»  کوردستان
هەڵسوكەوتە مناڵجاڕییەكەی ئۆغڵۆ شەرمەزار دەكرێت




پەرلەمانتارێكی پارێزگای كەركوك دانیشتەكەی نیازی معمار ئۆغڵۆ بڕیاردەرە توركمانەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانتاری پارێزگای سەڵاحەدین لەسەر كورسی پارێزگاری كەركوك بە سوكایەتی بۆ پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت و تەواوی نەتەوەو پێكهاتەكانی شارەكە دەزانێت.
شوان داودی پەرلەمانتاری كەركوك و یەكێتی لە  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند:” دانیشتنی نیازی معمار ئۆغڵو لەسەر كورسی پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت و دواتر بڵاوكردنەوەی وێنەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، سوكایەتییە بە تەواوی نەتەوەو پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك و خودی پارێزگاری شارەكە بە وەكالەت، لە كاتێكدا ئۆغڵۆ پەرلەمانتاری پارێزگاری سەڵاحەدینەو میوان بووە لەشارەكە”.
داودی ئاماژەی بەوەشكرد:” ئەو هەڵسوكەوتەی ئۆغڵۆ خزمەت بە ژیانی ئاشتییانەی نێو نەتەوەو پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك ناكات، جگە لە نانەوەی پشێوی تۆوی دووبەرەكی لەنێو پێكهاتەكانی شارەكە”.
داودی وتیشی:” ئەو كارەی ئۆغڵو هەڵگری سوكایەتییە بە كەركوك و ئیدارەی ئێستای، كە وا پێویستە لە ئاستیدا بێدەنگ نەبین و سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك ناتوانن رازی بن بە سوكایەتیكردن، ئەمەش پێشێلكارییەكەو یاسا قبوڵی ناكات”.
هاوكات دوای بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەیە، راكان سەعید جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە:” لەكاتی بەڕێكردنی وەفدێكی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، نیاز ئۆغڵۆ  هەستاوە بە گرتنی وێنەیەك لەسەر كورسی پارێزگار”.
پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت ئاماژەی بەوەشكردووە:” ناڕەزایی خۆی لەو هەڵسوكەوتەی ئۆغڵۆ دەربڕیوەو داوای لێكردووە وێنەكان بسڕێتەوەو بڵاوی نەكاتەوە، بۆ ئەوەی نەبێتە مایەی دروستكردنی ناكۆكییەك كە پێویست نییە، چونكە كەركوك پێویستی بەو وێنانە نییە”.باسی لەوەشكردووە:” ئۆغڵو داوای لێبوردنی كردووەو پێی راگەیاندووە كە لەسەر داوای پاسەوانەكانی وێنەیەكی یادگاری گرتووە، دواتر یەكێك لە وێنەگرەكان دزەی بە وێنە كردووەو بڵاوی كردۆتەوە”.
جێی باسە، نیازی معمار ئۆغڵو بڕیاردەری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و  پەرلەمانتاری پارێزگای سەڵاحەدین، لەكاتی سەردانی بۆ بینای پارێزگای كەركوك، وێنەیەكی لەسەر كورسی پارێزگار گرتوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆوە، كە دواتر نیگەرانی لای هاوڵاتیانی شارەكە لێكەوتەوەو بە كارێكی ئیستیفزازی وەسف كرا.

‌ 662 جار بینراوه‌
11/11/2017 9:54:33 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved