نوێترین
ئەمریكا رێگری لە رادەستبوونی چەكدارانی داعش بە پێشمەرگە دەكات    |    بە هۆی نوێنەكردنەوەی تۆماری دەنگدەران گەنجانی تەمەن 18 - 21 ساڵ مافی دەنگدانیان نییە   |    تەنها چوار پەلەمانتاری سوننە دژی بڕیاری لادانی پارێزگاری كەركوك بوونە    |    بەبێ هەماهەنگی پێشمەرگە ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە دەستپێناكات   |     تا ئێستا لە كەركوك بەشی تەندروستی تایبەت بە ئاڵودەبووانی ماددەی هۆشبەر نییە   |    كەم نەكردنەوەی نرخی مولیدە ئەهلییەكان ناڕەزایی خەڵكی كەركوكی لێ دەكەێـتەوە   |    بڕیارە سبەی یەكشەممە پارەی پترۆدۆلاری مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە كەركوك دابەشبكرێت   |    بە پەلە .. سەبارەت بە ریفراندۆم ئەنجومەنی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی دەنگیان بە (بەڵێ)یەك دا   |    150 هەزار عەرەبی هاوردە لە تۆماری دەنگدەرانی ریفراندۆمەكەدا هەیە   |    150 چەكداری داعش لە گوندێكدان و سوپاو حەشدیش هەوڵی كۆنترۆڵكردنەوەی نادەن   |   
كوردی  |   عربي
»  شۆک
پشووی هاوین گەنجانی كەركوك سەرقاڵ بەگەڕان بەدوای هەلی كاردا دەكات
ئا/ شۆك



ساڵانە دوای كۆتاییهاتنی وەرزی خوێندن و دەستپێكی وەرزی هاوین، زۆربەی خوێندكاران روو لەكاركردن دەكەن بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانیان، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە قەیرانی دارایی وایكردووە لەپشووی هاوینیشدا بەدەگمەن كاریان دەستپێدەكەوێت و رێكخراوەكانیش سەرەرای كردنەوەی خولی فێركاری بۆ خوێندكاران و گەنجان تا ئێستا بەگوێرەی پێویست نەیانتوانیووە هەلی كار دابین بكەن، بەشێك لەخوێندكارانیش هۆكاری سەرەكی نەبوونی هەلی كار بۆ خراپی بژێوی خەڵك و راوەستانی كارو پرۆژەكانی حكومەت دەگەڕێننەوە.

ئاری محەمەد خوێندكارێكی قۆناغی پێنجی ئامادەییەو بەوتەی خۆی بەدوای هەلی كاردا دەگەڕێت و دەشڵێت: “ماوەی زیاتر لەمانگێكە پشووی هاوین دەستی پێكردووەو من بەدوای كاردا دەگەڕێم، رۆژانە لێرەو لەوێ هەندێك كارم دەستدەكەوێت، بەڵام كارێكی دیاریكراو نییە تا بتوانم بەبەردەوامی لەپشووی هاویندا هەم كاتەكانی پێ بەرمەسەر، هەمیش خەرجییەكی رۆژانەم دەستبكەوێت و لەكاتی دەستپێكی دەوامدا بتوانم پێداویستییەكانی پۆلی شەشی پێ دابینبكەم”.
دڵشاد مەجید خاوەنی یەكێك لەڕێستۆرانتەكان باس لەوەدەكات كە ئەمساڵ بەراورد بەساڵانی رابردوو ناتوانن ژمارەیەكی زۆر گەنجان لەڕێستۆرانتەكەیان وەربگرن و ئەوەشدەخاتەڕوو، “ئێمە لەكاتێكدا دەتوانین كارمەندی زیاتر بۆ رێستۆرانتەكەمان وەربگرین كە كارێكی باشمان هەبێت و بەبەردەوامی خەڵكێكی زۆر روومان تێبكات بەجۆرێك رێستۆرانتەكەمان قەرەباڵغ بێت”.
وتیشی: “ئەمساڵ بەراورد بەساڵانی رابردوو خەڵكێكی زۆر روومان تێناكات، بۆیە ئێمەش ناتوانین كارمەندی زیاتر وەربگرین، تەنانەت بیرمان لەوەشكردۆتەوە كە ژمارەی كارمەندەكانی خۆشمان كەمبكەینەوە”.
دەریا محەمەد خوێندكاری زانكۆیە، باس لەنیگەرانییەكانی دەكات بەهۆی كەمبوونەوەی هەلی كارو ئەوەشدەخاتەڕو، كاری بۆیاغی دیكۆراتی ماڵ دەكات، بەڵام بەگوێرەی پێویست نییەو جاری وا هەیە دوو هەفتە جارێك كارێكیان دەستدەكەوێت”.
ئەو خوێندكارە نایشارێتەوە كە گوزەرانی ئەو لەزۆرێك لەخوێندكارە هاوڕێكانی تری باشترەو دەشڵێت:”ئەگەر بەكەمیش بێت گرنگ ئەوەیە من بەردەوامم لەسەر كارێك و لەكاتی پشووەكاندا دەتوانم كار بكەم، بەڵام كەسانی وا هەن هیچ كارێكی ئەوتۆیان دەست ناكەوێت، تەنانەت ئامادەی كرێكاری رۆژانەشن هەرچەند ئەو جۆرە كارانە بۆ خوێندكاران كە پێشتر كارێكی ئەوتۆیان نەكردووە قورسە”.
لەگەڵ ئەوەی دۆزینەوەی هەلی كار بۆ كوڕان زەحمەت بووە، بەهەمانشێوە كچانیش گلەییان لەدۆخەكە هەیەو پێیان وایە، كاری رۆژانەیان كەمبووەتەوە، نیگار نادر خوێندكاری قۆناغی چوارەمی زانكۆیەو باس لەوەدەكات كە پێشتر لەڕێگەی دوورمانەوە دەیتوانی بەهەمانشێوەی گەنجانی تر بژێوییەك بۆ خۆی پەیدا بكات، تا لەكاتی زانكۆدا پێداویستییەكانی بۆ دابین بكرێت، بەڵام بەوتەی ناوبراو، ئێٍستا كارەكانیان رووی لەسستی كردوە.
وتیشی: “دۆخەكە بەو جۆرە خراپ نییە كە بوترێت بەیەكجاری كار نەماوە، بەڵام سستەو بەگوێرەی پێویست نییە، ئەگەر جاران كاری دورمانمان بۆ 25 كەس بكردایە ئەوا ئێستا رەنگە بۆ 10 كەس لەڕۆژێكدا كار بكەین، ئەمەش پێم وایە تەنها ئێمەی نەگرتۆتەوەو تێكڕای كۆمەڵگەی گرتۆتەوە،”.
ئەو كچە خوێندكارە نیگەرانیەكانیشی نەشاردەوەو وتی: “پێویستە حكومەت و رێكخراوەكان ئاوڕی جدی لەخوێندكاران و گەنجان بدەنەوە بۆئەوەی هیچ نەبێت سەرەرای قەیرانە داراییەكە بتوانن لەپشووەكاندا كار بكەن و خەرجییەكیان دەست بكەوێت تا لەكاتی دەستپێكردنەوەی دەوامدا بەشێوەیەكی زۆر ئەركیان لەسەر دایك و باوكیان نەبێت”.
لای خۆیەوە، ناسیح شوانی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی لاوان و وەرزشی كەركوك، سەبارەت بە هەلی كار بۆ (هەواڵ) رایگەیاند: “هەلی كار لەم كاتەدا دەتوانم بڵێم نییە و دۆزینەوەی ئاسان نییە”،
راشیگەیاند: “ئەم قەیرانە كە هەیە بە هۆیەوە سەرەرای ئەوەی پرۆژە نەماوە، بەشێك لە كارەكانی ئێمەش كە هەیە وەستاون و زیاتر لە چوار بۆ پێنج پرۆژەمان لەكار كەوتون”.
دەربارەی خولی هاوینە لێپرسراوی بەرێوبەرایەتی وەرزش و لاوان وتی: “كردنەوەی خول ئاسانترە بۆ ئێمە و لە ئێستادا زیاتر لە 10 ناوەندمان خوالمان كردوەتەوە و دەرگاكان كراوەیەوە لەسەرجەم ناوەند و بەشەكانمان”.
رونكردنەوەی زیاتریداو ئەوەشیخستەروو، “ خولەكان جۆراوجۆرن وەك خولی كۆمپیوتەر و درومان و زمان و ئەدەب و هونەر و وەرزشی و پیشەیی و .... هتد”.
ناسیح شوای باس لەوەشكرد: “سەرەتای هەموو مانگێك دەتوانین لەگەڵ گەنجاندا مێزگرد ئەنجام بدەین و بەكۆی دەنگ و بیرورا خولی تریش بكەینەوە كە ئەوان دەیانەوێت جگە لەوانەی ئێستا كە هەن”.
ئاماژەی بەوەشدا: “سەنتەرەكانمان لە ئێستاوە كراوەن تا بەرواری 1/10/2017 و هیچ وەستانێك بەخۆیەوە نابینێت و هەر سەنتەرێك بودجەكەی بۆ مانگێك هەزار دۆلارە و ئێمە ئامادەین بۆ خزمەتی گەنجان تەرخانی بكەین”.


‌ 265 جار بینراوه‌
7/15/2017 9:14:52 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved