»  کوردستان
له‌ كه‌ركوك رۆژی دادپه‌روه‌ردی جیهانی به‌ گردبونه‌وه‌یه‌ك یادكرایه‌وه‌



له‌ ژێر دروشمی (له‌ پێناو دووباره‌نه‌بونه‌وه‌ی تاوانی جینۆساید.. ده‌بێت عێراق رێككه‌وتنامه‌ی رۆما واژوبكات)، تۆڕی هاوپه‌یمانی رێكخراوه‌ كوردستانیه‌كان له‌ پێناو دادگای تاوانی نیوده‌وڵه‌تی، له‌ كاتژمێر (10)ـی سه‌ر له‌ به‌یانی ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ (17/7/2017)، گردبونه‌وه‌یه‌كی به‌ مه‌به‌ستی داواكردن له‌ حكومه‌تی عێراق بۆ ئیمزاكردنی په‌یماننامه‌ی رۆما سازكرد.
له‌و گردبونه‌وه‌دا، كه‌ به‌ بۆنه‌ی رۆژی دادپه‌روه‌ری جیهانی و به‌ ئامانجی فشارخستنه‌ سه‌ر حكومه‌تی عێراق بۆ راگه‌یاندنی به‌ ئه‌ندامبوونی له‌ دادگای تاوانی نیوده‌وڵه‌تی (ICC) له‌ رێگه‌ی واژوكردنی له‌سه‌ر په‌یماننامه‌ی رۆما رێكخرابوو، تێدا كورته‌یه‌ك له‌سه‌ر تۆڕی هاوپه‌یمانی رێكخراوه‌ كوردستانیه‌كان و ئامانجه‌كانی له‌لایه‌ن (هێمن حه‌سیب) ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای هاوپه‌یمانیه‌كه‌ پێشكه‌شكرا و تییدا باسی له‌ كاروچالاكیه‌كانی هاوپه‌یمانی رێكخراوه‌ كوردستانیه‌كان له‌ پێناو دادگای تاوانی نیوده‌وڵه‌تی و گرنگی واژكردنی په‌یماننامه‌ی رۆما له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ له‌ پێناو دڵنیابوونی گه‌ڵانی عێراق له‌ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی تاوانه‌كانی جینوساید و جه‌نگ و دژه‌ مرۆڤایه‌تی له‌ ئاینده‌دا خسته‌روو.
پاشان له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووس (ئازاد محه‌مه‌د) به‌یاننامه‌ی هاوپه‌یمانیه‌كه‌ به‌ زمانی كوردی خوێندرایه‌وه‌ و تییدا داوكارییه‌كانیانی له‌ رۆژی جیهانی دادپه‌روه‌ری خسته‌روو، كه‌ خۆی له‌ داواكردن له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ ئیمزاكردنی په‌یماننامه‌ی رۆما و ده‌ستگیركردنی تاوانبارانی تێوه‌گلاو به‌ تاوانه‌ نیوده‌وڵه‌تیه‌كان و پێشوازی نه‌كردن له‌ هیچ كه‌سایه‌تیه‌كی هه‌رێمی و جیهانی، كه‌ له‌لایه‌ن دادگای تاوانی نیوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ داواكراوبیت، به‌ دوایدا له‌لایه‌ن ر‌وژنامه‌نووس (بورهان حاجی سلێمان) ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی خوێندرایه‌وه‌.
ئه‌مه‌و گردبونه‌وه‌كه‌، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ چالاكوانان و رۆژنامه‌نووسان و رۆشنبیران و كه‌سایه‌تیه‌ حیزبیه‌كان به‌ڕێوه‌چوو، نزیكه‌ی كاتژمێر ونیوێكی خایاند و له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووس و چالاكوان (ره‌وان تالیب)ـه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برا.
جێی باسه‌، تۆری هاوپه‌یمانێتی رێكخراوه‌ كوردستانیه‌كان له‌پێناو دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ (30 / 3 / 2013) له‌ شاری هه‌ولێر دامه‌زراوه‌ و تائێستا (114) رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی پێكدێت و ئامانجی دروستكردنی فشاره‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراق بۆ واژوكردنی په‌یماننامه‌ی رۆمای تایبه‌ت به‌ دادگای تاوانی نیوده‌وڵه‌تی (ICC).


‌ 592 جار بینراوه‌
7/17/2017 2:22:22 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved