نوێترین
روحانی: لەپاڵپشتیکردنی قەتەر بەردەوام دەبین   |    ئه‌مریكا داواده‌كات كێشه‌ی قه‌ته‌ر و وڵاتانی كه‌نداو گه‌وره‌تر نه‌كرێت    |    ته‌نها له‌ 1%ی موسڵ له‌ چنگی داعشدا ماوه‌   |    عه‌ممار حه‌كیم: كورد به‌شێكه‌ له‌ ڕۆحی نیشتمان   |    عیراق ١٠٠ ملیار دۆلاری پێویسته‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ژێر چنگی داعش   |    وه‌زیری كشتوكاڵ: ئێران به‌ڵێنی داوه‌ به‌شێكی ئاوی زێی بچوك به‌ربده‌نه‌وه‌   |    شوان داودی:نه‌قیی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان پێنج کەس کارمەندی ئیداری و شوفێرەکەی وه‌كو شاره‌زا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌كی دادگا ده‌ستنیشانكردوه‌   |    عەدنان موفتی: ریفراندۆمێكی یاسایی‌و بەهێز پپێویستی بەپەرلەمانە   |    گه‌ریلاكانى هه‌په‌گه‌ باره‌گایه‌ك ده‌كاته‌ ئامانج كه‌ وه‌زیری ناوخۆی توركیای تێدابوه‌   |    له‌ هێرشێكی ئاسمانیدا له‌ ئه‌نبار ده‌یان تیرۆرست كوژران   |   
كوردی  |   عربي
»  پەڕەموچ
ئارسەر میللەر قەڵەمێك رووبەڕووی خەونەكانی سەرمایەداری دەبێتەوە
دڵشاد شەفیق


“ئەوەی دێتەدی ئامانجی مرۆڤایەتی و خەونی چەوساوەكانە.. نەك خەونی سەرمایەداری كە ئەمریكا بانگەشەی بۆدەكات !!”
         
ئارسەر میللەر نووسەرێكی ناوداری درامای ئەمریكیە، هاوبار یەكێكە لە دیارترینی شانۆنامەنووسەكانی ئەمریكا، كارە درامیەكانی لە جیهاندا بە بەرفراوانی ناوبانگیان دایەوە، بەرهەمەكانی وەرگێردراونەتە سەر چەندین زمان و لە زۆربەی وڵاتە گەورەكان بە سكێجی جیاجیا نمایشكراون، بە تایبەت شانۆنامەی (مردنی دەسگێڕێك) كە رەخنەگران بە سەرتۆپی داهێنانی ئەمریكی ناوی دەبەن، هەردوو شانۆنامەی (گالیسكەیەك ئارەزوو رایدەكێشێت، هەموویان مناڵی خۆمن).
میللەر بەوە گەیشتە ترۆپك چونكە هەستی بە گرفتی میللەتی ئەمریكا دەكرد لە كاتی گرانی بازاڕو تێكشكانی ئابووری ئەمریكا لە سەرەتای سییەكانی سەدەی بیستەم، هاوكات كارەكانی پڕبوون لە جوانی و بیرمەندی و روونی كە هەموو كەسێك لێی تێ دەگەیشت، ئەوەی بەرهەمەكانی میللەر بخوێنێتەوە بۆی دەردەكەوێت  خەونەكانی ئەمریكا لە وەهمێك بترازێت چی تر نییە، بەڵام نرخەكەی زۆر گرانە، جەستە ماندوو دەكات و ررۆح تێكدەشكێنێت، ئەوەی سەرگوزشتەكەی بخوێنێتەوە دەبینێت لە هەموو سەربوردەكانیدا زیاتر لە جارێك قوربانی سیستمێكی سەرمایەداری زەق بووە.
میللەر لە ژیانیدا زۆر گەمەی بە دراما كردووە، ئەم نووسەرە ساڵی 1915 لە نیویۆرك لە خێزانێكی ساماندار لەدایك بووە، بەڵام قەیرانی دارایی كە ئەمریكا لە كۆتایی بیستەكان دووچاری بوو؛ ئەو خێزانەی نابووت كردوو هاتنە سەر ساجی عەلی، ئەوەبوو لە تەمەنی چواردە ساڵیدا كاری دەكردو تاكە كەس بوو كە هاوكاری دارایی خێزانەكەی دەكرد، دەمەو بەیانیان نانی بەسەر ماڵاندا دەبەخشییەوە، دواتر بەپێ بەرەو قوتابخانە دەرۆیشت، لە كاتێكدا پێشتر بە ئۆتۆمبیلی تایبەت بۆ قوتابخانە دەچوو، دوای تەواوكردنی ئامادەیی چوە زانگۆی مشیگێن و بەشی رۆژنامەوانی خوێند، كە خوێندكاری زانكۆ بوو دوو كاری تریشی دەكرد داهاتی یەكەمیان بۆ خەرجی زانكۆو دووەمیان بۆ بەرێوەبردنی بژێوی خانەوادەكەی بوو، ئەم ئەزموونە سەختە كاریگەری بەسەر بەرهەمە ئەدەبی و رەوشە سیاسیەكەیەوە هەبوو.
میللەر یەكەم شانۆنامەی لە قۆناغی زانكۆییدا بە ناوی (جێی نامەردەكان مەكەنەوە!!) دەنووسێت، هەر لە خودی زانكۆكەنمایش دەكات و خەڵاتی پێ دەبەخشرێت، ئینجا خەڵاتی خوێندنی باڵا لەسەر هەمان شانۆنامە وەردەگرێت، ئیتر بڕیاردەدات بە تەنها شانۆنامە بنووسێت و بواری شانۆیی وەك بینەر لە زانكۆ دەخوێنێت، دووەم شانۆنامە بەناوی (رێزلێنان لە گەردوگوڵدا) دەنووسێت، ساڵی 1939 كاركردن لەگەڵ گەوەرە كۆمپانیای فۆكسی ئەمریكی رەتدەكاتەوە وێرای ئەوەی داهاتی خەیاڵی بۆ تەرخاندەكەن، پێی باشتر بوو پرۆژەیەكی شانۆیی لە خودی نیویۆرك دابمەزرێنێت، بەڵام بە بیانووی ئەوەی سۆزی بۆ ئامانجەكانی یەكێتی سۆڤییەت دەجووڵێتەوە بە بڕیارێكی كۆنگرس ئەو پرۆژەیە دادەخرێت.
دوای ئەم شكستە گەورەیە میللەر ناچاربوو هەندێك شانۆنامە بۆ رادیۆكان بنووسێت، تا دووبارە بەخت یاوەری دەبێت. شانۆنامەی (پیاوە زۆر خۆشبەختەكە) دەنووسێت و ساڵی 1940 نمایش دەكرێت. بەڵام ئەو نمایشە لە پێنجەمین رۆژەوە راگیردەكرێت، ئینجا نائومێدی دووەم دەبەزێنێت و شانۆنامەی (هەموویان كۆڕی خۆمن) دەنووسێت، كە سەركەوتنی گەورە بەدەستدێنێت و ماوەی دووساڵ بێ دابڕان نمایش دەكرێت و  بەو هۆیەوە خەڵاتی باشترین شانۆنامەنووسی ئەمریكی پێ دەبەخشرێت.
ساڵی دواتر شانۆیی (مردنی دەسگێڕێك) دەنووسێت و گەورەترین ناوبانگ دەردەكات و وەردەگێردرێتە سەر چەندین زمان و لەسەر تەختی شانۆیی پڕۆدوای زیاتر لە حەوسەد جار دووبارە دەكرێتەوە، ئەم شانۆییە چونكە گوزارشت لە ئازارەكانی بە ملیۆنان كەسی قوربانی دەستی سەرمایەداری دەكات ناوبانگی جیهانی دەركردو لە تێكرای ویلایەتەكانی ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا نمایشكراوە.
ساڵی 1968 شانۆیی (نرخ) دەنووسێت. بەوەش ئیتر ئەستێرەی بەختی دەدروەشێتەوەو دەبێتە نووسەرێكی هەڵكەوتەو لە هەموو جیهاندا دەناسرێت. میللەر خۆی بە شاگرد و میراتگری هنریك ئاپسنی نەرویجی دەزانێت كە خاوەن شانۆنامەی (دوژمنی گەل)ـە، چەندین گرفتی مەسەلە ئابوریەكانی لە رێگەی نووسین و سیمینارەكانیەوە چارەسەركردووە، سەرجەم شانۆنامەكانی گوزارشت لە ژیانی چینی مامناوەند دەكەن بە هەموو كێشەو ئازارو خەونە لەبارچووەكانیانەوە، بەڵام بەهۆی وردبینی لە دۆزینەوەی كاراكتەرو چۆنیەتی پێكەوە گریدانی رووداوەكان بەهرەی زیاتر كردو مۆركی جیهانی بە بەرهەمەكانی بەخشی.
ساڵانی پەنجاكان ماوەی زێڕینی ژیانی میللەر بووە، شانۆنامەكانی لە گەورەترین شانۆیی ئەمریكاو ئەوروپا نمایش دەكران و زۆربەیان لە رێگەی سیناریستەكانەوە كراونەتە فیلم و زنجیرە درامای تەلەفزیۆنی، ساڵی 1956 مارلین مۆنرۆی ئەستێرەی هەڵكەوتەی هۆلیوودی ناسی و هاوسەرگیری لەگەڵدا كرد، بەمە كەوتە ژێر چاودێری راگەیاندنەكان و دووچاری پرۆپاگەندەی نابەجێ دەبوەوە، هەر لەو ساڵەدا لە بەردەم لیژنەیەكی كۆنگرێس لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرا سەبارەت بەوەی چالاكی سیاسی سۆشیالیستی سەر بە رەوتی سۆڤییەتی هەیە، دانی بەوەدا نەناو هەموو ئەوانەی بە تۆمەت داناو رەتی كردەوە بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بكەن و بە سەرۆكی كۆنگرێسی ئەمریكی وت:” من داكۆكی لە بەشخوراوەكان دەكەم، قەڵەمەكەم بۆ دوا رۆژی ئەمریكایە، كەچی ئێوە تۆڵەی جەنگی سارد لە قەڵەمەكەم دەكەنەوە”.
ئیتر بە بڕیاری دادگا غەرامە دەكرێت و پاسپۆرتەكەی لێ وەردەگیرێتەوەو دەخرێتە ژێر چاودێری توندەوە، بەڵام دواتر بە بڕیاری هەمان دادگا ئەستۆپاكی دەیگرێتەوە، هەر ئەم رووداوە وا دەكات خەڵكێكی زۆرتر لە دەوری بەرهەمەكانی كۆببنەوەو ئەویش زیاتر بەرگری لە هەژاران دەكات بە تایبەت ئەو ئەدیبانەی سیستمی سەرمایەداری پەراوێزی خستوون، هەر لەم بوارەدا خەباتی زۆری بە قەڵەمەكەی كردو كاری كردە سەر كولتووری ئەدەبی لە هەموو جیهان و داكۆكی لەو نووسەرانە كرد كە لە وڵاتە سوشیالیستەكان دووچاری هەڕەشەو دەمكوتكردن و كوشتن دەبنەوە، بەو هۆیەوە ساڵی 1965 بە سەرۆكی یانەی قەڵەم هەڵبژێردا.
میللەر وێرای ئەوەی سەر بە ئایینی جوولەكە بوو، سیاسەتی دامەزراندنی دەوڵەتێك بۆ جووەكانی رەتدەكردەوە بەوەی نابێت وڵات لەسەر بنەمای ئایینی دابمەزرێت، جگە لەوەش جەنگی دووەمی جیهانی بە كارەساتی مرۆیی ناوبردو بە گەورەترین تاوانی سەرمایەداری دەزانی كە تەنهاو تەنها خەڵكی مەدەنی باجەكەیان داوەو بوونەتە قوربانی كەچی مێژوو سەروەری بۆ بازرگانانی جەنگ تۆمار دەكات، ئەم رەخنانەی بە تەنها لە رێی نووسینەوە نەبووە بەڵكو چەندین جار لە رێی چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنییەكانەوە رەخنەی ئاگرینی لە سیاسەتی سەرمایەداری ئەمریكی گرتووە. وەك لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت:” ئەوەی دێتەدی ئامانجی مرۆڤایەتی و خەونی چەوساوەكانە.. نەك خەونی سەرمایەداری كە ئەمریكا بانگەشەی بۆدەكات !!”.
میللەر لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو گەیشتە ترۆپكی ناوداری لە هەموو جیهان، میدالیای هونەری ئەمریكی ساڵی 1993 پێ بەخشرا، دواتر خەڵاتی شانۆنامەی قەڵەم 1994، خەڵاتی درامای ئەمریكا (درامای ژیانی گەلان) 1998، خەڵاتی دۆرتی و لیلیان جۆش بەوەی رۆڵی گەورەی لە بەختەوەركردنی مرۆڤایەتی بینیوەو بۆتە هاندەرێك بۆ تێگەیشتن لە ژیان 1999، میدالیای یەكەمی نووسەرە ئەستێرەكانی ئەمریكا 2001، خەڵاتی ئیسپانیا بۆ زۆرترین بەرهەمی مرۆیی 2002، خەڵاتی حكومەتی ئەمریكی لە مەراسیمێكی تایبەت وەك نووسەری داكۆكیكار لە نووسەرە چەوساوەكانی جیهان 2003.
میللەر لە تەمەنی هەشتاونۆ ساڵیدا بە نەخۆشی دڵ لە 10/2/2005 كۆچی دواییدەكات، لە تەمەنی نۆزدە ساڵیەوە  تا هەشتاو نۆ ساڵی.. واتا حەفتا ساڵ قەڵەمەكەی دەخاتە گەر بۆ داهێنان لە ئامانجە مرۆییەكان، سەرەتا هەموو سڵ لە بەرهەمەكانی دەكەنەوە، بەڵام دواتر هەموو رێز لەو قەڵەمە بەپێزە دەگرن.
مەراسیمی ناشتنی قەبارەیەكی زۆر گەورەی هەبوو بە هەزاران نووسەرو ئەكتەرو سیاسەتمەدارو دیبلۆماتكار ئامادەی بوون، شانۆیی پڕۆدوای وەك رێزگرتنێك لەو نووسەرە ماوەی سێ رۆژ دەرگای داخست و هەموو چراكانی كوژاندەوە، زانكۆی مشیگێن گەورەترین هۆڵی شانۆیی بەناوی میللەرەوە دروستكرد كە پارساڵ بە بۆنەی تێپەربوونی سەد ساڵ بەسەر لەدایكبوونی وەك بەرنامەیەك لە ئاهەنگێكی بەرفراوان كرایەوە، هاوكات شانۆیی شكسپیر لە لەندەن كرا بە شوێنی تایبەت بۆ پرسەكەی كە شانۆیی (مردنی دەسگێرێك)ـی پێشكەش دەكرد، بە مردنی ئەو نووسەرە هەموو ئەمریكا ماتەمینی پۆشی، ئەوەش گەورەترین رێزلێنانە بۆ مرۆڤێك بە درێژایی ژیانی داكۆكی لە هەژاران كردووەو لە چوارچێوەی كاری هونەریی داهێنەرانەدا بەرجەستەی كردووە.

‌ 70 جار بینراوه‌
6/17/2017 11:19:23 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved