»  شەکری تاڵ
با ریفراندۆم لە كەركوك نەكرێت



هەموو لایەك مەرجی بەشداریكردن لەسەرخستنی پرۆسەی رایفراندۆمەیان بەستۆتەوە بە بەشداری پێكردنی كەركوك، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەك مەترسی و لێكەوتەكانی بەشداریكردنی كەركوك لێكنەداوەتەوە و گرەنتی سەركەوتنی ریفراندۆم لە كەركوك نادەن.
بەشداری پێكردنی كەركوك لە ریفراندۆم بێ ئامادەكاری و خوێندنەوەی لۆژیكی، هێندە زیانی بۆ كەركوك دەبێت، هێندە خێر و بیـَری نابێت، چونكە پێكهاتەی دانیشتووانەكەی بە جۆرێكە كە زیاتر لە (45%) لە نەتەوەو ئاین و ئاینزا و مەزهەبە جیاوازەكانی غەیرە كوردە، ئەمەش مەترسییە گەورەكەیە..
كرۆكی مەسەلەكە لەوەدایە، ئەگەر عەرەب و توركمان و مەسیحی و بەشێكی لە كورد لەبەر هەر هۆكارێك بێت بە (نەخێر) دەنگ بدەن، ئەوە بە (بەڵێ‌)ـی زۆرینەی كوردی شارەكەش؛ كەركوك دەدۆرێنین.
ئێستا كورد هێندەی حەزەكەی كە دەیەوێت كەركوك بەشدار بێت و بچێتە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەی باسی دەكەن، دەبێت بروای بە خۆی بهێنێت كە لەگەڵ بچوكترین هەڵە، كەركوكی لە دەست دەچێت، بۆیە تەنها بە حەز نابێت هەنگاو بۆ پرسی چارەنووسساز بنرێت، ئەگەر عەقڵ و مەنتقی لەگەڵدا نەبێت.
بۆیە پێش هەر هەنگاوێك دەبێت پێكهاتەكانی دیكە دڵنیابكرێنەوە لەوەی راپرسی بۆ چیە و سوود و قازانجی ئەوان لە كوێدایە و چارەنووسی پێكهاتەكانی تر لە ئەگەری سەربەخۆی كوردستان بە كەركوكیشەوە چی دەبێت.
هیچ نەبێت هەوڵی ئەوە بدرێت ریفراندۆمەكە هەڵبگیرێت بۆ كاتێك كە هەم كوردو بەشێك لە پێكهاتەكانی دیكە بە حكومرانی كوردستان رازی بن، یاخود لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە ئەنجامبدرێت و لەو هەڵبژاردنەش كەركوك تێیدا بەشداربێت ئەوە هیچ نەبێت خەمخۆری پیشانی هاوڵاتیانی كەركوك بە هەموو پێكهاتەكانەوە نیشان دەدرێت.
هاوكات نابێت كورد خەونی بردنەوەی ریفراندۆم لە كەركوك ببەستێتەوە بە دەنگدانی بەشێكی توركمان و عەرەب بە لیستە كوردییەكان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2014 لە شارەكە، چونكە ئێستا هاوكێشەكان گۆڕاون و دەستی هەرێمایەتی و بەتایبەت توركیا زیاتر لە جاران لە كەركوك و خورماتوو و چەند ناوچەیەكی دیكەش واڵایە.
لە هەمووی گرنگتر نەبوونی ئەزموونێكی جوانی حكومڕانی كوردییە تا سەرنجی پێكهاتەكانی پێی رابكێشێنرێت، ئاخر چۆن بتوانرێت فەرمانبەرێكی موچەخۆری سەر حكومەتی ناوەند لە موچەكەی دەستبەرداریبكەیت و رازی بكەیت بە چارەگە مووچەی (40 بۆ 50) رۆژی حكومەتی كوردی!!
حكومەتی ناوەندیش لە پرسێكی وەهادا كاری خۆی دەكات بۆ ئەوەی هانی پێكهاتەكان بدات تا دەنگ بە نەخێر بدەن یان لە رێگای دزە پێكردنی نازحەكانەوە هاوسەنگیەكە لاسەنگ بكات.
بۆیە كەركوكیەكان و ئەوانەی بڕیار لەسەر بەشداری كەركوكیەكان لە ریفراندۆم دەدەن، دەبێت هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەبكەن و ئەو تەنها شانازییەی كورد لە ئێستادا لە سایەی هێزی پێشمەرگە و نەكەوتنی شاری كەركوكە هەیەتی.. لە دەستی نەدەن.
 ئیمزا
رەوان تالیب

‌ 250 جار بینراوه‌
7/15/2017 9:05:19 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved