»  شۆک
چی لەسەر گەنجی كەركوكە ئەنجامی بدات ؟
هاوار ستار

لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و دواتر روداوەكانی مانگی تشرینی یەكەمی شاری كەركوك، چی لەسەر گەنجی ئەو شارە پێویستە ئەنجامی بدات؟ بەتایبەت كاتێك كەركوك شارێكی فرە نەتەوە و فرە ئاین و فرە بیروڕایە!.
بێگومان ژیان كردن لە شارێكی وەكو كەركوكدا ئەستەمە لەچاو شارەكانی هەرێم یاخود خوارو و ناوەڕاستی عێراق، چونكە كەركوك وەكو سیاسیەكان ئاماژەی بۆ دەكەن (عێراقێكی بچوككراوەیە) و هەموو جیاوازیەكان لە خۆ دەگرێت،
بۆیە لەم نێوەندەدا و لە بارێكی وەكو ئێستادا كاریگەرترین كەسانی دۆخەكە گەنجانن و گەنجان دەبێت چەند شتێك رەچاو بكەن لەوانە:

مرۆڤ بوون و مرۆڤ دۆستی
دوور لە بیری توندی حزبیی و كۆمەڵایەتی، چونكە لە كەركوك و لە شوێنە گشتیەكان گەنجی هەمو نەتەوە و ئاین و زمانەكان كۆدەبنەوە و هاوڕێیەتی لە مێژینەیان پەیدا كردوە هەر بۆیە تێكدانی ئەو پەیوەندی كۆمەڵایەتی و رۆحی و تەنانەت خزمایەتیەش كارێكی ئاسان نییە، گەنجی كەركوك دەبێت دوای سیاسیەكان و هوتافەكانیان نەكەوێت چونكە تۆ چۆن بەرەوای دەبینی مافت هەبێت گەنجێكی تری نەتەوە و ئاینێكی تر هەمان مافی تۆی هەیە، هەربۆیە گەنجەكانمان بە هۆشیاریەوە دەبێت مامەڵە لەگەڵ دۆخی كەركوكدا بكەن و كەركوك بە شاری (چەپكە گوڵەكە) بهێڵنەوە.

دووربوون لە دژایەتی یەكتر
دۆخی كەركوك هەستیاریەكی بەرچاوی هەیە هەڵەیەكی چەند گەنجێك رەنگە بەخراپ بۆ سەر دەیان خێزان بشكێتەوە، لە دۆخی ئێستای وەكو كەركوكدا سۆز رۆڵ نابینێت بەڵكو عەقڵ و هەنگاوی عەقڵانی كاریگەرە، چونكە ئەگەر بە بیری نەتەوەیی و تاك لایەنی هەوڵ بدرێت كەركوك لە دووز خورماتو باشتر نابێت و ناچار شارەكە دابەش دەبێت بەسەر گەرەكە جیاوازەكانی كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحی و دروست كردنی دیوار بەند لەو نێوەندە و كەس بۆی نەبێت بچێتە دیوی ئەویدی، هەر بۆیە تێكدانی دۆخ لە بەرژەوەندی هیچ تاكێكدا نییە بە تایبەت گەنجەكان.

نزیكبوونەوە و كۆبوونەوە لەگەڵ یەكتر،
گەنجانی كەركوك لە رێی دانیشتنەكانیان و شوێنی خوێندن و كاریان و تەنانەت تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەتوانن رۆڵی باشیان هەبێت لە ئاشتكردنەوەی نەتەوە و ئاینزاكاندا كە لە ئێستادا بەداخەوە دووركەوتنەوەیەك لە یەكتر دروستبووە، چونكە هاورێیەتی فرە نەتەوەكان دەتوانن كۆكیان بكات، لە زۆر خاڵدا و هاوبەشیان بكات لە ژیاندا ئیتر لە ئایندەدا كەركوك چ دەوڵەت و حكومەتێك هەڵدەبژێرێت یان سەربەخۆیی ئەوا كۆدەنگی و ئاشتەوایی دانیشتوانەكەی لە رێی گەنجەكانییەوە رۆڵ دەبینێت.

دووركەوتنەوە لە لێدانی شكۆی یەكتر،
بەداخەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتی و هەندێك شوێنەكانی شاردا دەبینیت گەنجەكان رق ئەستور بوون بەرامبەر بەیەكتر، بەڵام تەنها بیری سیاسی و وتاری سیاسی وای لێكردون ئەو رقە هەڵرێژن ئەگەرنا كەس حەزی بە ئاشوب و كوشتار نییە لە خۆڕا، هەر بۆیە دانبەخۆدا گرتن و ئارامی پاراستن و رۆحییەتی برایەتی سودێكی گەورەی دەبێت بۆ ئایندەی شارەكە و پێكەوەژیان لەسەردەستی گەنجەكانەوە گرنگیەكی بەرچاوی دەبێت بۆ نەتەوەكانی شارەكە و ئەوكات سیاسەت و ئێجێندای ناوەكی و دەرەكی ناتوانێت كار بكاتە سەر جومگەكانی شارەكە و لێدانی شكۆی یەكتر.

دوركەوتنەوە لەرەگەزپەرستی،
پێویستە گەنجەكان بە تایبەتی گەنجی كورد كە لەم دۆخەی ئێستەدا لە ئالۆزی و جەنجاڵیەكی سەختداین خۆی بە دوور بگرێت لە رەوشتی نا مرۆیی و رەگەز پەرستی چونكە هەرچیەك بكرێت و هەر گروپێك ئەنجامی بدات دواتر بەسەر نەتەوەیەكدا دەشكێتەوە، ئەمە بۆ گەنجانی نەتەوەكانی تریش بەهەمان شێوە دەبێت، بەڵام مادام كورد بە زۆرینە لەقەڵەم دەدرێت و كورد كوردستانی بوونی كەركوكی دەوێت ئەوا بە رۆحییەتی برایەتیی و ئاشتەوایی و رێز و یەكتر قبوڵكردن بەدەستی دێنێت نەوەك شەڕ و سوكایەتی و هێرش، هەر بۆیە باشترین هەڵبژاردە لەئێستادا بۆ گەنجانی كوردی شارەكە و سەرجەم گەنجانی نەتەوەكانیتر خۆبەدور گرتنە لە تێكدانی پەیوەندیەكان و هاورێتیە جیاوازەكان هەروەها پاراستنی هاوڵاتی بوون و هاونیشتیمانی بوون چونكە دواجار سیاسیەكان لەسەر یەك مێز كۆدەبنەوە و خەڵكی ئاسایی دەبنە مقاش و قوربانی و دۆڕانەكان و تێكچونی پەیوەندی و هاوڕێەتی و خزمایەتییەكان.
كەركوك نەك عێراق جیهانێكی بچوك كراوەیە، ئەم شارە كوردستانییە بە رەنگاڵەییەوە جوانە، بەهیوای ئەوەی گەنجەكانی دووربن لە پەرتەوازەیی و مرۆڤ بوون بكەنە بنەما، دواجاریش بەیەك دەنگ و برایانە چارەنوسی شارەكەیان هەڵدەبژێرن.

‌ 111 جار بینراوه‌
11/4/2017 9:35:23 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved