»  پەڕەموچ
شــار
 عەبدولڕەحیم سەرەڕۆ



ئێوارەچایەك و 
نهێنی تۆلازە عاشقەكان و
بۆمبی چێنراو..
سلاوێكی مەنگ لە ترسی چاوبگێر 
سڵاو لە قژی كەستانەیی و 
چاوی خوماری نێرگزەجاڕ
سڵاو لە ئاونگی ئەو خەونانەی 
خۆر دەیانباتەوە زەریای عەدەم،
سڵاو لە زەهایمەری رێنمایی..
لەو بڵندگۆیانەی پڕ بەدەمیان دەشاتێنن 
كەچی رۆژی دووەم هەمووی بیر دەچنەوە.
ئێوارەچایەك نهێنیەكان دەدركێنێ‌،
شەڕ بەرپا دەكا. 
شەری دڵداری..
شەڕی پشكداری.. 
شەڕی نەگریسی مەزهەبی.. 
شەری نەگەیشتنی 
دەستی لەرزۆكی برسێتی 
بە ئێوارەخوان.
سڵاو لەو دایكانەی كچەكانیان دەكەن بە داهۆڵ 
نەبادە جریوەی غەزەل بەردەمی ماڵیان بگرێ..
نەبادە نەرمەبایەكی بێهوودە 
لەپڕ هەڵكاو 
گەڵایەك لە باخچەی حەوشەكەیان بكاتەوە!! 
سڵاو لەو باوكانەی كوڕەكەیان 
دەنێرنە بەرەكانی جەنگ، 
تا دیسانەوە پێی شاد دەبنەوە 
هەر نان و كەرەی خەفەت دەخۆن، 
هەر بەبێدەنگی دەگرین 
هەر لاوكی دوورە كەسی دەچڕن.
سڵاو لەو چاودێرانەی 
بە زمانێك دەدوێن
جگە لە میللەت..
هەموو دونیا لێیان تێ دەگات!!
سڵاو لەو گەنجانەی خەمەكانیان 
لەناو بەفری بادەدا دەتوێننەوە 
پشت لە میدیا فریودەرەكان دەكەن و 
بەدوای هەناسەی یاردا دەگەڕێن، 
بەدیار زووخاڵی نێرگەلەیەكەوە 
رۆژگار بەبا دەدەن
نە خێزان و نە كۆمەڵگەو نە نیشتمان
نازیان راناگرن. 
سڵاو لە شار.. 
كە پڕە لە گۆرانی خۆشەویستی و
ئایەتەكانی عیشق و سروودی ئازادی 
كەچی لە ئینجانەكانی سێبەریدا 
هەر كۆیلەبوون و رقی ناكام دەڕوێ 
هەر دووكەڵ و غەزەلی زام دەڕوێ.

‌ 302 جار بینراوه‌
9/9/2017 11:06:34 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved