»  کاتژمێر یازدە
ریفراندۆم و مەترسییە گەورەكە
شوان داودی



ماوەیەكە قسەوباس لەسەر پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان زۆرترین پانتایی میدیای كوردی و عێراقی داگیركردووەو شەقامی كوردی كردۆتە دوو بەشەوە، هەردوو بەرەی (بەڵێ) و (نەخێر) بە شێوازێكی ناتەندروست مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە نەتەوەییە هەستیارە دەكەن بەشێوەیەك هاوڵاتی ئاسایی ئەو هەرێمەیان خستۆتە بەر دووڕیانێكی تەنگەبەرەوە كە بە هۆی تۆمەتباركردنی لە هەردوو حاڵەتەكەدا نەتوانێت بە ئاسانی بڕیاری خۆی بدات. 
نایشارمەوە من تا ئێستا زۆر بە خۆپەرێزییەوە لەسەر ئەو پرسە قسەم كردووە، چونكە لە راستیدا بۆ ئەو پرسە لەگەڵ هەموو ئەو سەرنج و تێبینییانەی هەمە لەسەر شەرعی بوون یان نەبوونی پرسەكە یان لەسەر چۆنیەتی بڕیار لەسەردانی ئەو پرسە یان كێ بڕیاری لێداوەو چۆن جێبەجێدەكرێت و كێ جێبەجێی دەكات و كێ لەگەڵی دەوەستێ‌ و كێ دژایەتی دەكات، چونكە لە راستیدا بۆچوونی جیاوازو مەترسی جیاوازم هەیە، لەو سۆنگەیەوە كە بەندە خەڵكی ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستانم پێموایە عێراقی دوای داعش عێراقی پێش داعش نابێت. 
لە ساڵی 2005 لەكاتی دەنگدان بۆ دەستوری عێراق بەندە دژبووم و رۆژنامەی (هەواڵ)ـم تەرخانكرد بۆ روونكردنەوەی مەترسییەكانی ئەو دەستوورە سەبارەت بە لەدەستدانی ئەو دەرفەتە مێژووییەی دوای رووخانی بەعس هاتبووە پێشێ بۆ گەڕاندنەوەی خاكی داگیركراوی كوردستان، خۆشم دەنگم بە دەستوورەكە نەدا، چونكە پێموابوو مادەی (140) كێشەی ئەو ناوچانە نەك چارەسەر ناكات، بەڵكو ئاڵۆزتری دەكات، بەو هۆیەشەوە لەو كاتە ژیانمان كەوتە مەترسییەوە، چونكە حیزبەكان پێیانوابوو ئێمە پێچەوانەی پرۆژەی ستراتیژی كوردی كاردەكەین، ئێستاش واقعێكی تازە هاتۆتە پێش و دەرفەتێكی گونجاویش هەیە بۆ ئەوەی لانی كەم ئەو ناوچانە ئەگەر نەشتوانین بیانگەڕێنینەوە سەر هەرێم لە بەغدایان داببڕێنین. 
نامەوێت بە سۆزەوە یان لەژێر كاریگەری ئەو دوو بەرەیەی دروستبووە یان بە بۆچوونە حیزبیەكانم قسە لەم پرسە بكەم، بەڵكو دەمەوێ لەسەر هەندێك بنەما بدوێم، ئێستا بڕیارێك لە ئارادایە كە (25/9/2017) ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت، تا ئێستا روون نییە كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان ریفراندۆمیان تێدا دەكرێت یان نا. 
ئەگەر ریفراندۆم بۆ هەرێمی كوردستان یەكجار گرنگ بێت، ئەوە گرنگیەكەی بۆ ئەو ناوچانە دوو هێندەیە، ئەگەر مەترسی بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكات ئەوە مەترسی بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان زۆر زیاترو مەترسیدارترە، بۆیە دەبێت بڕیاری روون و ئاشكرا هەبێت بۆ بەشداریكردنی ئەو ناوچانە لە ریفراندۆم لە ئەگەری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كوردستان، هەر بۆیە یەكێك لە مەرجەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پشتیوانیكردنی لە پرۆسەكە بەشداریپێكردنی ئەو ناوچانەیە، چونكە لە حاڵەتی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێم و بێبەشكردنی ئەو ناوچانە لە پرۆسەكە دان پێدانانە بە دەستبەرداری هەتاهەتایی هەرێم لەو ناوچانە. 
لە حاڵەتی بەشداریپێكردنی ئەو ناوچانەش دەبێت زەمانەتی سەركەوتنی بكرێت كە ئەمەیان لە ئێستادا دەستەبەركردنی ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی هیچ ئامادەكارییەكی پێویستی بۆ نەكراوەو بەمشێوە نیوەناچڵییەی ئێستا ئەگەری شكستهێنان زیاترە، چونكە ئەگەر كەركوك بە نمونە وەكو پایتەختی ناوچە دابڕێنراوەكان بهێنینەوە، ئەوە هەندێك راستی هەن دەبێت لەبەرچاوی بگرین.. لەوانە: 
كێ دەنگ دەدات؟ تەنها كورد یان هەموو پێكهاتەكانی ناوچەكە؟ ئەگەر توركمان و عەرەب و مەسیحیەكان بەشدار نەبن واتا هیچمان نەكرد!! بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی رێژەی كورد لە كەركوك (52%)ـی پێكدەهێنێت و واتا (48%)ـی پێكهاتەكانی ترن، لە ئەگەری بایكۆتكردنی پێكهاتەكان ئەگەر (3%)ـی كورد دەنگ نەدات یان لە دژی بوستێت ئەوە پرۆسەكە شكستدێنێت، چۆن قەناعەت بە پێكهاتەكانی تر دەكەیت بەشداربن؟ تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەك لە ئارادا نییە یان لایەنی كوردی هیچ پڕۆژەیەكی بۆ پێكهاتەكانی تر نییە لەكاتێكدا ماوەیەكی زۆر كەم لەبەردەستدا ماوە بۆ كاتی دیاریكراو، ئەمە سەبارەت بە كەركوك، لە خورماتووش رێژەی كورد دابەزیووە بۆ 30% جەلەولاو سەعدیەش لە كورد بەتاڵ كراونەتەوە، ئەوە باسی شەنگال-یش هەر مەكەن... مەترسیە گەورەكە لێرەدایە لەحاڵەتی شكستهێناندا ئەو ناوچانە هەتا هەتایە لەدەست دەدەین، بۆیە پێموایە حاڵەتی ئەم ناوچانە جیاوازە لە ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و دەبێت زۆر وردو ژیرانەتر كاری لەسەر بكرێت. 
بەدرێژایی مێژووی بزووتنەوەكەمان بە زیاتر لە (50) ساڵی رابردوودا سێ سەركردەی كارێزمایی بەرهەمهێناوە، لە غیابی جەنابی مام جەلال ئەركی مەسعود بارزانی و شادرەوان نەوشیروان مستەفا قورستر بوو، دوای كۆچی دوایی كاك نەوشیروان مستەفا-یش ئەركەكانی بارزانی زۆر قورستر بووە، بۆیە لە دۆخێكی هەستیارو مەترسیداری وەك ئێستادا پێویستە لەسەر بارزانی بەرپرسیارانەتر مامەڵە بكات و هەرچی ماڵی كوردە یەكیبخاتەوە، چونكە ئەو پرسەی دەستی بۆ بردووە پرسێكی ئاسان نییە، بە پێچەوانەوە ئەو پەندە كوردیەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە كە دەڵێت: “هەڵگرتنی بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنیەتی”، دەبێت بارزانی ئەوەش بزانێت لە حاڵەتی شكستخواردندا بەرپرسیارێتی مێژوویی دەكەوێتە ئەستۆی، لە هەمان كاتدا تێكڕای لایەنە سیاسییەكان و بەرەی دژە ریفراندۆمیش ئەگەر پێیانوایە ئەم پرسە لە بەرژەوەندی خودی بارزانییە دەبێت ئەو راستییە بزانن لە ئەگەری شكستهێناندا ئەوە كوردە دەدۆڕێت نەك بارزانی. 
بۆیە من بە پێویستی دەزانم لە حاڵەتی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا پێویستە كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان بەشداری پێ بكرێن و لەهەمان كاتدا پێویستە زەمانەتی سەرخستنی بكرێت، چونكە ئەو دەرفەتە بۆ دابڕاندنی ئەو ناوچانە لە بەغدا ئێستا لە ئارادایە، ئەستەمە بە ئاسانی دووبارە بكرێتەوە، هەرچەندیشە ئێستا زۆربەمان سمێڵ دەتاشین بەڵام وەكو كوردیش دەڵێت “ بۆ ریش چوو سمێڵیشی نایە بانی”... دە با ئێمەش سمێڵ نەخەینە بانی!
‌ 946 جار بینراوه‌
7/7/2017 4:51:39 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved