نوێترین
ئەمریكا رێگری لە رادەستبوونی چەكدارانی داعش بە پێشمەرگە دەكات    |    بە هۆی نوێنەكردنەوەی تۆماری دەنگدەران گەنجانی تەمەن 18 - 21 ساڵ مافی دەنگدانیان نییە   |    تەنها چوار پەلەمانتاری سوننە دژی بڕیاری لادانی پارێزگاری كەركوك بوونە    |    بەبێ هەماهەنگی پێشمەرگە ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە دەستپێناكات   |     تا ئێستا لە كەركوك بەشی تەندروستی تایبەت بە ئاڵودەبووانی ماددەی هۆشبەر نییە   |    كەم نەكردنەوەی نرخی مولیدە ئەهلییەكان ناڕەزایی خەڵكی كەركوكی لێ دەكەێـتەوە   |    بڕیارە سبەی یەكشەممە پارەی پترۆدۆلاری مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە كەركوك دابەشبكرێت   |    بە پەلە .. سەبارەت بە ریفراندۆم ئەنجومەنی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی دەنگیان بە (بەڵێ)یەك دا   |    150 هەزار عەرەبی هاوردە لە تۆماری دەنگدەرانی ریفراندۆمەكەدا هەیە   |    150 چەكداری داعش لە گوندێكدان و سوپاو حەشدیش هەوڵی كۆنترۆڵكردنەوەی نادەن   |   
كوردی  |   عربي
»  شۆک
حاڵەتەكانی كوشتن پەرەدەسێنێت و زۆربەی قوربانیەكانیشی گەنجانن
ئا/ رامان ساڵەیی




كوشتن بەهۆی كێشە كۆمەڵایەتییەكانەوە لەحاڵەتەوە بۆ دیاردە هەنگاو دەنێت و هۆكاری سەرەكی زۆربوونی كێشەكانیش بۆ چارەسەر نەكردنی كێشەكان و كەڵەكەبوونیان بۆ ماوەی چەند ساڵێك دەگەڕێندرێتەوەو قەیرانی دارایی-ش بەهۆكاری سەرەكی زۆربوونی كوشتن و خۆكوشتنەكان دادەنرێت، بەپێ ئاماری دەستەی مافی مرۆڤیش تەنها لەمانگی رابردوودا 22 كەس كوژراون، ئەوەی جێگەی تێڕوانینیشە زۆربەی قوربانیەكان لەتوێژی گەنجانن.

ماوەی چەند مانگێكە كوشتن و خۆكوشتن رووی لەزیادبوون كردووە كە دیارترین رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووش، جگە لەكوژرانی ژن و مێردێك لەسلێمانی، كوشتنی كچێكی تەمەن 17 ساڵان بوو لەقەزای سۆران لەلایەن كەسێكی نەناسراوە لەماڵەكەی خۆیان كۆتایی بەژیانی هێندرا، توێژەرانیش هۆشداری لەزیادبوونی ئەو كێشانە دەدەن.
بەپێی ئامارەكەی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ، لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، بەهۆی بەكارهێنانی چەكی بێ مۆڵەت 22 كەس و 2 هاوڵاتیش بەچەقۆ لەهەرێمی كوردستان بەكەركوكیشەوە كوژراون و خۆیان كوشتوە، جگە لەوەش ژمارەیەك هاوڵاتی تر برینداربون.
لەو ئامارەدا ئاشكراكراوە كە 14 حاڵەتی تری پێشێلكاری بەرامبەر بەمافەكانی مرۆڤ تۆماركراون و هۆكاری زیادبوونی رووداوەكانیش، بوونی دیاردەی چەكداری و قەیرانی دارایی و كێشە كۆمەڵایەتیەكان دەگەڕێتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی مافی مرۆڤ، هۆكاری سەرەكی زیاتر لە 40%ی رووداوەكانی كوشتن پەیوەندییەكان بەزیندوكردنەوەی كێشە كۆمەڵایەتیەكانی پێشترەوە هەیەو ئەوەشدەخاتەڕوو: “ئەوەی لەمانگی رابردوودا تێبینیكراوە بریتی بووە لەزیندوكردنەوەی كێشە كۆمەڵایەتییەكانی ساڵانی رابردوو كە ئەوكات لەڕێگەی سوڵحەوە دوور لەدادگا چارەسەر كراون و ئەوەش نەبۆتە هۆی كۆتاییهاتنی تەواوەتی كێشەكان و یەكلانەكراونەتەوە، مافی مافخوراو وەرنەگیراوەو تاوانباریش نەدراوەتە دادگا، بۆیە لەچەند ناوچەو شوێنێك ئەو كێشانە سەریان هەڵداوەتەوەو بوونەتە هۆكاری ئەنجامدانی تاوان و كوشتن.
لەلای خۆیەوە چنور محەمەد توێژەری كۆمەڵایەتی هۆشداری لەزیادبوونی روداوەكان دەدات و پێی وایە، زۆربەی ئەو كەسانەی لەرووداوەكان بەتایبەت كێشە كۆمەڵایەتییەكان دەبنە قوربانی، گەنجانن و بەپلەی دووەمیش ئافرەتان دێت، دەشڵێت: “ناكرێت حكومەت و لایەنە پەیوەندییدارەكان بەزۆربوونی رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن نەجوڵێن و هەموو هەوڵێكی خۆیان بەئاراستەی چارەسەری دۆخەكە نەخەنەگەڕ، لەكاتێكدا ئەم روداوانەی روودەدەن هەنگاوی یەكەمی تێكچونی هەر كۆمەڵگەیەكن”.
ئەو توێژەرە باس لەمەترسیەكی گەورەی سەر ئایندەی هەرێمیش دەكات بەهۆی زۆربوونی روداوەكان و ئەوەدەخاتەڕوو، ئەگەر ئێستا بەر بەو رووداوانە نەگیرێت و رێگەچارەی پێویست نەدۆزرێتەوە، ماوەیەكی تر كار لەكار دەترازێت و ئەوەی ئێستا بەرۆژێك و دوو رۆژ دەكرێت، ئەوكات بەمانگ و چەند مانگێكیش ناكرێت و دۆخەكە بەسانایی ئاسایی ناكرێتەوەو ماوەیەكی زۆری دەوێت تا هاوڵاتیی لەسایەی دەزگا ئەمنیەكان و دەسەڵاتی كوردی هەست بەئەمنیەت و ئاسایشی خۆی بكات.
شیرین حسێن دەرونناس و مامۆستای زانكۆی سلێمانی، ئاماژە بەهۆكارەكانی زیادبوونی كوشتن و خۆكوشتن دەكات و دەڵێت: “ ئێستا لەمیدیاكانەوە وەك شتێكی ئاسایی باس لەكوشتن دەكرێت، لەكاتێكدا كوشتن و خۆكوشتن هەر ئەوە نییە كەسێك گیانی لەدەست بدات، بەڵكو تاكەكانی كۆمەڵگا والێدەكات كە هەست بە پارێزراوی نەكەن و بكەونە دڵەڕاوكێوە، هۆكاری سەرەكی زیادبوونی رووداوەكانیش نەبوونی سیستمە”.
بەوتەی شیرین حسێن، “لەكاتی سەروەر نەبوونی یاسا، رووداوەكان زیاد دەكەن”، ئاماژە بەوەشدەكات كە قەیرانی دارایی و نەبوونی دامودەزگایەكی رەسمی و شەرعی هۆكارن بۆ زیادبوونی رووداوەكانی كوشتن،
ئاشكراشیكرد: قەیرانی دارایی كاریگەرییەكی زۆر گەورەی لەسەر كوشتن و خۆكوشتن و زیادبوونی تاوانەكان هەیە، هەندێك كەس رەنگە هیچ خواستی لەسەر ئەنجامدانی تاوان نەبێت، بەڵام نەبوونی و قەیرانی گەورەی ئابوری كە روبەروی خێزانەكان بۆتەوە هەندێكجار مرۆڤەكان ناچار بەكاری دزێ و خراپە دەكات، بەجۆرێك سڵ لەتاوان نەكەنەوەو بەد رەفتاری ئەنجامبدەن.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ داوا دەكات بۆ رێگریكردن لەزیادبوونی حاڵەتەكانی كوشتن و خۆكوشتن زیاتر كار لەسەر هۆشیاری بكرێت و نیگەرانی خۆشی لەبارودۆخی هەرێم دەردەبڕێت و ئەوەدەخاتەڕوو: “توێژەرانی كۆمەڵایەتی چییان هەیە تا بتوانن رووبەڕووی ئەو حاڵەتانە ببنەوە، لەكاتێكدا لەم وڵاتە وەزیر دەسەڵاتی نییەو لەكارەكەی دووردەخرێتەوە”.
سەبارەت بەكۆڕو سیمینارەكانیش، شیرین حسێن وتی: “ كۆڕو سیمینارەكان و گفتوگۆی بەردەوام لەڕێگەی میدیاكانەوە تاڕادەیەك كاریگەری هەیە، بەڵام كاری سەرەكی بۆ رێگرتن لەزیادبوونی رووداوەكان گۆڕینی سیستم و رێكخستنەوەیەتی بەجۆرێك خەڵك هەست بەیاساو پارێزراوی بكات، هەست بكات دەتوانێت لەڕێگەی یاساو دادگاوە مافی خۆی وەربگرێت كە بەداخەوە خەریكە ئەو بڕوابوونە نامێنێت، كە ئەمەش زەنگێكی مەترسیدارەو لەوانەیە لەسەر شتێكی زۆر ئاسان خەڵك بكوژرێت، یان رەنگە دۆخەكە بەجۆرێكی لێ بێت كە كوشتن بكرێت بەكارێكی ئاسایی و وەك دیاردەیەكی كۆمەڵگەی لێ بێت”.
دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم جەخت لەسەر چارەسەری كێشەكان لەڕێگەی دادگاو سەروەری یاسا دەكاتەوەو داواشدەكات، حكومەتی هەرێم پێداچوونەوەی تەواوەتی بكات بەچارەسەری قەیرانی دارایی و باشكردنی ژیانی هاوڵاتیان و لەهەمانكاتیشدا داوا لەهاوڵاتیان دەكات، خۆیان بەدووربگرن لەبەكارهێنانی چەك و هەڵگرتنی لەناو ماڵەكان كە دەبێتە مایەی مەترسی بۆسەر ژیانیان.

‌ 285 جار بینراوه‌
7/8/2017 9:24:00 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved