»  کوردستان
150 هەزار عەرەبی هاوردە لە تۆماری دەنگدەرانی ریفراندۆمەكەدا هەیە
هێمن حەسیب


بەپێی زانیارییەكانی (هەواڵ)، تۆماری دەنگدەرانی كارپێكراو لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێم هەمان تۆماری ساڵی (2014)ـی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عێراقە و تائێستا نوێ نەكراوەتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە، تەنها (15) رۆژ لە بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم ماوە.
هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، كە سەرچاوەیەكی تایبەت بۆ (هەواڵ)، ئاشكرایكرد:”ئەو تۆماری دەنگدەرانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم وێنەیەكی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقی وەرگرتووە، تۆماری كارپێكراوی ساڵی (2014)ـی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە”، روونیشیكردەوە:”ئەو تۆمارە ناوی نوێی دەنگدەرانی تازەی تێیدا نییە”.
ماوەی دوو ساڵە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، تۆمارێكی ئەلیكترۆنی بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دامەزراندووە كە بە سیستمی (تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران) ناسراوە.
لای خۆشیەوە، سیروان ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ (هەواڵ)، زانیارییەكانی پشتڕاستكردەوە و تەنها ئەوەی راگەیاند:”كە ئەو تۆمارەی وێنەیەكی لێدراوە بە كۆمسیۆنی هەرێم، تۆماری كارپێكراوە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2014)”.
هاوكات بەپێی بەدواداچوونێكی (هەواڵ)، ناوی ئەو عەرەبە هاوردانەی لە سەردەمی بەعس بە مەبەستی تەعریبكردنی شارەكە هێنراونەتە كەركوك، لە تۆمارەكەی لای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم نەسڕاوەتەوە”.
پێشتر (هەواڵ)، لە مانگی (12)ـی ساڵی (2013) لە راپۆرتێكدا ئەوەی ئاشكراكرد، كە (25598) خێزانی عەرەبی هاوردەی گەڕاوە بۆ شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە تۆماری دەنگدەرانی كەركوكدا نەسڕاوەتەوە، كە نزیكەی (150) هەزار دەنگدەر پێكدەهێنن.
لە بەدواداچونەكەیدا (هەواڵ)، ئەوەی ئاشكراكردبوو، كە لە (80%) ئەو ئەو (25598) هەزار خێزانە لە ساڵانی (2007 و 2008 و 2009)ـەوە فۆڕمی خۆراكیان گواستراوەتەوە بۆ شارەكانی پێشووی خۆیان، بەڵام ناوی لە تۆماری دەنگدەرانی كەركوك نەسڕاوەتەوە.

‌ 499 جار بینراوه‌
9/9/2017 10:40:52 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved