»  شۆک
هەراسانكردنی پەنابەران لە ئەوروپا لە هەڵكشانە




هەڵمەتی بەزۆر ناردنەوەو وەرنەگرتنی كەیسەكانی پەنابەران دەستی پێكردووە، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی زۆرێك لەو گەنجانەی لە وڵاتانی ئەوروپان، هەندێك لە گەنجانی كوردیش باس لەوەدەكەن كەیسەكانیان وەرناگیرێت و گێچەڵ و كێشەیان بۆ دروستدەكرێت تا بەهەرجۆرێك بێت دیپۆرت بكرێنەوە، لەبەرانبەریشدا فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی پۆ پشتگیری پەنابەران هەڵمەتێكی واژۆ كۆكردنەوەی دەستپێكردوە.

حەمزە جەبار تەمەن 28 ساڵە یەكێكە لەو گەنجە كەركوكیانەی ئێستا لە وڵاتی نەمسایە، بۆ (هەواڵ) وتی: “ئێمە لە بارودۆخێكی خراپداین و رۆژانە دەستی دەستیمان پێدەكەن و دادگایی ناكرێین، یان كە دادگایی هەندێكیش كراون كەیسەكانیان بەدڵ نەبووە و سەرجەمیان رەتكراونەتەوە”.
ئەو گەنجە باسی لەوەكرد: “ لەهەموو شوێنێكی ئەوروپا بە بێگانە لەقەڵەم دەدرێین و ئەوان قبوڵمان ناكەن ئێستا حكومەتەكانیش لەبەر خەڵكی خۆیان یاساكان دەگۆڕن و وەرمان ناگرن”.
ئەو پەنابەرە كوردە وتیشی: “نایشارمەوە لەماوەكانی رابردودا ئەوروپا دەیان تاوانی تێدا ئەنجامدراوە و خەڵكی لە هەمو رەگەز و چین و نەتەوەكان بوونەتە قوربانی، بەڵام ئەوە تاوانی هەمووان نییە”.
حەمزە جەبار لەسەر گەنجی كورد وتی: “كوردی قوربەسەر بە ئەستەم تاوان دەكات و بە هیوای ئیقامەیە نەك تێكدانی پاشەرۆژی خۆی”.
ئەوەشی رونكردەوە، “بەداخەوە لێرە هەر شتێك روو بدات رووی دەمیان دەكەنە پەنابەرو دەڵێن ئەوان ئەو كارە نەشیاو و ناشرینەیان كردووە”.
ئاوارە عەبدوڵا تەمەن 26 ساڵە یەكێكی ترە لەو گەنجانەی ئێستا لە هەندەرانە و دەربارەی گوزەرانی لەوێ، وتی: “ئێستا حاڵی پەنابەران بە گشتی لە ئەوروپادا لە هەلومەرجێكی خراپدایە بە هۆی هاتنی خەڵكێكی زۆرەوە لە رابردو و لەئێستاشدا كەبەردەوامە”، دەربارەی مامەڵەی حكومەتانی ئەوروپا ئاوارە وتی: “لێرەدا مامەڵەی ئاوارەمان لەگەڵ دەكرێت نەوەك پەنابەر”.
 ئەو گەنجە باسی لەوەكرد: “لێرە گرفتی زۆر لەسەر ژیانی پەنابەران دروست بووە، كار كردن بە ئاسانی دەست ناكەوێت، لەگەڵ ئەوەش بۆ كەیسەكان هەزار بیانوت پێدەگرن و وەرگرتن زۆر سەخت بووە”.
ئەو پەنابەرە گەنجە وتیشی “هەندێكجار هێرش دەكرێتە سەر شوێنی مانەوەی پەنابەران و گرژی و ئاڵۆزی دروستدەبێت كە چەندجارێك ئەو حاڵەتە تێیدا رویداوە و گرتن و سانسۆر خستنە سەر پەنابەر زیادی كردوە”.
لەبەرانبەر گرتن و بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران، فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە پێگەی تایبەتی خۆیان بەنوسراوێكی فەرمی داوا لە حكومەتی عێراق و هەرێم دەكەن هیچ پەنابەرێكی بەزۆر نێردراوە وەرنەگرنەوە، هاوكات داوا لە حكومەتی بەریتانیا و یەكێتی ئەوروپاش بە گشتی دەكەن كە مافە گەردونیەكانی جیهان لەبارەی مافەكانی مرۆڤ و مافەكانی پەنابەران بەرامبەر بە هاوڵاتیانی عێراقی پەیڕەو بكرێت.
ئاری جەلال، بەرپرسی فیدراسیۆنی پەنابەرانی كوردستان بۆ (هەواڵ) رایگەیاند: “لە دوای مانگی نیسانی ئەمساڵەوە حكومەتی بەریتانیا و چەند وڵاتێك دەستیان كردوە بە ناردنەوەی پەنابەران”.
رونیشیكردەوە، “زانیاری تەواومان هەیە كە حكومەتی عێراق و بەریتانیا و چەند وڵاتێكی ئەوروپی ژێربەژێر رێككەوتون لەسەر ئەوەی پەنابەری عێراقی وەرنەگرنەوە”.
بەرپرسی فیدراسیۆنی پەنابەرانی كوردستان ئاشكرایكرد: “لە دوای ئەو رێككەوتنەوە لەمپەر و بەربەست دەخرێتە بەر پەنابەران و لەم ساڵیشدا بەریتانیا هەوڵیدا 50 كەس بنێرێتەوە بەڵام ئێمە هەوڵی زۆرمان دا لەگەڵ حكومەتی عێراق و بەریتانی و یەكێتی ئەوروپاش چووینە خەت تا ئەو كارە نەكرێت”.
هەروەها ئاری جەلال وتی: “بەهیوای رێگە چارەیەكی مرۆڤ دۆستانەین بۆ چارەسەری كیشەكانی پەنابەران لە هەندەران كە ماوەیەك كەوتونەتە بەردەم هەلمەتی گرتن و راگرتن لە نیو زیندانەكانی پەنابەران و دواتر بەزۆر ناردنەوەیان”.
لەسەر مەترسی ئەو هەوڵەش بەرپرسەكەی فیدراسیۆن وتی: “ئەو دۆخە پەنابەران تووشی قەلەقی كۆمەڵایەتی و دوودڵی و پەشێوی دەروونی كردونەتە و تەنانەت لەساڵانی رابردوو و دیپۆرتكردنەوەكانی پێشتر هەندێكیان بەوهۆیەوە كۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە”
ئاری جەلال بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەران لەكوردستان جەختیكردەوە، “یاداشتێكمان داوەتە پەرلەمانی عێراقی دەربارەی دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران و رێگری كردن لەو كارە و زیاد لە 100 پەرلەمانتار ئیمزایان كۆكراوەتەوە بەڵام تا ئێستا دانیشتنیان لەو بارەیەوە ئەنجام نەداوە”.
وتیشی: “كەمپینیشمان بۆ ئەو بابەتە راگەیاندوە و سەدان واژۆمان كۆكردوەتەوە و بەردەوام لە هەوڵداین كە نەهێڵین كەس بەزۆرە ملێ بنێررێتەوە”
هەر لەسەر ناردنەوەی زۆرە ملێ بەرپرسی فیدراسیۆن وتی: “داوامان لە فرۆكەخانەكانی كوردستان و عێراق كردوە كە كەس وەرنەگرنەوە بەڵام ئەوروپا زۆرجار راستەوخۆ نایان نێرنەوە بەڵكو لەگەڵ توركیش ئایرلاین رێكەوتون و پەنابەر رەوانەی توركیا دەكەنەوە”.

‌ 814 جار بینراوه‌
7/15/2017 9:14:08 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved