»  باران
گۆیژە رێبوار كچە چالاكوانی كورد لە سوید: ژنی كورد تەمەڵی و بێدەسەڵاتی دایپۆشیووە
ئا / هاوار ستار


لەدیمانەیەكدا لەگەڵ لاپەڕەی (باران)، گۆیژە رێبوار كچە چالاكوانی كورد باس لەكچان و ژنانی كوردو هەنگاوەكانیان بۆ گەیشتن بەئامانجەكانیان دەكات، ناوبراو سەرەڕای ئەوەی توانای رۆیشتنی نییە لەسەر قاچەكانی، بەردەوامی بەخۆی داوەو لەچەند بوارێكی جیا بەردەوامە لەكاركردن، گۆیژە بۆ نمایشكاری هەڵبژێردراوە و سەڕەرای ئەوەش لە بواری پێشبڕكێی كورسی جوڵاودا ئاستی بەرزی بەدەستهێناوە و یاریزانی وەرزشی باسكەشە، لەگەڵ ئەوانەش چالاكی بواری مافەكانی مرۆڤە.

* چۆن دەستت بە نمایشكاری كردو چالاكیەكانت چین لەو بوارەدا؟
- كاری نمایشم بۆ یەك ئامانج كرد ئەویش روبەڕوبوونەوەی هەندێك نەریتی چەقبەستوو بوو، بۆ ئەو مەبەستەش كەس هاوكارم نەبوون، بەڵكو بۆ خۆم چومە نێو ئەو دنیایەوە و لە ساڵی 2005 ەوە دەستم پێكرد، واتا دووساڵ دوای لەكاركەوتنی قاچەكانم، تا ئیستا لە دوو پرۆژەی گرنگ بەشداریم كردوە و كومپانیاكانی سوید بە بایەخەوە پرۆژەكەمیان قبوڵكردو دواتریش چەند كۆمپانیایەك لە وڵاتانی دیكەوە داوایان كردوە لە پرۆژەكانیان بەشدار بم، بۆ ئەوان جێگەی بایەخی زۆرە كچێك لەسەر كورسی بێت و بتوانێت ببێت بە بەشێك لە پرۆژەكانیان، ئەم كارانەی من وەك مۆدیل بەتەنها وەك بەشداری كردومە نەك ببێتە پیشەی خۆم.
* لەبواری وەرزشدا سەركەوتنەكانت چین؟
- یاری باسكە یەكیكە لەخولیاكانم، لەساڵی 2011 وە لە تیپێكی بەهێزی سوید یاریدەكەم و بەشداری چەندین پاڵەوانێتیمان كردوە، بەنیازیش نیم واز لە باسكە بێنم، یەكەمجار كە هاتمە نێو بواری وەرزش و پێش یاری باسكە، ساڵی 2007 بوو، دوو ساڵ لەسەر یەك بەشداری یاری خێراترین راكەری كورسیم كرد و هەردوو ساڵەكە بوومە باشترین راكەری كورسی و نازناوی یەكەمم بەدەست هێنا، بۆ مەبەستی وەرزشی لەدەرەوەی سوید چەندجارێك یاریم ئەنجامداوە، گرنگترینیان لە ساڵی 2015 لە وڵاتی ئیسپانیا و ساڵی 2016 لە ئەمەریكا وەرزشم كردووە.
* هۆكاری چونە سەر كورسیت چیبوو؟
- لە تەمەنی 13 ساڵی رۆژێك كە لە خەو خەبەرم بوویەوە قاچەكانم وەستا بوون، لەو كاتەوە تا ئێستا كورسیەكەم بووەتە هاورێم و چارەسەر نەكراوم، هۆكاری ئەوەشی چاكنەبوومەتەوە تا ئێستا ئەوەیە پزیشكەكان هیچیان پێ نەكراوە بۆم، چونكە هەرگیز شتێكی لەو شێوەیەیان نەدیوە كە بەسەر مندا هاتووە و نەخۆشیەكە نامۆیە. 
* هیچ كارت بۆ كورد و لەگەڵ كورد كردوە؟
 - من لە بواری مرۆیی كار دەكەم هەركەس بێت و لە هەرشوێنێك بێت بتوانم كاری لەگەڵ دەكەم، بەڵام نایشارمەوە كاركردن لەگەڵ كورد زۆر ئەستەمە، زۆر كەس دەبینم وا خۆیان نیشاندەدەن كە خزمەت دەكەن، بەڵام بۆ هەركاریك بەرژەوەندی خۆیان دەخەنە پێش بەرژەوەندی گشتیەوە، لەراستیدا زۆر دڵخۆش نیم بە پرۆژە خۆبەخشیەكان لە كوردستان، وەكو چالاكوان بەشداری زۆر شتی تری كوردیم كردووە، لە خۆپیشاندانەكان و لە بۆنە كوردییەكان، دژی گروپی تیرۆریستی داعش و بۆ پشتگیریكردن لە كۆبانێ لەگەڵ رەوەندی كوردی لە ستۆكهۆڵم بەشداری رێپێوان و چالاكییەكانم كردووە.
* رەوشی ژنانی كورد چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
- ژن و كچی كورد تەمەڵی و بێدەسەڵاتی دایپۆشیون، هەمیشە بەهانەیەكیان هەیە بۆ كار نەكردن، ئەگەر جارێك خەتای پیاو بێت ئەوە دوو جار خۆیان كەمتەرخەمن بۆ گەشەی خۆیان، ژنان ئامادەن شەوانە شەش كاتژمێر بە دیار درامای بێسودەوە دانیشن، بەڵام ئامادەنین یەك كاتژمێر خۆیان فێری هونەرێكی دەستی بكەن یان لەسەر پەروەردە و ژیان بخوێننەوە.
* كێن هۆكارەكانی هاوكاری و بەردەوامیت؟
 - دایك و باوكم پشتوپەنای گەورەی منن پاشان ئیرادەی خۆم، هاوڕێی دڵسۆزم هەن كە هاوكارمن و پشتیوانی كارەكانم دەكەن، لێرە پرۆژە زۆرە و كۆمپانیاكان بەردەوام داوا دەكەن بەشداربم و هاوكارمبن، بەڵام من دەمەوێت ئەو كارانە بكەم كە حەزەكانی خۆمی تیادەبینمەوە.
* كاتە بەتاڵەكانی خۆت بەچیەوە بەسەر دەبەیت و لە ژیانتدا چی دڵخۆشت دەكات، بەچی نیگەران دەبیت؟
- زۆربەی كات دەنوسم و دەخوێنمەوە، زۆرجاریش جیا لە ئیشوكارەكانم لە گەڵ هاورێكانم دەچینە گەڕان، ئەوەی زۆر دڵخۆشم دەكات ئەوەیە كاتێك خۆم لەنێو پرۆژەیەكی مرۆیی دەبینمەوە یان یارمەتی خەڵكی دیكە دەدەم، كاتێكیش تۆڕە كۆمەڵایەتیە كوردیەكان دەبینم لە دڵەوە خەمبار دەبم كەچ كارەساتێك لەنێو گەنجانی ئێمە دەگوزەرێت، نازانم ئەو دۆخە ناو بنێم چی، جنیۆدان و یەكتر شكاندن چ سودێك دەگەیەنێت؟ دەڵێن گەنج هەیە پێنج فەیسبووكی هەیە و بەشێكیان بەناوی كچانەوەیە، دەبێت ئەمە چ حەزێك بێت جیا لە كارەسات، چەندینجار وێنەكانی خۆمم لە نێو پەیجەكان دیوەتەوە، هەمو ئەوروپا هێندەی كوردستان سەرقاڵی فەیسبووك نین، گەنج لێرە لەهەوڵدان ناوەستێت كار دەكات خۆی فێری زمان دەكات دەخوێنێت و هەمو شتێك بە ماندوبوون دەبێت و هەوڵی دەوێت، كەچی لەوێ گەنج هەیە هیچ نازانیت و رەخنە لەهەمو شت دەگرێت، رەخنە كاتێك دەگیرێت كەتەواو شارەزایت لەوبوارە هەبێت كە رەخنەی لێ دەگرێت نەك بێئاگایانە بەرد بهاوێت.

پرۆفایل:
گۆیژە رێبوار، تەمەن 28 ساڵە، لەساڵی 1989 لەقەزای كۆیە لەدایك بووە و لەتەمەنی 10 ساڵیەوە تائێستا لە وڵاتی سوید دەژی، گۆیژە ماوەی 15 ساڵە لەسەر كورسی جوڵاوە، بەڵام بەردەوام بووە لەهەوڵی خوێندن و برەودان بەبەهرە و حەزەكانی، ئەو دەرچوی بەشی ئیكۆنۆمی زانكۆی ستۆكهۆڵمە و هەرلەبوارەكەی خۆی لەو شارە دامەزراوە و كاردەكات.

‌ 477 جار بینراوه‌
9/9/2017 11:20:31 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved