»  وتاری هەفتە
یەكێتی لە كوێی هەڕەشەكانی سەر كەركوكە
بورهان حاجی سلێمان


رۆژ بە رۆژ لە دەسپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ( واهاتین حەویجە) نزیك دەبینەوە، ئەو ئۆپەراسیۆنەی دەرفەت و پاساوێكی باش بوو بۆ هێنانی هێزێكی بێ شوماری بۆ باشور و رۆژئاوای باشووری كەركوك كە نەك هەر بۆ سوپای هەڵاتووی عێراق لە ناوچەكە، بەڵكو بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی-ش كە لە چوارچێوەی ئەو هێزەدا حزوریان بە روونی دیارە.
هاتنی هێزێكی 42 هەزار چەكداری و 200 تانك و 650 زریپۆش و مین پاككەرەوەو 8000 هەزار ئۆتۆمبێل و بەكارهێنانی 3 پۆل فڕۆكەی جەنگی و سەدان تۆپ، لە بەرانبەر هێزێكی شەكەت و گەمارۆدراوی وەكو داعش (كە دەنگ هەیە بەبێ شەڕ وەكو سەفقەكەی تەلەعفەر بۆ شوێنێكی ئارام قوتاربكرێن) لە پانتاییەكی 4000كیلۆمەتریدا، خۆی لە خۆیدا جێگەی گومان و تێڕامانە كە بە هاتنیان ناوچەكە لێوان لێودەكات لە هێزی هاودژو ئەجێنداو مەرجەعیەت و وەلائی جیاواز، بە تایبەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و رێكخراوی تێرۆرستی داعش و میلیشیا شەڕانگێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەكە، وەكو تێكەڵكردنی سێ ماددەی كیمیایی دژ بەیەكە لە یەك بۆتەدا كە ئەگەری روودانی كارلێك و تەقینەوە زۆرە، بە تایبەتی توركمانی شیعە لە ئێستادا وەكو رەگەزێكی فیتنەگێڕ بە سوود وەرگرتن لە سیفەتی عێراقی لە توركیاو رەهەندی مەزهەبی لە ئێران و بەكارهێنانیان لە لایەن عێراقەوە، دەیانەوێت ببنە فاكتەری هەڵگیرسانی ئەو شەڕەی كە زۆر لایەن گرەو لەسەر هەڵگیرسانی دەكەن لە نێوان پێشمەرگەو حەشدو بە پلە یەك خەڵكی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان بە قورسی باجەكەی دەدەن.     
بە لای منەوە پاراستن و گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان، زۆر لە دامەزراندنی دەوڵەتۆكەیەكی لەڕو لاوازو بوودەڵە، بەبێ كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكانی دیكە پیرۆزترو گرنگترە، ئەو دوو ئەركەش لە ئەستۆی سەرجەم لایەنە كوردییەكانە بە تایبەتی یەكێتی كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێشمەرگەكانی بە گیرفانی بەتاڵ و تفەنگی ژەنگنەوە كەركوكیان پاراستوەو دژە تیرۆرەكەشی لە بری دەزگاكانی حكومەت لە پەلامارەكاندا بەهانەیەوە هاتووەو لێپرسراوی مەڵبەندەكەشی لە بری وەزیری پێشمەرگە ئەركی بەسەركردنەوەو سەرپەرشتی بەرەكانی جەنگی كردووەو رێكخراوەكانیشی كۆمەك و ئازووقەو پێداویستی لە جیاتی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەرەكانی جەنگ كۆكردووەتەوە، بۆیە یەكێتی دەبێت چ وەكو ئەركی سەرشانی و چ وەكو مافی خۆی هەڵوێستی هەبێت سەبارەت بە هەڕەشەكانی سەر ئەو شارەو قوماركردن پێوەی، چونكە ئەگەر لەم گەمەیەدا كەركوك بدۆڕێنین، یەكێتی وەكو حیزب (زیانلێكەتووترین) دەبێت، ئەگەر بە موعجیزەیەكیش بیبەینەوە، ئەوە پارتی (براوەترین) دەبێت، بەڵام كرۆكی كێشەكە لە ئێستادا ئەوەیە ئەم سەركردایەتیە سیاسیەی یەكێتی نە عەقڵیەتی داهێنانی تیا ماوەو نەتوانای ئیدارەدان و نە چەقی بڕیاردانی هەیە، ئەوەی بەڕاستی ماوەتەوە رێبازی مام جەلال و مێژووی پڕ سەرەوەری یەكێتی و تۆكمەیی هێزە ئەمنییەكەیەتی كە دەبێت دواجار لە بری رێگریكارانی رابوونی یەكێتی، جڵەوەكە لەدەست بگرێت و كاری لەپێشینەی ئەوەبێت بە عەقڵیەت و دیدی مام جەلال لەگەڵ پرسی كەركوكدا مامەڵە بكات.



‌ 4339 جار بینراوه‌
9/9/2017 9:56:36 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved