆڤە. كە دەكەوێتە گێڕانەوە، خۆی دەگێڕێتەوە، تۆ دەگێڕێتەوە ئەو دەگێڕێتەوە، رابردوو، ئێستا، تەنانەت ئایندەش دەگێڕێتەوە. سەر بوران دەگێڕێتەوە، زندوو و مردوو دەگێڕێتەوە عەینی سیحربازان دەتوانێ دەگەڵ روحی جیهاندا باخفێ، دەگەڵ زەمەنی زەینیدا دەست تێكەڵ دەكات. گێڕانەوە پابەندی هیچ لۆژیكێك نییە، خۆی لۆژیكی خۆی بەرهەمدێنێ... دەگەڵ بەدەندا پیر نابێ، كات‌و ناكات، شوێن‌و نا شوێن بۆ گێڕانەوە گرینگ نییە، هەركەسەو شێوازێكی گێڕانەوەی خۆی هەیە، بۆیە ژمارەی شێوازی گێڕانەوە، بە ئەندازەی ژمارەی بەشەرانە، نا، زیاترە، چونكە بەشەر قودرەتێكی وای هەیە، دارو بەرد، گیاندارو بێ گیانیش دێنێتە گێڕانەوە. كە دەستی دەگەڵ زەمەنی زەینیدا تێكەڵ كرد... ئیدی لە گێڕانەوەدا غەرقی غەرق دەبێت، جارێ گوتیارە، جارێ گوێگر، جارێ زارە، دەمێ گوێ، ئا ئەوەتا دەنگێك دێ، تۆ جوان گوێ هەڵخە، زۆر لە دوورەوە دێ، كەچی هێشتا هەر تازەیە، پیر نەبووە! كۆن نەبووە! ئەمە چ رۆژگارێكی چەق بەستووە!...
شەوە، دڵت دەگەڵ میلی سەعاتە چاڵمەكەدا لێی دەدا. هێندە بە جۆش‌و خرۆشەوە دەیڕوانیە لوولە بڵاوكراوەكان، دڵت نەدەهات لێی بپرسیت: بەمانەوە چمان پێدەكرێت. دەتزانی وەڵامێكی حازر بە دەست دەداتەوە:
- هەموو رێگەیەك، تەنها هەنگاوی یەكەمی ئەستەمە! ئێمە لەسەر هەقین!. هەڵبەتە حەقانیەت بە تەنێ سەركەوتن مسۆگەر ناكات. هەقانیەت یەكێكە لە بنەماكانی سەركەوتن، هەموو شتێكی سەركەوتن نییە.. رەنگە ئێمە ئەنجام بەچاو نەبینین، رەنگە هەر دەست پێشكەرەیەكەمان بۆ بمێنێتەوە!.. ئەمەش كەم نییە، گرینگ ئەوەیە مرۆڤانی كۆیلەكراومان رزگار بكەین، بوونی مرۆڤانی خۆمان بخەینە سەر رێگەی كەماڵ.. ئیدی كەی دەیگەینێ!... گرینگ ئەوەیە روحی كۆیلەمان بێدار بكەینەوە، پاشان گیانی یاخیبوونی بە بەردا بكەین... دەزانی یاخی بوون یانی چی؟ یانی پاقژبوونەوە.
*
سەیرە، كە روح بێدار دەبێتەوە، تەم‌و مژی نائومێدی خۆ بەخۆ دەڕەوێتەوە، چەند دڵی بەو بڵاوكراوانە خۆش بوو! وا دەزانی ئێستایە لە دڵی خۆتا دەتگوت، خوا دەزانێ ئێستا خۆی بە چ كۆڵانێكدا كردووە! خەریكی، خۆی گوتەنی شۆڕشگێڕاندنی خەڵكیە... زۆرجار دەیگوت، كۆیلەیەتی حاڵەتێكی نامرۆڤانیە، دەبێ خەڵكی لەم راستیە ئاگادار بكرێنەوە! تێبگەیەنرێن، هەنگینی بە خۆیان رێگا هەڵدەبژێرن، ئێمە بۆ قۆناغی ئێستا تەنیا شۆڕشگێڕاندنی خەڵكیمان دەئەستۆیە.. كۆیلایەتی تا ئەو كاتە بڕ دەكات كە كۆیلە داوە مووەكەی نێوان ژیان‌و مەرگ دەپچڕێنێ، ترسی لە مەرگ دەشكێ.. ئیدی توانا پەیدا دەكات، ئینسانیەتی داگیركراوی خۆی ئازاد دەكات، بێباك لە هەموو شتێ، تەنانەت لە مەرگیش، مومارەسەی بنیادەمیەتی خۆی دەكات.
***
كە دەتڕوانیە خانووەكە، گەورەو سامناك دەهاتە بەرچاو... لە خەیاڵتا پۆلیس‌و جەندرمە دەڕژانە ژوورەوە.. كون‌و كەلەبەریان دەپشكنی، هەموو شتێكیان دەدۆزیەوە، دەستگیریان دەكردیت...
زەنگی سەعاتەكە لێیدا، یەك، دوو،.. دە. تەنیا نیو سەعات ماوە، دەبوایە لەم بنكە نهێنییەدا یەك بگرنەوە. دەنگی تەقە دڵی داخورپاندیت، خۆت لە گێلی دا... لەدڵی خۆتا گوتت، ئیدی شارە شار، كێ بە كێیە!
شەو تەواو راكشا، دەستی لە هاتنەوەی مەمەد شۆرد. خەو و ماندوویەتی زۆریان بۆ هێنایت، نازانیت لە بێ موبالاتیت بوو، لە چاو قایمیت بوو، یان لە كەم ئەزموونی‌و بێ دەسەڵاتی خۆت بوو! یان لە باوەڕو متمانەی تەواوت بوو بە مەمەدو كارامەیی‌و خۆڕاگری مەمەد بوو، بێئەوەی دەست بۆ هیچ شتێك بەریت، یان هیچ شتێك وەشێریت، شەوت هەر لەوێندەر رۆژ كردەوە... تەحا لەو بێموبالاتیە خۆ مەمەد بۆ پێشنوێژی نەچوو بوو! ئێستاش ئەو رازەت بۆ هەڵنەهات، ترست لە مەرگ شكا بوو، تاڵە مووەكەی نێوان ژیان‌و مەرگت پساند بوو! شەوت هەر لەوێندەر رۆژ كردەوە!... دەگەڵ سپێدەدا كۆشیار، بە هەڵەداوان وەژوور كەوت. بە شپرزەیی لە خەوی هەستاندیت.
- ماڵ خراپ ئەوە چدەكەی لێرە؟
- بۆ؟
- ئەدی كەیهان بە برینداری گیراوە... حاڵی حازر لە خەستەخانەی ئەمنە.
- چۆن؟
بەدەم كۆكردنەوەی هەندێ شت‌و مەكی یاساغ‌و سووتاندنی نووسراوو بڵاڤۆكانەوە، گوتی لە خەستەخانەی ئەمنە. دۆستانی خۆمان هەواڵیان بۆ هێناوین كە شەوێ كەیهان‌و فورات دەكەونە كەمینی گەشتیانی ناو شار، هیچ چارێكیان نەماوە، جگە لەوەی دەست بكەنەوە، وەك دەڵێن نە شارەزایانە خۆیان بە كوێرە كۆڵانێكی بنبەستدا كردووە. ئیدی لێیان دەبێت بە تەقە، فورات هەر زوو شەهید دەبێت. دەڵێن دوای بەرخودانێكی زۆر، بۆ ئەوەی بە زندوویەتی نەكەوێتە دەستی دژمن‌و هیچ نهێنییەك نەدركێنێ‌و سیحرو سامی پێشمەرگایەتی بەتاڵ نەبێتەوە، دوا فیشەك بە دەمی خۆیەوە دەنێ، دەموچاوی خۆی هەڵدەگرێت تا نەناسرێتەوەو وێنەكەی نەخرێتە رۆژنامانەوە، یان ئەگەر خراش نەناسرێتەوەو ورەی هەڤاڵەكانمان نەڕوخێت. كەیهان، زوو بریندار دەبێت، گوللەیەك كلاوەی ئەژنۆی هەڵدەگرێت‌و دەمو دەست لە خۆ دەچێت، نایپەرژێتە سەر خۆ كوشتن. پۆلیس و سیخوڕ بەسەریا دادەبارن، بە پەلە دەیگەیەننە خەستەخانەی ئەمن.
- بۆچی؟
- دەیانەوێ بەر لە مردن، هەر هیچ نەبێ چەند نهێنییەكی، ئەگەر كەمیش بێ لێدەربێنن. دەڵێن ئەگەر روح بەپارە بوایە بۆیان دەكڕی‌و دەیانكرد بە بەریاو بۆ چەند سەعاتێك درێژەیان بە تەمەنی دەدا.. بە هەر حاڵ وەهۆشی دێننەوە. زۆری لەگەڵ دەڵێن، هەڕەشەی لێدەكەن، تەماحی وەبەر دەنەن، بێفایدە دەبێت، هیچ نادركێنێ، هەڕەشەی لێدەكەن.
- ئەگەر قسە نەكەی گوللەكە لە لاقت دەرناهێنین...
- ئەوە نە خەمی منە... تەخسیر مەكەن.
بە دوو دڵییەوە پرسیت:
- ئەدی مەمەد؟
- مەمەدیان لەگەڵ نەبووە، بە كارێكی دی‌و بۆ شوێنێكی دی رۆییوە. بەو زووانە نابێ یەك بدینن، كاری نهێنی وا دەخوازێ.
كە هەندێجار دڵت تێك هەڵدەهات، سكت هەبوو مەمەد پێی دەگوتیت: ئەگەر منداڵەكە كوڕ بوو، ناوی دەنەین خالید.
***
دوای دە رۆژ، كاتێ پۆلیس‌و سیخوڕان رژا بوونە بنكە نهێنییەكەوە، چوو بوونە سەر هەواری خاڵی. خەڵكانێك گوێیان لێبوو بوو، سەرۆكەكەیان بە توڕەیی گوتبووی:
- ئەم دوا بڕاوە جنۆكەن جنۆكە! لە هەموو شوێنێك هەن‌و لە هیچ شوێنێك نابینرێن!...
*
تۆ هەر ئەو رۆژە خوا حافیزیت لە كۆشیار كردو رۆییشتی... كۆشیارو هەڤاڵێكی دی بۆ شەوی دواتریش هەر لەوێندەر مابوونەوە! بۆ رۆژی دواتر بنكەكەیان چۆڵ كردبوو. تۆ ئەو رۆژە بۆ درەنگانێ گەییشتیە شاری (ت)، هەڤاڵانت لە دەسگیركردنی كەیهان ئاگادار كردەوە... پاش دوو رۆژان گەڕایتەوە بۆ ئەو وەعدەی كە دەگەڵ كۆشیاردا هەتبوو. كۆشیارت نەبینی.. دیسان گەڕایتەوە بۆ (ت) ئەم رێگا دوورەو ئەم هاتوچۆیە یەك لە دووی یەكانە مایەی سەرنج بوو! پتر لە هەفتەیەك بوو كەیهان گیرا بوو.. تۆو هەڤاڵانی ترتان بێخەم‌و خەیاڵ، دەسوڕانەوە... لە لایەكەوە لە زەبرو زەنگ‌و شێوەی كاركردنی پۆلیس‌و سیخوڕان غافڵ بوون. لەلایەكی دییەوە بیرتان لەوە نەدەكردەوە كە داخۆ كەیهان چ ئازارو ئەشكەنجەیەك تەحەمول دەكات، تا ساتێ درەنگتر بێتە قسان‌و تا ئێوە فریای خۆ شاردنەوە بكەون‌و بە داوەوە نەبن... ئاخر شۆڕش بۆتەی توانەوەی تاكە لە گشتدا. كورتترین رێگەیە بۆ نزیكبوونەوە لە خەڵكی.. گەڕانە بە دوای كەماڵی مرۆڤانیا بێئەوەی لە بوونی دڵنیا بیت. زۆر جار نەزانی جۆرە خەیاڵێكی ئاسوودەی گەوجانە لای مرۆڤ دروست دەكات.. وەكو دەڵێن نازانم رەحەتی گیانم.. دەنا ئەگەر لە شێوەی كاركردنی پۆلیس‌و سیخوڕان غافڵ نەباین، هەرگیز ئەوەندە خەمسارد نەدەبووین!.. جار جار ترسێكی ئاڵۆز بە دڵ‌و دەروونتدا دەگەڕا. رووت نەدەهات بیدركێنێ!... ئەم خەمساردیەش دڵی كرمێ دەكردیت.
دوای دەستگیركردنی كەیهان بە دە پازدە رۆژێك، راِسپێردرای كە بچیت ژنی خاوەن ماڵەكەتان بدۆزیتەوە.. بە هەر حاڵێك بوو خا بەدیعەت دۆزییەوە. كە چاوی پێت كەوت رەنگ بە روویەوە نەما. ترس‌و نیگەرانی نیشتە سەر سیمای.. جنێوێك تاسەر لێوی هات، بەڵام قووتی دایەوە. لە قسەكانیا ئەوەت بۆ بە دیاركەوت كە سیخوڕان خۆیان لە كۆنە بنكەكەتاندا مەڵاس داوە. بەڵام هیچ شتێكیان نەگرتووە. هەڕەشەشیان لە خا بەدیعە كردبوو و رایان سپاردبوو كە هەر كەسێك لە ئێَوەگەل بەو ناوەدا بڕوات، سیخوڕانی لێ ئاگادار بكاتەوە، دەنا دەست بەسەر خانووەكەیدا دەگرن. خا بەدیعە، ئافرەتێكی كامڵ بوو، ملە شیلانێكی پیرۆزەیی لە مل بوو، دەنكە شیلانەكان هێندە بە ئارامی بە گەردنیەوە قەرسا بوون، ئۆخژن‌و ئاسوودەیی دەخستە دڵ‌و دەروونتەوە... بەلەز دوعاخوازیت كردو ئەوێندەرت بەجێهێشت... پاشان زانیتان كە سیخوڕان سووسەی چوونەكەی تۆیان كردبوو. ناو بە ناوو لە ناغافڵدا، لەوەخت و ناوەختا دەیاندا بەسەر ماڵەكەیدا‌و زۆریان لێكرد:
- كوا مینا؟!
- من مینام نە دیتوەو نە دەیناسم.
- ئەدی ئەو قەحپەیەی ماڵەكەی لێ بەكرێ گرتبووی كێ بوو؟
- كوڕە بابەكەم لە رای خوا شێتم مەكەن، قەحپەی چی؟ زەلامێكی سمێڵ بابڕ بوو، گوێم لێبوو لە نێو خۆیاندا، بە فورات گازیان دەكرد.
- دەباشە، هەر كەسێك، ژن یان پیاو هەواڵی ئێرەی پرسی، بیهێنە، یان لە شوێنێك دای بنەو وەرە خەبەرمان بدەیە.
- بەچاوان...
***
ئەوەی یەكەمجار، بە تایبەتی لە تەمەنێكی كەمدا دەكەوێتە حیزبێنی، خۆ بەخۆ دەكەوێتە هەندێ درۆی مەسڵەحەت، كە رەنگە لە ئەنجامدا باش نەشكێتەوە. تۆ كەسوكارو خزمانت واحاڵی كردبوو كە لە شاری (ك) دەخوێنی!... چەند رۆژێك تێپەڕین‌و هیچ رووی نەدا. باوەڕت نەدەكرد دام‌و دەزگای سیخوڕی لە چ هەوڵ‌و كۆششێكی بەربڵاودان بۆ دەسگیركردنی تۆ! زۆر زەحمەتە مرۆڤ رۆشنبینی نەبێت، دار عاسای پاكی‌و راستگۆیی بگرێتە دەست‌و بە پێخاوسی بەناو بكەوێ!
كەیهان ماوەیەكی زۆر خۆی لەبەر ئازارو ئەشكەنجە دەگرێت، ئەوجا بە ئەقڵی وا بە چاك دەزانێت، نێوی هاوڕێیەكی خۆی لە شاری (ك) بدات. مەنسوور، برا گەورەی تۆ بوو. ئەو شەوە بە رێكەوت لە ماڵ نابن، سیخوڕان، شەوێ دابوویان بەسەر ماڵی بابتدا. دایكت زۆر لەم هێرشە ناغافڵەیان ترسابوو. زۆریان لەبەر پاڕابووەوە كە رێی بدەن بچێت سەرێكی ماڵی كوڕە بچووكەكەی بدات، نەساغەو غەریبی دەكات! بێفایدە دەبێ. هەر كەسێكیش بە میوانی دەچێت دەیگرن‌و وەژووری دەخەن‌و نایەڵن بێتە دەرێ، شەو و رۆژێك بەو جۆرە تێدەپەڕێ، حەمەی برات دەچێ بۆ دیدەنی دایكت، قیڕ دەیگرن. سواری ئوتومبیلی دەكەن‌و باژۆ بۆ ماڵی حیكمەتی زاواتان. پاشان زانیت كە حیكمەتی مێردی خوشكت، بەرپرسێكی گەورەیەی حیزبیە! كەچی هیچ هەوڵێكی خۆشاردنەوەی نەدابوو. ئەو شەوە گرتبوویان، هەرچی لەگەڵ دەكەن‌و دەكۆشن، هیچی لێ هەڵناكڕێنن. خۆی لە گێلی دەدات... هەموو جار دەیگوت: نەفرەت‌و رقی شۆڕشگێڕانە تاقە رێگەیە بۆ گەییشتن بە خۆشەویستی! هەر كەسێك خۆشەویستی بتۆڕێنێ، بەدەستی خۆی، خۆی دەخاتە عەزابەوە، عەزابی تەنیایی، خۆپەرستی ئەمە بە مرۆڤ دەكات، مرۆڤ نابێ قەت خۆشەویستی و ڤیان فەرامۆش بكات، لە گەرمەی سەركەوتنا، لە جەرگەی شكستدا، لەوپەڕی نا ئومێدی ‌و بێهودەییدا نابێت دەستبەرداری خۆشەویستی بێت، خۆشەویستی ئەو داوە ئەفسووناویەیە كە بە ژیانەوەت دەبەستێ، هەركەسەو بە جۆرێ خۆشەویستی‌و ڤیان دەكات... بەبێ خۆشەویستی مرۆڤ دەبێ بە خاكێكی كاكی بە كاكی، هیچت تیا ناڕۆێ... خاك پێویستی بەتۆوە، تۆو پێویستی بەخاكە! ئەم دوانە تەنیا پێكەوە لە یەكگرتنەوەدا مانا پەیدا دەكەن...
دوای ماویەك ئازادی دەكەن! تومەز ویستویانە بیكەن بە چەشەو هاوڕێیانی تری پێ راو بكەن. بە ئاشكرا پێی دەڵێن :
- ئێمە دەمانەوێ ئازادت بكەین، بەڵام تۆش دەبێ یارمەتیمان بدەیت. تەنیا شوێنی مەنسوورمان پێ بڵێ‌و تەواو! بڕوا بكە مەگەر گڵ لە دەممانی بژنەوێ كە حیكمەت یارمەتی داوین.. خۆ ناچین لە جیاتی چاكەت بدەینەوە، ناوت بزڕێنین!...
حیكمەت زۆر نیگەران دەبێت... هەستدەكات دوورو نزیك چاودێری دەكرێت... دەشزانی لەم رۆژانەدا، بەم نزیكانە مەنسوور پەیوەندی پێوە دەكات. هەرچی سەردێنێ‌و سەر دەبات، ناتوانێ لە وەزع‌و حاڵ ئاگاداری بكاتەوە. كە بیر لەوە دەكاتەوە رەنگە لە كاتی دیدارەكەیاندا بدەن بەسەریانداو بە بەرچاوی ئەوەوە بیگرن، خۆی لەبەر چاو دەكەوێ. دەبێ بە تەڵەو هاوڕێكەی خۆی دەگرێت!... ئیدی لەو رۆژەوە كەس نەیزانی حیكمەت چی بەسەر هات، زەوی قووتی دا، ئاسمان هەڵیكێشا!.. زۆرجار بە دایكتی دەگوت:
- دایكە، راستە جەرگ زاڵمە، هیچ بە دووری مەزانە رۆڵەكانت یەك یەك بگیرێن، بەڵام هەرگیز لە دژمن مەپاڕێوە. بێزت نەیەت سەریان لەبەر دانەوێنی... مرۆڤ كە رێگەیەكی هەڵبژارد دەبێ رێگاكانی دی تەرك بكات...
**
ئێرە خەوگەی خوێنكارانی زانكۆیە.. شەو درەنگە، ئافرەتێكی میانە ساڵ، بە رواڵەت نیگەران‌و پەریشان، بەسەر جێگەی یەك بەیەكی قوتابیەكاندا دەگەڕێت.. هەواڵی مینا دەپرسێت:
- ببوورن بۆیە بەم شەوە هاتووم، چونكە قەزاو بەڵا دوور دایكی لە سەرە مەرگدایەو داوای ئەو دەكات، گوتم گوناحە با لێك دیدار بە قیامەت نەبن!
- باشە تۆ چی ئەویت؟!
- پوریم..
- چۆن پورێك؟ ئەدی نازانی لە چ بەشێكدایە!
بە پەلە پڕوزێ وەدەر دەكەوێ‌و بە ناكامی خۆی بە نێو ئەو هەموو سیخوڕەدا دەكاتەوە كە لە خوارەوە چاوەڕوانی دەكەن:
- لەوێ نییە، كەسیان نایناسن!... خوێندنی چی، ئەمەش كڵاوێكی ترەو لە سەری ناوین!.
**
لە شەقامی نەورۆزا وەستایت، هەستت دەكرد لە بۆشاییدا، لە بۆشاییەكی سامناكدا دەخولێیتەوە، ئەڵقەیەكی سەرگەردانیت‌و زنجیری خۆی ون كردووە... لە هەموو وابەستەگیەك دووریت... دەنگێك لە دوورەوە دێت، لە نەستتدا زندوو دەبێتەوە، لەوە دەچێت دەنگ نەمرێت، ئەوەتا دەنگی مامۆستای كۆمەڵناسیتە دەڵێت: “زۆر ئەستەمە مرۆڤ سەر لەم گەردوونە ئاڵۆزە دەربكات، بە راستی زەحمەتە، مەگەر كەسێكی خۆش بەخت خوا بەختەكی بكەوێتە سەر راستە رێگای عیشق‌و مەحەبەت‌و بیەوێ لەو رێگایەوە لێی حاڵی ببێت. عیشق ئەو فیلتەرەیە كە ژیان دەپاڵێوێ، ژیان بێ ئەو فیلتەرە بۆگەن دەكات... روحی جیهان دابەش دەبێت، بڵاو دەبێتەوە، بەم جیهان‌و گەردوونەدا بڵاو دەبێتەوە، بەڵام ئەم دابەش بوونە، دووبارە یەك دەگرێتەوە، بەم یەكگرتنەوەیە دەگوترێ عەشق.. كاتێ روحێك دابەش دەبێ، دەبێت بە دوو بەشی نێرو مێوە، مرۆڤ لەسەرێتی ژیان بۆ یەكگرتنەوەی ئەو بەشانە تەرخان بكات...”



‌ 129 جار بینراوه‌
5/20/2017 11:42:44 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved