»  باران
چالاكوانێك: هەفتانە سێ ژن دەكوژرێن و بكوژەكانیش دەستگیرناكرێن
ئا/ باران


كوشتنی ژنان پەرەدەسێنێت و بەشێك لەچالاكوانانیش سەرەرای دەربڕینی نیگەرانیەكانیان بۆ زیادبوونی توندوتیژی بەرانبەر بەڕەگەزی مێ، پێیان وایە بكوژەكان ئاشكراو دیارن و سزا نادرێن، بەوتەی یەكێك لەچالاكوانەكانیش، هەفتانە دوو بۆ سێ ژن دەكوژرێت و سەرۆكی لیژنەی كۆمەڵایەتی پەرلەمانی كورستانیش رایدەگەیەنێ، "یاسا وەك خۆی جێبەجێناكرێت و بەرنامەیەكی تۆكمەش نییە بۆ بنبڕكردنی توندوتیژیەكان.

سەرەرای زیادبوونی كێشەو گرفتە كۆمەڵایەتییەكان و رووداوی تەقەكردن، ژن كوشتن روو لەزیادبوون دەكات و تەنها لەماوەی هەفتەی رابردوودا چەندین ژن كوژراون و دیارترینیشیان دۆزینەوەی تەرمی ژنێكی نەناسراو بوو لەسنوری قەزای كۆیەو هاوكات دۆزینەوەی تەرمی ژنێكی تر بوو لەسنوری قەزای سۆران.
لەوبارەیەشەوە سامان محەمەد توێژەری بواری كۆمەڵایەتی بۆ (هەواڵ) رایگەیاند: ژن كوشتن لەحاڵەتەوە خەریكە پێ دەنێتە دیاردە، تا ئێستاش بكوژی هیچ كام لەو ژنانەی كوژراون بەجۆرێك لەجۆرەكان نەدۆزراونەتەوەو سزای یاسایی خۆیان وەرنەگرتووە، ئەگەر بەشێكیان سزاش درابێتن، ئەوا ئاشكرا نەكراوە تا ببن بەوانەیەك بۆ خەڵكانی تر" سامان وتیشی: " لەكاتێكدا بكوژ نادیاربێت، راستەوخۆ دەسەڵات و لایەنی ئەمنی بەرپرسیارێتی گەورەی لەبەرامبەر زیادبوونی روداوەكان دەكەوێتە ئەستۆ:.
ئەوەشی وت: "ڕەنگە هەر یەكێك لەرووداوەكانی ژن كوشتن، چیرۆكێكی دوورودرێژیان لەپشتەوە بێ، كەچی راگەیاندنەكان بەبێ بایەخدان بەكڕۆكی بابەت و كێشەكان، تەنها وەك ژمارەیەكی سەرەتایی ئاماژە بەروداوەكان دەدەن، لەكاتێكدا پێویست وردەكاری كێشەكان و لەگەڵیشیدا چارەسەر بخەنەڕوو، تا بەڕۆڵی كارای خۆیان هەستن، ئەویش پێدانی زانیاری و هۆشیاریە تا ئەو رووداوانە دووبارە نەبنەوە".
هاوكات چالاكوانێكی بواری مافەكانی ژنان، هۆكاری سەرەكی زیادبوونی كوشتنی ژنان بۆ بێ كارایی پەرلەمان و لاوازی دەسەڵاتی حكومەت دەگەڕێنێتەوەو دەشڵێت: " پەرلەمان كارا نییەو حكومەتیش دەسەڵاتێكی لاوازی هەیە، ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوریەی رووی لەهەرێمیش كردووە، بەكۆی گشتی ئەوانە كاریگەریان لەسەر دەسەڵاتی دادوەری كردووە".
كنێر عەبدوڵڵا چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان بۆ (هەواڵ) وتی: "كاری رێكخراوەكانی بواری ژنانیش، بەهەمانشێوەی كایەكانی تری كۆمەڵگە، ئەو قەیرانانەی ئێستا لەهەرێمدان كاریگەری لەسەریان هەبووەو بەگوێرەی پێویست نییە". 
بەوتەی ئەو چالاكوانە، رێكخراوەكانی بواری ژنان تاڕادەیەك بەدوو ئەركە سەرەكییەكەی خۆی كە یەكەمیان بڵاوكردنەوەی هۆشیاریەو دووەمیش ئامادەكردنی پرۆژەیاسایە بۆ هەمواركردنەوەی یاساكان هەستاوەو دەشڵێت: "ئەوەندەی رێكخراوەكان پێیان كرابێت لەكردنەوەی خولی هۆشیاری و ۆركشۆپ و ئەنجامدانی سیمینارو كۆنفرانس كردوویانە، ئامانجی سەرەكی هەموو ئەو چالاكیانەش ئاشناكردنی ژنانە بەمافەكانیان".
كنێر عەبدوڵڵا ئاشكراشیكرد: كێشە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوەیەكی بەرچاو روویان لەزیادبوون كردوە، جگە لەوەش كوشتنی ژنان بەبیانووی جیاوازەوە بەهەمانشێوەی كێشەكان زیادی كردووە، زۆرجاریش دەبینرێت تاوانبارەكان بەجۆرێك لەجۆرەكان كارئاسانیان بۆ دەكرێت و دەستگیرناكرێن یاخود بەئاسانی ئازاد دەكرێن.
هاوكات، چیمەن عەلی چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان لەلێدوانێكدا بۆ (هەواڵ)، رەخنەی توند لەكاركردنی رێكخراوەكان دەگرێت و بەشێكیشیان بەبێ كاریگەر وەسفدەكات و دەڵێت: "هەموویان نا بەڵام بەشێك لەڕێكخراوەكانی ژنان تەنها كارتۆنین و تەنانەت كاریگەریەكی ئەوتۆیان دروست نەكردووە، ئەو خول و ۆركشۆپانەشی كردویانەتەوە بۆ زیادكردنی ژمارەی چالاكییەكانیان بووەو بێ كاریگەر بووە".
بەوتەی ئەو چالاكوانە، هەفتانە دوو بۆ سێ ژن لەهەرێمی كوردستان دەكوژرێن و بكوژەكانیشیان نادیارە و ئەوەشدەخاتەڕوو، "نزیكەی 90 رێكخراو لەهەرێمی كوردستان هەیە كەچی بەگوێرەی قەبارەی توندوتیژییەكان پێگەیان نەبووەو نەیانتوانیووە فشارێكی وا دروست بكەن كە كەیسی ژن لەلای حكومەت پێگەیەكی گەورەی هەبێت و بەجدی حكومەت هەڵوەستە لەسەر زیادبوونی توندوتیژییەكان بكات، لەكاتێكدا بەبەرچاومانەوە رۆژانە ژن دەكوژرێن و لەكوچەو كۆڵانەكان فڕێدەدرێن".
هاوكات، گەشە دارا حەفید سەرۆكی لیژنەی كۆمەڵایەتی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بۆچوونیوایە، بەشێكی زۆری توندوتیژییەكانی بەرامبەر بەژنان دەگەڕێتەوە بۆ كلتوری كۆمەڵگەی كوردی و دەشڵێت: "بەپرۆژەی ستراتیژی تەماشای كەیسەكانی ژنان نەكراوە و نەبووە بەبەرنامەیەكی تۆكمە تا توندوتیژی بنبڕبكرێت".
گەشە دارا بۆ (هەواڵ) رایگەیاند: سەرەرای ئەوەی چەندین یاسا دەرچووە هەم بۆ پاراستنی ژنان لەئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەریان و هەمیش بۆ سزادانی توندی ئەو كەسانەی هەڵدەستن بەئەنجامدانی تاوان بەرامبەر بەژنان، بەڵام بەداخەوە هیچ كامیان وەك خۆی جێبەجێنەكراون.
ئەو پەرلەمانتارە داواشدەكات، یاسا بەیەكسانی بەسەر هەموو بكەرانی توندوتیژی و بكوژانی ژنان جێبەجێبكرێت و دەڵێت: "دەبێت یاسا بە یەكسانی بەرانبەر بەهەموو كەسێك جێبەجێبكرێت، ناكرێت كە پیاوێك بەهۆی بوونی پێگەیەكی كۆمەڵایەتی، لەكاتی كوشتن ژنێكدا بێ بەری بكرێت و سزای خۆی لەدادگا وەرنەگرێت".
ئاماژە بەوەشدەكات كە زۆرجار بكوژانی ژنان سەرەرای سەپاندنی سزای زیندانیكردن بەسەریاندا، كەچی دەبینرێت بەلێبوردن تایبەت لەزیندانەكان دەرهێنداون.

‌ 447 جار بینراوه‌
9/9/2017 11:21:06 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved