»  باران
پزیشكان هۆشداری لەكەمبوونەوەی منداڵبوونی سروشتی و زیادبوونی نەشتەرگەری دەدەن
ئا/ باران




زۆرێك لە ژنان پەنا دەبەنە بەر نەشتەرگەری قەیسەری و نایانەوێت بە شێوازی سروشتی منداڵیان ببێت و ئەو جۆرە منداڵ بوونەش روو لەزیادبوون دەكات، نەخۆشخانەكانی كەركوكیش هۆشیاری دەدەن و وەك خۆیان روونیدەكەنەوە بە ئاسانی نەشتەرگەری بۆ هەمو كەس ناكەن.

منداڵا بوون بە نەشتەرگەری (نەشتەرگەری قەیسەری) بریتییە لە لەدایكبوونی كۆرپەلە لەرێگەی كردنەوەی سك و منداڵدانی ژن، دوای ئەوەی بەهۆی چەندین هۆكار ئەو ژنە ناتوانێت بە سرووشتی منداڵی بەبێ نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدەدرێت.

ترس هۆكاری ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە
رێژین كەریم تەمەن 28 ساڵە لەسەر هەڵبژاردنی جۆری منداڵبوون بۆ (هەواڵ) وتی: “ من شەش ساڵە هاوسەرگیریم كردووە و خاوەنی دوو منداڵین، هەر كە شووم كرد لە منداڵبوون دەترسام و ئەوە لە مێشكما چەسپا بوو كە منداڵ بوون زۆر بە ئازارە، بەڵام كە دووگیان بووم و سكم بوو بە هەشت مانگ و هاوڕێ و خزمانم پێیانوتم هەر كە وادەی لە دایكبوونی نزیك بووەوە بچۆ نەخۆشخانەو بە نەشتەرگەری بێ كێشە منداڵەكەت بێنە دونیاوە “.
ئەو ژنە باس لەیەكەم منداڵبوونی دەكات و دەشڵێت: “وام لێهاتبوو لەلایەك بڕوام بە خۆم نەبوو و ئەترسام لە لایەكیش بە نەخۆشخانە، بەڵام ئیتر قەناعەتم بەوە كرد بە نەشتەرگەری منداڵم ببێت و هەر واشم كرد، ئێستا كوڕ و كچێكم هەیە”.

ژنانی ئێستا هەمو بەناز و مەكرن
نەشمیل عەبدولڕەحمان ژنێكی بەتەمەن بوو لەسەر منداڵبوونی ئێستا و جاران بۆ (هەواڵ) وتی: “ژنانی ئێستا هەمو بەنازو مەكرن و جاران كوا شتی وا هەبوو ئێستا هەموو پەنا ئەبەنە بەر نەشتەرگەری و ئەو ئەركە مەزنە كە منداڵا بوونە لە كۆڵی خۆی دەكاتەوە و هەندێك پێیانوایە لەش و لاریان گرنگترە و نایانەوێ جەستەیان تێكبچێت و هەندێكیش بۆ لەكۆڵ كردنەوەی پرۆسەكەیە بەئاسانی”.
ئەو خانمە وتیشی:”من 5 كوڕ و 3 كچم هەیە، لەوەتەی هەم لە گوند دادەنیشم و بۆ منداڵا بوون دكتۆرم نەبینیوە، مناڵا بوون سونەتی حەیاتە و ژن ئەبێ قارەمانانە ئامادەبێت بۆیە پێم سەیرە كچی ئێستا هێشتا شووی نەكردووە لە منداڵا بوون ئەترسێ و پرسیاری منداڵا بوونم لێدەكەن، ژنی ئێستا هەموو رۆژ لە دكتۆرن و منداڵیان بە نەشتەرگەری دێننە دونیاوە”.
لای خۆیانەوە لەسەر ئەو دیارەیە نەخۆشخانەكانی كەركوك هۆشیاری دەدەن و وەك خۆیان روونیدەكەنەوە بە ئاسانی نەشتەرگەری بۆ هەموو كەس ناكەن.

پزیشك نابێت بە پێی حەزی هاوڵاتی بجوڵێتەوە
دكتۆر گەیلان قادر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێركاری ئازادی كەركوك بە (هەواڵ)ی راگەیاند: “وەكو نەخۆشخانە ئێمە كە بینیمان داخوازی لەسەر منداڵا بوون بە نەشتەرگەری زۆرە، بڕیارماندا بە پێی راپۆرتی پزیشكی و دانانی لیژنەیەك لەسەر ئەوەی ئەو ژنەی دووگیانەو پێویستی بە نەشتەرگەرییە ئەوا با داخلی ژووری نەشتەرگەری بكرێت ئەگەر نا و دایكەكە هیچ كێشەی نەبوو ئەوا زیاتر هانی ئەوەی دەدەین بە سروشتی منداڵەكەی بهێنێتە دونیاوە و بڕیار لەسەر نەشتەرگەری نادەین”.
لەسەر زیادبوونی داواكاری منداڵبوون بە نەشتەرگەری دكتۆر گەیلان وتی: “لەبەر ئەوەی ژنی ئێستا پێیانوایە ئازاری منداڵا بوون قورسەو نەشتەرگەری ئەو ئازارەی لێ دووردەخاتەوە، بۆیە زیاتر پەنا دەبەنە بەر نەشتەرگەری و هۆكارێكی تریش چاولێكەرییە كە زۆر جار ژنان بە پێی قسەی ئەم و ئەو و هانا بۆ نەشتەرگەری دەبەن، بەڵام پزیشك نابێت بە پێی حەزی هاوڵاتی بجوڵێتەوە ئێمەش رێگا بە نەشتەرگەری بێ راپۆرت و حاڵەتی ئاسایی نادەین تەنها ئەگەر حاڵەتی پێویست نەبێت”.
دەربارەی منداڵا بوون بە نەشتەرگەری توێژەران و پسپۆرانی جیهانی پێیانوایە خانمانی ئێستا بەهۆی تەكنەلۆژیا و جۆری ژیان و باشبوونی گوزەران شتەكان لەسەر خۆیان ئاسان دەكەن و لە بەرپرسیارێتی دوور دەكەونەوە بۆیە پەنا دەبەنە بەر نەشتەرگەری قەیسەری و پێیانوایە سودی هەیە.

بۆ گەورەنەبوونەوەی كۆئەندامی زاوزێ پەنا دەبەنە بەر نەشتەرگەری
توێژەرێكی كۆمەڵایەتی شاری كەركوكیش هۆكارەكان بۆ بیركردنەوەی خانمان لە خۆیان دەگەڕێنێتەوە.
چیمەن شكور توێژەری كۆمەڵایەتی بۆ (هەواڵ) روونیكردەوە، زۆر لە خانمان دەیانەوێت كەمترین زیان بەخۆیان بگەیەنن و بوارەكانی ژیان سانا بكەن لەگەڵ بەرەو پێشچوونی كۆمەڵگەدا، هەربۆیە لە منداڵبوونیش بیر لە كەمترین زیان دەكەنەوە وەك دوركەوتنەوە لەئازاری مناڵبوون و تێكنەچوونی جەستەیان و گەورەنەبوونەوەی كۆئەندامی زاوزێیان كە ئەوان وابیری لێدەكەنەوە”.
ئەو توێژەرە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:” بیركردنەوە لە خود تەنها هۆكار نییەو دەبێت خانمان بیر لە هەمو رەهەندەكانی ئەنجامدان یاخود نەدانی نەشتەرگەری منداڵبوون بكەنەوە چونكە لە جیهانیشدا هانی ژنان نادرێت بۆ ئەو نەشتەرگەرییەو دەبینیت زیاتر ژنان بە سروشتی مناڵیان دەبێ و هاوسەرانیان لەگەڵیانن و پشتگیریان دەكەن”.

ئەگەری تووشبوون بە نەزۆكی زیاد دەكات
بەپێی لێكۆڵینە پزیشكییەكان لەگەڵا ئەوەی منداڵا بوون بە نەشتەرگەری ئەم سودانەی هەیە، (بەماوەیەكی كەم ژنەكە رزگاری دەبێت، بەهۆی بەنج ئەو دایكە هەست بەئازار ناكات، منداڵ تووشی ئازار نابێ لەكاتی لەدایكبوونیدا، دایك زوو لە دڵەڕاوكێ رزگاری دەبێت) لەگەڵا ئەوەشدا زیانی خراپی منداڵا بوون بەنەشتەرگەری بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێندرێتەوە لەوانەش، (ئەگەری هەوكردنی شوێنی نەشتەرگەرییەكە هەیە و دوای نەشتەرگەری زۆرجار خوێنبەربوونی ناوەكی لێدەكەوێتەوە، رەنگە هەوكردنی بۆڕییەكانی میزەڕۆی لێبكەوێتەوە، ئەگەری تووشبوون بە نەزۆكی زیاد دەكات كاتێك ئەگەر نەشتەرگەرییەكە زیان بەملی منداڵدان بگەیەنێت، بەهۆی سڕكردن بۆ نەشتەرگەری زۆرجار نەخۆش تووشی هەوكردنی جگەر و هەستیاری پێست دەبێت، ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی فتق لە ژنان زیاد دەكات و نەشتەرگەری یەكەم ئەگەری بوونی سكەكانی دیكەش بە نەشتەرگەری زیاد دەكات).

‌ 59 جار بینراوه‌
7/15/2017 5:00:06 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved