نوێترین
ئەمریكا رێگری لە رادەستبوونی چەكدارانی داعش بە پێشمەرگە دەكات    |    بە هۆی نوێنەكردنەوەی تۆماری دەنگدەران گەنجانی تەمەن 18 - 21 ساڵ مافی دەنگدانیان نییە   |    تەنها چوار پەلەمانتاری سوننە دژی بڕیاری لادانی پارێزگاری كەركوك بوونە    |    بەبێ هەماهەنگی پێشمەرگە ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە دەستپێناكات   |     تا ئێستا لە كەركوك بەشی تەندروستی تایبەت بە ئاڵودەبووانی ماددەی هۆشبەر نییە   |    كەم نەكردنەوەی نرخی مولیدە ئەهلییەكان ناڕەزایی خەڵكی كەركوكی لێ دەكەێـتەوە   |    بڕیارە سبەی یەكشەممە پارەی پترۆدۆلاری مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە كەركوك دابەشبكرێت   |    بە پەلە .. سەبارەت بە ریفراندۆم ئەنجومەنی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی دەنگیان بە (بەڵێ)یەك دا   |    150 هەزار عەرەبی هاوردە لە تۆماری دەنگدەرانی ریفراندۆمەكەدا هەیە   |    150 چەكداری داعش لە گوندێكدان و سوپاو حەشدیش هەوڵی كۆنترۆڵكردنەوەی نادەن   |   
كوردی  |   عربي
»  بینین
بێ هیزو بێ ئیرادە
دڵسۆزحەمە



جڤاتێك نییە لەسەر گۆی زەوی كە تاوانی كوشتن ودەستدرێژی و جۆرەها تاوانی ترسناكی تری تێدا ڕونەدات، بەڵكو لەگەڵ پەیدابوونی مرۆڤایەتیدا تاوانیش سەری هەڵداوە، چیرۆكی هابیل و قابیل ئاماژەیە بۆ هاوتەریبی تاوان بە بوونی مرۆڤەوە لەسەر ئەم ئەستێرەیە! دیارە هۆكار زۆرن بۆ هەڵكشانی تاوان لە قۆناغێك لە قۆناغەكانی ژیانی كۆمەڵگادا هەربەوجۆرەش فاكتەر ومیكانیزمیش هەن بۆ سنوردانان بۆ تاوان وكەمكردنەوەی ئەگەری ڕوودانی تاوان كەئەمە ئەرك وبەرپرسیاری دەسەڵات ودامودەزگا جیاوازەكانی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگایە كە دواجار ئەو ئەركە گرنگە جیبەجێدەكات كە ئاسایشی كۆمەڵایەتیە.
ئەوەی سەرنجێكی ووردی دۆخی جڤاتی كوردستان بدات، بە تەنیشت سەقامگیری و تەناهی دۆخی ئەمنی دەسەلات، تەریب بەو هێمنی و دۆخە توندوتۆڵەی ئاسایشی سیاسی بۆ خۆیی دەستەبەر كردوە دۆخێكی پڕی نائارام و نادڵنیایی و پەشێوی كۆمەڵایەتی، دۆخێك پڕی فەوزا و ژاوەژاو و بێڕێزی و توڕەیی، دۆخێكی دەرونی پڕ لە مۆتیڤی تاوان توندوتیژی بەرانبەر ئەوانی تر لەسەر ئاستی ئاسایشی كۆمەڵایەتی فەراهەم بووە.
هەڵەیەكی ئیداری و سیاسی قوڵە ئەگەر وابزانین فەراهەم كردنی ئاسایشی سیاسی، پاراستنی هەرێمەكەمان لە هێرشی تیرۆریستان و تەقینەوەو ئینقیلابی سیاسی و دەمكوتكردنی حیزب و گروپ و هەر دەزگا وكەسایەتیەك كە هەڕەشە بێت بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی ئیتر ئەوە مانای مسۆگەركردنی ئارامی و تەناهی گشتیە! بەڵكو ئاسایش هەڵگری چەندان ڕەهەندی ئابوری وكۆمەڵایەتی و دەرونی و ماددی مەعنەوی وئەخلاقی.. هتد ترە كە هەر هەموی پێكەوە بەشدارن لە فەراهەمكردنی ئەوەی پێیدەگوترێت ئاسایش، بەڵكو ڕەهەندە ئابوری وئینسانیەكانی ئاسایش زۆر جار گرنگترو كاریگەرترن لە ئاسایشی سیاسی، بەڵام هەمیشە دەسەڵاتە تۆتالیتاری و پاوانخوازەكان لە ژێر ناوی جیاواز ولەتەنیشت دروشمی زلەوە هەموو پانتاییەكانی تر دەكەنە قوربانی ئاسایشی خۆیان،بگرە لەو پێناوەدا تاوانی گەورەش دەكەن!
لەم هەرێمەی ئێمەدا ئەوە تەنها دەسەڵات ودامودەزگا و ئۆرگان وژیانی حیزبی و هەناسەدانی حیزب ودەسەڵاتە كە ئاسایشی فەراهەم كراوە و پێش ئەوەی ڕۆژ هەڵبێت دەزانێت دەزانێت چی بكات وچۆن بكات!،بەڵام هەموو ئەو پانتایی و بوارەكانی تری ژیانی گشتی لە دۆخێكی تۆقێنەری دڵەڕواكێ ونادیاری ونائارامیدا دەژی، تەنانەت دامودەزگا خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەكانی پەروەردە وتەندروستی،دەسكەوتنی خۆراك وپێداویستیە ڕۆژانەییەكان گورزی گەورەی نائارامی و ناسەقامگیریان بەركەوتوە! هەربۆیە لە دواجاردا لەگەڵ جڤاتێك بەروڕوین كە لێوانلێوە لە گلەیی وگازەندە، توندوتیژی وبێڕێزی، پڕی تاوان و كەڵكەڵەی خودپەرستی و تاكڕەویی، جڤاتێك هێواش هێواش هێزە ناوكۆییەكانی خۆی لەدەست دەدات وبگرە لەدەستی داوە، ئەگەر تاوانی سیاسی زۆر بەتوندی سزا دەدرێت ئەوا تاوانە كۆمەڵایەتیەكان، كوشتنی ژنان و توندوتیژی بەرانبەر منداڵ و غافڵكوژی پیاوان وئەو هەموو تاوان وپەشێویەی ڕۆژانە ڕودەدات زۆر كەمتر بەرەوڕوی بەجددی وەردەگیرێت وكەمتر دەسەلات خۆی لێی بەرپرسیار دەكات، دەشێت دەزگایەك سزا بدێتت لەسەر ڕەخنەی سیاسی بەڵام بەدەیان مینبەر ودەزگا و مەلای ئایینی هەن كە ڕەنگە بەشێك بن لە هاندان بۆ توندوتیژی كۆمەڵایەتی بۆ سوكایەتیكردن بە ژن،، بە ئینسان، بە ئازادی و بە بەهاكانی پێكەوەژیان بەڵام ئەمانە كەمتر دوچاری لێپرسینەوە دەبن، چونكە لە بنەڕەتدا ستراتیژێك نیە بەناوی پەرورەردەی كۆمەڵایەتی وئاسایشی كۆمەڵایەتی!
ڕەنگە مەترسیدارترین جێكەوتەكانی نەبونی ئاسایشی كۆمەڵایەتی جگە لە توندوتیژی وبڵاوبونەوەی تاوان نەهێشتنی ئەو ناكۆییە كۆمەڵەیەتیە بێت كە تاكەكانی جڤاتێك پێكەوە گرێدەدات، ناكۆیی وئیلتیزامی ئەخلاقی و دەرونی بەوانی ترەوە،ڕەنگە زۆر جار دەسەلاتە تۆتالیتارەكان بە مەبەست خۆیان جڤات دەگەیەننە ئەم ئاستە بۆ ئەوەی هەموو ئیرادە و گیانی بەرەنگاربونەوە ویەكبونیان تێدا سڕ بكرێت!، پێموایە جڤاتی ئێمە لەم ساتەوەختەدا گەشتۆتە ئەو پنتە،پنتی نەمانی ناوكۆیی و گیانی پێكەوەیی، نەمانی دڵنیایی وئینتیما بۆ ئەوانی تر هەربۆیە لە دواجاردا بەر جڤاتێك دەكەوین بێئرادە، بێهیوا وبێهێز، گلەیی و گازەندە و گاڵتەكردن وبێباكی، هاوا وفەوزا و پشێوی نانەوە بۆتە بشێكی ئاسایی لە هەڵسوكەوتی ئینسانی كۆمەڵایەتی ئێمە، جڤاتێك لە دۆخێكی هێستری وتوندوتیژیدا ڕێژەی تاوان وتەقەكردن و پەلاماردان و توڕەبون لە هەڵكشاندایە!
هەندێك كەناڵی مێدیایی،حیزب وگروپ لەپاڵ دروشمی پشتیوانیكردن لە خەڵك و پشتگیری داواكانی خەڵك بەمەبەست وبێمەبەست بونەتە بەشێك لە قوڵكردنەوەی گیانی گازەندە وتەممەڵی بێئیرادەیی وتوندوتیژی وبێڕیزی لە ئینسانی ئێمەدا.
 جڤاتی ئێمە بۆ خۆی گرفتی وجودی گەورەی هەیە لە پەروەردی سیاسی وكۆمەلایەتی و فەرهەنگیەوە هەربۆیە دۆخی توندتیژی ونائارامی وناسەقامگیری ئابوری و كۆمەڵایەتی دەتوانێت هەرچی ووزەی نیگەتیڤ وتوندتیژی تاریكە لەم جڤاتەدا بەرهەمی بێنێتەوە، وەكو تاوان و توندوتیژی و داڕمانی ئەخلاقی و ئینسانی، دەبێت ئەوەندە جورئەتی ئیداری و ئەدەبیمان هەبێت كە بتوانین بێژین ئێمە ئێستا لەودۆخەداین، جڤاتێك لێوانلیو لە بێئرداەیی، بێهێز،بێهیوا،جڤاتێكی هێستری بەڕوی بونی فیزیكی ودەرونی خۆیدا وهیچ دەزگا وكەس و هێز و تاقمێكیش نیە خۆی بەبەرپرسیار بزانێت!

‌ 377 جار بینراوه‌
7/22/2017 10:41:17 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved