»  وتاری هەفتە
نێچیرڤان بارزانی و ئەركێكی قورس
بورهان حاجی سلێمان



دەستلەكاركێشانەی مەسعود بارزانی لەپۆستەكەی و پێدانی زۆربەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەبرازاكەی، بۆ نێچیرڤان وەك ئەوەیە گوێز بدەیت بەكەسێك كە لەمێژا تامەزرۆی بووە، بەڵام دوای كەوتنی ددانەكانی! چونكە پلانی پارتی ئەوەبوو، بێدەنگییەكەی نێچیرڤان لەسەروبەندی ریفراندۆمەكەدا وەكو هێڵی گەڕانەوەو یاریكاری یەدەك بۆ گێمی دوای ریفراندۆم و پێكانی یاریكەرەكانی ئەو پرۆسەیە بەكاربێنێت، بەڵام پێدەچێت بەپێ خاوسی لەگەمەكەدا یاریبكات و رێگەی (گۆڵ)كردنی بە گوڵ رانەخرابێت، ئەو راستیە تاڵەش هەر لەیەكەم ساتی ئەو بڕیارەوە، وەكو پەیامێكی توند لەڕووداوەكانی 29 / تشرینی دووەمی پەرلەمان و سوتاندنی بارەگاكانی یەكێتی و گۆڕان، پێدرا. 
ئەو  گۆڕانكارییە ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو ئامۆزای تەقاندوەتەوە، پێدەچێت ئۆرگانەكانی پارتی بەتایبەتی ئەمنییەكانی هاوكارێكی باش نەبن بۆ سەركەوتنی سەرۆكی حكومەت لە ئەركەكەیدا، بەڵكو بەپێچەوانەوە هەمیشە لە بۆسەدا دەبن تاكو جومگە حیزبی و حكومییەكان كۆنترۆڵ نەكات، بڕیارەكانیشی لەلایەن بەرپرسە حكومییە لایەنگرەكانی ئامۆزاكەیەوە رەنگە حیسابیشی بۆ نەكرێت، ئەوەش ئەوەندەی تر حكومەتەكەی لاوازدەكات و متمانەی هاوڵاتیان لەدەست دەدات.
لەدەرەوەی پارتیش، حیزبەكانی هەرێمی كوردستان پێیانوایە سیاسەتەكانی ئەم چەند ساڵەی دوایی نێچیرڤان، هۆكارێكی دیكەی نەهامەتییەكانی خەڵكی كوردستان و لەباربردنی تەبایی و شەراكەت بێت، بۆیە ئەوانیش ئەو فاكتەرە باشە نابن بۆ سەركەوتنی حكومەتەكەی وەك لەدوا پەیامیدا ئەمریكا داوای دەكات، هەربۆیە بۆ دڵنیایی كردنەوەی حیزبەكانی دیكە جگە لە راستكردنەوەی هەڵەكان و گرتنەبەری سیاسەتێكی حەكیمانەی دوور لەتاكڕەوی، لایەنە سیاسییەكان چاوەڕوانن نێچیرڤان بارزانی بێبەری بوونی خۆی لەو سیاسەتانەی كە بوونە هۆكاری لەدەستدانی نیوەی خاكی كوردستانی باشوور و نیمچە سەربەخۆییەكەی هەرێم و داڕوخانی ئابووری رابگەیەنێت، داوای لێبوردنیش بكات لەهەڵە سیاسییە كوشندەكانی و بەڵێنی دووبارەنەبوونەوەیان بدات.
لەسەر ئاستی عێراقیش قورسترین ئەركی نێچیرڤان بارزانی ئەوەیە، چۆن وەكو لایەنێكی دۆڕاو، مامەڵە لەگەڵ غروری لایەنی براوە بكات، چونكە تاكو ئێستا هەموو ئەو سازشانەی هەرێم بەرانبەر بە حكومەتی ناوەند دەیكات و تاپێش 25ی ئەیلولی رابردوو حەیدەر عەبادی خەونی پێوە دەبینی، غروری بەغدای تێر نەكردووەو بەردەوام مەرجی قورستر تا ئاستی شكاندنی شكۆ دەسەپێنێت، كە دەرهاویشتەكانی بۆچەندین ساڵی داهاتوو كاریگەری لەسەر پێگەی سیاسی و ئابووری و رایەڵەی كۆمەڵایەتی هەرێم جێدەهێڵێت.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش سەرەڕای پەیامەكانی ئەمریكا، بە هۆی نزیكبوونەوەی كۆتایی جەنگی داعش و لەدەستدانی زۆربەی سەرچاوەكانی وزەو دەروازە بازرگانییەكانەوە، هەرێم دۆخی باش نییە، بۆیە دەبێت جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بۆ دەستەبەركردنی پشتگیری نێودەوڵەتی ئەویش لە رێگەی هۆكارە سەرەتاییەكەوە دەبێت كە پیادەكردنی دیموكراسی و چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤە لە هەرێم، بەڵام ئایا نێچیرڤان ئەو هەنگاوە بوێرانەیە دەنێت؟ یان خۆی رادەستی ئیرادەی باڵە توندڕەوەكەی ناو پارتی دەكات كە نایانەوێت هەرێم ئارام بێتەوە.. یەكەم پەیامی فەرمی حیزبەكەیشی بڕیارەكانی كۆبوونەوەی لەسێشەممەی رابردووی كۆمیتەی ناوەندی حیزبەكەی بوو كە تیایدا داوای لێكرا هیچ گۆڕانكاریەك لە حكومەتدا نەكات، بۆیە پابەندنەبوونی پێوەی ئەگەری یەكەم بەهێزدەكات و ملكەچبوونیشی ئەگەری دووەم. 



‌ 574 جار بینراوه‌
11/11/2017 9:48:17 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved