»  شۆک
هۆشداری لە زیادبوونی بینەری سایتە سێكسییەكان لەهەرێم و عێراق دەدرێت




بەهۆی زۆر بوونی رێژەی تەماشاكەران و كاریگەرییە نەریتیەكان لەسەر گەنجان حكومەتی هەرێم هەوڵدەدات سایتە سێكسییەكان كۆنترۆڵ بكات و لەڕێگەی یاسایەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە كردنەوەی ئەو سایتانە قەدەغە بكات.

بەگوێرەی ریزبەندی سایتە ئەلیكترۆنییەكان سایتە سێكسییەكان لەڕیزبەندی پێنجەم و شەشەمی سایتە جیهانییەكاندان و بەپێی سیستمی ئەلێكسا هەر سایتێكیش خوێنەری زۆری هەبێت لەو ریزبەندیەدا دێتە پێشەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجیشە، ئەو سایتانە بەردەوام بینەریان روو لەزیادبوون دەكات و لەرووی تەندوستیشەوە هۆشداری دەدرێت كە ئەو سایتانە چەندین نەخۆشیان لێدەكەوێتەوەو بینەرەكانیان توشی ئالودەبوون و خەمۆكی و چەندین نەخۆشی تری دەروونی دەكەن.
لەبارەی رێكارەكانی كۆنترۆڵكردن و سانسۆركردنی سایتە ئەلیكترۆنییەكان، ئومێد محەمەد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم، بە (هەواڵ)ی راگەیاند: تاوەكو ئێستا بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە تایبەتە بەبلۆككردنی سایتە سێكسییەكان نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە كارەكە بەو جۆرە ئاسان نییە كە بتوانرێت لەڕێگەی یاسایەكەوە سایتی فیلمە سێكسییەكان بلۆك بكرێن و چیتر گەنجان نەتوانن بینەریان بن.
بەوتەی ئومێد محەمەد، “بۆ سانسۆركردن و بلۆككردنی ئەو جۆرە سایتانە، میكانیزمی قورسی دەوێت و ئەوەش لەهەرێمی كوردستان بەتایبەت لەقۆناغی ئێستا كارێكی قورسەو ناكرێت”.
پزیشكانی بواری دەروونیش رێنوێنی گەنجان دەكەن، دووربكەونەوە لەتەماشاكردنی سایتە سێكسییەكان چونكە توشی چەندین نەخۆشی دەروونی دەبنەوە.
ئاری جەمال پزیشكی دەروونی لەوبارەیەوە بۆ (هەواڵ) وتی: لەرووی پزیشیكیەوە تەماشاكردنی فیلمە پۆڕنەكان دەكرێت وەك نەخۆشییەكی دەروونی تەماشا بكرێت، چونكە لەئەنجامدا كۆمەڵێك كاریگەری دەروونی خراپی لەسەر تاك دەبێت”.
وتیشی:” چەندین زیانی هەیە لەوانەش تێكدانی دەروونی مرۆڤەكان و دروستبوونی نەخۆشی خەمۆكی و كێشەی خێزانی، ئەو كەسانەشی ئالودەبون دەكرێت سەردانی پزیشكی دەروونی بكەن و وەك ئالودەبوویەك چارەسەر وەربگرن، بەشێكیان لەكاتێكدا ئەگەر بیانەوێت چیتر تەماشای ئەو جۆرە فیلمانە نەكەن ئەوا كارێكی ئەستەم دەبێت لەلایان و بێئاگاشن لەوەی ئالودەی بوون”.
تەماشاكردنی فیلمە پۆڕنەكان بەیەكێك لەدیاردەكان دادەنرێت كە لەناو گەنجاندا بۆتە خویەكی بەردەوام، سەرەرای خوویەكی ناشرین و نەخوازراوییشە لەرووی كۆمەڵایەتیەوە، بەم دواییانەش وەك نەخۆشییەكی دەرونی یاخود كێشەیەكی دەرونی ئەژماردەكرێن.
لەبڵاوكراوەیەكی ناوەندی لەشساغی جیهانیدا كە لە لایەن كۆمەڵێك شارەزاو پزیشك و دەروونناسدا ئامادەكراوە ئەوەخراوەتەڕوو، گەنجان بۆ بەتاڵكردنەوەی ئارەزووە سێكسییەكانیان پەنا دەبەنە بەر ئەو سایتانە، بەڵام پاش ماوەیەك لەبەردەوام بوونیان لەسەر ئەو كارە، ئالودە دەبن و نەخۆشی دەروونی لێدەكەوێتەوە.
ناوەندی لەشساغی جیهانی رایگەیاندوە: پیویستە ئەو كەسانەی ئالودەی فیلمە سێكسییەكان بوونە بەزووترین كات، سەردانی پزیشكی دەروونی بكەن.
گەنجێكی تەمەن 23 ساڵ كە بەعەلی خۆی ناساند، نەیشاردەوە كە رۆژانە تەماشای فیلمە سێكسییەكان دەكات و لەئێستاشدا بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاوە كارەكانی بۆ ئاسنتر بووە لەبری ئەوەی لەكۆمپیوتەرەوە تەماشای بكات هەر لەڕێگەی مۆبایلەكەیەوە دەتوانێت تەماشاكەری فیلمەكان بێت و وتی: “رۆژانە تەماشای دەكەم بەڵام من ئالودەبوو نییم، هەركات بمەوێت تەماشای ناكەم یاخود وازی لێدێنم بەڵام وەك چێژوەرگرتنێك و كاتبەسەربردنێك بەدیار تەماشاكردنی ئەو فیلمانەوە كاتەكانم بەسەر دەبەم.
لەبارەی داخستنی سایتە سێكسییەكانەوە، وتەبێژەكەی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن باس لەوەشدەكات كە بۆ داخستنییان دەبێت ناوی سەرجەم سایتەكان بدرێن بە كۆمپانیاكانی بواری ئینتەرنێت تا دایبخەن ئەوەش كارێكی قورسە چونكە لەبری یەك سایت رەنگە هەزاران سایتی تایبەت بەپۆڕنەكان هەبێت، ئەوەش تێچووی زۆری دەوێت و لەتوانای كۆمپانیاكاندا نییە.
ڕوونیشیكردەوە: ئێمە وەك حكومەتی هەرێم هەنگاوێكمان نا تا ئەو سایتانە دابخەین، چونكە سەرەرای ئەوەی هیچ سودێكیان بۆ حكومەت و هاوڵاتیانیش نییە، تەنها سود بەكۆمپانیا بەرهەمهێنەری سایتەكان دەگەیەنن، بەڵام لەهەوڵەكەمان سەركەوتوو نەبووین، چونكە بەتەنیا ئاسان نابێت.
ڕۆژی 114-9-2015 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەزۆرینە دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بڕیاریدا سەرجەم سایتە سێكسییەكان لەعێراق و هەرێمی كوردستانیش بلۆك بكرێن و دابخرێن، بەڵام ئەو بڕیارە تەنها لەئەنجومەنی نوێنەران مایەوەو كاری پێنەكرا.


‌ 585 جار بینراوه‌
7/22/2017 11:21:54 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved