»  راپۆرت
تـوركمانی ناوچـە پەراوێزخراوەكان دەسـتەی نیشـتیمانی توركمانی لـــە كـەركوك پێـكدێنن و بـەرەی توركمانیش دژیان دەوەسـتێتەوە



نوێنەرانی ناوچە توركمانییە پەراوێزخراوەكانی كەركوك كە پێكهاتوون لە دانیشتوانی (قەزای داقوق و ناحیەكانی تازەو لەیلان و گەڕەكی تسعین و گوندی بەشیر) لە رۆژی (5/11/2018) كۆبوونەوەو دواتر دەستەیەكیان بە ناوی ( دەستەی نیشتیمانی توركمانی لە كەركوك) پێكهێنا، وەك لە بەیاننامەكەیاندا هاتووە:” مەبەست لە دروستكردنی دەستەكە هۆكاری بەردەوامیدانی سیاسەتی زوڵم و پەراوێزخستنی توركمانەكانە هەر لە سەردەمی رژێمی بەعسی لەناوچووەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ”، هەر ئەمەش وایلێكردوون پەنا بۆ دروستكردنی دەستەیەكی سیاسی نیشتیمانی بەرن بۆ ئاوڕدانەوە لە توركمانە پەراێزخراوەكان”.

دەستەی نیشتیمانی توركمانی لە كەركوك كە پێكهاتووە لە نوێنەرانی ناوچە توركمانییە شیعییەكانی كەركوك، بە پێویستی دەزانێت لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری رابردووەوە، ئیستقاقاتی توركمانەكانیش لەبەرچاوبگیرێن و ناوچە وێرانكراوەكانیانیش سەر لەنوێ بنیات بنرێتەوە.
هاوكات رۆژێك دوای دەركردنی ئەو بەیاننامەیە، نوسینگەی دەستەی هەماهەنگی باڵای توركمانی كە بەرەی توركمانی عێراقی تیایدا باڵا دەستە بەیاننامەیەكی توندی دژ بە دروست بوونی (دەستەی نیشتیمانی توركمانی لە كەركوك) بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە:” چەمكی ناوچەگەرێتی بەشێك لە برا توركمانەكان، زیان بە بەرژەوەندییە باڵاكانی پرۆژەی توركمانی دەگەیەنێت لە تەلەعفەرەوە تا مەندەلی”، ئاماژە بەوەشكراوە:” كێشەی  گەل و جوگرافیای توركمان لە تەلەعفەرەوە تا مەندەلی یەك كێشەیەو هەموو دابەشكردنێكی ناوچەیی رەتدەكەینەوە”.
بەیاننامەكەی نوسینگەی هەماهەنگی باڵای توركمان باس لەوەشدەكات:” دەبێ توركمان و سەركردەكانیان مەترسییەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم و  هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك بە حكومەتی ئیتیحادی و ئەنجومەنی نوێنەران و دادگای فیدراڵی بگەیەنن”.
هاوكات عەمار كەهیە، ئەندامی دەستەی نیشتیمانی توركمان لە كەركوك بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” دەستەی هەماهەنگی باڵای توركمانی هاوسەنگی تێدانییەو نوێنەری توركمانی شیعەی تێدانییە”.
وتیشی:” دەستەی ئێمە واتە دەستەی نیشتیمانی توركمانی، پێكهاتووە لە ناوچە پەراوێزخراوەكانی (داقوق و تازەو لەیلان و تسعین و بەشیر) كە ناوی پەراوێزخراوبوونە لەسەردەمی حیزبی بەعسەوە تا ئێستا”.
باسی لەوەشكرد:” بە پێویستمان زانی ئەم دەستەیە دروست بكەین بۆ داكۆكیكردن لە مافی توركمانەكانی ئەو ناوچانەی كە فەرامۆشكراون”.
جێگەی باسە حیزب و لایەنە توركمانەكان كە هەرچەندە دەیانەوێت خۆیان وەكو هێزێكی تۆكمەی یەكگرتوو نیشان بدەن بە زەقی پەرتەوازەیی لە ناویانە بەدیدەكرێت و بەهۆی هەژموونی توركیا بەسەر بەرەی توركمانییەوە دەستێوەردانی ئەنقەرەو تاران لە كاروباری توركمانەكان، نوفوزی توركمانی سوننە لە بەرەی توركمانی زاڵەو تا ئێستا بە هۆی ریك نەكەوتنیان لەسەر كەسێك پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و چەندین پۆستی گرنگی دیكەیان لەدەست خۆیان داوە.





‌ 119 جار بینراوه‌
11/11/2017 9:48:49 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved